نۆ ڕاستیی گرنگ دەربارەی جگەر

* ئایا دەزانی كە جگەر بە گەورەترین ئەندامی ناو جەستە دادەنرێت

* جگەر بە هۆكاری پاراستنی هاوسەنگی تەندروستیی جەستەی مرۆڤ پێناس دەكرێت.

هەركات تۆ كەسێكی خاوەن تەندروستییەكی باش بیت، ڕەنگە لەوە نەپێچیتەوە كە ئایا جگەر چ كاریگەرییەكی هەیە لە پێدانی تەندروستیی بەردەوام بە جەستە؟ لە كاتێكدا دەبێت ئەو ڕاستییە بزانیت كە جگەر بە ئەندامێكی زۆر گرنگ دادەنرێت لە جەستەی مرۆڤ، لە ڕێی ئەو نۆ ڕاستییە زانستییەوە‌ لەبارەی جگەر، وەڵامی گرنگی كاری جگەر و تەندروستی جەستەت دەست دەكەوێت.

یەكەم: كاری جگەر لە جەستەدا چییە؟

جگەر بە ماندووترین ئەندامی جەستەی مرۆڤ دادەنرێت، بە جۆرێك كە بەردەوام لە هەوڵی دروستكردنی هاوسەنگی تەندروستیدایە لە نێوان هەر خواردن و خواردنەوەیەك كە لە دەرەوەی جەستەوە دەهێنرێنە نێو جەستە لە ڕێی كۆئەندامی هەرس و دواتر دەگوازرێتەوە لە ڕێی سووڕی خوێن بۆ جگەر، هەڵدەستێت بە گێڕانەوەی هەر تەنێكی زیانبەخش بۆ جەستە و دەردانی لە ڕێی پاشەڕۆ بۆ دەرەوەی جەستە، یا بەكارهێنانی هەر پێكهاتەیەكی خۆراكی سوودبەخش بۆ بەجێ گەیاندنی فەرمانەكانی جەستە یا هەڵگرتنی بۆ كاتی پێویست.

دووەم: چ كارێك بكەم تا جگەرم تەندروست بێت؟

هەوڵ بدرێت بەردەوام خۆراكی تەندروست بخۆیت بەو پێیەی كە جگەر بەرپرسە لە ئەنجامدانی پرۆسەی جیاكردنەوە و دەردانی پێكهاتەی خراپ و ناتەندروست بۆ دەرەوەی جەستەی مڕۆڤ، كە ڕەنگە خۆراكی ناتەندروست كاریگەری نەرێنی لەسەر چالاكی و كاری بەردەوامی جگەر هەبێت لە داهاتوودا.

سێیەم: چ جۆرە خواردنێك باشترینە بۆ كاری جگەر؟

هەوڵ بدرێت زۆربەی كاتەكان خۆراكی نوێ و تەندروست بخۆن، لە ڕووی سەرچاوەی پرۆتینی پشت بە بەرهەمی ڕووەكی ببەسترێت لە خواردنی پاقلەمەنی و نیسك، بە ڕێژەیەكی كەمتر گۆشت بەكار بێت، هاوكات چەوری ڕووەكی لە بری چەوری ئاژەڵی و زۆرترین ڕێژەی سەوزە و میوە بەكار بهێنرێت ڕۆژانە لەگەڵ كەمترین یاخود پاراستنی جەستە لە خواردنی ئامادەكراو و لەقوتوونراو.

چوارەم: چی زیان بە جگەر دەگەیەنێت؟

لە هۆكارە مەترسیدارەكان بۆ جگەر بە تایبەت و بۆ جەستەی مرۆڤ بە شێوەیەكی گشتی، بریتین لە (قەڵەوی لە ئاستە بەرزەكانی، خواردنەوە كحوولییەكان، مادە هۆشبەرەكان و تاتۆكردن لە ڕێی بەكارهێنانی پێكهاتەی دەرزی هەڵگری زیندەوەری وردبینی هەڵگری نەخۆشی)، كە لە ئەنجامدا جگەر كێشەی كەڵەكەبوونی چەوری و رەقبوونی خانە و شانەكانی بۆ دروست دەبێت و تارادەیەك لەكار دەكەوێت لە بەجێگەیاندنی ئەركەكانی و ڕەنگە هۆكار بێت لە سەرهەڵدانی شێرپەنجەی جگەر لە داهاتوودا.

پێنجەم: نیشانەكانی ناتەندروستی جگەر چین؟

بەرچاوترین نیشانەكانی ناتەندروستی جگەر بریتین لە لاوازی جەستە، هێڵنجدان، ڕشانەوە، ئارەزوونەكردن بە خواردن، ڕەنگی میزی سوورباو بۆ قاوەیی و زەردبوونی بەشی سپی ناو چاوی مرۆڤ.

شەشەم: كێشەی ناتەندروستی جگەر بە چی دیاری دەكرێت؟

خێراترین و وردترین ڕێ، بریتییە لە ئەنجامدانی پشكنینی خوێن لە ژێر ناوی Liver Function Test كە لە ڕاستیدا ڕادەی‌ چالاكی جگەر پێشان نادات، بەڵكو لە هەبوونی هەر كێشەیەك لە جگەر لە ڕێی ناتەندروستی لە دەردراوی ئەنزیمی بڕیار لەسەر هەبوونی كێشە لە جگەر دەدرێت.

حەوتەم: ئایا پشكنینی خوێن تاكە ڕێیە بۆ دیاریكردنی ناتەندروستی جگەر؟

لەگەڵ پێشكەوتنی زانستە پزیشكییەكان و ئەنجامدانی توێژینەوە زانستییە یەك بە دوای یەكەكان بە مەبەستی وەرگرتنی زانیاریی ورد لەسەر دەستنیشانكردنی ناتەندروستی جگەر كە راستەوخۆ لە ڕێی پێشاندانی وێنەی زیندووی جگەر بە ڕێی تایبەتی  (Ultrasound, CT scan or MRI) ئەنجام دەدرێت.

هەشتەم: بە چەند ڕێ كێشەی ڤایرۆسی جگەر سەرهەڵدەدات؟

باوترین جۆری كێشەی تەندروستی ڤایرۆسی جگەر كە ناسراوە بە Hepatitis كە هۆكارە بۆ هەوكردن و داخوڕانی خانەكانی جگەر، سەرهەڵدان و تووشبوون بەم جۆرە نەخۆشییە لە ئەنجامی خێرا گواستنەوەی بەهۆی بەركەوتن بە خوێنی كەسێكی تووشبوو لە ڕێی گواستنەوەی خوێن، چاندنی ئەندام، وەرگرتنی چارەسەری ڕاستەوخۆ بۆ خوێن، چالاكی سێكسیی ناتەندروست و بەكارهێنانی مادەی هۆشبەر، كەسانی تووشبوو بە ڕێژەی ۷٥-٨٥% دەبنە هەڵگری ئەم جۆرە پەتایە‌ بە شێوەیەكی درێژخایەن.

 

نۆیەم: چ هۆكارێك لە پشت ناتەندروستی جگەر دەبێت؟

سێ هۆكاری سەرەكی ناتەندروستی جگەر بریتین لە تووشبوون بە هەوكردن و كەڵەكەبوونی چەوری لە جگەر، هەڵگری ڤایرۆس و هەروەها نەخۆشیی جگەری بۆماوەیی كە هۆكارن بۆ ناچالاكی و لاوازی جگەر لە ئەنجامدانی فەرمانەكانی لە پارێزگاریكردن لە هاوسەنگی تەندروستی لە ڕێی دوورخستنەوەی پێكهاتەی زیانبەخش بە جەستە.

د.تۆڵە فەرەج

سەرۆکی بەشی شیکاری نەخۆشیەکان

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *