لـە لاپەڕەی کتێبێکدا بینیم نووسرابوو: ” لەوانەیە
بیرتان لێ نەکردبێتەوە، بەڵام ئەزانن کە ڕۆژێک لە ڕۆژان ئێمە بۆ کۆتا جار چووینەتە کۆڵان..؟
بەڵێ بۆ کۆتا جار چووینەتە کۆڵان و یاریمان کردووە، بەبێ ئەوەی هەستی پێ بکەین و بزانین کە ئەمە کۆتا ڕۆژمانە لە کۆڵان و ئێمە ئیتر گەورە بووین.
ئەگەر بمزانییایە کە ئەوە کۆتا ڕۆژە، قەت جورئەتی ئەوەم نەئەکرد کە بچمە کۆڵان و کۆتا ڕۆژی یاریکردنم لە کۆڵان ببەمە سەر، هەرگیز حەزم نەئەکرد کە خۆر ئاوابێت و بانگی مەغریب بدات تا هەر لە کۆڵان بمامایەتەوە،
یان حەزم ئەکرد کات بوەستایە و ئیتر کات نەجووڵایە تا هەتا دوایین ساتم لەو کاتەی تەمەنما بوومایە.
گەورە بووین! بەداخەوە ئێمە وا گەورە بووین و ئێستا قەدری ئەو ڕۆژانە ئەزانین کە ئەوکاتانە نەمانئەزانی، هەمیشە حەزمان ئەکرد گەورەبین و پرسیارمان ئەکرد کە کەی گەورە ئەبین…؟!
ئەوە ئەو پرسیارەیە کە زۆربەمان لێی پەشیمانین. ئێمە واین، چێژ لە شتەکان لەکاتی خۆیاندا نابینین، شتەکانمان لە کاتی خۆیاندا ناوێت و خۆشناوێت، کە منداڵ بووین بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی گەورەبوون بوین، کە گەورەش بووین ئەمانەوێت بگەڕێینەوە بۆ سەردەمی منداڵی.
منداڵی، خۆشترین تەمەنی ژیانمان پڕە لە یادگاری و بەسەرهاتی جوان، هەقی خۆتە بەبیرکردنەوە لەو تەمەنە دڵت پڕببێت.
شاجوان جەبار جلال
قۆناغی دووەم
بەشی زمانی ئینگلیزی – زانكۆی نێودەوڵەتیی تیشك – هەولێر