ھونەری ئاخاوتن و شێوازی گفتوگۆی ( کەسایەتیی کۆمەڵایەتی)ھونەری ئاخاوتن و شێوازی گفتوگۆی ( کەسایەتیی کۆمەڵایەتی)

هونەری قسەکردن یەکێکە لە هونەرە زێدە بەرفراوان و ئاڵۆزەکان و ناکرێت بە چەند خوولەک و چەند سەعاتێک قسەی لێ بکرێت. بەداخەوە بە زمانی کوردی سەرچاوەی زۆرمان لەبەردەستدا نییە بۆ ئەوەی فراوانتر قسەی لێ بکەین، به‌ڵام هەوڵ دەدەین بێ لەو چەند سەرچاوە کەمە، زانینی خۆشمانی بخەینە سەر.

نەخشەڕێگا‌

دەبێت سەرەتا بیر لەوە بکەینەوە ئێمە لە کوێ قسە دەکەین؟

  • ئایا لە ماڵەوە دانیشتووین و لەگەڵ ئەندامانی خێزانی خۆماندا قسە دەکەین، یان میوانیشمان هەیە؟
  • ئایا لە کاتی پیشووداین و لەگەڵ هاوڕێیانی زانکۆ قسە دەکەین، یان بۆ کلاسێک؟
  • ئایا سیمینارێکی گشتیمان هەیە، یان تایبەت بە دەستەبژێرێك “نوخبە”یەک؟
  • ئایا لە ڕادیۆوە قسە دەکەین و خەڵک تەنێ گوێیان لە قسەکانمانە، یان لە تەلەڤزیۆنین و ڕەنگە سەدان هەزار کەس بمانبینن؟

بۆ ئەم مەبەستە دەبێت ئامادەکارییەک بکەین، چاکترە پێی بڵێین نەخشەڕێگا،‌ و پاشان دەتوانین لە شێوەی پاوەرپۆینت ڕێکی بخەین، یان ئەگەر ئەوە نەکرا، خاڵە گرنگەکانی باسەکە لەسەر کاغەزیك بنووسین و لە بەردەم خۆماندا دایبنێین وەک کلیلێک بۆ بیرکەوتنەوە و باسکردن بەکاریان بێنین.

ئەگەر باسەکە بابەتێکی وێژەیی، سیاسی، ئاینی، زانستی، هونەری یان هەر بابەتێکی لەم جۆرە بێت، دەبێت ئامادەکارییەکی باشی بۆبکەین. بۆ ئەم مەبەستە دەبێت لە خۆمان بپرسین:

شارەزاییی:

ئایا من ئەو کەسەم کە شارەزاییەکی باشم هەبێت لەو بابەتەی هەڵمبژاردووە؟ ئایا زانیارییەکی گشتیم هەیە کە بتوانم وەڵامی زۆربەی پرسیارەکانی ئامادەبووان بدەمەوە؟

بۆ کێ قسە دەکەم:

باسەکەی من بۆ کێیە؟ ئەوانەی دانیشتوون و گوێگرن ئاستی ڕۆشنبیرییان چۆنە؟ ئاخۆ من ئەو شتانە دەزانم کە ئەوان پێشتر دەیانزانی؟ ئایا کەسانێک دانیشتوون کە ڕەنگە زانیارییەکی فراوانیان هەبێت لەسەر بابەتەکە؟ بۆیە تا دەکرێت دەبێت زانیاریی خۆت زێدەتر بکەیت و ئاستی تێگەیشتنت بەرزتر بکەیتەوە.

چۆن قسە دەکەم:

دەستپێکردنی قسە لە سیمینارێکدا هەر وەک دەستپێکردنی کتێبێکە. ئەگەر نووسەر لە لاپەڕەی یەکەمدا نەیتوانی سەرنجی خوێنەر ڕابکێشێت و وزەی بەردەوامیی خوێندنەوەی بداتێ، ئەوە نووسەرەکە سەرکەوتوو نەبووە و ئەگەری زۆر هەیە خوێنەر پاش خوێندنەوەی چەند لاپەڕەیەک بێزار بێت و ئێدی دەست لە خوێندنەوەی کتێبەکە هەڵبگرێت، بۆیە گرنگە بزانیت چۆن دەست بە قسەکانت دەکەیت و چۆن سەرنجی گوێگرەکان ڕادەکێشیت. ئەوان بە پەرۆشەوەن بزانن تۆ چی دەڵێیت، چۆنی دەڵێیت و چۆن دەست پێ دەکەیت؟ نابێت دەستپێکردنەکەت بێزارکەر بێت، زۆر باسی خۆت مەکە، یان ئەگەر باس دەکەیت دەبێت قسەکانت سەرنجڕاکێش بن.

بەم شێوەیە دەتوانیت گوێی دانیشتووان قەرز بکەیت و وایان لێ بکەیت بەردەوام بن لە گوێگرتندا.

زمان:

زمان ئامرازی گەیاندنە، ئەوەی دەتەوێت باسی بکەیت بەهۆی زمانەوە دەیگوێزیتەوە. بۆیە دەبێت دەسەڵاتت بەسەر زمانی سیمینارەکەتدا بشكێت. زمانێکی گونجاو بە کار بێنیت بۆ ئەو بابەتەی باسی دەکەیت. زمانێک بێت تا ئاستێك سادە و بێ گرێ و گۆڵ، چونکە تۆ بە تەواوەتی ئاستی ڕۆشنبیریی گوێگرەکانت نازانی.

پێوەندیی بە چاو:

هەوڵ بدە هەمیشە لەگەڵ ئامادەبووندا بە چاو پێوەندیت هەبێت، واتە تەماشایان بکەیت و قسەیان لەگەڵدا بکەیت، بەم شێوەیە دەتوانیت زیاترسەرنجیان ڕابکێشیت. تەماشاکردنەکەت دابەش بکە بەسەر هەموواندا، نەک تەنێ تەماشای کەسێک یان گۆشەیەکی تایبەت بکەیت.  دەکرێت تەماشاکردنەکەت بکەیتە دوو بەشەوە: تەماشاکردنی گشتی، واتە چاوگێڕانێک بەسەر هەموو ئامادەبووندا، هەروەها تەماشاکردنێکی تایبەت، بەڵام کورت. تەماشای هێج جێیەکی تر مەکە، جگە لە پاوەرپۆینت یان کاغەزی بەردەمت، هەروەها ئامادەبووان.

بە شتی ترەوە خۆت خەریک مەکە:

نابێت لە کاتی قسەکردندا بە شتی ترەوە خۆت خەریک بکەیت، بۆ نموونە موبایل، خۆ چاکترە هەر لە سەرەتای سیمینارەکەدا هەم موبایلی خۆت بێدەنگ بکەیت و هەمیش داوا بکەیت ئامادەبووان موبایلەکانیان بێدەنگ بکەن.

 گوێگرێکی باش بە:

ڕاستە تۆ لە سیمینارێکدا قسە دەکەیت، بەڵام بۆ ئەوەی قسەکەرێکی باش بیت، دەبێت گوێگرێکی باشێش بیت. لە کاتی گفتوگۆ و پرسیاردا پێویستە تەنێ سەرنج بدەیتە ئەو کەسەی قسەت لەگەڵدا دەکات و بە چاو پێوەندیت لەگەڵیدا هەبێت، خۆت بە کاغەزەکانی بەردەمتەوە خەریکمەکە، تەماشای جێیەکی تر مەکە، کەسەکە تێبگەیەنە کە تۆ بە پەرۆشەوە گوێی لێ دەگریت.

قسەی بابەتییانە:

هەوڵ بدە قسەکانت بابەتییانە بن، چڵوپۆی زۆری بۆ دروست مەکە، دەنا سیمینارەکەت بەلایەکی تردا دەڕوات.

کە قسە دەکەیت بە دڵنییایی و باوەڕ بەخۆبوونەوە قسە بکە، مەهێڵە ئامادەبووان لە قسەکانت بکەونە گومانەوە.

دابەشكردنی دەنگ:

با تەبەقەی دەنگت گونجاو بێت لەگەڵ شوێنی دانیشتن و ئامادەبوواندا. قسەکردن بۆ 10 کەس جیاوازە لە قسەکردن بۆ 100 کەس، بەرزی ونزمی لە توونی دەنگدا گرنگە، جەختکردن لەسەر ئەو ڕستە و وشانەی مەبەستە بەلاتەوە بە چاکی بگاتە گوێی ئامادەبوون، گرنگە. دەنگت لە پێویست بەرزتر نەبێت، هەروەها کزتریش نەبێت. بیر لەوە بکەرەوە دانیشتووانی ڕیزی دواوە بە چاکی گوێیان لێت بێت.

بابەتی کێشەلەسەر:

ئەو بابەتانەی کێشەیان لەسەرە هەمیشە هەستیارن، بۆ نموونە ئاین و سیاسەت. تۆ دەبێت لەم لایەنەوە هەوڵ بدەیت هاوسەنگی بپارێزیت. هەر کاتێک زانیت یەکێک لە تەوەرەکانت لە ڕێڕەوی خۆی دەرچوو، چاکترە کۆتایی بەو تەوەرە بهێنیت.

خاڵی هاوبەش:

هەمیشە هەوڵ بدە بە دوای خاڵە هاوبەشەکاندا بگەڕێیت و خۆت لە باسکردنی خاڵە جیاوازەکان کە دەزانیت دەبنە هۆی کێشە و دەردەسەری دوور بخەرەوە. بەم شێوەیە دەتوانیت سیمینارێکی بێ کێشە و سەرکەوتوو بکەیت.

هەق بە کێیە:

هەرگیز پێت وا نەبێت تەواوی هەق بە تۆیە، بوارێک بۆ بەرامبەرەکەت جێ بهێڵە کە ڕەنگە ئەویش لەسەر هەق بێت، بەم شێوەیە لە گرژی وگفتوگۆی توند دوور دەکەویتەوە. توندڕۆکان هەمیشە مایەی ئاژاوەگێڕین بەهۆی ئەوەی بەرامبەرەکەیان ناخوێننەوە.

ئەگەر هەڵە بوویت:

ڕەنگە وا ڕوو بدات لە کاتی سیمینارەکەدا بۆت دەربکەوێت کە تۆ لەسەر خاڵێکی دیاریکراو هەڵە بوویت، چاکترە دانی پێدا بنێیت و داوای لێبووردن بکەیت، وەک لەوەی سوور بیت لەسەر قسەی خۆت.

کات گرنگە:

هەوڵ بدە ئاگات لەو کاتە بێت کە بۆت دیاری کراوە، لەوە زیاتر درێژەی پێ مەدە، بەڵام چاکە هەمیشە بابەت یان تەوەری یەدەکت پێ بێت، ئەگەر کاتت بە دەستەوە ما دەتوانیت پڕی بکەیتەوە.

ئەمانەت:

ئەگەر لە کاتی قسەکردندان نموونەت هێنایەوە لە قسەی خەڵکی تر دەبێت، بە ئەمانەتەوە باسی بکەیت خاوەنی قسەکە کێیە، مەیکە بە قسەیخۆت.

قسە ڕێوشوێنی خۆی هەیە:

ئەگەر تۆ وەک سیمینارگێڕ پیاو بیت یان ژن، چاکە بزانیت بۆ کێ قسە دەکەیت، لە کوێ قسە دەکەیت، چی دەڵێیت، چۆنی دەڵێیت؟. هەندێجار ئەوەی تەنێ بۆ ئامادەبووانی پیاو باس دەکرێت ڕەنگە بۆ ئامادەبووانی تێکەڵ بە شێوەیەکی کەمێک جیاوازتر باس بکرێت، هەروەها بۆئامادەبووانی ژن،  یان ئەوەی بۆ مێردمنداڵ و لاو باس دەکرێت بە زمانێکی جیاوازتر باس دەکرێت وەک لەوەی بە گەورەساڵان باس دەکرێت.

شادان ھەڵکەوت ڕەفعەت

قۆناغی سێیەم

بەشی شیکاری نەخۆشییەکان – زانكۆی نێودەوڵەتیی تیشك – هەولێر

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *