ئۆمیگا -3- Omega

 

 

ئۆمێگا 3 جۆرێکە لە چەورییە سوودبەخشەکان و یەکێکە لە گرنگترین تەواوکەرە خۆراکییە بنەڕەتییەکان کە جەستە پێویستییەکی زۆری پێیەتی. لەشی مرۆڤ توانای بەرهەمهێنانی ئەم چەورییە سوودبەخشەی نیە، بۆیە دەبێت لە خواردن و تەواوکەرەکاندا بە دەست بهێنرێت. ئۆمێگا 3 بۆیە وا ناونراوە، چونکە سێ ترشە چەوری فرەناتێر (Polyunsaturated)ی گرنگ لە خۆدەگرێت کە بریتین لە:

  1. ترشە چەوری (EPA) Eicosapentaenoic acid

  1. ترشە چەوری Docosahexaenoic acid(DHA)

  1. ترشە چەوری α-Linolenic acid(ALA)

تایبەتمەندیی چەورییەکانی ئۆمێگا 3 لەوەدایە کە ئەوان لە گشت شانەکانی لەشدا هەن و بەشێکی دانەبڕاون لە پەردەی خانەکان لە سەرتاپای جەستەدا، و کاریگەرییان لەسەر کارکردنی وەرگرەکان (Receptors)ی لەم پەردانەدا هەیە و خاڵی دەستپێکی دروستکردنی هۆرمۆنەکان دابین دەکەن کە مەینبوونی خوێن و گرژبوون و وشکبوونەوەی دیواری خوێنبەرەکان و هەوکردنیان ڕێکدەخەن.

بە شێوەیەکی گشتی ئۆمێگا 3 چەورییەکی گرنگە بۆ تەندروستی مرۆڤ. دیارترین و گرنگترین سوودە تەندروستییەکانی خواردنی ئۆمێگا 3 ئەمانەن:

  1. چەوری خوێن Blood Fat

ئۆمێگا 3 ڕێگری لە بەرزبوونەوەی چەوری خوێن دەکات و یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی چەوری خوێن بە تایبەت جۆری ترایگلیسرین (Triglycerides) کە بەرزبوونەوەی ڕێژەی ئەم چەورییە لە خوێندا دەبێتە هۆکاری نەخۆشییەکانی دڵ.

 

  1. چەوری جگەر Liver Fat

ئۆمێگا 3 هۆکارێکی گرنگە بۆ سوتان و توانەوەی چەوری دەوری جگەر کە بوونی دەبێتە هۆی نەخۆشی و لاوازی و هەستکردن بە ماندوێتی.

  1. گەشەی لەش Body Growth

ئۆمێگا 3 دەبێتە هۆی گەشەی بەردەوام و چالاکی خانەکانی لەش بە تایبەت لە منداڵانی ساوا و بچوکدا، چونکە ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە گەشەکردنی دەماغ لە قۆناغی کۆرپەلە و لە منداڵدانی دایکدا.

  1. تەنگە نەفەسی (ڕەبوو) Asthma

ئۆمێگا 3 یارمەتی چارەسەر و کەمکردنەوەی هەوکردنی خانەکانی سییەکان دەدات، بە تایبەت ئەو هەوکردنانەی دەبنە هۆکاری توشبوون بە ڕەبوو.

  1. خەمۆکی Depression and Anxiety

ئۆمێگا 3 هۆکارێکە بۆ کەمکردنەوەی ئاستی خەمۆکی و نەخۆشییە دەروونییەکان.

  1. زەهایمەر Alzheimer

بەرزبوونەوەی ڕێژەی ئۆمێگا 3 دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ئەگەرەکانی توشبوون بە نەخۆشی زەهایمەر و یارمەتیدەرێکی باشە بۆ بەرگریکردن و ڕێگری لە نەخۆشی لەبیرچوونەوە و چارەسەرکردنی تێکچوونی کارایی مەعریفی لە ئێسکدا و گرفت لە نوستندا و کەمبوونەوەی توانای تەرکیزکردن.

  1. بەهێزکردنی تەندروستیی ئێسک و جومگەکان Bone and Joint Health

ئۆمێگا 3 هۆکارێکە بۆ کەمکردنەوەی نیشانەی ئازار و هەوکردنی جومگەکان و بەهێزکردنی ئێسکەکان و ناسکبوون و زوو شکانی نینۆکەکان و سڕبوونی پێیەکان.

  1. تەندروستیی چاو Eye Health

ئۆمێگا 3 تەندروستیی چاو دەپارێزێت بە پاراستنی لە ووشکبوون و تێکچونی ڕەنگە سروشتییەکەی و ئەگەری لە دەستدانی بینین لەگەڵ تەمەندا کەمدەکاتەوە.

  1. تەندروستیی پێست Skin Health

ئەم چەورییە ڕۆڵێکی بەرچاوی هەیە لە پاراستنی تەندروستیی پێست و پیربوونی پێشوەختە و پاراستنی لە زیانەکانی خۆر.

  1. شێرپەنجە Cancer

ئۆمێگا 3 مەترسیی تووشبوون بە چەند جۆری شێرپەنجە کەمدەکاتەوە، وەکو شێرپەنجەی کۆلۆن و پرۆستات و مەمک.

  1. ئەنسۆلین و دەرمانەکان Insulin and Drugs

ئۆمێگا 3 یاریدەدەرێکی گرنگە بۆ گەیاندنی ئەنسۆلین و دەرمانەکان بۆ گشت خانەکانی لەش.

بە شێوەیەکی سەرەکی ئۆمێگا 3 پێویستییەکی تەندروستیی مرۆڤە، بۆیە زۆر گرنگە ئەم پێویستیەی لەشمان پشتگوێ نەخەین بە خواردنی ئەو بەرهەمانەی کە بەشێکی سەرەکی دەستکەوتنی ئۆمێگا 3 یە.

سەرچاوەکانی ئۆمێگا 3

گرنگترین ئەو خواردنانەی کە دەوڵەمەندن بە ئۆمێگا 3 ئەمانەن:

  1. ماسی و خواردنە دەریاییەکان:

ماسی و خواردنە دەریاییەکان ڕێژەیەکی زۆری ئۆمێگا (3)یان تێدایە و ئەم ڕێژەیە دەگۆڕێت بەپێی جۆر و ژینگە و چۆنییەتی گەشەکردنیان.

جۆری ماسی لە 100 گرام
ALA DHA EPA
سەلەمون 0.05 0.74 0.33
هێرینگ (الرنجة) — 1.10 0.90
سەردین — 0.87 0.53
ماکرێل (الاسقمري) — 0.69 0.50
مەحار 0.16 0.27 0.35
کرێش (الجمبري) — 0.14 0.14
توونە — 0.20 0.03
کۆد (القد) — 0.12 0.05

  1. سەرچاوە ڕووەکیەکان:

هەندێک ڕووەک و بەروبوومی ڕووەکی ڕێژەیەک ئۆمێگا 3 یان تێدایە لە جۆری ALA. لەشی مرۆڤ توانای گۆڕینی ALA ی هەیە بۆ EPA و DHA بە ڕێژەی 15٪، بۆیە پێویستە بڕێکی زۆر لە سەرچاوە ڕووەکییەکان وەبگرین بۆ بەدەستهێنانی بڕی پێویست لە ئۆمێگا 3.

  • زەیتەکان:
ز زەیتی ڕووەکی %ALA لە زەیت ز زەیتی ڕووەکی %ALA لە زەیت
1 بادەم 24% 14 خەشخاش 70%
2 برنج 39% 15 زەیتون 8.4%
3 بندق 2% 16 فاسۆلیا 8%
5 پەمۆ 54% 17 فستق 32.7%
6 تۆوی کاڵەک 70% 18 فولی سودانی 19.6%
7 تۆوی ترێ 69.6% 19 گوڵە بەڕۆژە 72-78%
8 تۆوی ڕەز (کانولا) 17.8% 20 گوڵە مەریم 64%
9 تۆوی سەبار 63% 21 گوێز 51%
10 تۆوی کونجی 45% 22 گوێزی هندی 2%
11 تۆوی کیوی 62% 23 گەنم 55%
12 تۆوی کەتان 55% 24 ناوکی خۆخ 29%
13 خورما 10%      

  • سەوزەکان: پەڵپینە، کاهوو، قەرنابیت، سپێناخ، توور، کەلەرم.
  • میوەکان: مزرەمەنییەکان، شووتی، کاڵەک، گێلاس، مانگۆ، ئاڤۆکادۆ.
  • پاقلەمەنییەکان: پاقلە، فاسۆلیا، لۆبیا.
  • قەوزەکان.

  1. سەرچاوە ئاژەڵییەکان: گۆشت و بەروبوومی شێر
سەرچاوە لە 1 گرام
هێلکە 0.03
مریشک 0.02
شیر 0.01
کەرە 0.006

 

 

بڕی پێویستی ڕۆژانە لە ئۆمێگا 3

بڕی پێویستی ڕۆژانە دەگۆڕێت بە پێی تەمەن و تەندروستیی و کات و هۆکاری تر لە مرۆڤێک بۆ مرۆڤێکی تر.

تەمەن بڕ (گرام)
لە دایک بوون تا 12 مانگ 0.5
لە 1 – 3 ساڵ 0.7
لە 4 – 8 ساڵ 0.9
لە 9 – 13 ساڵ (مێ) 1.0
لە 9 – 13 ساڵ (نێر) 1.2
لە 14 ساڵ پتر (مێ) 1.1
لە 14 ساڵ پتر (نێر) 1.6
لە 14 – 50 ساڵ (ئافرەتی دووگیان) 1.4
لە 14 – 50 ساڵ (ئافرەتی شیردەر) 1.3

 

نیشانەکانی کەمی ئۆمێگا 3

کەمی ترشە چەورییەکانی ئۆمێگا 3 کاریگەری نەرێنی بۆ تەندروستی هەیە، نیشانە سەرەتاییەکانی بریتین لە:

  1. وشکبوونی پێست: یەکەم نیشانەی کەمی ئۆمێگا 3 لە لەشدا هەستی پێدەکرێت وشکبوونەوە و هەستیاری پێستە.

  1. خەمۆکی: چەوری ئۆمێگا 3 ئاوێتەیەکی بنچینەیی مێشکە و کاریگەری باشی لەسەر دەروون هەیە و کەمی دەبێتە هۆی خەمۆکی.

 

  1. وشکی چاوەکان: ئۆمێگا 3 ڕۆڵێکی گرنگی لەسەر تەندروستی چاو و پارێزگاری لە شێداری چاو و دروستکردنی فرمێسکدا هەیە.

  1. ئازاری جومگەکان: ئازاری جومگەکان حالەتێکی باوە بە تایبەتی لەگەڵ هەڵکشانی تەمەن، ئەم چەورییە خۆراکە بۆ کەمکردنەوەی ئازار و بەهێزکردنی جومگەکان.

  1. چەوری: نیشانەیەکی تری کەمی ئۆمێگا 3 بەرزبوونەوەی نا ئاسایی چەوری خوێنە.

  1. قژ: چەوری ئۆمێگا 3 یارمەتیدەرێکی باشە بۆ مانەوەی قژ بە شێوەیەکی تەندروست و چڕوپڕ و بەهێز، کەمیشی دەبێتە هۆی لاوازی و وشکی و ڕووتانەوەی قژ.

سەرەڕای ئەم هەموو سوودانەی چەوری ئۆمێگا 3، پێویستە حالەت ڕەچاو بکرێت و زیاد ڕەوی لە خواردنی چەوری ئۆمێگا 3 نەکەین.

  • نابێت 3 گرام زیاتر بخورێت لە ڕۆژێکدا.
  • نابێت چەوری ئۆمێگا 3 لەگەڵ ئەسپرین و دەرمانەکانی خوێن مەیین بخورێت، چونکە ئەگەری خوێن بەربوون زیاد دەکات.
  • ئەو کەسانەی هەستیارییان بە ماسی هەیە باشتر وایە وەرینەگرن.
  • وەرگرتنی ئۆمێگا 3 زیاتر لە ئاستی سروشتی و ڕێگەپێدراودا دەبێتە هۆی لاوازی بەرگری لەش دژی ڤایرۆس و بەکتریا.

سەرچاوەکان:

  1. Wrigley, C. W., Corke, H., Seetharaman, K., & Faubion, J. (Eds.). (2015). Encyclopedia of food grains. Academic Press. ISBN 978-0-12-394786-4.
  2. Beare-Rogers, J. L., Dieffenbacher, A., & Holm, J. V.