پڕۆژەی کۆمەڵایەتی لە نەخۆشخانەی نانەکەلی

شایان: بەشی شیکاری نەخۆشییەکان لە زانکۆی نێودەوڵەتیی تیشک پڕۆژەیەکی کۆمەڵایەتیی دڵخۆشکەری بۆ منداڵانی تووشبوو بە شێرپەنجە ڕێکخست. سەردانی بەشەکە بۆ نەخۆشخانەی نانەکەلی بۆ دڵخۆشکردنی ئەو منداڵەبوون کە چارەسەری نەخۆشی شێرپەنجە وەردەگرن. تیمەکە کۆمەڵێک چالاکیی خۆشیان ئەنجامدا، ئامانجیان زەردەخەنە خستنە سەر لێوی نەخۆشەکان بوو تا کەمێک نیگەرانییەکانیان بڕەوێتەوە.

چالاکییەکە بە بەشداری بەڕێزان پ.د. سلطان توفیق ابو عرابی سەرۆکی زانکۆ و پ.د. فایەق حسێن راگری فاکەڵتی زانستیە کردارییەکان و د. هەردی سابر بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی نانەکەلی بۆ نەخۆشییەکانی خوێن و شێرپەنجە لە هەولێر، و د.تۆلا فەرەج سەرۆکی بەشی شیکاری نەخۆشییەکان، و د. کەنعان کاپوکایا نوێنەری  راگرایەتی فێرخوازان بەڕێوەچوو.

لە چوارچێوەی سەردانەکەدا، گۆرانی و چەند پارچە میوزیكێك و چەند نمایشێکی تەڕدەستی پێشکەشی منداڵەکان کران بۆ سەرسامکردن و دڵخۆشکردنیان. منداڵەکان ئێجگار کەیف خۆش بوون بە نمایشەکان و پێکەوە گۆرانییەکانیان دەگوتەوە.

هاوەڵ لەگەڵ کات بەسەربردن، فێرخوازان و مامۆستایانی بەشی شیکاری نەخۆشییەکان دیارییان پێشكەشی منداڵەکان كرد، کە تەواوکەری ڕۆژێکی پڕ لە جۆش بوو بۆ منداڵان. دیارییەکان بە وردی هەڵبژێردرابوون تاوەکو هاوتا بن لەگەڵ حەز و ئارەزووەکانی هەر منداڵێکدا، لە یاری و کتێبەوە تا مەتەڵ و پێداویستییە هونەرییەکان. هەروەها بەشی شیکاری نەخۆشییەکان پاکەتێک دەمامک و پاکژکەرەوەی بە هەر منداڵێک بەخشی تا یارمەتیدەر بێت لە ڕێگریکردن لەزیاتر ئاڵۆزبوونی چارەسەریان.

 لە بەشێکی تری چالاکییەدا، فێرخوازان رووخساری منداڵەکانیان بە ڕەنگی گەشاوە و جوان نەخشاند. شایانی باسە، رەنگەکان بە وردی هەڵبژێردراون بۆ ئەوەی زیان بە پێستی ناسکی هیچ منداڵێک نەگەیەنن. نەخۆشە گەنجەکان بەختەوەر بوون بە نیگارەکانی دەموچاویان و دڵخۆشانە نمایشیان دەکرد بۆ یەکتر!

 فێرخوازانی بەشی شیکاری نەخۆشییەکان خۆشحاڵ بوون بەوەی کە دەرفەتیان بۆ رەخسا بەشێک بن لەم ئەزموونە دڵگیرە کە دڵفرازی و دڵخۆشی بۆ منداڵانی تووشبووی شێرپەنجە هێنا. بەشی شیکاری نەخۆشییەکان هیوادارە لە داهاتوودا دەستپێشخەری هاوشێوە ئەنجام بدات بە ئامانجی کەمێک گەشاوەترکردنی ژیانی ووردیلە تووشبووەکانی شێرپەنجە.