شایان: لە ژێر دروشمی “شەرم مەکە لە باسکردنی چیرۆکەكەت، ڕەنگە ببێتە ئیلھام بەخش بۆ کەسانی دیکە” بەشی پەرستاری لە فاکڵتی پەرستاری زانکۆی نێودەوڵەتیی تیشک بە ھاوکاری بەشی پزیشکی گشتی لەزانکۆی ھەولێری پزیشک و زانکۆی ئاکرێ بۆ زانستە کردارییەکان وۆرکشۆپێکیان بۆ بەرزکردنەوەی ھۆشیاریی تەندروستی سەبارەت بە دەستدرێژیی سێکسی و خستنە بەرچاوی رێکارە پزیشکی و یاساییەکان بۆ مامۆستایان و پەرستاران و قوتابیانی پەرستاری وپزیشکی، رێكخست .
ئەم وۆرکشۆپە لەسەر بنەمای گۆڵە جیھانییەکانی UN ڕێکخرابوو، بە تایبەت گۆڵی ژمارە سێ و گۆڵی ژمارە پێنج کە سەبارت بە تەندروستی و یەکسانی رەگەزە.
لە دەسپێكی وۆرکشۆپەدا بەڕێز د. ھیوا بەننا بەخێرھاتنێکی گەرمی میوانان و ئامادەبوانی کرد و کورتەیەکی لەسەر گرنگیی بابەتەکە بە ئامادەبووان راگەیاند.
بێگومان قوتابیانیش لەم چاڵاکییە بێبەشنەبوون، كە بە سەرپەرشتی مامۆستا ئەسما یاسین توێژەری یاریدەدەر لە فاکڵتی پەرستاری و مامۆستایانی فاکڵتی پەرستاری، ڤیدیۆیەکیان سەبارەت بە پشتگیریکردن و بەرزکردنەوەی ھۆشیاری کۆمەڵگا لەسەر ئەم بابەتە، دروست كردبوو.
جێی باسە، بەشی یەکەمی وۆرکشۆپەکە د. بەناز عەدنان پزیشکی دەروونی لە زانکۆی ھەولێری پزیشکی تیشکی خستە سەر لایەنی دەروونی ئەو کەسانەی دەستدرێژییان دەکرێتە سەر، و رێکار و چارەسەرییەکان بۆیان. پاشان د. دیلمان ئازاد پسپۆڕ و شارەزا لە پزیشکی یاسایی ھەنگاوەکانی چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو کەسانەی دەستدرێژییان كراوەتە سەر لەلایەن پەرستار و پزیشکان لە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکان.
لە بەشێكی دیكەی وۆركشۆپەكەدا د. ھەلگورد ئەزیزخان پسپۆری فەلسەفەی یاسایی تیشکی خستە سەر لایەنە یاسایی و ڕێکارە دادگاییەکان، کە یاسا چۆن مامەڵە لەگەڵ کەسێک دەکات کە تاوانی دەستدرێژی سێکسی ئەنجامدابێت، و باسی لە ھەموو ماددە یاساییەكانی تایبەت بەم تاوانە كرد.
لە بەشی دووەمی وۆرکشۆپەکەدا مامۆستا ھیلال فارووق خوێندکاری پەرستاری دەروونی چەند ڕێگایەکی نیشانی ئامادەبووان دا بۆ یارمەتیدانی ئەو کەسانەی تووشی دەستدرێژی سێکسی بوون، تا بتوانن ئەو زەبرە دەروونییە تێپەڕێنن و بەردەوامیی بە ژیانێکی تەندروست بدەن. هاوكات یەکێک لە رێگاکانی بۆ ئامادەبووان تاقیکردەوە کە بریتی بوو لە میدیتەتیشن، كە ھەموو ئامادەبوان ھەستیان بە ئارامی کرد.
لە کۆتایی وۆرکشۆپەکەدا بەرێز د. دارا بەننا پانێلێکی بۆ پێشکەشکاران ڕێکخست و زۆرترین پرسیار و وەڵام بۆ بابەتەکە کرا.
ئەم وۆرکشۆپە ئامانجەکانی خۆی پێکا و چەند دەرچەیەکی سوودبەخشی ھەبوو بۆ قوتابیان وئامادەبووان کە بریتی بوو لە یاسای مافی نەخۆش کە دانی پێدانراوە لە پەرلەمانی کوردستان بۆ ئەوەی بخرێتە پڕۆگرامی خوێندنەوە لە فاکڵتی پەرستاری، و ئەنجامدانی چەند پرۆژەیەکی وشیاری بۆ کۆمەڵگا سەبارەت بەم بابەتە.


