یارا عومەر خدر
قۆناغی دووەم
بەشی زیندەوەرزانی
زانكۆی نێودەوڵەتیی تیشك - هەولێر
نەخۆشیی بیرۆ (ئەکزیما یان دێرماتایتس)، بە یەکێک لە نەخۆشییە بەربڵاوەکانی پێست دادەنرێت. ئەکزیما لە ئەنجامی ھەوکردنی پێستەوە دروست دەبێت. ئەم نەخۆشییە بە خوران، سووربوونەوەی پێست و دروستبوونی لیر و قڵیشان دەناسرێتەوە. ئەکزیما نەخۆشییەکی گوێزراوە نییە و کوشندەش نییە، ئەگەر بێت و چارەسەر بکرێت و پشتگوێ نەخرێت. ئەم نەخۆشییە بە زۆری لەنێو منداڵاندا باوە.
لێرەدا چەند زانیارییەکی زیاتر لەسەر ئەم نەخۆشییە دەخەینە ڕوو:
جۆرەکانی بیرۆ (ئەکزیما)
١. ئەکزیمای ئەتۆپی ((Atopic dermatitis: باوترین جۆرە، بە زۆری لەو کەسانەدا دەردەکەوێ کە لەنێو خێزانەکانیاندا مێژووی هەستیاری، ڕەبۆ و گرانەتایان هەیە.
٢. ئەکزیما لە ڕێی بەرکەوتنەوە: کاتێک پێست بەر یەکێک لەو ماددانە دەکەوێت کە هەستیاری بۆ پێست دروست دەکەن، دەردەکەوێت. ئەوەش وا دەکات پێستەکە سوور ببێتەوە و بخورێت.
٣. ئەکزیمای بازنەیی: ئەو جۆری ئەکزیمایە پەڵەی سووری بازنەیی لەسەر پێست جێ دەهێڵێت.
٤. ئەکزیمای چەوری: ئەو جۆرە هەوکردنەیە کە بەزۆری لە پێستی سەر دروست دەبێت و وەکو کڕێژ دەردەکەوێت، بەڵام دەتوانێت کاریگەریی لەسەر ناوچەکانی دەموچاو هەبێت، یاخود ئەو ناوچانەی کە چەورییەڕژێنیان تێدایە.
نیشانەکان:
١. خوران: یەکێک لە نیشانە هەرە دیارەکانی ئەکزیما، خورانی توندە، کە زۆر جار خورانەکە دەبێتە هۆی هەوکردنی زیاتر.
٢. سووربوونەوە: پێستی کەسی تووشبووی ئەکزیما، سوور دەبێتەوە و ئەگەری هەوکردنی هەیە.
٣. وشکبوونەوە: پێستی کەسی تووشبووی ئەکزیما، وشک دەبێتەوە و توێکڵ هەڵدەدات.
٤. پەڵە: زۆر جار پێستی تووشبوو بە ئەکزیما، وەک پەڵە دەردەکەوێت، لەگەڵ زیپکەی بچووک کە هەندێک جار پڕ شلەیە.
٥. ئەستووربوونی پێست: بە تێپەڕبوونی کات، ئەگەر ئەکزیما بەرەو خراپی بڕوات، دەبێتە هۆی ئەستووربوونی پێست.
شوێن: شوێنە باوەکانی تووشبوون بریتین لە: دەم و چاو، مل، ئەژنۆ، مەچەک و پاژنەی پێ.
هۆکارەکانی:
١. جینات: پێکهاتەیەکی جێنەتیک هەیە بۆ ئەکزیما، کە ئەمەش لە باوانەوە بۆ وەچەکان دەگوازرێتەوە.
٢. سیستەمی بەرگری: کاتێک سیستەمی بەرگری زیاد لە پێویست کاردانەوەی دەبێت، ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە پەرەسەندنی ئەکزیما.
٣. هۆکارە ژینگەیییەکان: هۆکارە ژینگەیییەکان وەکو ئەو ماددانەی دەبنە هۆی هەستیاری، چەشنی “تۆز، دەنکە هەڵاڵە و ئەو شتانەی بۆ ئاژەڵی ماڵی ((pet بە کار دێن”. ئەو ماددانەی هەستیاری دروست دەکەن، وەک “سابوون، پاککەرەوە، بۆن”، هەروەها گۆڕانی کەشوهەوا و شێ، وا دەکەن نیشانەکان خراپتر ببن.
٤. تێکچوونی بەربەست (ڕوو)ی پێست: ئەو کەسانەی بەربەستی پێستیان لاوازە، ئەگەری تووشبوونیان بە ئەکزیما زیاترە، لەبەر ئەوەی پێستی ناسک و وشک هەمیشە خورانی زیاترە و وا دەکات هەستیارتر بێت بۆ تووشبوون بە ئەکزیما.
٥. ڕاڕایی (فشار): دەتوانێت نیشانەکانی ئەکزیما بەهێزتر بکات.
٦. هەوکردنی پێست بە هۆی بەکتریا و ڤایرۆس یاخود کەڕوو، دەکرێ ئەکزیما خراپتر بکات.
خۆپاراستن:
دەستنیشانکردن و دوورکەوتنەوە لە هۆکارەکانی زیادبوونی نیشانەکانی ئەکزیما، کلیلی ڕێگریکردنە لە سەرهەڵدان و زیادبوونی نیشانەکانی.
* بەرهەمی بایەخدان بە پێست و پاککەرەوەی نەرم و بێبۆن بە کار بهێنە.
* هەمیشە دەستەکانت پاکوخاوێن ڕابگرە، بۆ ئەوەی تووشی هەوکردن نەبیت.
* نینۆکەکانت کورت بکەوە، بۆ ئەوەی هیچ زیان و ڕووشانێک بەر پێستت نەکەوێت.
* ئامۆژگارییەکانی شێوەژیان ((Lifestyle: با حەمامکردنەکانت کورتخایەن بن و ئاوی شلەتێن بە کار ببە.
* دوای خۆشۆردن، بە نەرمی پێستت وشک بکەوە و دەستبەجێ شێدارکەرەوەی لێ بدە. جلوبەرگی فراوان لەبەر بکە، تاکو بە ئاسانی هەوا ئاڵوگۆڕ بکات؛ باشترە لە لۆکە دروست کرابێت.
* پێویستە ئاگاداری خۆراکەکەت بیت، بزانیت چ خۆراکێک وات لێ دەکات نیشانەکانی ئەکزیمات زیاتر لێ دەربکەوێت.
ئەکزیما لە منداڵان:
زۆرجار ئەکزیما لە تەمەنی ساوایییەوە دەست پێ دەکات و لەگەڵ گەشەکردنی منداڵدا، دەشێ بەرەو باشتربوون یان خراپتربوون بڕوات. پزیشکانی منداڵان و پزیشکانی پێست، دەتوانن دەربارەی نەخۆشیی ئەکزیمای منداڵان، ڕێنوێنی بدەن.
چارەسەر:
- شێدارکەرەوە: دەتوانرێت ئەو شێدارکەرەوانە بە کار بهێنرێن کە تا ڕادەیەکی باش پێستەکە بە تەڕ و شێداری دەهێڵنەوە و، وا باشترە بێ بۆنیش بن؛ لەبەر ئەوەی شێدارکەرەوەکان دەتوانن یارمەتیی کەمکردنەوەی خوران و وشکیی پێستەکە بدەن.
- دوور بکەوە لە هۆکارەکان: ئەو هۆکارانە دەستنیشان بکە کە ئەکزیماکەت زیاتر دەکەن و لێیان دوور بکەوە، وەک هەندێک قوماش، سابوون، یان ئەو ماددانەی کە هەستیاری بۆ پێست دروست دەکەن.
- بەکارهێنانی مەرهەم: ئەمانە بە شێوەیەکی باو لە لایەن پزیشکانی پێستەوە، بۆ کەمکردنەوەی هەوکردن لە کاتی زیادبوونیدا، پێشنیار دەکرێن.
- دژە هیستامین: ئەمانە دەبنە هۆی کەمکردنەوەی خوران. دەبێت پێش خەوتن بخورێت.
- دەرمانی بەڕەچەتە: لە حاڵەتە توندەکاندا، ڕەنگە حەب یان چارەسەری بایۆلۆجی پێویست بێت بۆ کۆنترۆڵکردنی نیشانەکان.
- چارەسەری پێچانی تەڕ: بریتییە لە دانانی خاولیی تەڕ لەسەر پێستی وشکبوو، بۆ ئارامکردنەوە و شێدارکردنی.
- پشکنینی ماددەی هەستیاری: ئەگەر گومانی هەستیاری هۆکارێک بێت، پشکنینی هەستیاری دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە دیاریکردنی ماددە هەستیارییە تایبەتەکان، بۆ ئەوەی لێیان دوور بکەویتەوە.
سەرچاوە:
Agner T. Guidelines for diagnosis, prevention, and treatment of hand eczema. Contact Dermatitis. 2022 May;86(5): Leung AKC, Lam JM, Leong KF, Leung AAM, Wong AHC, Hon KL. Nummular Eczema: An Updated Review. Recent Pat Inflamm Allergy Drug Discov. 2020;14(2):146-155. Avena-Woods C. Overview of atopic dermatitis. Am J Manag Care. 2017 Jun;23 Afghani J, Traidl-Hoffmann C, Schmitt-Kopplin P, Reiger M, Mueller C. An Overview of the Latest Metabolomics Studies on Atopic Eczema with New Directions for Study. Int J Mol Sci. 2022 Aug 8;23
