زەینەب یاسین ئەحمەد
مامۆستای یاریدەدەر
فاکەڵتی پەرستاری
زانكۆی نێودەوڵەتیی تیشك - هەولێر
لە سەرەتای دروست بوونی مرۆڤایەتییەوە تاکو ئێستا ئادەمیزاد ھەردەم بە خۆشەویستییەوە بەند بووە. یەزدان (حەوا)ی بۆ (ئادەم) دروستکرد و دوای (حەوا)ش ئێمەی ئافرەت بووین بە حەوا بۆ ئادەمی تر.
بەڵێ، دان پێدانان بەم ڕاستییە هەندێك سەختە، بەڵام ببورن نکۆڵیکردن لە ڕاستییەکان وەک دوور کەوتنەوەیەک وایە لە خودی خۆت. با تۆزێک بگەڕێینەوە دواوە، مەم و زین و شیرین و فەرھاد لە ئەدەبیاتی کوردی، ڕۆمیۆ و جولیێت و کافکا و میلینا لە ئەدەبی ئینگلیزی، قەیس و لەیلا لە ئەدەبی عەرەبی…ھتد.
ژیان بە خۆشەویستییەوە خۆشە ئازیزان و ھەموومان بۆ (مەم)ێک (زین)ین بەڵام ھۆشیار بن لە جەنگی خۆشەویستیدا خۆت نەدۆڕێنی و ھەردەم ئەوەش لەیاد مەکە کە مەم و فەرھاد و قەیس و کافکا و ڕۆمیۆ گشتیان تێکۆشەر بوون بۆ گەیشتن بە (زین)ەکانیان و ھەموو(زین)ەکان نابن بە (زین) گەر (مەم) نەبێت بە (مەم).
خۆشەویستی ئاڵوگۆڕکردنی ڕێز، یارمەتی، متمانە، و ھەستەکانی تیایە، ھەرگیز ئەوەت بیر نەچێ کە تۆ ناتوانیت خۆشەویستی بدەیت بەکەسێکی تر گەر لە سەرەتاوە خۆت خۆشنەوێت. ھەر بۆیەش داواکارم دوای ئەوەی ئەم نامیلکە بچووکەت خوێندەوە تۆزێ لە بەردەم ئاوێنە بچووکەکەی ژوورەكەتدا بووەستی و سەیری چرچ و لۆچییەکانی دەم و چاوت بکەیت کە ھەردەم خۆت لێیان دزیوەتەوە، ئەو شوێنانەی کە حەزدەکەی کەس نەیبینێت و سەرنجی لێدات ئەکرێ لێوەکانت بن یان لووتت یاخود نینۆکی قاچەکانت! ئەکرێ تۆزێ پێستی شۆڕ بێت کە لەئەنجامی جەنگەکانت لەگەڵ ڕۆژگاردا دروست بووبێت. سەیرێکی ھەموویان بکە و بە توندی لە ئامێزیان بگرە لە دڵەوە، و لە بیر مەکە، کە لەکلتووری ژاپۆنی شووشە شکاوەکان بە ئاوی زێڕ چاک دەکرێنەوە بۆ ئەوەی بەھایان زیاتر بێت و ھیچ جەنگاوەرێکی ئازا لە شەڕ بەبێ برین ڕزگاری نابێت و بە زەردەخەنەیەکی گەورە و متمانەیەکی زۆرەوە بزانە، کە (مەم)ی ڕاستەقینە ھەموو ئەم پارچە شکاوانەی لا پێ جوانترین تابلۆیە، گەر (مەم)یش تابلۆیەکی جوانی (زین)ی لە مۆزەخانە بدیبا و خۆشی ویستبایە وێنەی نەدەگرت، شەو دەگەڕایەوە مۆزەخانەکە بۆئەوەی وەدەستی بێنێت.

