بە پێچەوانەوە وەسفی بکە

شاجوان جەبار جەلال

شاجوان جەبار جەلال

قۆناغی سێیەم
بەشی زمانی ئینگلیزی
زانكۆی نێودەوڵەتیی تیشك - هەولێر

لە ڕووی دەروونیەوە ، هەندێک شت هەن کە پێویستە ڕاستییەکەی بە بەرامبەر نەوترێت ، ئەی چی بکرێت باشە..؟!! پێچەوانەکەی بوترێت؟

مرۆڤەکان سروشتیان وایە و بەو شێوەیە خەڵق کراون کە قسەی دەورووبەریان کاریگەری بەسەریانەوە دەبێ، ئەم کاریگەرییە بەشێوەیەکی ڕێژەیی لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر ئەگۆڕێت.

مرۆڤەکان بەبێ ویستی خۆیان لە ئاست ڕەفتارەکانی خۆیاندا کوێرن، ئەمە واتە چی..؟! واتە مرۆڤ ڕەفتارەکانی خۆی نابینێت، بەڵکو ڕەفتار و جووڵەی بەرامبەرەكەی ئەبینێت، بۆیە توانای بڕیاردانمان لەسەر ڕەفتاری بەرامبەر هەیە، بەڵام بۆ خۆمان وانین.

بۆیە ئەگەر کەسێک ڕەفتارێکی ناشرین یان با بڵێین گونجاوی نەبوو ، ئەوە نابێت ڕاستەوخۆ ڕەفتارەکەی خۆی بۆ وەسف بکەی ، ئەمە وا لە کەسەکە ئەکات کە ئەم ڕەفتارە زیاتر لەناو کەسایەتی خۆیدا زاڵ بکات ، تەنانەت هەندێک جار کەسەکە ئەو ڕەفتارەی هەر نیە بەڵام بە قسەی دەوروبەر لە خۆیدا دروستی ئەکات.

بۆ نموونە: کەسێک زۆر تووڕەیە، ئەگەر ئەم کەسە دەوروبەری بەردەوام پێی بڵێن تۆ کەسێکی تووڕەی، ئەوە ئەم کەسە تووڕەیی ئەکات بە بەشێک لە ژیانی و کەسایەتی خۆی (ئەگەر تووڕەی زۆر نەبێت ئەوە زیادی ئەکات). یان کەسەکە جارێک تووڕە ئەبێت، کەسی بەرامبەر ئاگاداری ئەکاتەوە کە ئەو زۆر کەسێکی تووڕەیە بۆیە ئەم کەسە بۆ جارەکانی داهاتوو یەکەم شت پەنای بۆ ببات تووڕەییە، چونکە وا ئەزانێ هەر بەڕاستی کەسێکی تووڕەیە (ئەمەش لە زۆر بیرکردنەوەی ئەو کەسە لەم بابەتە دروست ئەبێت).

ئەگەر بمانەوێت ئەم کەسە تووڕیە بکەینە کەسێکی هێمن ، ئەبێت بەردەوام وا وەسفی بکەیت کە ئەو کەسێکی زۆر هێمن و نەرم و نیانە یان لە کاتی تووڕەییدا بیری بخەیتەوە کە ئەو هێمنە و تووڕەیی نابێت یەکەم کاردانەوە بێت لە ئەوا.

تووڕەیە، بە کەسێکی هێمن وەسفی بکە. قسە ڕەقە ، بە کەسێکی قسە خۆش وەسفی بکە. ڕوو گرژە ، بە کەسێکی ڕوو خۆش وەسفی بکە. چونکە قسەکانی تۆ کاریگەری لەسەر ئەو هەیە ، ئەو کاریگەرییە وا ئەکا قسەکانت لە مێشکی بچەسپێت و بیری لێ بکاتەوە وە دواتر بیکاتە کەسایەتی لە خۆیدا.

هەر وەک فەرهاد پیرباڵ کە لەبەرنامەیەکا ئەڵێت :

کەواتە من لە ژێر ڕەحمەتی جەهل و حەماقەتی ئەو میللەتەی خۆمم.

ئەگەر ئەو خەڵکە هەر سەر بخاتە سەرم بڵێن ڕەشی ڕەشی ڕەشی و ڕێگە نەدەن بڵێم کاکە سپیم هێشتا سپیایەتیم تیایە و مەجالم بدەن کە قسە بکەم

بەس هەر پێم بڵێن ڕەشی ئەوە ئەو سپیایەتیەشم ئەکوژن….