قالۆغان بەها پزیشکییەکەی زۆر باڵایە…بەڵام چۆن؟.

زەهرا شەمسەدین عومەر

زەهرا شەمسەدین عومەر

قۆناغی پێنجەم
بەشی دەرمانسازی
زانكۆی نێودەوڵەتیی تیشك - هەولێر

ناوە زانستییەکەی بریتییە لە (Silybum marianum) .ئەم رووەکە دڕکاوییە بەناوی حەزرەتی مەریەمەوە ناونراوە، و لە هەرێمی کوردستان و عێراق بە قالۆغان ناسراوە.

قالۆغان کومەڵێک ماددەی گونجاوی کەم دەستەبەر لەخۆی دەگرێت، کە خوای گەورە لەناویدا ئافراندوێتی بۆ ئەوەی ئێمەی مرۆڤ سوودی لێ ببینین. باوترین سیفەتیی پزیشکی و بەشێوەیەکی نەریتی بۆ پشتگیری تەندروستیی جگەر بەکاردێت.

قالۆغان گیایەکی ساڵانە یان دوو ساڵەیە بەشێوەی ڕووەکێکی گوڵ وەنەوشەیی دروست دەبێت، کە لە لوتکەی لقەکان گەشەدەکات.

ئەو پێکهاتە بەسوودەی لەقالۆغان دەردەهێنرێت بریتییە لە “سیلیمارین” کە پێکهاتەیەکی بەسوودە و کاریگەری دژە ئۆکسانی هەیە.

قالۆغان نزیکەی 20% پڕۆتینی تێدایە و زۆرێک لەترشی ئەمینی گرینگ لەخۆدەگرێت، كە یارمەتی دروستبوونی ناوکەترش  دەدات.

 پزیشکانی گیایی کۆن و نوێ بەم شێوەیە باس لە سوودەكانی دەكەن:

یەکەم: رۆڵی سەرەتایی هەیە لەبەهێزکردنی جگەر و چالاکیشی بۆ دەگێڕێتەوە، لەرێگەی نوێکردنەوەی خانە لەناوچووەکانی جگەر بەهۆی ماددە زیان بەخشەکان و کحولەوە.

دووەم: هەندێک لە توێژینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن كە پێویستە ئەو کەسانەی نەخۆشی شەکرەیان لەجۆری دووەم هەیە، بیخۆن، چونكە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی رێژەی شەکر لەخوێن و باشکردن و مقاوەمەکردنی ئەنسۆلین.

سێیەم: سوودی هەیە بۆ چارەسەریی خەمۆکی، ئەگەر پەیوەندیی بە جگەرەوە هەبێت.

چوارەم: دووچاربوون بەنەخۆشییە شێرپەنجەییەکان کەمدەکاتەوە لەرێگەی بەهێزکردنی سیستەمی بەرگری لەش.

پێنجەم: بەسوودە بۆ چارەسەریی نەخۆشی (زەهایمەر) لەرێگەی کەمکردنەوەی ئەنزیمی ئەسیتایلکۆلین ئیستیرەیس لە دەماغ.

پێویستە ئەوەش لەبیرنەکەین:

زیاد بەکارهێنانی ئەم رووەكە (قاڵۆغان) ڕەنگە ببێتە هۆی تووشبوون بە سکچوون و هێڵنج هێنانەوە، و بە هیچ جۆرێك نابێت ئافرەتی دووگیان بەکاری بهێنێت.

سەرچاوە:

ویکیپیدیا