زانکۆ نەوەکانمان پێ دەگەیێنێت یان تواناکانیان کپ دەکات؟

شنیا محەمەد

شنیا محەمەد

قۆناغی سێیەم
بەشی شیكاری نەخۆشییەكان
زانکۆی نێودەوڵەتی تیشک - هەولێر

“لە کۆتاییدا، تەنها ویستی مرۆڤە کە دەتوانێت پەرجۆ درووست بکات”

ئاشکرایە کە خوێندن و خوێندنەوە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا و لە ڕابردووشدا گرنگی و لە پێشینەیی خۆی هەبووە، خوێندن و زانین ئەو چەکە بەهێزەیە کە چەندەها سنوور دەبڕێت کە هەرگیز چەک ناتوانێت بیانبڕێت و دەگات بە هەموو شوێنێک و ئاسەواری خۆی بەجێ دەهێڵێت. مرۆڤ هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدایە کە باشترین ژیان و داهاتووی هەبێت، خاوەن کار و پارەی خۆی بێت و ڕێز و پایەیەک لەنێو کۆمەڵگەکەی بنیاد بنێت، یەک لە ڕێگاکانی کە دەتوانێت بەم ئامانجانە بگات خوێندنە، کە خوێندن تەنها یەکێکە لە ڕێگاکان نەک تەواوی ژیان بە پێچەوانەی کە زۆرینە لێی تێگەشتوون. لێرەدا دەمەوێت زیاتر سەرنجم لەسەر کۆمەڵگەی کوردی بێت سەبارەت بەم بابەتە، ئەگەر لە سەرەتای ئەم قۆناغەوە دەستپێ بکەین، سەرەتا منداڵەکانمان دەچن بۆ قوتابخانە و قۆناغەکان دەبڕن تا دەگەنە یەک لە هەستیارترین قۆناغەکان کە قۆناغی ١٢یە، لەم قۆناغەدا دایک و باوک بە تایبەتی و چواردەور بە گشتی فشارێکی زۆر لە منداڵەکانیان دەکەن تاکو نمرەیەکی باش و بەرز بەدەست بهێنن، زۆر کات ئەم سێ ئەگەرە ڕوودەدات؛

١. قوتابییەکە نمرەیەکی بەرز دەهێنێت و دەچێتە ئەو زانکۆیەی کە ئامانجی بووە، پەرە بە تواناکانی دەدات و سەرکەوتنی تێدا بەدەست دە‌هێنێت.

٢.لەبەر ئەوەی دایک و باوک کاتی خۆی نەیانتوانیوە ئەو بەشە بخوێنن، منداڵەکەیان بەزۆر دەنێرن، قوتابیش لەبەر ئەوەی ئامانجی شتێکی تر بووە و ئێستا لە بەشێکی ترە، گوێی پێنادات و وەلاوەی دەنێت، یاخوود تەنها لەبەر ئەوەی کە داهاتی ئەم بەشە باشە و ئەگەری هەلی کاری زۆرترە، زۆری لێدەکەن بچێتە ئەوێ و هەمان ئەنجاممان دەست دەکەوێت کە وەلاوەنانی خوێندەنەکەیەتی، یاخوود هەر ویستی قوتابی خۆیەتی.

٣.قوتابی نمرەی دڵخوازی خۆی بەدەست ناهێنێت، دەچێتە بەشێک کە نمرەکەی بڕیاری لەسەر داوە، زۆر جار قوتابی دوای ماوەیەک خوێندن لەم بەشەدا و کارکردن تێیدا بۆی دەردەکەوێت کە ئەمە ڕاستە بۆ ئەو و دەتوانێت تێیدا خۆی بەرەو پێشەوە ببات.

واتە لێرەدا دوای تەواوکردنی قۆناغی قوتابخانە گرنگترین قۆناغ دەستپێ دەکات کە زانکۆ و پەیمانگایە. زۆر کات بە تێپەڕینی کات قوتابی سارد دەبێتەوە لە خوێندن و بە ڕاددەیەک گرنگی پێنادات تا دواتر وازی لێدە‌هێنێت بە چەندین هۆکاری جیاواز، بەڵام جگە لەوانەش دوای ئەوەی بە هەموو ئومێدێکەوە چاوەڕوانین کە ئەم نەوە نوێیە کاری باش و پێویست بکەن، بوارییان بۆ ناڕەخسێت یان پێیان نادرێت، لێرەدا دەبێت ئەم پرسیارانە بکەین؛ تەنها پشت بەستن بە زانکۆ یان پەیمانگا ڕێگا درووستەکەیە؟ چونکە کۆمەڵگە پێویستیی تەنها بە هەبوونی کەسانی لەو بوارانەدا دەرچوو نیە.

نموونەی ئەو کەسانەی کە وازیان لە خوێندن هێناوە و بوونەتە خاوەن سەروەتی خەیاڵی و خاوەن ژیانێکی سەرکەوتوو زۆرە، بەڵام لە هەموویاندا یەک خاڵ هاوبەشە، ئەویش پەرەدان و گەشە پێدانی ئەو توانایانەی هەیانە لە بوارەکەدا و خوێندنەوە لەسەری، بۆ نموونە، کەسێک کە ئامانجی بوون بە بازرگانێکی سەرکەوتووە مەرج نیە تەنها لە ڕێگەی خوێندنەوە بێت کە ئەگەر خوێندنەکەش تەواو بکات ئاسانکاری بۆ دەکات، دەتوانێت تەنها لەڕێگەی ئەو موبایلەی کە لە گیرفانییەتی بەخۆڕایی چەندین خول وەربگرێت و ئاشنا بێت بە بوارەکە، یاخوود چاوپێکەوتن و کارکردن لەگەڵ ئەو کەسانەی کە لەو بوارەدا کار دەکەن و شارەزان، و گرینگترینیشی ئەوەیە کە لەگەڵ نوێگەری بڕۆن و بەپێی پێداویستییەکانی سەردەم هەنگاو بنێن و کاربکەن.

لێرەدا ڕۆڵێ زانکۆ چییە، بۆچی هەمووان چاویان لەسەر ئەوەیە کە تەنها لە ڕێگەی زانکۆوە بگەن بە شتێک؟

سەرەڕای ئەوەی کە ئەرکێکی زۆر دەکەوێتە سەر میری و بەڕێوەبەرایەتییەکان، قوتابی بە گشتی گرنگی بە پەرەپێدانی خۆی نادات، کە لە سەردەمی ئەمڕۆماندا زانینی تەنها زمانی دایک بۆ نموونە بەس نییە، لەبەر ئەوەی ئێستا لە هەموو شوێنێکی کار کە داوای کارمەند دەکەن یەکەمین داواکارییان ئەوەیە کە زمانی دووەم و سێیەم بزانن کە بە گشتی ئینگلیزی و عەرەبییە، زۆرجار باشترە ئامادە بیت و بوارت نەبێت، نەک بوارت هەبێت و ئامادە نەبیت.

 یان توانای مامەڵەکردن لەگەڵ کڕیار و پێشوازی کردن و چەندین توانای دیکە، بە تەنها ئەمانە بەس نین، بەڵکو چاوکراوەیی و بەپێی توانا گەشتکردن بۆ وڵاتانی دیکە بە مەبەستی ئاشنا بوون پێیان و ناسینی کلتووریان کە ئەمەش گرینگە بۆ تێگەشتن لە زۆر شت سەبارەت بە ژیان، زۆر کەس هەیە کە توانای نیە گەشتی دەرەوەی وڵات بکات، بەتەنها گەڕان بە شار و ناوچەکانی تری وڵاتی خۆیدا بەسە، چونکە لەگەڵ ناسینی هەر کەسێک شتێکی نوێ فێردەبین.

بەگشتی زانکۆ و پەیمانگاکان بەباشی نەیانتوانیوە ئەو ئامانجە بپێكن، بۆیە دەبینین گرینگی نادرێت بە هەندێک بابەت و وانە کە دەکرێت بۆ دواڕۆژ و ژیانی کارکردنی بەسوود بێت، ئەوەی کە تەنها بەشێوەیەکی زۆر چاوی لەسەرە و زۆرترین گرینگی پێدەدرێت بەشی پزیشکی و ئەندازیاری و یاسایە، بێگومان ئەم بوارانە گرینگی زۆریان هەیە، و هەر یەک لەم بەشانە هێشتا کەم و کورتی زۆریان تێدایە کە دەبێت زۆرشتی تێدا باشتر بکرێت، بۆ نموونە هەڵە پزیشکییەکان، کە پزیشکەکان لەگەڵ ئەوەی بەردەوام پەیوەندی ڕاستەوخۆیان هەیە لەگەڵ نەخۆش، بەشێکیان لەگەڵ زانستە نوێیەکان ناڕۆن، بۆیە كۆمەڵگەش بە جۆرێك لە پارەكێشانەوەی دادەنێت، بە وەرگرتنی نەخۆشی زیاتر و چارەسەرێکی کەمتەرخەم، کە ئەمەش نەخۆش ناچار دەکات بە پارەیەکی زۆر لە دەرەوەی وڵات چارەسەر وەربگرێت، بێگومان ئەمە جگە لە پزیشکەکان کارمەندەکانی تەندرووستیش دەگرێتەوە کە دڵسۆز نین لە کارەکەیاندا و کەمتەرخەمی دەنوێنن.

تەنها ئەو بەشانە گرنگ نین، بەڵکو هەریەک لە بەشەکانی خوێندنی زانكۆ جوانی و گرنگی خۆیان هەیە، تەنانەت زۆریش پێویستن بۆ کۆمەڵگە و ڕۆژی ئەمڕۆمان، کۆمەڵگە تەنها بە بوونی پزیشک و دادوەر و ئەندازیار پێشناکەوێت، بەڵکو پێویستمان بە مامۆستا، کارمەندی میری، کارگوزار، هونەرمەند، نیگارکێش، وەستا هتد… ی دڵسۆز و خەمخۆر هەیە، چونکە وردەکارییەکان لەمانەوە سەرهەڵدەدەن بە تایبەتی هونەر کە زۆر پشتگوێ خراوە، بەرەو پێشچوونی هەر یەک لەم بوارانە و هەبوون و کارکردنی کەسانی دڵسۆز تێیاندا، زۆر شتێک دەگۆڕێت، دەتوانین گۆشەیەکی ژیان جوانتر بکەین.