لاچــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــين لە ئەدەبى كوردستانى سوور

- طاهر جاف

- طاهر جاف

ئەسپەكان هێندە بە هەورازى  گردۆڵكانەدا هەڵگەڕابوون كە قەرە بە قەرەى دارستانەكە درێژ دەبوونەوە هەتا هەموويان شل و كول بووبوون. ناچار ئێمەش لە رێگە لاماندا و لە ناو مێرگێكى بنارى گردێك ئەسپەكانمان داكوتان، بۆ خۆشمان چووين لە لێوارى ڕووبارێكى تيژى كەفاوی، دانيشتين.

دنيا گەرمەى بەهارێ بوو، كێڵگە زێڕينەكانى گەنم، بە شنەى با، كەروێشكەيان دەكرد. لە دوورتريشڕا، گردە گەردەن كەشەكان باوەشيان بۆ لووتكە شكۆمەندەكانى قۆقازى بچووك، كردبووەوە. ئاونگيش لە كێوى مۆنگوزڕا هەڵيدەكرد و دەهات و خۆى لە ڕوخسارمان دەخشاند و فێنكى دەكردينەوە.

سرووشت هەناسەى دەدا؛ هێندەى چەهرەى سەرەژنێك پاك و ئارام بوو. زەمين ئاوس بوو؛ خەريكبوو بەروبووم پێدەگەيشت. ئادەميزادى ئەم ناوەش هەموو چاوەڕێ بوون؛ زۆر لەگين بوو يەك دوو ڕۆژى ديكە دروێنە بگەڕێ.

تازە ڕەوەندەكان مێگەلەكانيان بەرەو كوێستانێ ڕادابوون. ئێمەش بە دواى ئەو ڕەوەندانەوە عەبداڵ بووين؛ ئاخر بۆ ئەوە دەچووين تا ڕانەكانيان بژمێرين. بە خۆم و بە هاوڕێيەكەمەوە، كەنەفتەيێكى شارەزاى ئەم ناوەمان بە كرێ گرتبوو تا ڕێنماييمان بكات و چاوساغمان بێت.

پيرەمێردەكە لە سەر لاتەنيشتێكييەوە لێى ڕاكشا و قليانەكەى دەركێشا و پڕى تووتنى خۆمانەى كرد و گوتی: – (خوا يار بێت، زوو دەگەينە كەرخى پاوانەكان. سەيرێكى ئەم لاو ئەو لاى خۆتان بكەن؛ لێرە هەموو شتێك فرە قەشەنگە.)

پاشان بەردەستێكەى دەرهێنا قاوى لێ نزيك كردەوە و ئەستێكەى لە بەردەكە دا و چەخماخەى پێكردن و قاو تريسكەى گرت و ئەويش لە تووتنى ناو قەننەكەى نزيك كردەوە و دووكەڵى لێ هەستاند.

گوتم: – (ئاى كە حەزم لێيە بە سەر ئەم شاخانەدا هەڵگەڕێم.)

هاوڕێيەكەم لە سەر گياكە و لە سەر زگ لێى ڕاكشا. دەستى بۆ تفەنگەكەى برد. سێرەى لە شتێك گرت. كە زەينى لوولەى تفەنگەكەيم دا، زانيم سێرەى لە نيشانەيێكى بۆز گرتووە كە لە دوورەوە ديار بوو. نيشانەكە لە سەر تەپكى گردێكى بڵندى ئەو بەرى ڕووبارەكەدا بوو. نيشانەكە فرە لە گومبەت دەچوو. منيش خۆم خستە سەر زگ و وەك هاورێيەكەم سێرەم لە نيشانەكە گرت.

دەستێك، بە توندی، شانى ڕاتەكاندم. ئاوڕم داوە. ديتم كەنەفتە پێشەنگەكەمان بوو. ورياى كردمەوە تا پەلە نەكەم … چونكە كەسم لە نزيكى نيشانەكە نەديتبوو، پرسيم: –

  • (كەسى لێ نييە، وايە؟)

بە زەردەخەنە وەڵامى دامەوە و گوتی: –

  • (ڕۆڵە ئەگەر زەوى بپەيڤيبا، پێى دەگوتى ئايا كەس لەوێ هەيە يان نييە!)
  • (مەبەستت چييە؟)

بە قامكە گەورەكەى، بە توندی، تووتنى لە ناو قەننەكەى پەستاوە. پاشان سەرى هەڵبڕى، زەينێكى دوور و درێژى خانووە سەيرەكەى دا، هەناسەيێكى سارد و قووڵى بۆى هەڵكێشا، ئينجا فەرمووى: –

  • (بە ڕاستى من مێژووناس نيمە! بەڵام چەندين سەدەيە شايەر و لاوك بێژەكانمان تاڵى و شيرينى ئێمەيان بە ئاواز بۆ گێڕاوينەتەوە و پير و سەرسپييانى وەك خۆشم ئاسا، ئەو گۆرانى و ئەفسانانەشمان لە فەرامۆش كردن هەڵگێڕاوەتەوە و بۆ نەوەكانى ئەم سەردەمەمان دەرباز كردوونە. ئەم ڕێبازەشمان وايكردووە كە گەلەكەمان پاڵەوانەكانى خۆيانيان لە بير نەچنەوە هەميشە سەربردەكانيان بگێڕنەوە. داخى گرانيشم تەنيا بۆ ئەو كەڵە مرۆڤانەيە كە لە دواى مەرگيان ناوەكانيان زيندە بە چاڵ دەبن.)

تێكۆشام بزانم ئەم پسپۆرە هەڵوەداى چى بووە! بە شێنەيى تفەنگەكەم لە تەنيشتە خۆم هەڵپەسارد، بۆى سووڕامەوە، ڕووى خۆمم تێيكرد. بە زرۆكە هەستم كرد گەرەكى بوو هەقايەتێكم بۆ بگێڕێتەوە. تەقەلاى بوو بزانێ لە كوێڕا دەست بە قەتارەى قسەكانى بكات. نەمزانى بۆ ئاوا شپرزە بوو! دەشێ كارەساتێكى ناهەموارى ئەم دەڤەرەى وەبير هاتبێتەوە؟! هەر چ بێت و هەر چۆن بێت؛ دەبێ بزانم چ بووە! مكوڕ بووم بزانم چ قەوما بوو، لێم پرسيار كرد: –

  • (ئەرێ بۆ؟ واتزانى سێرەم لە مزگەوتەكە گرتبوو؟)
  • (خۆ هيچ نيشانەيەكى ديكە لەو هەورازەدا نييە!)
  • (لە چى خراپە ئەگەر نيشانەى تێبگرين؟)
  • (ڕەنگە هيچ خراپى نەبێ؛ بەڵام پێويستە نەيكەی!)

هاوڕێيەكەم لە مێژ بوو تاپڕەكەى لە سەر عاردى دانا بوو، گوێى بۆ مشتومڕى من و ڕێنما كەنەفتەكەمان ڕاگرتبوو.

  • (ڕۆڵە دەزانم گەنجانى وەك ئێوە پڕ بايەخ بەم جۆرە خانوو و بەرانە دەدەن. ڕۆڵە،ئەمەشيان پەيكەرێكى ڕابردووى خۆمانە!) بۆى داما؛ پاشان بە پەنجە ئاماژەى بۆ قۆپكى گردەكە كرد و گوتی: –
  • (جاران لە سەر ئەم گردە ئاوايييەكى گەورە هەبوو. كيژ و كار ڕاهاتبوون لێى شۆڕ دەبوونەوە. سەد مخابن ڕۆژێك دێ كە ئەم مزگەوتەش وەك ئاوايييەكە دەڕمێ! كەسێك نامێنێ وەبيرى بێت ڕۆژێك لە ڕۆژان مرۆڤ لەم ناوەدا ژيا بێت!)

زنجيرەى يادەوەرييەكانيم لێ پچڕاند و لێيم پرسى: – (ئەرێ ئەوێ پەرستگەيە؟!)

پەلەى لە وەڵامدانەوەم نەبوو. خۆڵەمێشى ناو قاڵينەكەى وەتاڵ كرد و دەستى بۆ ناو بەيرى خۆى برد و كيسەى تووتنەكەى دەرێنا و قەلنەكەى داگرتەوە، ئينجا بۆم وە قسەهات و فەرمووی: –

  • (ڕۆڵە ديرۆكێكى دوور و درێژە و نابڕێتەوە!)
  • (خۆ ئێمەش – نانمان لە سەر سێڵێ نەسووتاوە[‌أ]‌!)

دووكەڵە سپييە ژەهراوييەكەى لە هەر دوو كونە لووتييەوە دەردا و دەستى بە گێڕانەوەى هەقايەتەكە كرد و پرسی: –

  • (ئەو تەپۆلكەيەت لێ ديارە؟) پەنجەى بۆ ئەو بەرى ڕووبارەكە ڕەوان كرد. تخووبى كێڵگەيێكى نيشان داين …… (لەوێڕا بەرەو هەوراز بڕۆ تا دەگەيە گومبەتەكه،‌ لەگەڵ لێوارى ڕووبارەكە، هەمووى خانوووبەرە و مۆڵگە بوون. ئەو تەلانە دەبينن؟ هەرگيز لەوێ هيچ نەدەچێندرا. لێرەش مەڕ و ماڵات ئاليك دەدران. ئەم بنە سەرووە چەماوەيەشت لێ ديارە؟ ئەوێ بازاڕ بوو! ژمارەيێكى زۆر كەم دوكانى لێ هەبوو.) ديسان مات بوو! داما! سڕ بوو!
  • (لەو سەردەمى تەمەنم يازدە تا سێزدە ساڵان دەبوو. گوندەكەمان ناوى (ياردڵ) بوو. بەرپرسى گوندەكەمان ناوى بەيرام يوزباشى بوو. بەيرام يوزباشى خورتێكى سوورەى كۆسەى شەموولەى مل ئەستوورى توند و تيژ و تووڕە بوو. ڕقى پڕ لە نەدارانى دێيەكەمان هەبوو. بۆيێ هەژارەكانيش هەميشە خۆيان لێى دەشاردەوە. بەيرام يوزباشى خووى بە خولانەوەى ناو گوندييەوە گرتبوو. هەميشە قامچييەكى درێژى بە دەستەوە بوو. ژنان خۆيان لە چاوى چەپارە دەدا. پياوان تەنانەت لە ڕۆژانى هەينيشدا تەقەلاى ئەوەيان دەدا كە لە ناو گۆڕەپانى ئاواييدا نەبيندرێن. كە دەيانگوت – بەيرام يوزباشى هات – منداڵان زەندەقيان دەچوو.

وا فێر ببوو هەموو ڕۆژانى پێنج شەموو لێى سوار دەبوو و بۆ شارى دەچوو. كە لەگەڵ ژەندرمەكانيشى دەگەڕانەوە، وەك لەشكرى دزان بە ناو شارى وەردەبوون. بەيرام يوزباشى كەسى پشتگوێ نە دەخست، شوان با، گاوان با، جووتيار با، ژن با يان پياو، ئەو يوزباشييە گاڵتەى خۆى هەر پێدەكرد. هەركە چاوى بە كەسێك دەكەوت‌ كڵاوێكى (قەرەقوڵ)ى باشى لە سەرە، يەكسەر خيزەى بۆ قۆزاقەكانى دەكرد؛ ئيتر يەكێكيان زەختەيێكى لە ئەسپەكەى دەدا و بە تاو دەچوو، لە سەرى خاوەنەكەى دەكردەوە و دەيڕفاند.

بەيرام يوزباشى ئۆقرەى نەدەگرت. هەر خۆى ئاغە و مير و كوێخا و تاكە دەست بوو! لە ڕۆژانى هەينيشدا دەچوو لە سەر كانی، بۆ دانە ڕۆژێك، هەڵدەتووتا. چاوى لە كيژۆڵە و ژنە جحێڵەكان دەبڕى و هەركە گۆزە- بە- شانێك دەگەيشتە سەر كانی، زۆر وا دەبوو بێزارى دەكرد. ئەگەر مەيلى لە كچێكيش بايە، فەرمانى دار و دەستەكەى دەدا. ئەوانيش دەچوون كچەكەيان بۆى دێنا. هەركە داواى ئاويشى لە خانمێك بكردايە، كە خانمەكە ئاوى بۆ دەهێنا، يەكسەر بەرزەفتى دەكرد و بە بن خۆى دەگرت و هەڵى دەگڵۆفاند. بە ڕێكەوت ئەگەر ئافرەتێك بەرگرى لە خۆى بكردايە و تەسليمى نەبا، ئەوا بێگومان بەيرام يوزباشى غەزەبى لەو ژنە و لە خزم و كەسى دەگرت و بە توندى تۆڵەى لێ دەكردنەوە. تۆڵە كردنەوەكەشى ئەوە بوو براى يان باوكى يان هاوسەرى ئافرەتەكەى بە دزين تاوانبار دەكرد و ئينجا يان شاربەدەرى دەكرد يانيش لە زيندانێى دەپەستا.

سەربارى ئەم هەموو خراپەكارييەشی، بەيرام يوزباشى پۆستى گەورە لێپرسراوى ميرى پێ سپێردرا. ئيتر كەس نەما لە بەرانبەريدا (موو بپسێنێ)[‌ب]. تەنانەت چاشڤيلى ئەفسەرى پۆليسى ناوچەكەش كلكى لە گەڵيدا يەك كردبوو. هەموو كەسێك لێى دەترسا. بەڵام خۆ تاقە نەفەرێكى سەربڵنديش نەبوو ڕێزێك بۆ ئەفسەرەكەى پۆليس دابنێ. تەنيا بە پشتيوانى بۆرەپياوە قۆزاق و سەربازە هبوودی[‌ج] خۆرەكانى دەوڵەتى دەخوڕی.)

گوتم: – (ئەوەى تۆ دەيڵێى ئەو يوزباشييە هەر مەيلەو خودێيەك بووە!)

  • (باسى ناكرێ! تەنيا قسەى ئەو دەڕۆيی! كورە ئاخر … خوداوەندێك بوو! كەس نەبوو وەفريادى جووتيارانەوە بێ! خوا نەخواستە ئەگەر هاواريشيان بكردايە؛ گوێيان لێ نەدەگيرا! چەند كڵۆڵێكيش كۆششى ئەوەيان كرد! بەڵان هەرگيز كەسێكى لە خۆى هەورازتر ڕۆژێك ڕێشمەى لێ توند نەكرد!)

سەرم لە بێن درێژى لادێيييەكان سوڕما! گوتم: – (ئێی؟!)

  • (بەيرام يوزباشى هەموو ڕۆژێكى خودێ دانيشتنى خۆى هەبوو. بە خۆ و بە دارودەستە ستەمكارەكەيەوە هەموو ئێوارەيێك، بێ پسانەوە، بەزميان دەگێڕا و بادەيان هەڵدەقۆڕى و خۆيان كەر دەكرد! بە خۆيشى بەرەبەرە هەتا دەهات پتر دەڕسكا. واى لێ هاتبوو دەتگوت بەرازە لووس هەڵگەڕابوو. هەر جووتيارێكيش سەردانى بكردايە، گرينگ نەبوو يوزباشى لێى قايل ببا يان نا، لە سەرى پێويست بوو، ئەسپێكى ڕەسەنى خۆى يان جوانەگايەكى بۆ برا گەورە بهاوردايە. لاديڤەكان چينگەلێكى هێندە سادە بوون سوێنديان بە سمبێلى يوزباشى يان بە سەرى دەخوارد. ناچار هەر سەرى خۆيانيان بۆ دەلەقاند و دەيانگوت: – (بەڵێ، ڕاست دەفەرمووی!) نەشێم بێژم كە بەيرام يوزباشى خورتێكى ديندار و لە خواترس بوو؛ چونكە ڤۆدگاى هەڵدەقۆڕاند و دامێن پيسيش بوو، بەردەوام بەختى خۆى تاقى دەكردەوە، هەرگيز نە بە ڕۆژى دەبوو نە سەريشى بە بەرماڵێ دادەگرت. كەچى ناوەناوە دەچووە مزگەوت و لەوێ بە ناو ڕێزى نوێژكەراندا دەگوزەرى. هەرگيز وەك جووتياران، چوارچمكێ لە سەر عاردى دانەدەنيشت و قاچەكانى تێك نەدەپەڕاندن. هەميشە كورسييێكى تايبەتى بۆ ئامادە دەكرا. هەيهوو، هەيهوو! هێشتا سەربردەى ئەو كابرايەم دە باخەڵێدا پڕە و ماوە، ئەگەر بۆتانى بگێڕمەوە!)

ئێمە هەردووكمان سڕ ببووين! ئەو سەربردەيەى ئەم پيرەمێردە دەيگێڕاوە، هەردووكمانى قوڵاخ كرد بوو! من بەش بە حاڵى خۆم وامزانى ئەم كەنەفتەيە، وەك زۆران، بە پێخواسى بە ناو كەوتبوو! وا مەزەندەم كرد هيچى لە دەربارەى تۆپكە سەيرەكەى بان گردەكەى لە بير نەما بوو؛ ويستم بە يادى بێنمەوە. كەچى بۆ خۆى هاتەوە سەر خەت و گوتی: –

  • (ڕۆژێك ديتم هەموو خەڵكى ئاوايى ڕووە و گۆڕەپانى ناو گوندى دەچوون. غاريان دەدا. ژنە لادێيييەكانيش لە بەر دەرى خانووە قوڕەكانيانەوە ووشت ببوون! هەموويان تەماشاى گۆڕەپانى ناو ئاوايييان دەكرد. وەك كۆستكەوتە لە ئەژنۆى خۆيانيان دەدا! جا منيش بە شوێنى گەڕەلاوژەكەدا چووم.)

مامە پيرە قومێكى لە سبيلەكەى دا. وامانزانى لە هەندێ لە ڕووداوەكان ڕاڕابوو، خاس لە بيرى نەما بوو!

  • (ئەوەى لەوێ ديتمان كارێكى نامرۆڤانە بوو. هەرگيز بە مێشكمدا نەهاتبوو كە ڕۆژێك كارەساتێكى ئاوا بقەومێ! قۆزاقێك فێر ببوو توانجى لە دەزگيرانى لاچين دەدا. ئەويش گولـلەيێكى لێى خەسار كرد. چونكە دەيزانى چييان بۆى لە قۆچەقانێدا ناوە، دەبوو خۆى بپارێزێ، بۆيێ لاچينى ئاسنگەر چەند ڕۆژ بوو بە ناچارى خۆى لە ناو گوندى حەشار دابوو! ئەو ڕۆژەش بەيرام يوزباشى تۆڵەى قۆزاقەكەى لە دايكى لاچين دەكردەوە. پيرێژنە چارە ڕەشەكەيان لە ناوەڕاستى گۆڕەپانى ئاوايى لە كۆڵەگەيێك شەتەك دا. سەريان تاشی. پارچە پەڕۆكێكى ڕەشيان لە سەرە تاشراوەكەى پێچا؛ ئەنجا لەبەر چاوى هەموو خەڵكى گوندى بە بەر قامچييانيان دا. تەمەنە پتر لە شەست ساڵييەكەى دادى نەدا.
  • بەيرام يوزباشى لە بان تەپۆلكەيەك وەستابوو. بە سەر قۆزاقەكانيدا هاوارى دەكرد و دەينەڕاند و فەرمانى دەدا تا بە هەموو هێز و توانايانەوە بە قامچى پيرێژنەكە داركارى بكەن. تازيانەكان[‌د] دادەبارينە سەر جەستە ڕووتە مۆر هەڵگەڕاوەكەى ژنەكە، بەيرام يوزباشيش وەك ئاژەڵێكى هار دەينەڕاند و دەيگوت: –
  • – (هۆ! كوا، لە كوێی؟! تۆ ئەو پياوەى گوللـە لە قۆزاقى من ئاگر بدەی؟ بۆ نايێى دايكت قورتار بكەی؟ وەرە بلا ئازايەتيت ببێنين!)

پاشان ڕووى خۆى لە پيرەكەكە كرد٠ پيرێژن ناڵەى دەگەيشتە لاى بارەگاهى خودا. يوزباشى پێى گوت: –

  • (ئەمە لە برى كوڕەكەتە ئاوا پێت دەكەوێ. منيش ئەوا چاوەڕێى دەكەم تا بێت و لەبەر دەستم دەرتبێنێ. باشە! كوا ئەو سەگە؟! وا دەزانێ ياسا نەماوە؟! ئەگەر وايە، هەر كەسێك چى دەوێ با وا بكات! وايدەزانى هيچت لێ ناكرێ؟ هەر ئێستا تێتدەگەينم قانوون و فەرمان چنە!)

خەڵكى هەموو زەندەقيان ڕژابوو. نقەيان لەبەرەوە نەدەهات. كەسێك نەبوو زاتى ئەوە بكات و بێ دەستى بگرێ. حەشاماتەكە ترسى مەرگى خۆ و كەس و كارى خۆيانيان دەكرد؛ دەيانزانى هەر كێ بە هاناى ژنەكەوە بچووبايە ئيتر لێبوردنى بۆ نە بوو. نەفرەتى ترس خەڵكى هەموو ئيفليج كرد بوو. لە نەكاوێكدا، كەڵە مرۆيێكى نەبەرد پەيدا بوو. مەحاڵە ديمەنەكەيم لە ياد بچێ! لە يادم ناچێ! ئازايەتى ئەم خورتە بڕوايێكى نوێی، بە گەلەكەم، پێ بەخشيم.)

پيرەمێردەكە كڕەى لە ناو سبيلەكەيەوە‌ هێنا. برادەرەكەم لە سەر گازەڵەى پشتێ لێى ڕاكشابوو. زەينى لە تاقى ئاسمانێ دابوو. مەزەندەم كرد بە چەند قۆناغێك لە ئێمەى هەڵبارد بێ و ئاگاى لە سوخەنى ئێمە نەمابێ؛ كەچى لە هيكڕا سەرى خۆى قيت كردەوە و گوتی: – (ئێی؟! پاشان چ ڕوويدا؟!)

بۆ سێيەمين كەڕەت، ڕێنما پێشەنگە چاوساغەكەمان قەننەكەى داگيرساندەوە. پاشان گوتی: –

  • (هەر چەندە من پێشتر مرۆڤى ئاوا زيتم نەديتبوو، بەڵام خۆ ئەويش وەكو هەر كەسێك بوو؛ هيچى لە خەڵكى هەڵنەبارد بوو. بەيرام يوزباشى لە قسەكانى بۆوە و نەبۆوە كە كابرايێكى شڕۆڵى، جەمەدانييەكى چڵكن لە سەرى، لێ هاتە پێشەوە. كابرا داسێكى بە دەستەوە بوو. هەر كە خێرا دەستى خۆى هەڵبڕی، تيغە پۆڵايە بە هەمبانە پێچراوەكەى ناو دەستى، چەخماخەى دا. بەيرام يوزباشى وەك كۆلكە دارێكى كرمن ڕوو چوو! بوومەلەرزەيێك ئەو ناوەى گرتەوه! هەر كەسە و باباى بوو خۆى ڕزگار بكا، هەر كێ ڕايدەكرد پێى لە كاسەى سەرى ئەوانى ديكە دەنا! هەموو لە هەموو تەقەلايان بوو خۆيان حەشار بدەن؛ (كەس نەبووە براى كەس)[‌ه]؛ كەس نەيدەويست ديمەنى كوشتنەكە بە چاوى خۆى ببينێ نەكا – خوا نەخواستە – بۆ گۆڤا بانگى بكەن؛ چونكە هەموو دەيانزانى ئەو بانگ كردنە دەبێتە مايەى كۆست كەوتنيان. ژمارەيێكى كەمى قۆزاقە حەپەساوەكان لەگەڵ چەند تەحتە قاپووێكى ئازاتر بە چوار لاى جەستە بێ سەرەكەى بەيرام يۆزباشيدا گردەوە ببوون. يەكێكيان گوتی: –
  • (پەككوو! ئەوە چ چەشنە تيغێك بوو ئاوا بە جارێك سەرى ئەو كابرايەى پەل دا؟!)
  • (ئەم زەبەللاحە سامناكەى دەمێك بەر لە ئێستا هەموو ئەم ناوەى لە زەواق نا بوو، خۆ ئێستا وا تەرمێكى بێ سەرە!)

هاوڕێيەكەم وەك مار لوولى خوارد و تێكئاڵا و پرسيارى كرد: –

  • (ئەرێ! ئەوە كێ بوو ئاوەها ئەم ئەرژەنگەى دوورييەوە؟)
  • (ئەوە نەبەردێك بوو. بەو دڵە گەورەيەى خۆى ڕق و قينى ئاوايى و تووڕەيى هەموو خەڵكى بە پياو و ژن و بە منداڵانيشيەوە، هەمووى قووت دا! ئەوە دلێرێكى مەڵبەندەكەى خۆمان بوو!)

پيرەمێرد بە ئەوپەڕى شانازى كردن دەيگێڕاوە و گوتی: –

  • (ئەو كەڵەمرۆيە ناوى لاچين بوو! لاچين دەكاتە هەڵۆ! لاچين كوڕى پێرێژنەكە بوو! تەرمەكەى لە ژێر ئەو گومبەتە بۆرەى سەر ئەو گردۆڵكەيەدا نێژراوە. گڵكۆيێكى هێندە پيرۆزە ناكرێ نيشانەى لێ بگيرێت!)

هاوڕێيەكەم بە وريايييەوە گوتی: – (نەمانزانی!)

منيش وەك ئەوەى لە خەوەزمەيێك ڕابوو بم، هەموو ترسى ساڵانى ڕابردووم لێ نيشتەوە و دڵەكوتەم گرت! ترسى ئەو سەردەم و زەمانەم وەبير هاتەوە كە چەكدارێك، بە ئارەزووى خۆی، دوور لە ياسا، فەرمانى گەلێكى دەگێڕا!

خۆر ماڵئاوايى لێ كردين و كەوتە پەناى كەژ و كێو و شەومان بە سەردا هات؛ مانگى زيوينيش بۆمان هەڵات و لە تاقى ئاسمانێدا درەوشاوە.

پرسيم: – (ئايا لاچين دەستگير كرا؟!)

  • (نا! چۆن ئاوا لە نەكاوڕايێكڕا پەيدا بوو، بە هەمان خێراييشەوە گومبوو! بێ سەر و شوێن چوو! ماوەيێكى زۆرى پێ چوو، ڕۆژێك پيرە قۆزاقێكى يوزباشى لە كەنارى دارستانێكدا بە نووستوويى بە سەر لاچين دادەچێ و تا بيوور دەگرێ لە تەپڵى سەرى گير دەكات و شەهيدى دەكات! كەس ناوى بكوژەكەى لاچينى لە ياد نەماوە؛ وەلێ لاچين خۆى هەرگيز فەرامۆش ناكرێ. گوندەكەش ئێستا لە هێندەرێ نەماوە. بەڵام هەر كێ ڕێى بكەوێتە سەر ئارامگەى ئەو جوامێرە يادى دەكاتەوە. بەڵێ! لەو سەردەمى كە قەلە ڕەشەكان فەرمانيان دەگێڕا، لاچين هەڵۆيێكى ئازادى پەروەر بوو.)

پيرى كەنەفتە (ئاردى خۆى بێشت و كەپەكى خۆى ڕێشت)[‌و] دونيا كش و مات بوو، تەنيا بۆقەكانى قەراخى ڕووبارەكە بوون دەيانقيقاند.

هێشتا من هەر لە بن بارى سامى ئەو سەربردەيە بووم كە پيرەمێردى ڕێبەرمان گێڕابوويەوە، كاتێك‌ هەستم كرد گەنج لاچين بە سەر و ڕێشيەوە لە قەدپاڵى چيايەكەڕا بەرەو بنارى شاخەكە دەهات! لاچين وەك ئەوەى بينيم؛ جووتيارێكى ڕووتەڵە بوو! لە بەرانبەرى داگيركەر و زۆردار ڕاپەڕى بوو، بەرگرى لە مافى گەلەكەى خۆى كرد بوو.

پيرەمێردەكەش چاوى لە كێوى مۆنگوز بڕيبوو! لە بەر تريفەى مانگەشەو ڕيشەكەى سپى دەچووەوە و چاوەكانيشى دەترووسكانەوە. منيش هەموو جەستەم بۆى تژى خۆشەويستى بوو. سەيريم كرد … ئاخر بۆيێ خۆشمويست چونكە پارێزەرى ڕاستەقينەى ديرۆكى گەلەكەم بوو.

 [‌أ]  پەندێكى كوردييە.

[‌ب]  دەستەواژەيێكى باوى كوردەوارييە.

[‌ج]  هبوودى = بەرتيل٠

[‌د]  تازيانە = قامچی٠

[‌ه]  قسەيێكى نەستەقى كوردييە.

[‌و]  پەندێكى كوردييە.