
سیداد لەتیف مەولوود
قوناغی پێنجەم
بەشی یاسا
زانکۆی نیودەولەتیی تیشك – هەولێر
کوردستان هەرێمێکی فیدڕالییە و لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێڕاقدایە، لە بەهاری (١٩٩١)ەوە مافی خۆبەڕێوەبەری وەرگرتووە و لە دەستووری هەمیشەیی عێڕاقی ساڵی ٢٠٠٥دا، دان بەم هەرێمەدا نراوە. سەرەڕای هەبوونی دەسەڵاتێکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان و لەخۆگرتنی هەر سێ دەسەڵاتی یاسادانان و دادوەری و جێبەجێکردن، بەڵام هەرێمی کوردستان تا ئێستا خاوەنی دەستوورێکی تایبەت بە خۆی نیە، دەستوور ڕاگری هەر دەوڵەتێک یان کیانێکی سیاسییە، ئەو بەڵگەنامەیەیە کە سیمای سیستەمی سیاسی دیاریدەکات و سنوورێک بۆ دەسەڵاتەکان دادەنێ و لە یەکتریان جیا دەکاتەوە. نووسینەوەی دەستوور هەنگاوێکی مەزنە بۆ زامنکردنی سەقامگیری سیاسی و شەرعییەتدان بە یاساکان و دیاریکردنی دەسەڵاتەکان و ڕێکخستن و پاراستنی ماف و ئازادییەکان.
گرنگترین سوودەکانی نووسینەوەی دەستوور بۆ هەرێمی کوردستان:
یەکەم: رێکخستنی دەسەڵاتەکان و جیاکردنەوەیان:
دیارترین ئەرکەکانی دەستوور، دیاریکردنی سێ دەسەڵاتی سەرەکییە (یاسادانان، دادوەری، جێبەجێکردن)ـە، و هەروەها جیاکردنەوە لە نێوانیان و دیاریکردنی تایبەتمەندییەکانیان و سنووری کارکردنیان، دەستوور بە سەرچاوەی باڵای یاساکان دادەنرێ و هیچ یاسایەک لە دژی دەقەکانی نابێ دەربچێ.
دووەم: دیاری کردنی مافەکان و پاراستنی ئازادییەکان:
دەستوور زامنی سەرەکی ماف و ئازادییەکانە و ئامانجی سەرەکیشی بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی یەکگرتوو و سەقامگیرە، كە ئەوەش مافە مەدەنی و سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان لەخۆ دەگرێت. بە هەمان شێوە ئازادییەکانیش لە چواچێوەی خۆی كۆدەکاتەوە و دەیانپارێزێ و ڕێگری لە دەستدرێژی کردنە سەریان دەکات.
سێیەم: سەپاندنی شەرعییەتی یاسایی و سەروەری دەستوور:
دەستوور بە سەرچاوەی سەرەکی شەرعییەتی یاساکان دادەنرێ، بە شێوەیەک کە سیستەمی یاسایی هەرێم لە رێیەوە شەرعییەتێکی سەربەخۆ وەردەگرێ، لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێڕاقی فیدراڵدا، دەستوور یارمەتیدەری بەهێزکردنی رەوشی هەرێم بەرامبەر دادگا و دامەزراوە عێراقی و نێودەوڵەتییەکان بەهێز دەکات، ئەوەش کاریگەری ئەرێنی هەیە لەسەر پێگەی هەرێم.
چوارەم: پتەوکردنی یەکڕیزی و سەقامگیری کۆمەڵایەتی:
لە کۆمەڵگەیەکی فرە ئایین و نەتەوەی وەک کۆمەڵگای کوردستانی، دەستوور دەتوانێ رۆڵێکی گرنگ لە گەرێنتیکردنی یەکڕیزیی دانیشتوواندا بگێڕی، ئەوەش لە ریگەی دیاریکردنی ئەرک و مافەکانی هەموویان بەبێ جیاکاری و چەسپاندنی یەکسانی نێوان پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان دێتە دی، ئەوەش وادەکات سەقامگیری کۆمەڵایەتیی زیاتر بێ و گرژییە ناوەخۆییەکان کەم ببنەوە.
باشترکردنی ژینگەی وەبەرهێنان و بەرەوپێشچوونی ئابووری
یەکێك لە باشییەکانی هەبوونی دەستوور دیاریكردنی چوارچێوەیەکی یاساییە کە بەرژەوەندییە ئابوورییەکان دەپارێزی و هانی بەرەوپێشچوونیان دەدات، هەبوونی دەستوورێکی روون و گشتگیر دەتوانێ سەقامگیری ئابووری هەرێم بپارێزێ، هەروەها دەستوور چوارچێوەی بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی سامانە سروشتییەکان دیاری دەکات، دەستوور یارمەتیدەرە بۆ پەرەپێدانی کار و وەبەرهێنان لە هەرێم لە چوارچێوەیەکی یاسایی چەسپاو و جێگیردا، ئەوەش بەرچاو ڕوونی بە وەبەرهێنەرە نێوخۆیی و بیانییەکان دەبەخشێ و هانی کارکردن بەبێ ترس لە گۆڕانکارییە یاساییە لەناکاوەکان دەدات، ئەوەش هەلی کاری زیاتر لە هەرێم دەڕەخسێنێت و لە ئەنجامدا بە سوود بەسەر باری دارایی هاونیشتیمانیان دەشکێتەوە.
ئاستەنگەکانی بەردەم نووسینەوەی دەستوور
سەرەڕای گرنگیی زۆری دەستوور، بەڵام چەند بەربەستێکی ئاڵۆز و سەختی لەپێشە، كە گرینگترینیان ناکۆکی نێوان پارتە سیاسییەکانی ناوخۆی هەرێمە لەسەر چۆنییەتی دابەشکردنی دەسەڵاتەکان و گۆڕانکاری تیایاندا، و چۆنییەتی رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، یەکێکیترە لە ئاڵنگارییەکان، و بەربەستی تر وەک فشارە نێوخۆییەکان و دەرەکییەکان، و هاودژی بەرژەوەندییەکان لە هەمبەر دانانی دەستوور بۆ هەرێم، بۆ چارەسەری ئەوانەش وا پێویست دەکات یەکڕیزییەکی نیشتیمانی یەکگرتوو و ویستێکی سیاسی بەهێز هەبێ بۆ دەستپێکردنی داڕشتنەوەی دەستوور، بە شێوەیەک بێ كە بەرژەوەندییە گشتییەکانی هەمووان لەخۆیدا بەرجەستە بکات.
دەرئەنجام:
نوسینەوەی دەستوور بۆ هەرێمی کوردستان هەنگاوێکی میحوەرییە بۆ بونیادنانی کیانێکی دامەزراوەیی بەهێز و سەقامگیر، کە لەسەر بنەمای یاسایی و پاراستنی مافی هاوڵاتییان وەستاوە، دەستوورێکی روونی نیشتیمانی بنچینەیەکی بەهێزی یاسایی و سەقامگیری سیاسی فەراهەم دەکات، کە ئەوەش لە بەرەو پێشچوونی کۆمەڵایەتی و ئابووری ڕەنگ دەداتەوە، و مافی بەشداری کارا بۆ هەموو پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان لە حوکمڕانیدا زامن دەکات.

