
د.خالد سەیدجەلال زرارى
وانه‌بێژ له‌كۆلێژى یاساى زانكۆى نێوده‌وڵه‌تىی تیشك
بەشی یاسا
زانكۆى سه‌ڵاحه‌ددین
شرۆڤه وهه‌ڵسه‌نگاندن
یاساى باری كه‌سی عێراقی له 19 دێسەمبەرى ساڵى 1959 له عێراق به‌ركاره و به‌یاساى ژماره 188 ناوزه‌د ده‌كرێت، ئه‌م یاسایه هه‌نگاوێكى تازه‌و گرنگ بوو بۆ گۆڕانكارى له‌مافی ئافره‌تان ویه‌كسانى ودادپه‌روه‌ری له‌بابه‌ته‌كانى میرات و هاوسه‌رگیرى وته‌ڵاق ودایهنی…هتد ئه‌مه‌ش به‌رمه‌بناى مه‌زهه‌بى پیشه‌وا ئه‌بو حه‌نیفه له زۆینه‌ى یاساكه وهه‌ندێ جاریش مه‌زهه‌بى جه‌عفه‌رى شیعى نوسراوه‌ته‌وه.
له‌دواى ساڵى 1959 یاساكه كۆمه‌ڵیك هه‌موارى به‌خۆیه‌وه بینى بۆنمونه: فراوانكردنى ئه‌و مه‌رجانه‌ى كه ئافره‌ت بۆى هه‌یه داواى ته‌ڵاق بكات، و هه‌روەها ڕێگریكردن لهبهشوودانى زۆره ملێ و ڕه‌زامه‌ندی دادوه‌ر بۆ هاوسه‌رگیرى دووه‌م.
یاساكه یه‌كێكه له‌یاسا ناوازه‌كان لهناوهچهكهدا له‌بوارى بارى كه‌سی، هه‌ر بۆیه له‌دواى ڕووخانى ڕ‌ژێمى سه‌ددام له‌ساڵی 2003وه هه‌وڵی زۆر دراوه له‌لایه‌ن كوتله شیعییه‌كانه‌وه بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ى یاساكه.
دواى تێپه‌ڕبوونى دهیهیەك به‌سه‌ر ڕاگه‌یاندنى یه‌كه‌م پڕۆژه‌ى هه‌موارى یاساى بارى كه‌سی عێراقی، شیعه‌كانى چوارچێوه‌ى هه‌ماهه‌نگی ده‌یانه‌وێت دووباره ئه‌م پڕۆژه یاسایه به‌گه‌ڕ بخه‌نه‌وه ودواى خوێندنه‌وه‌ى له‌په‌ڕله‌مان بهزۆینه تییپهڕێنن- ئه‌مه لەكاتێكدا پڕۆژه‌كه له‌لایه‌ن كوتله سوننى وكوردییهكانەوە ڕه‌تكرایه‌وه- هه‌ربۆیه ئه‌مجاره‌یان كوتله شیعییه‌كان بهكارتێكى به‌هێزتر پڕۆژه‌كه‌یان پێشكه‌شى په‌ڕله‌مانى عێراق كردووه، ئه‌ویش بە پشتگیریكردنی پڕۆژه یاساى سوننه‌كان (پڕۆژه یاساى لێبوردنى گشتى)، له‌به‌رامبه‌ردا كوتله‌ی سوننه‌كان پشتگیرى هه‌موارى پڕۆژه یاساى بارى كه‌سی بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان شیعه‌كان له‌برى گۆڕینى یاساى بارى كه‌سی به‌ركار پێشنیارى سه‌رپشك بوونیان بۆ هاوڵاتییانى عێراق كردووه له‌پرۆژه هه‌مواركراوه‌كه‌دا، واتا: هاوڵاتیی عێراقی بۆى هه‌بێت یاسا شارستانییه بهركارهكهى ئیستا (یاساى بارى كه‌سى عێراقى ساڵى 1959 به‌ركار) یا په‌ڕاوى حوكمه شهرعییهكانى بارى كه‌سى (پڕۆژه هه‌موارى یاساى بارى كه‌سى) هه‌ڵبژێرێت.
ناوه‌ڕۆكى پڕۆژه هه‌موارى یاساكه:
پڕۆژه هه‌موارى یاساكه كه له‌لایه‌نى نه‌یاره‌كانییه‌وه به‌یاساى جه‌عفه‌رى ناوزه‌د ده‌كرێت له‌سێ مادده پێك هاتووه، به‌پوختى تیشك ده‌خه‌ینه سه‌ر مادده‌كان:
مادده‌ى یه‌كه‌م: ده‌قی مادده‌ى 2 یاساى بارى كه‌سى هه‌موارده‌كرێته‌وه له‌گه‌ڵ زیادكرنی بڕگه‌ى سێیه‌م به‌م شێوه‌یەی خواره‌وه:-
أ- هاوڵاتى عێراقى به‌نێر و مێ بۆیان هه‌یه له‌كاتى ئه‌نجامدانى گرێبه‌ستى هاوسه‌رگیرى مه‌زهه‌بى شیعى یان سوننى هه‌ڵبژێرن بۆ ئه‌وه‌ى هه‌موو حوكمه‌كانى یاساى بارى كه‌سى به‌سه‌ر جێبه‌جێ بكرێت، ئه‌وه‌شى كه پێشتر هیچ مه‌زهه‌بێكى هه‌ڵنه‌بژاردووه، بۆى هه‌یه داواكارییه‌ك پێشكه‌شى دادگاى تایبه‌تمه‌ند بكات بۆ دیارىكردنى ئه‌و مهزههبهى كه ده‌یه‌وێت.
ب- پێویسته دادگاى تایبه‌تمه‌ند بۆ ئه‌م كه‌سانه‌ى باسكرا له‌گشت بابه‌ته‌كانى بارى كه‌سى (په‌ڕاوى حوكمه شه‌رعییه‌كان له‌بابه‌ته‌كانى یاساى بارى كه‌سى) جێبه‌جێ بكات.
ت- پیویسته لێژنه‌ى زانستى له‌دیوانى وه‌قفى شیعى له‌گه‌ڵ لێژنه‌ى زانستى له‌دیوانى وه‌قفى سوننى به‌هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ مهجلسى ده‌وڵه‌ت دەست به‌نووسینه‌وه‌ى (په‌ڕاوى حوكمه شه‌رعییه‌كان له‌بابه‌ته‌كانى یاساى بارى كه‌سى) بگەن و دواى ده‌رچونى ئه‌م یاسایه له‌ماوه‌ى شه‌ش مانگدا پێشكه‌شى په‌ڕله‌مانى بكه‌ن.
پ- ئه‌م په‌ڕاوه له دوو به‌شى سه‌ره‌كى پێكدێت: به‌شى یه‌كه‌م: باسى بارى كه‌سى ده‌كات به‌گوێره‌ى تێگه‌یشتنى مه‌زهه‌بى شیعى جه‌عفه‌رى، و به‌شى دووه‌م: باسی بارى كه‌سى ده‌كات به‌گوێره‌ى تێگه‌یشتنى مه‌زهه‌بى سوننى.
ج- دادگاكان دواى ده‌رچوونى ئه‌م یاسایه تاوه‌كو (په‌ڕاوه‌كه) ئاماده ده‌بێت، یان له‌هه‌ر بابه‌تیكى تردا كه لهپهڕاوهكهدا باس نه‌كرابێ، ده‌بێت بگه‌ڕێنه‌وه بۆ بۆچوونى لێژنه‌ى زانستى له دیوانى وه‌قفى شیعی وسوننی دا.
مادده‌ى دووه‌م: بڕگه‌ى 5 له‌مادده‌ى 10ى یاساى بارى كه‌سى به‌ركار لاده‌برێت، ئه‌م ده‌قه‌ى خواره‌وه جێگه‌ى ده‌گرێته‌وه:
دادگاى بارى كه‌سى ته‌سدیقى هه‌موو هاوسه‌رگیریه‌ك ده‌كات كه كه‌سانى بالغ و موسڵمان ئه‌نجامى ده‌ده‌ن، له‌لایه‌ن كه‌سانێ كه ڕیگهپێدانى شه‌رعى ویاساییان هه‌یه له دادگا یان رێگه‌پێدانیان هه‌یه له‌هه‌ردوو وه‌قفى شیعى وسوننى، ئه‌مه‌ش دواى دڵنیابوون له هه‌بوونى ڕوكنه‌كانى گرێبه‌سته‌كه و مه‌رجه‌كانى و نه‌بوونى به‌ربه‌سته‌كانى.
مادده‌ى سێیه‌م:
یه‌كه‌م: ئه‌م یاسایه جێ به‌جێ ده‌كرێت له‌به‌روارى بڵاوبوونه‌وه‌ى له‌ڕۆژنامه‌ى فه‌رمى.
دووه‌م: كار به‌هیچ ده‌قێك ناكرێت پێچه‌وانه‌ى ئه‌م یاسایه بێت.
شرۆڤه:
كوتله شیعییه‌كان له‌چوارچێوه‌ى هه‌ماهه‌نگى ده‌ڵێن: ئه‌م هه‌مواره له‌گه‌ڵ ده‌ستورى فیدڕالى یه‌ك ده‌گرێته‌وه ونابێته به‌دیلى یاساى به‌ركار، به‌ڵكو چاره‌سه‌رى زۆرێك له كێشه خێزانییه‌كان ده‌كات، ئه‌وان بۆچوونیان وایه ئه‌م هه‌مواره پاڵپشته به‌ده‌قى مادده‌ى 41ى ده‌ستورى عێراقی كه‌تیایدا هاتووه: “عێراقییه‌كان ئازادن له‌پابه‌ندبوون به‌بارى كه‌سێتیان به‌پێى ئاین وئاینزاو بیروباوه‌ڕ و هه‌ڵبژاردنى خۆیان.”
له‌به‌رامبه‌ردا هه‌ندێ لایه‌نى ناڕازی له رێكخراوه‌كانى ژنان و مافه‌كانى مرۆڤ و رێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵگاى مه‌ده‌نى ترسیان لهههموارهكه هه‌یه، ئه‌وان پێیان وایه ئه‌م بابه‌ته ڕه‌هه‌ندى تر‌ى هه‌یه، پاساویان بۆ ڕه‌تكردنه‌وه‌ى هه‌مواره‌كه بریتییه له زیانى یهكپارچەییى وڵات له‌ڕووى كۆمەڵایه‌تییه‌وه، هه‌روه‌ك سه‌رده‌كێشێت بۆ دابه‌شبوونى تایفى و زه‌قكردنه‌وه‌ى زیاترى ململانێى شیعه و سوننه.
به بۆچوونى ئێمه گه‌وره‌ترین كێشه‌ى ئه‌م پڕۆژه هه‌مواره بریتییه له‌م (په‌ڕاوه- مدونه)ى له‌یاساكه‌دا ئاماژه‌ى پێكراوه، خۆى له بنەڕەتدا ئه‌مه پێشنیارێكه هێشتا ئاماده نه‌كراوه و یاساى بۆ ده‌رده‌كرێت(بیدعه‌ى یاساى بهتهقیست)!. له‌هه‌مانكاتدا ئه‌م هه‌مواره، بۆچوونه فیقهى وئیجتهادییهكان ده‌كاته حاكم به‌سه‌ر دادگادا، بێگومان ئه‌مه‌ش له‌داهاتوودا كاریگه‌ریى خراپی له‌سه‌ر خێزانى عێراقى ده‌بێت، چونكە بابهتانێكى وه‌كو به‌شوودانى كچ ڕیگه‌پێدراو ده‌بێت به‌گوێره‌ى ته‌مه‌ن پاڵپشت به بۆچونى فیقهى جه‌عفه‌رى له‌لاى شیعه‌كان.
هه‌روه‌ها یه‌كێكى تر له‌ترسناكى پڕۆژه هه‌مواره‌كه بریتییه له‌ئه‌نجامدانى كۆمه‌ڵێك گرێبه‌ستى هاوسه‌رگیرى له‌ده‌ره‌وه‌ى دادگا له‌لایه‌ن پیاوانى ئاینی، ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ى یاساى بارى كه‌سى به‌ركاره، هه‌روه‌ك له‌داهاتوو ده‌بێته هۆكارى زیادبوونى توندوتیژى جه‌سته‌یی وسێكسى و فه‌وتانى مافى ژنان و بێبه‌ش بوونیان له‌مافى خوێندن و زیانى ده‌روونى.
شایانی باسه، یاساى بارى كه‌سى به‌ركار ته‌مه‌نى 18 ساڵى دیاریكردووه بۆ هاوسه‌رگیرى یاخود 15 ساڵ له‌كاتێكدا دادوه‌ر رێگاى پێبدات به‌گوێره‌ى بلوغى شه‌رعى و شیاوى جەستەیی، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌م هه‌مواره وه‌ك خۆى تێپه‌ڕێنرێت هه‌ندێ پیاوانى ئاینی ده‌توانن ماره‌یی ئه‌نجام بده‌ن بۆ كچانێك كه ته‌مه‌نیان له 9 ساڵ تێپه‌ڕی نه‌كردووه، ئه‌مه‌ش به‌گوێره‌ى توێژه‌رانى مافى مرۆڤ به‌خشینى دهسەڵاتى زیاتره به ده‌زگا ئاینییه‌كان له‌بابه‌ته‌كانى په‌یوه‌ند به هاوسه‌رگیرى و میرات و دایه‌نى، و هۆكارێكه بۆ له‌باربردنى مافى ئافره‌ت له‌كۆمه‌ڵگایه‌كدا كه ئافره‌ت تیایدا نزمتر له‌پیاو سهیردهكریت.

