بۆن Perfume، (ئەو هونەرەی یادەوەری دەکات بە قسە)

Author Photo

پ.د. فایەق حسین

ڕاگری فاکەڵتی زانستە کردارییەکان

زاانكۆی نێودەوڵەتیی تیشك – هەولێر

 

بۆن تێکەڵەیەکە لە ماددە بۆن خۆشە گرنگەکان کە مرۆڤ لە ژیانی ڕۆژانەیدا بەکاری دەهێنێت و دەپرژرێت بەسەر لەش و جل و بەرگدا بۆ بۆنخۆش کردنیان. دەستەواژەی (Perfume) لە وشەی (Perfumn یان Profumn) ی لاتینیەوە وەرگیراوە بە واتای (لە ڕێگەی دوکەڵەوە) و بە عەرەبی (خلال الدخان).

بابەتی بۆن پانتاییەکی فراوان دەگرێتەوە لە پسپۆرییە جیاجیاکاندا هەر لە دەرونزانیی و کیمیا و زانستیی بۆن تا سیستەمی دەمارەکانی لەش. توێژینەوەکان سەلماندوویانە کە پێکهاتەکانی بۆن کاریگەریی لەسەر لەش و بیر و هۆشی مرۆڤ هەیە.

بۆن ڕۆڵێکی بەرچاوی لە ژیانی ڕۆژانەماندا هەیە، یارمەتیدەرە بۆ باشترکردنی باری دەروونی و پتر باوەڕ بەخۆبوون، سەرەڕای ئەمانەش بۆن ئامرازێکە بۆ دەربڕینی کەسایەتیی و سەلیقەی کەسی و هەست و سۆز و ڕەفتار.

بۆن کاریگەرییەکی بەهێزی لەسەر کەسی بەرامبەر هەیە، هۆکارێکە بۆ راکێشانی سەرنجی کەسانی تر و گرنگی پێدانێکی زیاتر، جگە لەوەش، هەستکردنە بە سروشت و پاک و خاوێنی و نەرم و نیانی، هەربۆیە بە شێوازێکی بەرفراوان لە بەرهەمەکانی پاککردنەوەی مرۆڤ و ناو ماڵ بەکاردەهێنرێت.

ئەم هۆکارانە بوونەتە پاڵنەرێکی بەهێز لەسەر زانایانی بواری بۆن، تا گشت توانا زانستییەکانیان بخەنە گەڕ بۆ دروستکردن و بەرهەمهێنان و گەڕان بەدوای جۆری نوێ و کاریگەرتردا.

مێژووی بۆن

هەر لە کۆنەوە بۆن یەکێک بووە لە کاڵا گرنگ و بایەخدارەکانی مرۆڤ، پیشەسازی و بازرگانیکردن بە بۆنەوە مێژووی دێرینی هەیە و مرۆڤ هەر لە کۆنەوە هەوڵیداوە لە رێگەی بۆنەوە گرنگی بەخۆی بدات، سەرەڕای بەدەستهێنانی دارایی.

لەسەدەکانی کۆندا مرۆڤ لە ڕێگەی بۆنکردنی گوڵ و گژوگیاوە ئاشنای بۆنەکان بووە. سەرەتا لە ڕێگەی گوشینی گوڵ و دڵۆپاندنی بە ئاو یاخود سوتاندنی، لە بۆنە کۆمەڵایەتی و ئایینییەکاندا سوودیان لە بۆنەکان وەرگرتووە.

بەپێی سەرچاوەکان، مێژووی دروستبوونی بۆن دەگەڕێتەوە بۆ وڵاتی قوبرس، بەو پێیەی کە کۆنترین بۆن لەو وڵاتەدا دۆزراوەتەوە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ چوار سەد ساڵ پێش زایین.

سەرەتا بەکارهێنانی بۆن لە جیهاندا تەنها بۆ چینی خانەدانەکان و دەسەڵاتداران بوو، بەڵام پاش شۆڕشی پیشەسازی، بەکارهێنانی بۆن بەرفراوانتر بوو تا هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگای گرتەوە.

بازرگانیکردن بە بۆنەوە لە جیهاندا ساڵ بە ساڵ لە گەشەسەندندایە، بە جۆرێک لە جیهاندا بازرگانیکردنی بۆن بڕی 260 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە. بەناوبانگترین ئەو وڵاتانەی لە هەناردەکردنی بۆن بەشدارن بریتین لە فەرەنسا (29٪)، ئەڵمانیا (12٪)، ئەمریکا (10٪)، ئیسپانیا (9٪)، ئیتاڵیا (5٪) و هۆڵەندا (5٪).

هەرێمی کوردستان دەوڵەمەندە بە چەندەها گوڵی بۆن خۆش و جیاواز لەوانە گوڵی نێرگز، گوڵە باخ، بە تەنها بەکارهێنانی ئەم گوڵە چەندین بۆنی باشی لێ دروست دەکرێت.

زۆرینەی نیشانەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەگەر بێت و لە هەرێمی کوردستان ئەم پیشەسازییە پەرەی پێبدرێت، داهاتوویەکی باشی لێ چاوەڕوان دەکرێت، هەم بەهۆی لەباری کەشوهەواکەی و هەمیش بەهۆی زۆری ژمارەی بەکارهێنەرانی بۆن لە کوردستان، چونکە هەرێمی کوردستان ساڵانە بە بڕی 59 ملیۆن دۆلار بۆن هاوردە دەکات.

پێکهاتەکانی بۆن

پێکهاتەکانی بۆن بە دەیان پێکهاتە هەژمار دەکرێت کە بە شێوەیەکی هاوسەنگ تێکەڵ دەکرێن . ئەم پێکهاتانە دابەشکراون بەسەر سێ بەشدا وەک لەم هەرەمەی خوارەوەدا دیارە:

  1. بەشی سەرەوەی سێگۆشەکە:

ماددە کیمیاییەکانی بۆن لەم بەشەدا بریتین لە ترشەمەنییەکان، میوە، گیا، ئەلدیهاید، بۆنی دەریایی و ئۆزۆن. (تازەیی و زیندووی زیاد دەکەن).

  1. بەشی ناوەڕاستی سێگۆشەکە:

ئەم بەشەی سێگۆشە كە بریتییە لە پێکهاتە سەرەکییەکانی بۆن، ئەم گرووپە بە شێوەیەکی سەرەکی بۆنی گوڵەکانە وەک گوڵی یاسەمین، بەیبون، سوسنی دۆڵی، موگێت، مسکی ڕوم، گوڵی سەوسەن و هەندێک بۆنی میوەیی و بەهارات و گیای درێژخایەن.

  1. بەشی بنەوەی سێگۆشەکە:

بەشی كۆتایی لە هەرەمی بۆنەکە پێکهاتە بنەڕەتییەکانی بۆنەکەیە، ئەم پێکهاتانە بریتین لە شیرینی، میسک، دار سەندەل، پاچۆلی، کڕۆکی برنج ، ڤێتیڤەری هندی و عەنبەر، ئەم پێکهاتانە تەمەنی درێژ بە بۆنەکە دەبەخشن.

لەگەڵ بەرەوپێشچوونی پیشەسازی بۆن، کیمیاگەرەکان ژمارەیەکی بەرچاوی ماددەی بۆنخۆش لە تاقیگەکانیاندا بە نرخێکی گونجاو بەرهەم هێناوە، لەم خشتەیەی خوارەوەدا چەند نموونەیەکی ماددەی کیمیایی و بەکارهێنانیان لە بۆنی دیاریکراو ئاماژەپێکراوە:

ز ماددەی کیمیایی بەکاردێت لە بۆنی
1 ئەثیل ڤانیلین (Ethyl vanillin) Shalimar
2 گاما ئەندیکا لاکتۆن (Gamma-undecalactone) Mitsuoko
3 مەثیل دایهایدرۆیاسەمین (Methyl dihydrojasmonate) Chanel No Eu و Sauvage 19
4 ئەثیل مالتۆل (Ethyl maltol) Angel
5 کارناڵ (Karnal) Gucci Pour Homme

پۆلێنکردنی بۆن

  1. بەپێی چڕی
زەیتی بۆن جۆرەکەی
25 ٪ Parfum
15 – 18 ٪ Eau de parfum
10 ٪ Eau de toilette
ڕێژەی کەمتر (سپرای جەستە) Eau de cologne
  1. بەپێی بۆن

 

 

گوڵاوی             بۆنی گوڵ

میوەیی              میوە و مزرەمەنیەکان

سەوزەیی                        گژوگیا و گەڵای دار

گیایی                گیاکان

تەختەیی                        بۆنە جۆرەها تەختە

کاهرەمانی                      بۆن راتینجی دار

ئاژەڵی                بۆنی لەش

مسکی               مسکی مامز

ڕۆژهەڵاتی                     کرمان و جۆرەكانی بەهارات

 

بۆن و ژیری دەستکرد

سەرهەڵدانی زیرەکی دەستکرد (artificial intelligence) شۆڕشێکی گۆڕانکارییە لە جیهانی بۆنسازیدا و مژدەدەری سەردەمێکی نوێی تایبەتمەندبوون و داهێنانە. زیرەکی دەستکرد و تەکنەلۆژیای فێربوونی ئۆتۆماتیکی سەرکەوتنێکی بەرچاویان بەدەستهێناوە لە دروستکردنی بۆنەکان و فۆرمولەکردنیان بە شیکردنەوەی ڕێساکانی پێکهاتەکانی بۆن و ئارەزووەکانی کڕیار.

زیرەکی دەستکرد ئەو زانیاریانە وەردەگرێت و نەخشەکان دەستنیشان دەکات بۆ دروستکردنی بۆنێکی ناوازە و سوودی تەندروستی تایبەتیان هەبێت بۆ ئارامکردنەوەی باری دەروونی.

لە ڕێگای ئەم تەکنەلۆژیا نوێیەوە مرۆڤ دەتوانێت لە نێوان ژمارەیەکی زۆر لە بۆنەکان، ئەو بۆنە هەلبژێرێت کە پێی خۆشە، بۆ نموونە ئایا کەسێک بۆنی گوڵ، بۆنی دار یان بۆنی لیمۆی پێ خۆشترە؟ پاش دیاریکردنی جۆری پەسەندکراو، دەتوانێت بەدوای ئەو بۆنانەدا بگەڕێت کە ئەم بۆنانەیان تێدایە.

زیانەکانی بۆن

بۆن یەکێکە لە کەرەستە بنەڕەتییەکانی جوانکاری و خۆڕازاندنەوە، بەڵام دەگونجێت ئەو کەرەستانە زیانیان هەبێت بە تایبەتی شێوازی بەکارهێنانی و بۆنە ساختەکان. باشترە بۆن لە جل و بەرگ بدرێت نەک لە جەستە. نابێت بۆن لە شوێنی بریندار و وشک بدرێت، هەروەها پێویستە بۆن نەدەیت لەو شوێنانەی کە خۆریان بەردەکەوێت، چونکە ماددە کیمیاییەکانی ناو بۆن دەتوانن زیانی پێبگەیەنن و ڕەنگی پێست بگۆڕن. زیانێکی تری بۆن بۆ هەناسەدانە، چونکە دەبێتە هۆی تەنگە نەفەس بوون، بە تایبەتی بۆ ئەو کەسانەی کێشەی هەناسەدانیان هەیە.

پەندێکی فەرەنسی هەیە دەڵێت (مانەوەی بۆن ژیان جوانتر دەکات، بەڵام تەمەن کورتتر).

بەشێک لەو بۆنانەی لە کوردستان دەفرۆشرێن، ماددەی (فثالەیت Phthalate)ی قەدەغە کراویان تێدایە، سەرەڕای ئەوەی مەترسیدارە، بەڵام بەداخەوە بە دەبە و بەرمیل دەست دەکەوێت.

 

سەرچاوەکان:

  1. Rhind, J.P., Fragrance and wellbeing: Plant aromatics and their influence on the psyche. 2013: Singing Dragon.
  2. Oka, M., The Namban Trade: Merchants and Missionaries in 16th and 17th Century Japan, in The Namban Trade. 2021, Brill.
  3. Freedman, P., Out of the East: spices and the medieval imagination. 2008: Yale University Press.
  4. SIMCO, E.L.J.H., The History of Perfumery. 11(1): p. 1.
  5. Sell, C.S., Fundamentals of fragrance chemistry. 2019: John Wiley & Sons.
  6. Narula, A.P., Fragrance and attraction, in Sex, smoke, and spirits: The role of chemistry. 2019, ACS Publications. p. 1-16.