ئافرەت، كانیاوێك لە سۆز و میهرەبانی و رەنجكێشان

 

نەدوە نەجمەدین محەمەد

قۆناغی یەكەم – بەشی یاسا

بەگشتی ئافرەت بوونەوەرێكی ناسك و كەسایەتییەكی نەرم و نیان و میهرەبانە، ئافرەت بەشێكی گرنگ و پێویستی كۆمەڵگەی مرۆڤایەتییە، ئافرەت دایكه، خوشكه، هاوسەره، كچە، هاوكارە… دەستپێكى ژیان لە ئافرەتەوەیە، زۆربەی بوارە گرنگەكانی ژیان ئافرەت تیایدا كارایە، گەر ئافرەت نەبوایە ژیان نەدەبوو

ئافرەت نیشتمانێكە له جوانى، وڵاتێكە لە میهرەبانی، مەڵبەندێكی ئیلهامە بۆ شیعر، كانیاوێكە لە سۆزی مرۆیی، رووبارێكە لە خوشەویستى

ئافرەت وەك گوڵێكی جوانی نێو باخچەیەك وایە، گەر زیاد لە ڕادە ئاوی بدەیت دەڕزێ، گەر خزمەتیشی نەكەیت و كەم ئاوی بدەی، دیسان وشك دەبێ و دەژاكێت، بۆیە یەكێك لە بیرمەندان دەڵێ: ”ئازاری ئافرەت مەدە، گەر ویستیشت ئەوە بكەیت، گوڵێكی تێبگرە

ئافرەت مرۆڤە وەك پیاو، توانا زەینی و هزرییەكانی گەر زیاتر نەبێت لە هی پیاو كەمتر نیە، جاران دەیانگوت فڵانە ئیش یان بوار لەڕووی جەستەییەوە بۆ ئافرەت گونجاو نیە، یاخود ئافرەت هێزی بەسەر ئەو كارەدا ناشكێت، بەڵام لەم سەردەمەدا تواناكانی ئافرەت ئەو قسە كۆن و كلاسیكییانەیان تێپەڕاندووە، ئافرەت خاوەن هێزە، خاوەن بیرۆكەیە، خاوەن توانای هزری و جەستەیی گەورەیە، بەڵام لە كۆمەڵگەكانی وەكو كۆمەڵگەی ئێمەدا، ئەو هێز و توانایە بەس نیە، بەڵكو پێویستی بە پشتیوانییە، پێویستیی بە دەرفەت پێدان و زەمینە رەخساندنە تا بتوانێت ئەو هێزە هزری و جەستەییە بخاتە گەڕ، كۆمەڵگە و نەریت و كولتوور و ئایین، رۆڵی كارایان هەیە لەوەی ئافرەتەكانیان كارا و بەرهەمدار بن

 

ئازادیی كاركردن و ئازادیی بیركردنەوە و ئازادیی رادەربڕین، لەم كۆمەڵگانەی ئێمەدا ئەگەر بۆ پیاو یەك جار پێویست بن، بۆ ئافرەت دەیان جار زیاتر پێویستن، ئاخر نابێ كۆمەڵگەیەك لە راست خۆیەوە بڕیار بدات كە هەموو بوارەكانی ژیان لە عەقڵ و هێز و هزری نیوەی كۆمەڵگەكەی بێبەش بكات، ئەی ئەوە نیە دەگوترێ: ”ئافرەت نیوەی كۆمەڵە“، كە تۆ دەستبەرداری ئەو نیوەیە بوویت، واتە كۆمەڵگەكەت نیمچە ئیفلیجە، كوردیش دەڵی: ”چەپڵە بە یەك دەست لێ نادرێ“ ئافرەت و پیاو تەواوكەری یەكترین و كاروانی ژیان بەبێ یەكێك لەم دوو مەخلووقە، بە دروستی بەڕێ ناچێت

ئافرەت و پیاو، دەبێ رێز لە تواناكانی یەكتر و مافەكانی یەكتر بگرن، مافی هەر یەكێك لەم دوو ئینسانە پێشیل بكرێت، واتە مافی نیوەی كۆمەڵ پێشیل كراوە، نیوەی كۆمەڵ هیچ رۆڵێكی نابێت لە پێشكەوتنی كۆمەڵگەكە و وڵاتەكەیدا

گەر تەماشای ژیانی ئافرەتی كورد بكەین، دەبینین وێڕای هەموو ئەو لەمپەر و ئاستەنگانەی بۆی دروست كراون، وێڕای ئەوەی ژیانی سەخت بووە، بەڵام هێشتا بە پێداگریی خۆی توانیویەتی جێدەست و نەخشی خۆی لەسەر ژیانی كۆمەڵگەی كوردەواری جێ بهێڵێت، جا ئیتر ئاستەنگەكان چەندە گەورە بووبن

ئێستا دەبینین، ئافرەتی كورد لە هەموو بوارەكانی ژیاندا كاران، ئافرەت دایكە، هاوسەرە، قوتابیە، كارمەندە، فەرمانبەرە، پارێزەرە، مامۆستایە، پزیشكە، دادوەرە، كرێكارە، ئەندازیارە، پۆلیسە، پێشمەرگەیە، پەرلەمانتارە، وەزیرە، بەرپرسی باڵای حزبیە، كادیرە، ئەفسەرە، بزنسكارە، وەرزشوانە، هونەرمەندە، نووسەرە، میدیاكارە… و هتد

سەیری مێژووی ئافرەتی كورد بكە، چەندین كەسایەتیی گرنگیان تێدا هەڵكەوتووە، ئەم ئافرەتانە هەر یەكەیان لە بوارێكدا توانیویانە ئەسپی خۆیان تاو بدەن و ژیانی كۆمەڵگە پێش بخەن، بۆ نموونە (مەستوورەی ئەردەڵانی، قەدەمخێر، خانزادی میری سۆران، حەپسەخانی نەقیب، عادیلە خانم، لەیلا قاسم، لەیلا زانا، شەونم بەرزنجی، شوكریە رەسول، كوردستان موكریانی، دایكی سۆلاڤ، عایشە شان، مەرزیە فەریقی) و زۆری تر كە لێرەدا دەرفەت نیە ناوی هەموویان بهێنم

خۆشبەختانە بەشێك لەو ئافرەتانەی ناوم هێناون تا ئێستاش لە ژیاندان و بە گوڕوتینەوە كار و چالاكییان هەیە، ئەوانەشی كە كۆچی دواییان كردووە، ناویان لە مێژووی كوردستاندا هەمیشە وەك ئەستیرەی پرشنگدار دەدرەوشێتەوە و بەرهەمەكانیان لەبەردەستن

ئافرەت هێزێكى شاراوە لە ناخیدا هەیە كه دەتوانێ لە چەندین كاردا سەركەوتوو بێت، هێزی ئافرەت لە دایكایەتییەوە دەست پێدەكات تا هەموو ئەو كارانەی دەیكات، بۆیه ئافرەت وەك ئاوی كانیاوێكی سازگارە، كە خۆت دەستی پیست خستە نێو ئەو كانیاوەوە، یان كە بەردت تێ فڕێ دا، ئێدی گلەیی لە پیسبوونی مەكە

 

 

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *