ئایا هەڵگرتنەوەی خۆراك له‌سه‌ر زه‌وی تەندروستە؟

د.تۆڵە فەرەج
سەرۆکی بەشی شیکاری نەخۆشییەکان -زانکۆی نێودەوڵەتیی تیشک – هەولێر

ڕۆژانە بە شێوەیەكی كەم یا زۆر هاوڵاتییان، باوك، دایك و منداڵان دووچاری ئەو گرفتە دەبن و هەر كەسە و بە جۆرێك لێكدانەوەی بۆ دەكات و بڕیار دەدات لە ئەگەری دووبارە هەڵگرتنەوە و خواردنی، یاخود فڕێدانی ئەو جۆرە خۆراكانە بەوەی پیسبووبن و مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییان هەبێت، بەڵام ئەوەی كە لەلایەن هاوڵاتییانەوە باوە و زۆرجار ئەنجامی دەدەن، ئەوەیە كە چەند خێراتر خۆراكی كەوتوو لەسەر زەوی لە هەر گۆشەیەكی ماڵ یاخود دەرەوە هەڵبگیرێتەوە و بە پارچەیەك كلینیكس یاخود بە دەستەسڕێك پاك بكرێتەوە، ئەوا لە ئەگەری پیسبوون بە زیندەوەری وردبین و تووشبوون بە نەخۆشییە گوازراوەكان لە ڕێی خواردنەوە كەمتر دەبێت.

زۆر جار هاوڵاتییان‌ ئەو جۆرە خواردنانەی كە دەكەونە سەر زەوی و دووبار هەڵیدەگرنەوە و دەیخۆن، بەگرینگییەوە سەیری دەكەن بەوەی هاوكار دەبێت لە چالاككردن و بەردەوامیی كاری بەرگریی لەش و توندوتۆڵی دژ بە هەر جۆرە نەخۆشییەك. یاخود زۆر جار بە مەبەستی بڕیاردان، هاوڵاتییان (یاسای پێنج چركە) پێڕەو دەكەن، كە بەو واتایە دێت ئەگەر خۆراك بۆ ماوەی پێنج چركە كەوتە سەر زەوی، ئەوكات هەڵگرتنەوە و خواردنی ئاسایی دەبێت و كێشەی تەندروستی لێ ناكەوێتەوە، بەڵام (دكتۆر كوتلێر) پسپۆڕ لە بواری زیندەوەرە وردبینەكان لە زانكۆی لەندەن (یاسای پێنج چركە) لە رووی زانستییەوە بە بێ بنەما وەسف دەكات.

دكتۆر كوتلێر بڕیاری ئەنجامدانی توێژینەوەیەكی زانستی دەدات تا وەڵامێكی یەكلاكەرەوە بخاتە بەردەستی هاوڵاتییان، و ڕاست و دروستی ئەگەر و بیرۆكە و بیردۆزەكانی لەبارەی تەندروستیبوون یاخود ناتەندروستیی خواردەمەنیی هەڵگیراو لەسەر زەوی بخاتە روو.

لە توێژینەوەیەكی گرنگ لە ڕێی بەكارهێنانی چەند نموونەیەكی خۆراك كە پێك هاتبوون لە پیزایەك و پارچە سێوێك و سەموونێكی بە پەنیركراو، بۆ چەند چركەیەكی جیاواز و شوێنی جیاواز لەسەر زەوی داندران و هەڵگیرانەوە، بە جۆرێك كە ئەو شوێنانە بە شێوەیەكی دەستكرد بە ڕێژەی جۆراوجۆر بە بەكتریای E. coli رووپۆش كرابوون بە مەبەستی پێشاندانی ناوچەی نموونەیی پیسكراو بە زیندەوەرە وردبینەكان. گرنگترین ئامانج لەم تاقیكردنەوەیە ئەوە بوو كە ئاخۆ خواردەمەنییەكان چەند كاتیان پێویستە تا ببن بە هەڵگری بەكتریای زیانبەخش بۆ تەندروستیی مرۆڤ لەو كاتەی كە دەكەونە سەر زەوی و هەڵدەگیرێنەوە بە مەبەستی خواردنیان.

زۆرینەی خەڵكی لەو باوەڕەدان كە پیسبوونی خۆراك بە ڕادەیەكی كەم هێندە زیانبەخش و ترسناك نابێت بۆ داهاتووی تەندروستیی مرۆڤ، بەڵام بەپێی ئامارەكانی دەزگا تەندروستییەكانی بەریتانیا كە ئاماژە بەو داتا ترسناكانە دەكەن، كە ساڵانە هاوڵاتییانی بەریتانیا تووشی نەخۆشیی و تەنانەت مردن دەبنەوە بەهۆی خواردن. بە پێی ئامارێكی دەزگای نیشتمانی تەندروستیی بەریتانی هاتووە، ساڵانە یەك ملیۆن كەس بەهۆی پیسبوونی خۆراك بە‌ زیندەوەرە وردبینەكان نەخۆش دەكەون، و نزیكەی ۲۰ هەزار كەس پێویستییان بە چوون بۆ نەخۆشخانە دەبێت بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پێویست و نزیكەی ٥۰۰ كەسیان گیان لە دەست دەدەن، هەموو ئەمانە لە ئەنجامی ئەو جۆرە پیسبوونەی كە لە ڕێی خواردنەوە دەبێت. هاوكات یەكێك لە ڕێگرییەكان و چارەسەرییە سەرەتایییەكانی ئەو مەترسییە گەورەیە و كەمكردنەوەی زیانی گیانی، دەكرێت لە ڕێی راگرتنی پاك و خاوێنی و شووشتنی دەست و پاقژیی لە ئامادەكردنی خۆراك و شێوازی هەڵگرتنیاندا بێت.

بە گەڕانەوە بۆ ئەنجامی تاقیكردنەوەكانی دكتۆر كوتلێر، دەركەوت كە هەموو خواردەمەنییەكان ڕێژەیەكی بەرچاو لە بەكتریای (E. coli)یان تێدایە و گەشەی كردووە بە تەنیا بەركەوتن بە زەوی بۆ ماوەی ٥ چركە و ۱۰ چركە ڕێژەیەك كاریگەریی خراپی لەسەر تەندروستیی مرۆڤ دەبێت، بەو پێیە ئەنجامەكانی ئەم تاقیكردنەوەیە ئەو راستییەمان دەخاتە بەردەست كە بەركەوتنی خۆراك بە زەوی، هۆكارە لە كەڵەكەبوونی بەكتریای زیانبەخش، بێ ئەوەی ماوە یا كاتی بەركەوتن كاریگەری هەبێت لەسەر كەمیی یاخود بەرزی رێژەی زیندەوەرە وردبینەكان.

بەو شێوەیە لە كۆتایی توێژینەوەكە پەیامی دكتۆر كوتلێر بۆ هاوڵاتییان ئەوە بوو كە “بەركەوتنی خۆراك لە نێو ماڵەكان یاخود لە دەرەوە بێت، لە شوێنە راخراوەكان یاخود لەسەر شەقام بێت، ئەنجامی تاقیكردنەوەكان وامان پێ دەڵێن كە ئەو خواردنانە دەبێت‌ فڕێ بدرێن و دووبارە نەخرێنە نێو دەم بە مەبەستی خواردنیان، تاكە مەبەستیش خزمەتكردنە بە تەندروستیی هاونیشتمانیان و دووركەوتنەوەیان‌ لە سەرهەڵدانی نەخۆشییە گوازراوەكان لە ڕێی خۆراكەوە”.

 

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *