خەوزڕان و میلاتۆنین

د. عومەر نەجمەدین
بەشی دەرمانسازی-زانكۆی نێودەوڵەتیی تیشك – هەولێر

یەکێک لەو دەرمانانەی کە زۆرترین بەکارهێنانی هەیە لە كاتی خەوزڕان و خەولێنەکەوتن لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا، بریتییە لە (میلاتۆنین) ئینجا چ لەشێوەی حەب یاخود جەلاتین بێت.  

(میلاتۆنین) هۆڕمۆنە!  

میلاتۆنین بە شێوەیەکی سروشتی لە مێشک بەرهەم دێت، وەک وەڵامدانەوە بۆ تاریکی، و بەرپرسیشە لە رێکخستنی خەو.

میلاتۆنین بە شێوەیەکی سروشتی و زیاتر لە کاتژمێر ٨ بۆ ١٠ شەو دەردەدرێت کەوا دەکات كەسان هەست بە حاڵەتی خەو بکەن.

رێژەی میلاتۆنین لەگەڵ بەرزبوونەوەی تەمەن کەم دەکات، بۆیە لە ناو بەساڵاچووەکاندا خەوزڕان زیاترە و کاتێک تەمەن هەڵدەکشێت، دەكرێت میلاتۆنین وەربگیرێت، ئەویش بە ڕێژە و  لەکاتی گونجاو کە ڕێژەکەی لە (١ تا ٥ ملگ) لە رۆژێكدا زیاتر نەبێت، و هەروەها نزیکەی نیو كاتژمێر بۆ کاتژمێرێک پێش کاتی خەوتن بخورێت، چونکە میلاتۆنین پێویستی بە نزیکەی نیو كاتژمێر بۆ کاتژمێرێکە تاوەکو لە ناو لەشدا کاربکات.

منداڵ و بەکارهێنانی میلاتۆنین 

ئێمە باسی بەساڵاچوانمان کرد نەک منداڵان، بۆیە بەکارهێنانی میلاتۆنین بۆ منداڵان یەکێکە لە گەورەترین هەڵەکان، چونکە کەم خەوی منداڵ زۆر هۆکاری تری هەیە، کە لە زۆربەی كاتەكانیشدا پێویستە سەردانی پزیشكی پسپۆڕی منداڵان بکرێت، لەوانەیە منداڵەکە ترسێکی هەبێت یاخود نەخۆشییەکی هەبێت، یانیش پێویستی بە سۆز بێت، یاخود ژینگەیەکی گونجاوی بۆ خەوتن نەبێت، هەر بۆیە لەکاتی خەوزڕانی منداڵ و دەست بردن بۆ بەکارهێنانی میلاتۆنین، تووشی زۆر نەخۆشیی دەروونی و جەستەی دەکات، وەكو نەخۆشیی خەمۆکی، یان لەرزۆکی، یان تووڕەبوون، یاخود گێل بوون.

ئاڵوودەبوون بە میلاتۆنین و زیانەکانی 

لە کاتی بەکارهێنانی میلاتۆنین بە بەردەوامی، مرۆڤ تووشی ئاڵوودەبوون دەبێت بەجۆرێك كە ناتوانێت بەبێ بەکارهێنانی میلاتۆنین بخەوێت، ئەمەش دوای ئەوەی بۆ ماوەیەکی زۆر پشت بە بەکارهێنانی (میلاتۆنین) بۆ خەوتن دەبەستێت، ئێدی دەبێتە هۆكاری ئەوەی چیتر جەستە میلاتۆنینی سروشتی بەرهەم نەهینێت و چاوەڕێی ئەو دۆزە میلاتۆنینە بکات کە وەریدەگرێت، هەر بۆیە ئالوودەبوون بە میلاتۆنین لە ئاڵوودەبوونەکانی تری وەک جگەرە و ماددە کحولییەکان کەمتر نیە و بەڵكو خراپتریشە، چونکە هەر وەک باسمان کرد بەرهەمهێنانی میلاتۆنینی سروشتی رادەگرێت.

هەر بۆیە لە کاتی خەوزڕان و خەولێنەکەوتن، نابێت بە هیچ جۆرێک دەست بۆ خەولێکەرەکان ببرێ، بەڵکو پێویستە ژینگەیەكی گونجاو بۆ خەوتن دروست بكرێت.

 

ژینگەی گونجاو بۆ خەوتن چییە؟

سەرەتا نابێت لە دوای كاتژمێر (٧)ی ئێوارەوە ژەمی قورس بخورێت، هەروەها پێویستە لە خواردنەوەی چا و قاوە دوور بن، و ژینگەیەکیش بۆ شوێنی خەوتن دروست بکرێت کە رووناكی تێدا نەبێت و دوور بێت لە هەموو ئامێرێکی ئەلیکترۆنی، و هەتا بكرێت شوێنێکی بێ دەنگ بێت و هەروەها کەمێک سارد بێت، و پێویستە پاڵكەوتن لەسەر لای ڕاست بێت، چونكە هەناسەدان ئاسانتر دەكات.

سەرچاوە:

  • Hardeland R, Pandi-Perumal SR, Cardinali DP. Melatonin. The international journal of biochemistry & cell biology. 2006 Mar 1;38(3):313-6.
  • Blask, D.E., 2009. Melatonin, sleep disturbance and cancer risk. Sleep medicine reviews, 13(4), pp.257-264.
  • Dawson, D. and Encel, N., 1993. Melatonin and sleep in humans. Journal of pineal research, 15(1), pp.1-12

 

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *