باخچەی قوتابخانە

محەمەد ئەمیر قادر

قۆناغی چوارەم

بەشی پزیشكی دەرمانسازی – زانكۆی نێودەوڵەتیی تیشك – هەولێر

 

رۆژێکی باراناویی نۆڤەمبەرە… نامەیەکی تەڕبوو لە گیرفانمدایە… بە زۆر خۆم کۆکردۆتەوە… ئاگرێک لەلای چەپی جەستەمەوە داگیرساوە… لە باخچەی قوتابخانەكەدا، بە جەسارەتێکی شێتانەوە، چاوەڕێی تۆ دەکرد.

ئەو دەنگەی کە ھەرگیز بیرم ناچێتەوە لە دوورەوە تا دێت نزیک دەبێتەوە، لەسەر قادرمەکان دەنگە دەنگ و پەشۆکاوییەک ھەیە، بە دەنگی تیژی وریاکەرەوەکەیەوە ئامبوڵانسێک دێتە باخچەی قوتابخانەوە، ترسێکی سەیر دڵی داگرتم، ئا لەوکاتەدا تۆ دەبینم… بە رەنگێکی پەڕیو و سپی وەک فریشتەیەک، لەسەر نەقالەکە درێژبوویت… بە فرمێسکە تێکەڵ بە بارانبووەکانمەوە، بێ وەستان بە کۆڵانە چۆڵەکاندا ڕادەکەم… لە گۆڕستان لەسەر سەری دایکم نەفەسێک ھەڵدەمژم… لەلایەک نزا دەکەم، لەلایەکیش لەخۆم توڕەم، باشە مرۆڤەکان لەبەر ئەوەی من خۆشم دەوێن دەمرن؟! سەرەتا دایکم، دواتر تۆ… چیتر نابێت کەسم خۆش بوێت!

دوای ئەوەی لە گۆڕستان کەمێک دەگریم، دەچمەوە ماڵ و تا بەیانی نزا دەکەم. و ڕۆژی دواتر لە قوتابخانە ئەو ھەواڵە ئازاربەخشە دەبیستم، کەوا دڵە گچکۆکەکەت چیتر بەرگەی ژیانی نەگرتووە، لە لێدان کەوتووە و بوویت بە فریشتە!

ئێستا دوای ئەو ھەموو ساڵە، ھێشتا لە ھەمان گەڕەکم، ھاوسەرگیریم کرد و منداڵم هەیە، تەنانەت کچەکەم لەو قوتابخانەیەی خۆمان دەخوێنێت، لەو باخچەیە پیاسە دەکات، لەو شوێنەی کە دواجار تۆم لێ بینی.

ھەرجارێک کە سەردانی دایکم دەکەم، دێم سەرێک لە تۆش دەدەم.. ھەموو جار بە دوو دانە گوڵەوە دەچمە گۆڕستان، دوو گوڵی سپی، یەکێک بۆ تۆ یەکێک بۆ دایکم، بۆ ئەو دوو فریشتەیەی ژیانم. ئەو نامەیەشم لەتۆوە بۆ ماوەتەوە، ئەو نامە تەڕبووەی کە چاوەڕێم دەکرد پێتی بدەم. ھێشتا شاردوومەتەوە لای خۆم.. پێدەچێ مەراقت کردبێ چی تێدا نووسراوە…ئاوا دەستپێدەکات:

“ئەوانەت بۆ دەنووسم، چونکە جورئەتی ئەوەم نییە قسەت لەگەڵ بکەم. لەوانەیە لات بێ مانابێت، بەڵام ئیتر ئاوایە.. دوای مەرگی دایکم دەوروبەرم چۆڵ بوو، ھەر بەتەنھا گەڕاوم. منداڵێکی بێ دەنگ و تەنیا بووم، ھەر لەبەر ئەوەش زۆر شتم پێ گوتراوە، تەنانەت بە شێتیش بانگیان کردووم، بەڵام تۆ بۆ من جیاواز بوویت، پێکەنینی دایکمم لە تۆدا دەبینی، لەوانەشە لەبەر ئەوە جیاواز بووبیت! ھەر جارێک تۆم بینیبێت قوڕگم وشک بووە و ھیچم بۆ نەگوتراوە..لەبەر ئەوەشە بڕیاری نووسینی ئەم نامەیەم داوە. جا نازانم جورئەت دەکەم پێتی بدەم یان نا. ھەر بەراست، تکایەکیشم لێت ھەیە، ئەگەر بەتەنھا بیخوێنیتەوە خۆشحاڵ دەبم.. ئەگەر ھیچیشت نەبێت بەرامبەر ئەو ھەستانەی کە بۆ تۆم ھەیە، دەمەوێت رێز لە عەشقەکەم بگریت.

نازانم لەبیرتە یان نا، بەڵام رۆژێک ھەیە کە من قەت لەبیرم ناچێتەوە، ئەھا لەگەڵ قوتابخانە گەشتێکمان کرد، رۆژێکی گەرمی حوزەیران بوو، چەند رۆژێکی کەم مابوو بۆ کۆتایی خوێندن. یەکەمجارم بوو لە ھەموو ژیانم گەشتێکی درێژ بکەم، زۆر دەترسام، لەلای جامەکە دانیشتبووم، ترس نەخۆشی (پەرکەم)ەکەمی بە ئاگا ھێنابوویەوە، خەریک بوو لەھۆش خۆم بچم… ئا لەوکاتەدا تۆ نزیک بوویتەوە، جگە لەو یەک دوو دڵۆپە فرمێسکەی بە چاوتەوە بوو، ئەگەرنا بەھێز دەردەکەوتیت. دەستت خستە ناو قژم و بە گوێمدا چرپاندت: “جارێ زۆر بچووکیت بۆ مردن تکایە بژی”. كۆڵۆنیات پرژاندە سەر مل و رووخسارم. لەو کاتەی کە مامۆستاکان پەشۆکابوون، تۆ بەو دڵە بچکۆڵانەتەوە بەو دەستە وردیلانەتەوە، بووی بە شیفا بۆ من.. ئەو رۆژە عاشقت بووم، بەڵێ من عاشقی تۆم “

ئەوە دەقی نامەکە بوو. سەیرکە من ھێشتا دەژیم، ھێشتا نەمردووم!

ئەو رۆژە نەمتوانی دەستە وردیلانەكەت بگرم و ببمە شیفا بۆ تۆ… نەمتوانی پێت بڵێم “ھێشتا زۆر بچووکیت بۆ مردن” دەڵێی تۆ ھێزی بەدەر لە سرووشتت ھەبوو، دەڵێی ھەموو ھێزی خۆت لە ڕۆژی گەشتەکە بە من بەخشی و گەڕاندمتەوە بۆ ژیان و خۆت ھێزت لەبەردا نەما..

تۆ مردیت…بەڵام، من ھێشتا بەو یادگارییەی تۆوە دەژیم..

 

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *