بەختەوەریی درێژ خایەنی راستەقینە لە بەختەوەرکردنی کەسانی تردایە

 

پ.ی. د. حسێن بالیسانی

راگری كۆلێژی یاسا – زانكۆی نێودەوڵەتیی تیشك – هەولێر

هەمو ئادەمیزادێک بە درێژایی ژیانی هەول بۆ بەختەوەری دەدات، چونکە ئەگەر ژیان بەختەوەری تێدا نەبێت، دنیا ئەبێ بە دۆزەخ.

بەختەوەری دوو جۆرە، یەکەمیان بەختەوەر بوون لە رێگای مادییاتەوەیە، وەکو کەیف خۆشبوون بە داهاتێک یان بە جلوبەرگێکی نوێ، یان کڕینی ئۆتۆمبێلێکی تازە، یان کڕینی خانوویەکی خۆش…. هتد. ئەم جۆرە بەختەوەرییە کورت خایانە، و تا ماوەیەکی زۆر نامینێ، لەبەر ئەوەی جلوبەرگ کۆن ئەبێت، ئۆتۆمبێل شڕ و ووڕ ئەبێت، خانوو کەموکورتی لێ دەرئەکەوێت… دووەمیان بەختەوەر بوون لە رێگای (معنوی) (موراڵی)یەوە واتا وەکو سەرکەوتن لە ژیاندا، دەرچوون لە تاقیکردنەوەدا، چاکە و پیاوەتی و بەختەوەرکردنی کەسێک، هەژارێک… هتد. ئەمەیان درێژ خایەنە و هەرگیز لەبیر ناکرێ. بۆیە واباشە ئادەمیزاد هەردەم بۆ دووەمیان هەوڵ بدات، چونکە بە سوودترە. بۆ سەلماندنی ئەم راستییە ئەم رووداوەتان بۆ ئەگێرمەوە:

دەڵێن مامۆستایەکی کۆمەڵناسی لە زانکۆ لە مالیزیا مەرجی لەسەر قوتابییەکانی دانا کە ئەبێ هەر قوتابییەک لە ماوەی ٤ مانگدا کە ئەکاتە کۆرسێکی خوێندن لە زانکۆ، بۆ ئەوەی نمرەی تەواو وەربگرن، ئەبێ کەسێک بەختەوەر بکات، و داوای کرد ئەو کەسەی کە دەبی بەختەوەری بکەن، لە دەرەوەی خێزانەکەیان بێت، و ئەبێ کۆششەکەی بۆ ئەم مەبەستە هەمووی بە ڤیدیۆ تۆمار بکات و لە کۆتایی وەرزی ساڵدا ڤیدیۆکە پیشانی هەڤاڵەکانی پۆلەکەی بدات و لە پێشبڕکێیەكی گەورەدا نمایش بکرێت.

هەنگاوی دووەمی مامۆستاکە ئەوە بوو، لەگەڵ کۆمپانیایەکی شارەکەی ڕێکەوت بۆ ئەوەی سپۆنسەری ئەم پڕۆسەیە بکات، بۆ رێزلێنان لە باشترین ١٠ قوتابی بە خەڵاتێک کە لە ١٠٠٠ دۆلار کەمتر نەبێت.

لە کۆتایی وەرزەکەدا هەر ٣٠ قوتابی نمرەی تەواویان بەدەستهێنا، قوتابییەکان لەناو خۆیاندا باشترین ١٠ قوتابییان هەڵبژارد، دوای ئەوەی هەمووییان ڤیدیۆکانی خۆیان لە شانۆی زانکۆ لە کوالالامپوری پایتەختی مالیزیا نمایش کرد، و دایك و باوکی قوتابییەکان و جەماوەرێکی زۆر ئامادەبوون، ئەم پێشبڕکێیە کەشوهەوایەکی پڕ لە سووپڕایز و خۆشبەختیی بڵاوکردەوە، چونکە هەر یەکێک هەوڵی ئەدا کارێکی مرۆڤایەتی جیاواز پێشکەش بکات، بۆ ئەوەی بزەی خۆشی بخاتە سەر لێوی کەسێکی دەووروبەری.

یەک لە دە قوتابییەکان بینی كە لە بەشی ناوخۆ، قوتابییەکی هیندی هەیە هیچ خەندەیەک لەسەر لێوەکانی نابیندرێ، و زۆر خەمبار دیاربوو،  ئەم قوتابییە باوکی ناردبووی بۆ مالیزیا بۆ خوێندنی پزیشکی، ئینجا قوتابییە مالیزییەکە ئەم قوتابییەی هەڵبژارد بۆ پڕۆژەکەی، چونکە بۆ ماوەی یەک ساڵ نەیدی زەردەخەنەیەک لەسەر لێوەکانی دەرکەوێت، بە جۆرێک لەگەڵ کەس قسەی نەئەکرد، و رەفیقی نەبوو، زۆر پڕخەم و داماو دیاربوو، بۆیە بڕیاریدا ئەم قوتابییە هیندییە دەستنیشان بکات بۆ پڕۆژەکەی، لەگەڵ ئەوەی ئەیزانی کە سەرکەوتنی ئەستەمە.

ڕۆژی یەکەم پێش ئەوەی قوتابییەکە لە ژوورەکەی دەرکەوێت، نامەیەکی دانا لە پێش دەرگای ژوورەکەی بە کۆمپیوتەر و بەبێ ئمیزا بۆی نووسی: لە کاتی منداڵیم زۆرم حەز ئەکرد کە وەک تۆ ببم بە پزیشک، بەڵام لەبەر ئەوەی لە بابەتی زانستی ئاستم نزم بوو، وەک تۆ خودا زیرەکایەتی پێنەبەخشیبووم، بەڵام یەزدان تۆی هەڵبژاردووە بۆ ئەوەی تۆ بەشداربی لە بەختەوەرکردنی مرۆڤایەتی، لە رێگای رزگارکردنی هەزاران نەخۆش لە سەختی و بگرە مردنیش.

لە رۆژی دووەم، قوتابییە مالیزییەکە شەپقەیەکی کلتووری مالیزی بۆی کڕی و بە هەمان شێوەی رۆژی یەکەم لە پێش دەرگاکە داینا و بۆی نووسی، هیوادارم ئەم دیارییەم لێ قەبوول بکەیت.

لە کاتی ئیوارە قوتابییە مالیزییەکە، قوتابیە هیندییەکەی دی کە شەپقەکەی لەسەر بوو و زەردەخەی لەسەر دەم و چاو بوو، زۆر ئاشکرابوو کە پێشتر بەم جۆرە نەبینرا بوو، و تەنها ئەمە نەبوو، بەڵکو لەلاپەڕەی خۆی لە سۆشیاڵ میدیا نامەی قوتابییە مالیزیەکەی بڵاوکردبۆیەوە، و هەروەها وێنەی شەپقەکەی لەگەڵ بڵاوکردبۆوە و لە هەمووی جوانتر کۆمێنتی باوکی قوتابییە هیندیەکە بوو بۆی نووسیبوو : کوڕم بزانە ڕەفیقەکانیشت بە پزیشکێکی زیرەکت هەژمار دەکەن، شەرمەزاریان مەکە و بەردەوام بە لە کۆشش لە خوێندنەکەت.

ئەم بزەی سەر لێوی قوتابییە هیندیەکە و کۆمێنتی باوکی وای کرد، قوتابییە مالیزییەکە بەردەوام بێت لە پڕۆژەکەی و رۆژ لە دوای رۆژ دیاری بچووک بچووکی پیشکەش ئەکرد، بێ ئەوەی خۆی ئاشکرا بکات، و رۆژ بە رۆژ دەیبینی زەردەخەنەی قوتابییە هیندییەکە زیادی دەکرد و کۆمێنت لە لاپەرەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەی زۆرتر ئەبوو و لە هەموو کۆمێنتەکانی تویتەر و فەیسبووکدا پیرۆزباییان لێ ئەکرد، و پرسیاری جیا جیایان لێ ئەکرد، و رۆژانە برادەرەکانی لێیان دەپرسی، ئیمڕۆ چ دیارییەکت وەرگرت… دوامەکەوە لە وەڵام پێمان بڵێ، دیارییەکە چی بوو؟

ژیانی قوتابییە هیندییەکە سەرتاپا گۆڕا، لە قوتابییەکی خەماوی و گۆشەگیر، بووە قوتابییەکی دەم بەپێکەنین و کۆمەڵایەتیی بە هەوڵی قوتابییە مالیزییەکە.

دوای دوو مانگ، قوتابییە هیندییەکە و دیارییەکانی و ئەو کۆمێنتانەی بۆی ئەچوو، بووە دەنگوباسی قوتابییانی زانکۆ و داوایان لێ کرد کە بەسەرهاتەکەی بکات بە سیمیناریکی کۆمەڵایەتی لەگەل قوتابیانی زانکۆکە، لە سیمینارەکەدا قوتابییە هیندییەکە باسی دیارییەکان و نامەکەی کرد، و یەکیک لە قەسەکانی ئەوە بوو کە دەیویست وازبهێنیت پێش بینینی نامەی یەکەم، بەڵام ئەم نامەیە وایکرد کە زەحمەتی و ناڕەحەتی خویندنی بواری پزیشکی بیربچێتەوە و پاشگەزبێتەوە و لەسەر خوێندنەكەی ڕشت بێت.

قوتابییە مالیزییەکە رۆلێکی میحوەری بینی لە گۆرینی ژیانی قوتابییە ھیندییەکە، بە چەند کردەوەیەکی بچووك و وای کرد کە ئەم قوتابییە هیندییە لە داھاتوودا ببێت بە پزیشکێکی بە توانا و ژیانی دەیەھا خەڵك رزگار بکات، بەھۆی ئەو دیارییە بچووکانە و چەند نامەیەکی سادە .

لێرەدا محەمەد شریف (قوتابییە مالیزییەکە) لە بابەتی کۆمەڵناسیدا بە نمرەیەکی باش تێیپەراند، و لەوەش باشتر دوای ئەم پرۆسەیە ھەر پەیوەستە بە بەختەوەرکردنی کەسێك لە ھەر وەرزێکی خوێندن دوای ئەوەی کە بینی پرۆسەی یەکەمی بە سەرکەوتوویی تێپەر بوو، راھات كە ھەموو شەوێك پێش خەوتن، نامەیك بنووسێ بۆ کەسێك و دیارییەکی بۆ ئامادەبکات. محەمەد شریف بەوەش نەوەستا، بەڵکو پەیوەندی بە کۆمپانیایەکی ئامێری ئەلیکترۆنی کرد، بۆ سپۆنسەرکردنی پرۆسەکەی، بۆ ئەوەی ببێت بە پرۆژەیەکی بەردەوام و ھەموو رۆژێك نامەیەك بنووسێ و دیارییەك بنێری، بۆ ئەوەی کەسێك بەختەوەر بکات و زەردەخەنە بخاتە سەرلێوی لە ھەموو مالیزیا.

خوێنەری ئازیز:

 چەند پێویستە کە ھەر یەکێکمان ببێتە سەرچاوەی خۆشی و بەختەوەری بۆ کەسانی داماو و خەمبار، بە چەند شتێکی سادە و ھەرزان بە نییەتێکی پاك کە ژیانی زۆر کەس ئەگۆرێت.

و وەکو تەجروبەی شەخسی خۆم جارێکیان لە دەزگایەکی حکوومەتی ھەرێم دانیشتبووم لە سکرتاریەتی لێپسراوێك چاوەرێی ئەوەم دەکرد کە چاوم پێی بکەوێ. پاش ئەوەی میوانی تر دێنە دەرێ، لە ناکاو پیرێژنێکی داماو و چاو بە فرمێسك و شڕ و ووڕ ھاتە ژوورەوە و داوای ئەوەی ئەکرد کە ھەوڵی بۆ بدەن کوڕەکەی نەخۆشە و  بینێرنە دەرەوەی وڵات بۆ چارەسەرکردن، سکرتێرەکەی ھەوڵی ئەدا بە ھەر جۆرێك بێت سەرفی بکات، و من برادەرێکم لەگەڵ بوو، وتی دایە برۆ لای د.فڵان ئەگەر چارەی نەبوو مەرج بێت من لە سەر حیسابی خۆم بیبەم بۆ تورکیا (ئەو دەمە بەس تورکیا ھەبوو) ئینجا پیرەژنەکە رۆیشت و دوایی خەبەرمان زانی کە چارەسەرکردنی کوڕە نەخۆشەکە  تەنھا (١٠) دیناری سویسری تێچووە و ژنەکە زۆر کەیف خۆش بووە و ئێمەش سوپاسی خودامان کرد .

زۆر گرنگە خۆشی و بەختەوەری و خۆشەویستی لەناو کۆمەڵگادا بڵاوبکەینەوە، کەس جێگای کەس ناگرێتەوە، چونکە جێگا لەناو دڵ وەك پەنجە مۆرە، ھی کەس بەھی کەس ناچێت، و کەسیش رۆزی کەس نابات، بەڵام مرۆڤ لەگەڵ رەفیقەکانی لەگەڵ خۆشەویستەکانی، ئەو خزمانە و دۆستانەی کە لە دەرەوەی وڵاتن کە دێنەوە کوردستان و سەردانی خزمان و دۆستان و ھاوپیشەکانیان ئەکەن، بەختەوەر ئەبێت، روویان گەش ئەبێتەوە و دڵیان خۆش ئەبێتەوە و ئەلێن: یەك لەم دانیشتنانە ھەموو ژیانی ئەوروپا ئەھێنێ .

کۆتایی بە وتارەکەم ئەھێنم بە فەرموودەیەکی پێغەمبەری خۆشەویست (درودی خوای لەسەر بێت) کە دەفەرموێت: (رأيت اقواما من امتي على منابر من نور, يمرون على الصراط كالبرق الخاطف نورهم تشخص منه الأبصار, لاهم بالأنبياء ولا الصديقين ولا الشهداء، انهم أقوام تقضى على يديهم حوائج الناس)  ( کەسانێکم دیت لە ئومەتی من، لەسەر مینبەری پر لە نور، بەسەر پردی سیرات دا ئەرۆن وەك بروسکی لە ناکاو ، نورەکەیان چاو دەردەپەرێنێ ، پێغەمبەر نین و ڕاستگۆکان و شەهیدەکان نین، بەڵکو کەسانێکن کە ئیشوکاری خەڵکی جێبەجی دەکەن) هەروەها پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) دەفەرموێت: ( لا تحاسدوا, و لاتناجشوا, ولا تباغضوا, ولا تدابروا, ولا يبع بعضكم على بيع بعض, وكونوا عباد الله اخوانا, المسلم اخو المسلم: لا يظلمه, ولايحقره, ولا يخذله, التقوى هاهنا < وهو يشير الى صدره صلى الله عليه وسلم> ) واتە: ئیرەیی بە یەکتری مەبەن، لە فرۆشتن بە زیادکردنی ئاشکرا، بە بێ مەبەستی کڕین لەسەر یەکتر زیاد مەکەن، ڕقتان لەیەکتری نەبێتەوە، پشت لە یەکتری مەکەن، لە سەر فرۆشتن رکابەری مەکەن، و بەندەی خودا بن و برابن، موسولمان برای موسولمانە، ستەمی لێناکات، بەکەم تەماشای ناکات، شەرمەزاری ناکات، تەقوا لێرەدایە (ئاماژەی بۆ سینگی ئەکرد درودی خوای لەسەر بێت).

ئاشکرایە هەر کۆمەڵگەیەک ئەندامەکانی لەگەڵ یەک بەم جۆرە رەفتار بکەن، وا ئەکات کە هەموویان بەختەوەر بن.

هیوادارم ئەم وتارەم بە دڵی خوێنەرانی ئازیز بێت، و ببێت بە هاندەر بۆ ئەوەی هەر کەسێک لە جێگای خۆی هەوڵبدات یەکێک بەختەوەر بکات، و کاروباری جێبەجێ بکات، بەتایبەت فەرمانبەرانی دامودەزگاکانی حکومەت، کە رۆژانە دەیان کەس سەریان لێئەدەن بۆ بەڕێکردنی کاروبارەکانیان.

ئیتر تا ژمارەیەکی تری گۆڤاری شایان خواتان لەگەڵ.

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *