هەست

هێرۆ ئیسماعیل عارف

ئەگەر هەر یەكێك لە ئێمە بنواڕێتە جەستەی خۆی، هیچ نەبێت یەك دوو پەڵە و نیشانەی پێوە دەبینێت، ئەوانە لە منداڵییەوە بەهۆی چەند رووداوێكی نەخوازراوەوە دەركەوتوون، یاخود لە تەمەنێكی دیكەدا بوونەتە بەركەوتەی رووداوێك، یان هەندێك جار بەهۆی نەخۆشكەوتن و ناچاربوون بە ئەنجامدانی نەشتەرگەری، نیشانەی نەشتەرگەرییەكە ئینجا بچووك بووبێت یان گەورە، شوێنەكەی هەر دەمێنێ. هەرچۆنێك بێت ئەوەی گرنگە پەڵەیەك یان نیشانەیەك بەجێ دەھێڵرێت، و لە هەر كاتێكدا چاومان پێی بكەوێتەوە، بیری ئەو ساتەمان دەكەوێتەوە كە تووشی ئەو پەڵە و نیشانانەی كردووین، كەچی سەیرەكە لەوەدایە هیچكام لە ئێمە بیری شێوەی ئازارەكەی ناكەوێتەوە، یاخود كە بیر لە حاڵەتەكە دەكاتەوە، هەمان ئازاری ئەو ساتەی تووش نابێتەوە، بیری هاواری ئێش و ئازارەكەی دێتەوە، بەڵام هەمان هەستی ئازاری ئەو ساتەی وەخاتەی بۆ دروست نابێتەوە.

بۆ نموونە دایكێك كە نۆ مانگ بە دووگیانی دەمێنێتەوە، ئەوپەڕی ئازار و مەینەتی و چەندین نەخۆشی دەبینێت، پاش ئەوە ئازاری منداڵ بوون، كەچی بە چاو هەڵاتن و بۆنكردنی منداڵەكەی، هەموو ئەو ئێش و ئازارانەی چەشتوونی، لەبیری دەچێتەوە، بەڵكو وەكو بەسەرهاتێكی خۆش دەیگێڕێتەوە، و بە خۆشحاڵییەوە باسی ئازارەكانیشی دەكات.

نموونەیەكی تر… زۆر جار بیستوومانە هەندێك كەس بە تایبەتی پیاوان بەهۆی سەركێشییەك كە ئەنجامیان داوە، ئەندامێكی جەستەیان لەكار كەوتووە، وەكو كەسێكی شاخەوان كە دەچێتە شاخ، بەڵام لەوێ لەناو بەفردا گیر دەخوات، تا ماوەیەكی زۆر ناتوانێت خۆی رزگار بكات، بەڵام دوای رزگاربوونی، پەنجەی دەستی رەش بووە و لەدەستی داوە، بەناچاری بۆی دەبڕنەوە، كەچی دوای ماوەیەك، ترسی مانەوە لەناو بەفر و بینینی سەرما و سۆڵە و ئازاری بڕینەوەی دەستی لەبیر دەچێتەوە، و دووبارە هەمان سەركێشی ئەنجام دەداتەوە… ئەمانە چی دەگەێینن؟ رامانەكەی ئەوەیە ئەو ئازارانەی بەر جەستەمان دەكەون، ئەگەر پەڵە و نیشانەش بەجێ بێڵن، ئەگەر ئەندامێكی جەستەشمان لەكار بخەن، هەر لەبیر دەچنەوە.

پرسیارەكە ئەوەیە، وەك چۆن ئازاری جەستە، و پەڵە و نیشانەكانی كە بەجێ دەمێنن، لەبیر دەچنەوە، ئازاری دەروونیش بەهەمان شێوە لەبیر دەچێتەوە؟ وابزانم وەڵامەكەی دیار و روونە!

باش بزانن، قسەیەك، هەڵوێستێك، كردارێك، ئیشارەتێك، هەوڵێك، بوختانێك، تەماشاكردنیكی ناخۆش، هەر شتێك بكرێت و بەرامبەری پێ ئازار بدرێت، پەڵەیەكی قووڵ بە قوڵایی ئازارەكەی كە پێی گەیشتووە، لە دەروونیدا دروست دەكات، سەیرەكە لەوەدایە ئەو پەڵەیە بە تێپەڕینی كات كاڵ نابێتەوە و ئازارەكەش وەكو خۆی دەمێنێتەوە.

با تاقیكردنەوەیەك بكەین:

بێگومانم لەوەی هەر یەكێك لە ئێوە، منیش لەو حاڵەتە بەدەر نیم كە رووبەرووی ئازاری دەروونی بوونەتەوە. بیر بە یەكێك لەو حاڵەتە ناخۆشانەی بەسەرتاندا هاتووە، بكەنەوە، ئەگەر چەندە سادەش بێت، یەكسەر بروسكەیەك بەسەر دڵتاندا دێت. ئەو بروسكەیە چییە؟ لەخۆتان پرسیوە؟ ئەوە ئەو پەڵە و نیشانانەیە كە لەناختاندا دروست بووە… ئەی بۆچی ئەم پەڵە و نیشانانە ئازارتان دەدەنەوە؟ بۆچی پەڵە و نیشانە دیارەكانی جەستەتان هەمان ئازار و بروسكە بە دڵتاندا ناهێننەوە؟

كێشەی گەورەی زۆربەی خەڵكەكە رانەگرتنی هەستی بەرامبەرە. مرۆڤ ئەگەر هەرچۆنێك دروست بووبێت، جەستەی بەهێز بێت یان لاواز، هەبوون بێت یان نەبوون، زانا بێت یان نەزان، ئافرەت بێت یان پیاو، منداڵ بێت یان بەتەمەن، نەخۆش بێت یان تەندروست بێت… هتد هەمووی یەك شتی وەكو یەكە (هەمووی هەستی ناسكە) ئەو هەستەش تەنها پێویستیی بەوەیە كەسی بەرامبەر، ئیتر ئەو كەسە دۆست بێت یان رێبوار (عابر السبیل)، هاوڕێ بێت یان بێگانە، دایك و باوك و منداڵ بن، هاوسەر و هاوژین بن، هاوپیشە و فەرمانبەر و بەرێوەبەر بن، هەمووان پێویستییان بە دڵ راگرتنە، پێویستییان بەوەیە بریندار نەكرێن، بۆیە دەبێت قسەی ناخۆش، هەڵوێستیی نا رەوا، تەماشاكردنی ناشرین بەرامبەریان نەكرێت.

هەمان ئەو نموونەیەی پێشوو، ئەوەی دایكێك كە دووگیان دەبێت، ئازار و مەینەتی و نەخۆشی دونیا دەبینێ، بە دیداری كۆرپەكەی هەمووی لەبیر دەچێتەوە، كەچی كاتێك منداڵەكەی گەورە دەبێت، و كردارێك یان قسەیەكی ناخۆش بەرامبەری دەكات، ئازارێك لە دڵی ئەو دایكەیدا بەجێ دێڵێت وێنەی نیە، هەرچەندە داوای لێبوردنیش بكات و دایكەكەش لێی ببورێت، چونكە جەرگێتی و دڵی نایەت لێی نەبوورێت، بەڵام ئەو پەڵەیەی كە خستوویەتییە دڵی دایكەكەیەوە، لە هەر حاڵەتێكدا بێت، شتێكی هاوشێوە كە بەسەر دایكێكی تردا بێت، و ببینێت، یەكسەر ئەو كەسەرە و هەمان بروسكە و ژان لە دڵی دەداتەوە.

رووداوێكی سەیر كە بە چاوی خۆم بینیم…

رۆژێكیان لە شەقامی 100 مەتری لە نزیك فرۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، گەیشتمە قەرەباڵغییەكی زۆری ئۆتۆمبێل، هەر لە دوورەوە دیاربوو رووداوێكی هاتوچۆ روویداوە، كە نزیك بوومەوە تەماشام كرد دوو ئۆتۆمبێلی بەرزی مۆدێل بەرز یەكێكیان لە پشتەوە لەوی دیكەی دابوو، ئیتر هەردوو شۆفێرە بەرێزەكە! تەماشای زەرەرەكانیان دەكرد و بە یەكەوە قسەیان دەكرد، كە هەندێكی تر چوومە پێش، سەیرم كرد هۆكاری رووداوەكە بەهۆی ئەو دوو ئۆتۆمبێلەوە نەبووە، بەڵكو ئۆتۆمبێلی یەكەم لە ماتۆرێكی داوە، لەگەڵ راوەستانی (ستۆپ گرتنی)، ئۆتۆمبێلەكەی پشتەوە لەوەی پێشەوەی داوە… هەموو ئەوانەی باسم كردن كێشە نین، كێشەكە ئەوە بوو، لەجیاتی شۆفێرەكانی هەردوو ئۆتۆمبێل بچن شۆفێری ماتۆرەكە هەڵگرنەوە، ئەوان سەرقاڵی ئۆتۆمبێلەكانیان بوون، خەڵكی خێرخواز شۆفێرەكە و ماتۆرەكەیان لەناوەراستی شەقام لادەبرد!! واتا لەلای ئەو دوو شۆفێرە، ئەو دوو پارچە ئاسنەی بەهۆی رووداوەكەوە زەرەیان پێكەوت، زۆر لە شۆفێری ماتۆرەكە و ماتۆرەكەشی كە بۆ بژێوی ژیانی بەكاری دەهێنا، چونكە یەكێك بوو لە شۆفێرانی (دلیڤەری)، گرنگتر بوو. ئەی چۆن بەرێزان، ئاسنەكە لە ئینسانەكە گرنگتر بوو!

بۆیە دەپرسم، هەست راگرتن كارێكی سەختە؟ بێگومان نەخێر… ئەی بۆ دەبێت هەستی بەرامبەر رانەگیرێت؟ ئامانجەكە چییە؟ یان ئەنجامەكەی چی دەگەیێنێت؟

بەداخەوە وا دیارە لەم سەردەمەی كە پێی دەگوترێت (سەردەمی پێشكەوتن) شكاندنی هەستی بەرامبەریش هەمان پێشكەوتنی بەخۆوە بینیوە!.   سەیرەكەش لەوەدایە، كەس نیە ئەو ئازارەی پێ نەگەیشتبێ، كەچی زۆر بە دەگمەن گوێ دەدەنە ئەوەی هەستی بەرامبەرەكەیان رابگرن.

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *