
شنیا محەمەد
قۆناغی چوارەم
بەشی شیكاری نەخۆشییەكان
زانكۆی نێودەوڵەتیی تیشك – هەولێر
گرنگ نیە ئەو ئامانجەی داتناوە چەنێک گەورەیە، گرنگ ئەوەیە كە ئەو ڕێگایەی كە بەرەو ئامانج دەڕوات بێ ئومێدت نەكات و هەمیشە ئومێدێک لە دڵتا بێت، ئومێد دەستپێکی ڕێگاکەتە.
ئەتوانم بڵێم رۆژێک لە رۆژان هەموومان خەونمان بەوەوە بینیوە، یان هیوایەک لە دڵماندا بووە کە بڕۆین ئەودیوی سنوورەکان ببینین و پەی بە نهێنییەکانی دونیا ببەین، کەسانێک بناسین کە پێشتر نەمانناسیون و شتانێک تاقی بکەینەوە کە هەرگیز نەمان کردووە، دڵنیام بینینی وڵاتێکی وەکو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا خەونی خەڵكانێكی زۆرە، بە تایبەتی گەنجەكان، ئەو گەشتە هەوڵ و ماندووبوونێکی زۆری دەوێت، و بۆ گەیشتن بەو وڵاتە تەنها یەکێك لەم دوو رێگایە بە مێشکی زۆربەی کەسەكاندا دێت، یان یەكێك بۆ داوای مافی پەنابەرێتی، یاخوود سەرمایەدارێك كە ئاسانتر دەتوانێت گەشتی بۆ بكات، بەڵام خۆشبەختانە لەگەڵ بەرەوپێشچوونەكاندا، لایەنی گەشتکردن و کرانەوە بە ڕووی دنیادا ئاسانتر بووە، روونتر بڵێم، بۆ قوتابییان ئاسانتر بووە.
ئێستا چەندین پڕۆگرامی جیاواز هەن بۆ وڵاتان کە گەنجان لە شوێنە جیاوازەکانی دونیادا وەردەگرن بە ئامانجێک بۆ وڵاتەکەیان، بەشێک لە پڕۆگرامەکان ئامانجیان پێدانی کۆرسی سەرکردایەتییە بۆ ئاشناکردنی گەنجان بۆ بابەتە گرنگەکان و هاندانیان بۆ فێربوون، و بەشێکی زۆری ئەو پڕۆگرامانە زۆربەی خەرجییەکانیان دەكەوێتە ئەستۆی دامەزرێنەرانی پرۆگرامەكە، وەكو وەرگرتنی ڤیزا، شوێنی مانەوە، خواردن، هتد.. بۆیە لێرەدا پێم خۆشە ئاماژە بە بابەتێک بدەم، ئەویش وشەی “سەرکردایەتی”یە سەرکردایەتی تەنها بەو واتایە نایەت کە کەسێک پلەیەکی میری هەبێت و کاروباری خەڵکی بەڕێوە ببات، بەڵکو زۆر لەوە فراوانترە، سەرکردایەتی واتا کارکردن لەگەڵ کۆمەڵە خەڵکانێکی تر و بەڕێوەبردنیان بەرەو ئامانجێکی دیاریکراو، وەک باسمکرد، زۆر لە پڕۆگرامەکان ئامانجیانە کە گەنجی سەرکردە دروست بكەن بۆ ئەوەی خزمەتی کۆمەڵگە و چواردەوریان بکەن.
یەکێک لە بەهێزترین پڕۆگرامەکان بۆ ئەم مەبەستە پڕۆگرامی ئاڵوگۆڕی سەرکردایەتی گەنجانی “عێڕاق”ە، بەرنامەیەکی ئاڵوگۆڕە بۆ برەودان بە تواناکانی قوتابییان لە بوارە گرنگەکانی وەک: بەشداریکردنی مەدەنی، سەرکردایەتی، و پلاندانانی کارە لەلایەن ڕێکخراوەكەوە، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزراەتی دەرەوەی ئەمریكا كاروبارەكان رێكدەخرێن، بە خۆشحاڵییەوە من یەكێك بووم لە بەشداربووانی ئەو پرۆگرامە و توانیم سەردانییەكی كورت بەڵام پڕ ئەزموون بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ئەنجام بدەم.
گەشتەكەم بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا:
هەموومان لە چاوی فیلم و دراما و گۆرانیی ئەمریكییەوە وێنای ئەو وڵاتەمان هاتۆتە بەرچاو، بەڵام بێگومان راستییەكە زۆر جیاواز ترە لەو خەیاڵانەی كە دەمكردەوە، وەكو قەبارەی شت و مەک و خواردنەکانیان، شێوازی ژیانیان، تێڕوانینیان بۆ بابەتە کۆمەڵایەتییەکان و زۆر شتی دیكەش.
بابەتێکی گرنگتر ئەوەیە، دەرفەت هەیە کە نەک بەتەنها ئاشنای کلتووری ئەمریکی ببیت لە نزیکەوە، بەڵکو ئاشنا بیت لەگەڵ خەڵکێكی زۆر لە وڵاتە جیاوازەکانیش، ئەمریکا دانیشتوانی لە هەموو دنیاوە هەیە، لە دوای زمانی ئینگلیزی زمانی ئیسپانی زۆرترین قسەکەری هەیە، بەتایبەتی ویلایەتەکانی کالیفۆڕنیا و مەیامی. خەڵکی کوردستان و عێڕاق لەبەر کێشە دیارەکان داخراوەیی و هەستیارییان بەرامبەر زۆر بابەت هەیە. بەهێزترین ڕێگە بۆ شکاندنی ئەم بەربەستانە، تێکەڵبوونە لەگەڵ کلتووری جیاوازەكاندا، مەرج نیە تەنها لەگەڵ نەتەوە و کلتووری تر، ئێمە وەکو ئەو گرووپەی لەوێ بووین کە نزیکەی ١٠٠ کەس دەبووین لە کورد و عەرەب هەستیاریی زۆرمان بەرامبەر بە یەکتر هەبوو، بەڵام دوای تێکەڵبوونمان و قسەکردنمان لەگەڵ یەكتر و گفتوگۆكردنمان بە مێشکێکی کراوەوە و گوێگرتنمان بۆ یەکدی، بە جۆرێک شتەکان گۆڕان كە لە کۆتاییدا کەسمان هەستمان بە جیاوازی نەدەکرد و بە شێوەیەکی زۆر بەرچاو بەربەستەکانمان شکاند، كە بەڕای من ئەمە بەهێزترین لایەنی پڕۆگرامەکە بوو.
بابەتێکی تر، دروستکردنی پەیوەندییەکان و برەودانە بەو پەیوەندییانە، هەر لە قوتابی زانکۆکانی ئەوێ و تێكەڵبوون لەگەڵ خەڵک هەتا خێزانە ئەمریکییەکان، پەیوەندیی زۆر بەهێزمان دروست دەکرد. ئەوان پێیان خۆشبوو دەربارەی ژیانمان، وڵاتمان، بارودۆخمان، زمانمان، و ئەتوانم بڵێم هەموو شتێکی ئێمە بزانن، زۆر بە سەرسامییەوە گوێیان بۆ رادەدێراین، بە تایبەتی کاتێک باسی کوردستانمان دەکرد، چونکە ئەتوانم بڵێم ڕەنگە لە کۆی هەموو ئەو خەڵکانەی لەوێ ناسیمانن، تەنها ٣ بۆ ٥ کەسیان زانیبێتیان کە کوردستان چیە و لە کوێیە! پرسیاری ئەوەم لێکردن، لە هەواڵەکان چی ئەبینن دەربارەی کوردستان و عێڕاق؟ وەڵامەکانیان ئەمانە بوو: عێڕاق پری شەڕ و كاولكارییە، تا ئێستا شوێنێکمان نەبیستووە بە ناوی کوردستان! بێگومان میدیاکان تەنها ئەوانە پیشان دەدەن کە لە بەرژەوەندیی خۆیانە. هۆکارێکی تریش ئەوە بوو کە ئەوان زۆر سەرقاڵی کارکردن و ژیانی خۆیانن، نەک وڵاتی تر، زۆر ڕووداو هەیە لە ناو وڵاتی خۆیاندا ڕوودەدات ئاگایان لێ نیە، من لێرە ناڵێم کە باش دەکەن یان خراپ، بەڵام ئیتر ئەوە شێوازی ژیانیانە.
لە میانەی پڕۆگرامەکەدا، رؤژێکمان بۆ ئەوە تەرخان کرا کە بە شێوازی گرووپی ٤-٥ کەسی بچینە لای خێزانێکی ئەمریکی تا لە نزیکەوە بیانناسین و پەیوەندییان لەگەڵ دروست بکەین، من لەگەڵ ٣ هاوڕێی ترم چووینە لای خێزانێکی ئەمریکی، ژن و مێرد بوون، ژنەکە ناوی “ڕۆز” و هاوسەرەكەی ناوی “گرێگ” بوو، دوای دانیشتن و یەکتر ناسین، ئێمەیان بۆ دەرەوە برد و چەند شوێنێکی ناوازەیان پێ پیشان داین، دووبارە خەرجییەکانمان لەئەستۆی ئەوان بوو، تەنانەت نانخواردنەکانی دەرەوە، چونکە ئێمە قوتابی نێودەوڵەتی بووین و پارەمان بۆ درابوو. لە ماڵەکەیان پەرتووکخانەیەکی زۆر جوان و گەورەیان هەبوو، ئێمە سەیری پەرتووکەکانمان دەکرد و سەرنجمان دەدا، “گرێگ” پێی وتین کە ئارەزووی هەر کتێبێک دەکەین بۆخۆمانی ببەین، پێمان وت کە دەمانەوێت تەنها سەیریان بکەین، وتی “ئەم کتێبانە موڵکی من نین، کە من لەم دنیایە نەمام بۆ کێ دەمێنێتەوە!” دواتر هەر خۆی پەرتووکی زۆری بە دیاری پێ داین. یەک لەو شوینانەی سەردانمان کرد، پارکێک بوو بە ناوی “بید وێڵ” گەورەیی پارکەکە ٣٦٧٠ دۆنم بوو، بە بەراورد بە پارکی سامی عەبدولڕەحمان کە ٢٠٠ دۆنمە ١٨ هێندە گەورەتر بوو! هەروەها یەکێک لە فیلمە بەناوبانگەکان بە ناوی “ڕۆبن هوود” لەوێ دەرهێندرا بوو.
دوای گەڕانەوە بۆ ماڵەوە، یەک لەو ساتانەی لەگەڵ خێزانەکە بەسەرمان برد و شایانی باس کردنە، باسکردنی بابەتە هەستیار و قووڵەکان بوو، ڕوونتر بڵێم، بابەتی نەتەوە، سیاسەت و مێژوو، و وەك ئاماژەم پێدا، بە کورد و کوردستانیان نەدەزانی، من بە ئەرکی نەتەوەیی خۆمم زانی کە باسی میللەت و مێژووی خۆم بکەم و کوردیان پێ بناسێنم. لە گفتوگۆیەکی قوڵ کە چەن قوتابییەکی عەرەبیشم لەگەڵ بوو، باسی هەموو ئەو زوڵم و ستەمانەم بۆ کردن کە بە درێژایی مێژوو بەسەر کورددا هاتووە و پێیدا تێپەڕیوە هەتا شەڕی داعش، لەوێ زۆر ڕێگەم نەدەدا عەرەبەکان قسە بکەن، لەبەر دوو هۆکار، یەکەم: عەرەب و عێڕاق بە هەموو شێوەیەک ناسرابوون. دووەم: کورد قەومێک بوو بە مێژوویەکی کۆنەوە نەناسراو بوو لەلایەن دنیای تازەوە، دەبوایە زیاتریش دەربارەی نەتەوەكەمان و خەبات و قوربانییەكانی قسە بکەم و پێیان بناسێنم. سەبارەت بە کەسیایەتییەکان، وەکو یەکەمین سەرۆکی کۆماری کوردستان باسی “قازی محمد”م یۆیان کرد، كە چۆن کۆمار سەری هەڵدا و ئامانجی چی بوو، و چۆن لەلایەن دوژمانی ئەو سەردەمە هەر زوو ڕووخێنرا و کۆتایی پێ هێنرا. “گرێگ” پرسیاری لەوە کرد کە ئایا “قازی محمد” فارسە؟ وەڵامم دایەوە و بۆم ڕوون کردەوە کە کوردە و کەسایەتی و سەرکردەیەکی مەزن بوو. دەربارەی شەڕی داعش، زۆر بە سەرسامی و غەمگینییەوە گوێیان ئەگرت، ڕاستە، ئەوان ئاگەردای ئەوە بوون کە گرووپێکی تیرۆریسن بە ناوی داعش هەیە و لە هەموو شوێنێک کوشتار دەنێتەوە، بەڵام بێ ئاگا بوون لەو سەرکەوتنانەی پێشمەرگە لە بەرامبەریان بەدەستی هێنابوون، و کاتێکیش ناوی پێشمەرگەم پێیان ناساند، واتای ناوی “پێشمەرگە”م بۆ ڕوون کردنەوە، و ئەوەی کە بە تەواوەتی جیاوازە لە سەربازێکی ئاسایی، چونکە پێشمەرگە بە خوێنی خۆی خزمەتی خاکی خۆی دەکات و پارێزگاری لێ دەکات. و دەربارەی سیاسەت، ئاماژەم بەوە دا کە دوو لایەن هێزەکانیان زاڵە لە کوردستان و باسم لە مێژووی هەردووكیان كرد. پرسیاری ئەوەیان کرد کە سەرۆک وڵات و سەرۆک وەزیرانتان کێیە، لەسەر زانیارییە بچووکەکانیش پرسیاریان دەکرد، چونکە زۆر بە سەرنجەوە گوێیان دەگرت، هەروەها لەسەر شێوەی گەشەکردنی شاری هەولێر و سلێمانی، زۆر بەوە سەرسام بوون کە شاری هەولێر وەکو تۆڕی جاڵجاڵۆکە گەشە دەکات و گەورە دەبێت و بە دیمەنە ناوازەکانی شاری سلێمانی کە شارێکی شاخاوییە، سەرسام بوون. یەکێکی تر لەو خاڵانەی کە باسم کرد و دووبارە زۆر پێی سەرسام بوون، ژەمی نانی بەیانی بوو، نانی بەیانی ئەمریکی زۆر کات لە چەند شتێک تێپەڕ ناکات و وەکو خۆمان سفرەیان تێر و پڕ نیە، زۆر لایان جوان بوو کاتێک کە باسی دەوڵەمەندی نانی بەیانی کوردی و بەرهەمە خۆماڵییەکانم کرد، بەڵێنیان دا کە ئەگەر هاتنە کوردستان، تاقی بکەنەوە!
یەک لە شارەکانی تر کە ڕۆژێک بە تەواوی تیایدا گەڕاین شاری “سان فرانسیسکۆ” بوو، یەکێک لە شارە بەناوبانگ و ڕاقییەکان، بە ئۆتۆمبێل ٣ کاتژمێر لەشاری “چیکۆ”وە دوور بوو، بێ گومان “سان فرانسیسکۆ” شارێکە لە وەرزی هاوین لە مانگی ٧ پلەی گەرمای لە نێوان ١٦ بۆ ٢٠ پلەی سیلیزییە، و لە مانگی ١٢ پلەی گەرمی دەگاتە ٥٠ واتە هاوین و زستانیان پێچەوانەیە! یەک لە پردە بەناوبەنگەکانی جیهان پردی “گۆڵدن بریدج” بوو، گرنگی ئەم پردە لەوەدا بوو کە هێمای هێز و گەشەسەندنی ئەمریکایە، پردەکە لە ساڵی ١٩٣٧ درووستکراوە، درێژی پردەكە ٢٧٣٧ مەترە، و بە نرخی ئێستا ٥٣٥ ملیۆن دۆلاری تێچووە، ئەو پردە پارێزگای “مارین” بە “سان فرانسیسکۆ”ەوە دەبەستێتەوە، هەر لەو نێوەندەدا دەرفەتی بینینی “زەریای هێمن”یشمان بۆ رەخسا.
دوایین ویلایەتمان پایتەخت بوو “واشنتن دی سی”، لەوێ سەردانی زۆر لە شوێنە ناودارەکانمان کرد، لەوانە بینای کۆنگرێس، کۆشکی سپی، مۆنیۆمێنت، مۆنیۆمێنتی سەربازانی جەنگی جیهانی دووەم، و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا.
ئەمریکا وڵاتێکە کە ڕێژەی قەڵەوی زۆر زۆرە، بە ڕێژەی دوو لەسەر سێی دانیشتوانی کێشیان زیادە، بێگومان ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ شێوازی ژیان کردنیان، ڕێگا و شۆستەی زۆر باشیان هەیە بۆ وەرزش کردن، بەڵام تا پێیان بکرێت ئۆتۆمبێل بەکار دەهێنن و بە پێ ڕێ ناکەن، لە هەمان کاتدا ئاستی هۆشیاری و تەندروستی گشتییان زۆر بەرزە! خواردنیان زیاد لە سنوور چەور و گەورەیە، بەرگەرێکی ئاسایی لێرە چەنێک بێ قەبارەکەی لەوێ دوو هێندەیە! بێگومان قەبارەی ئاسایی نەک گەورەیان، جگە لە ڕێژەی زۆری خوێ و چەوری تێیاندا! دانیشتنیان زۆر زۆرە، هەر لەبەر ئەوەشە زۆربەی خەڵکەكە کێشەی تەندرووستی دڵیان هەیە.
تێڕوانینیان بۆ ژیان و ژیانکردن لە ئەمریکا:
كیشوەری ئەمریكا بەوە ناسراوە کە خەڵکی لە هەموو وڵاتێکەوە بۆ هاتووە، وەک دیارە لە سەرەتای دروسستبوونی وڵاتەکەش خەڵکی لە سەرانسەری دنیاوە کۆچی بۆ کردووە و بووە بە هاوڵاتی ئەوێ، زۆربەی کاتەکان کە لەگەڵ ئەمریکییەکان قسەم ئەکرد پرسیاری ئەوەم لێ دەکردن کە بە ڕەچەڵەك خەڵكی كوێن؟ زۆربەیان دەیانگوت مەکسیک، نەرویج، ئەڵمانیا، وڵاتانی ئیسکەندەناڤی، بە هۆی ئەم زۆری تێکەڵییەوە، هەندێک بابەت هەیە کە هێشتا حکومەتی ئەمریکا کێشەی هەیە لە چارەسەرکردن و کۆنتڕۆڵکردنیان، بۆ نموونە (ماددەی هۆشبەر و مۆڵەتی چەک). لە ویلایەتێکی وەکو “ئارکەنساس” ماددەی هۆشبەری “ماریوانا” ڕێ پێدراوە، هەروەها لە ویلایەتی “تێکساس” هەڵگرتنی چەک یاساییە و هەر تاکێک بیەوێ دەتوانی بە ئاسانی دەستی بکەوێت.
یەک لەو شتانەی کە تاکی ئەمریکی زۆر بایەخی پێ دەدات “کات”ە، ئەگەر بیانتوانیایە کات بە پارە بکڕن دەیان کڕی، زۆر گرنگی بەوە دەدەن لە کاتی خۆیان ئامادەبن بۆ چاوپێکەوتنێک یان کارێک، کەسیشیان ئەتوانم بڵێم ئامادەیی ئەوەیان نیە کە کاتژمێرێک لە کاتی خۆیان بدەن بۆ یەكێكی تر، ئەگەر ئیشەکە زۆر گرنگ نەبێت و بە پێویستی نەزانن، وەک وتراوە، کات نەیبڕی دەتبڕێت. و هەروەها ئەوان بۆ کۆتایی هەفتە دەژین، زۆربەی کاتەکان لە کۆتایی هەفتەکان بۆ ماوەی ڕۆژێکیش بێت سەفەر دەکەن بۆ شوێنی دوور، زۆر گرنگی بەم بابەتە دەدەن. نەک بە تەنها ئەمریکا، بەڵکو وڵاتانی ئەوروپاش کاتێک کە هاوڵاتییەکانیان خانەنشین دەبن ئینجا دەست دەکەن بە ژیان و گەڕان و گەشت و خۆشی خۆیان، بەشێکیشیان دوای ئەوە کاری خۆیان دادەمەزرێنن!
لە دوایین نانخواردنی ئێوارەماندا لە “چیکۆ”، لەگەڵ هەموو خێزانە ئەمریکییەکانی دیکەش کۆبووینەوە، یەکێکیان ژنێکی بەتەمەن بوو ڕەنگبێ تەمەنی لە نێوان ٦٠ بۆ ٧٠ ساڵ بووبێت، داوام لێکرد کە وێنەیەک بگرین، وتی “بۆستە بۆستە با سووراوەکەم تازە بکەمەوە!”
ڕەنگە بە بیری زۆرماندا هاتبێت کە ژیانکردن لە ئەمریکا دەبێت زۆر خۆشبێت و پارەیەکی زۆر بە دەست بێنین، بەڵام ژیانکردن لەوێ ئاسان نیە، بە تایبەتی پرسی باج چونكە باجیان زۆرە، زۆرترین بڕ ٪٣٧ و کەمترینی ٪١.٨١، هەروەها کەسی ئاسایی بیمەی تەندرووستی نیە، مەگەر ئیشێکی زۆر باشی هەبێت، و ڕێژەی هاوڵاتیانی بێ ماڵ و حاڵیان زۆرە، بەپێی داتای ساڵی ٢٠٢٣ ڕێژەی بێ ماڵەكان ٪٠.١٩ بووە، بەشێکی بۆ نابەرپرسیاری خەڵکەکە دەگەڕێتەوە، ئەگینا حکومەت هاوکارییان دەکات، بەڵام بەشێکی ئەو خەڵکەش پارەی ئیسراحەتیان دەوێ و هاوکاری وەرناگرن، رێژەیەكی زۆریش ئاڵوودەی ماددە هۆشبەرەکانن و تووشی كێشەی زۆر توندی دەروونی بوونەتەوە.
لە كۆتاییدا دەمەوێت بڵێم، گەشتكردن بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا خەونی منداڵیم بوو، خودا ئاواتێک ناکاتە دڵتەوە ئەگەر ڕێی گەیشتنت بۆ ڕۆشن و ئاسان نەکات، لە بەندە حەرەکەت و لە خودا بەرەکەت، پێویستە مرۆڤ لە سەركەوتنەكانیدا ئەو كەسانە لەیاد نەكات كە هاوكاری بوون. سوپاسی بێ پایانم بۆ خودای گەورە كە ئەم دەرفەتە زێڕینەی پێ بەخشیم، بۆ خێزانەكەم كە بە هەموو شێوەیەك پشتگیرییان كردووم، دۆستان و هاوڕێیانم، مامۆستایانی زانکۆم بە تایبەتی مامۆستایانی بەشی شیكاری نەخۆشییەكان، هەروەها ڕێز و سوپاسی بە پێزم، بۆ دکتۆری خۆشەویستم پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر سەنگەر جاف بۆ هەموو هاوکاری و ئامۆژگاریە بەپێزەکانی، و سەرۆک بەش و یاریدەدەری ڕاگری کۆلێژ دکتۆر تۆڵا جاف بۆ بەرچاو ڕوونییەکانی، هاوکار و پاڵپشتی زۆر گەورەم بوون بۆ ئەم گەشتەی ژیانم، خودا پایەداریان بکات.


