سەرگوزشتەی چوارساڵی کارکردنم لە زانکۆی نێودەوڵەتیی تیشک – بەشی پەرستاری

Author Photo

مامۆستا ئەسما یاسین

Assistant Lecturer

TIU – Erbil

مرۆڤ لەهەر شوێنێکی ئەم زەمینە کاربکات ئەزموون پەیدا دەکات، جا ئەزموونەکان باش بن یان خراپ، پێویست بن یان نا، هەموویان دەچنە خەرمانی کار و چاڵاکییەکانی ژیانی ئەوکەسەو دەبنە شوێنپەنجە لەو شوێنەی کە کاری لێکردووە.

بەوپێیەی کە چەند رۆژێکی کەمم ماوە و ئیتر دەبێت بارگەی هەوارم تێکنێم لە زانکۆی نێودەوڵەتیی تیشک و کەشتیی گەشتەکەم لە زانکۆیەکی تر سەوڵ لێبدا، خولیا و ئەندێشەکانم لە ژینگەیەکی تر تاوبدەم و چاڵاکییەکانم بەرەو ئاراستەیەکی تر بڕۆن، ویستم سەرگوزشتەی ژیانی مامۆستا ئەسما یاسین تان بۆ بگێڕمە کە هیوادارم ئەگەر بچوک بێت کارێکی کردبێت کە لە دوایا سوودی گەیاندبێت بە قوتابیان و کۆمەڵگاکەمان.

پاش هەوڵ و ماندووبونێکی زۆر و سێ جار چاوپێکەتنی جیا جیا، لە کۆتاییدا لیژنەی وەرگرتنی مامۆستا ( کە پێکهاتبوون لە پرۆفیسۆر دکتۆر هیوا بەننا، پرۆفیسۆر دکتۆر شوکر حەسەن، دکتۆرە ڕۆزە تەڵعەت) توانیم بەسەر کاندیدەکانی تردا سەرکەوم و وەربگیرێم، بیرمە یەکەم رۆژ کە وەرگیرام بە هیواو و ئاواتێکی زۆر قوڵ و ئەندێشەیەکی زۆر فراوانەوە هاتم، چونکە بوونم بە مامۆستای زانکۆ ئاواتی لەمێژینەم بوو و هەموو هەوڵ و ماندوبونێکم بۆ بەدیهاتنی بوو، سوپاس بۆ خودا پاش سێ مانگ لە دەرچوونم لەزانکۆی هەولێری پزیشکی- کۆلێژی پەرستاری کە پلەی چوارەمم بەدەستهێنا، بە دیهات، بەڵام لە بەشی پەرستاری زانکۆی نێودەوڵەتیی تیشك.

یەکەم رۆژی دەوامکردنم لەگەڵ پۆلێک لە قوتابیی تازە وەرگیراوی بەشی پەرستاری بوو ( کە ژمارەیان چل و حەوت قوتابی بوون)، بۆ هەردوولامان هەموو شتێکی تازە بوو،

زانکۆکە، سیستم و شێوازی کارکردن، بەڵام سەرەتایەکی خۆش بوو، بۆ ئەوان دەستپێکی زانکۆ و بۆ من دەستپێکی ژیانی ئەکادیمیم.

ساڵی یەکەم بە چاودێر بوون و ڕێکخستی تاقیکردنەوەکان و یارماتیدانی قوتابییان بە تایبەت قۆناغی یەکەم لە رێکخستنی وانەکانیان بە پراکتیکی و تیۆری ڕێنیشاندانیان، دەستم پێكرد، پاشان بە ئاشنا بوونی یەکە بە یەکەی قوتابییان، کە هەریەکە و کەسایەتییەکی جیاواز و ئاوات و خولیای جیاوازیان هەبوو، و هەرکەس بە جۆرێک نۆتەکانی ژیانی ئەخوێن و دەستیپێکرد.

بۆ هەندێکیان ژیان زۆر قورس و بۆ هەندێکی تریان تەنیا کات بەسەربردن بوو، هەندێکیان زۆر چالاک و خاوەن دیدگا بوون، تەنانەت تا ئێستاش شوێن پەنجەیان دیارە، هەندێکی تریان هونەرمانێکی بچوک بوون، هەندێکیان جوانی لایان هەموو شتێک بوو، هەندێکی تریان ئەوەی گرینگ نەبوو بەلایانەوە ستایلی پرچ و جل و بەرگەکانیان بوو.

ئەندێشە و ئاوازی هەموویان بۆ من گرینگ بوو، چونکە مرۆڤەکان بە جیاوازییەکانیانەوە جوانن، هەر بەو شێوەیەش هەموویانم قبوڵکردبوو و هەوڵمدەدا تواناکانیان بدۆزنەوە لەو شتەی کە خۆیان خولیایانە، بێ گومان بە پێی کات و گونجاندنی کارەکان.

لەو ساڵەدا زۆرترین چاڵاکی و سیمینارمان ئەنجامدا، بەڵام لەبەر بەردەوامی مەترسیی ڤایرۆسی کۆڕۆنا نەماندەتوانی بە شێوەی راستەوخۆ لە کەمپەس ئەنجامی بدەین، بەڵکو بە شێوەی ئۆنلاین، و وۆرکشۆپێكمان لەسەر کاریگەریی قەڵەوی و ڕێگەگرتن لێی بەسەرپەرشتی مامۆستا رۆزە، ئەنجامدا، بەڵام لەگەڵ مامۆستا مەڕال موڕاد (یەکەم ڕێنیشاندەرم بوو لەکارەکانم) و مامۆستا هلال بە شێوەیەکی مەیدانی سەردانی قوتابخانە و باخچەی ساوایانمان دەکرد بە مەبەستی ئەنجامدانی وۆرکشۆپ و سیمیناری جیاواز بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە، لە دیارترینیان چۆنییەتی ئەنجامدانی فریاگوزاری سەرەتایی و پشکنینی پێشوەختە بۆ شێرپەنجەی مەمک بۆ ئافرەتان و کچان لە قوتابخانەکان، ئەمە جگە لە رێکخستنی گەشتی زانستی و چاڵاکییەکانی دەرەوەی خوێندنی قوتابییان وەکو چونە سەر شاخ و ئەسپسواری و شاری یاری بۆ قوتابییانمان.

بێگومان هەموو ئەمانە لەگەڵ هەموو ئەو کارە کارگێڕی و ئیدارییانەی لە بەش هەبوون، لەبەر کەمی ستاف دەبوایە ئێمە راییان بکەین.

ساڵێکی پڕ لەدەستکەوت بوو بۆ من، زۆر شت فێربووم، ئەزموونی زۆری دیکە فێربووم و لە زۆری دیکەش تێگەیشتم، بەڵام لە هەموویان گرینگتر من و مامۆستا هلال توانیمان دوو تاقیگەی گەورە بۆ پەرستاری دابمەزرێنینن ئەوانیش لابەکانی (ئەدەڵت و فەندمێنتاڵ) بوون بە هەموو کەل و پەلەکانییەوە و ڕێکخست و وەرگرتن و دانانیشیاننەوە.

ساڵی دووەم، لەم ساڵەدا پۆلێکی دیکەی قوتابییان کە ژمارەیان چل قوتابیی بوو، هاتنە قۆناغی یەكەمی بەشەكەمان، لەم ساڵەدا زۆر شت گۆڕا، دکتۆر شوکر دەستی لە سەرۆک بەشی کێشایەوە، بەو پێیەی بەڕێزیان قوتابیی ماستەری هەبوو و کاروباری دیکەی هەبوو، لە پاش ئەو، دکتۆر دارا بەننا پۆستەکەی گرتەدەست ( بەڕێزیان وەک دکتۆر شوکر مامۆستام بوون لە کاتی خوێندنی زانکۆ)، هەر کە ئەو هات زۆر شتی گۆڕی و یەکەم کار کە کردی کۆبوونەوەی بوو لەگەل من و مامۆستا هیلال و مامۆستا مەڕال و مامۆستا زەینەب بۆ دەستخستە سەر برینەکان و چارەسەرەکردنیان و کارکردن بۆ زیاتر پێشخستنی بەشەکەمان، رێنماییمان بۆ زۆر شت دانا، دیارترینیان دانانی رێنمایی و دروستکردنی کتێبێکی ڕێبەری بۆ ڕێکخستنەوەی ڕاهێنانی هاوینەیی قوتابیانب بوو ((Internship Program Handbook کە تا ئێستاش کاری پێ دەکرێت، هەروەها ڕێکخستنەوەی کلینیک و نەخۆشخانەکان، و منی وەکو بەرپرسی یەکەم بۆ کلینیک و نەخۆشخانە دانا، هەر ئەو ساڵە توانیمان گرێبەست لەگەڵ نەخۆشخانەی (پاکی) بکەین تا قوتابیانمان بتوانن سودمەندبن لە وانە پڕاکتیکییەکان.

پاشان پێشنیارم کرد کە قوتابییە سەرکەوتووەکان خەڵات بکەین، بە خۆشحاڵییەوە دکتۆر دارا قبوڵی کرد و لە ئاهەنگێکی خنجیلانەدا قوتابییە یەکەمەکان و چالاکترین قوتابیی ساڵ خەڵاتكران. بەشەكەمان سێ ساڵ بوو كرابۆوە، ئەو خەڵاتكردنەش یەكەمین جار بوو لە بەشەكەمان ئەنجام بدرێت.

و لەهەمان ساڵدا دوو مامۆستای بەڕێز هاتنە ناو خێزانی فاکڵتی پەرستاری، مامۆستا شەیما کامەران و مامۆستا ئیسماعیل بوون، ئەوەش بڕێکی زۆر لە ئەرکەکەمانیان کەمکردەوە، بەو پێیەی ڕێژەی قوتابیانمان زۆر زیادی کردبوو.

ساڵی سێیەم، بەداخەوە ڕێژەی قوتابیانمان زۆر کەمی کرد کە تەنها بیست و هەشت قوتابی بوون، بەڵام بیست و هەشتی گوڵبژێر بوون، قوتابی زۆر زیرەک و دانایان تێدابوو، هەموویان زۆر بەڕێز و خۆشەویست بوون لەلای هەموو مامۆستایان.

بەداخەوە هەر لەو ساڵەدا مامۆستا شەیما ماڵئاوایی لێ کردین، چونکە ئۆفەرێکی تری بۆ هات، بەڵام سێ مامۆستای نازدارمان وەرگرت ئەوانیش مامۆستا شەیما شەهاب و مامۆستا ڕێناسی برادەرم، بێگومان پاش دەرچوونی یەکەم خول لە کۆلێژی پەرستاری قوتابی یەکەم لەسەر هەموو قوتابییان مامۆستا حنان ئازاد یشمان وەرگرت، ئەو كات لە عمرە بوو لە مەککەی پیرۆز كە هەواڵەكەم پێ گەیاند.

گەورەترین دەستکەوتی من لەم ساڵەدا ئەوە بوو کە توانیم ببمە ئەندامی لیژنەی داپێدانانی نێودەوڵەتیی بۆ فاکڵتی پەرستاری (لیژنەکە تەنها لە من و د. دارا پێكهاتبوو)، هەرچەندە ئەوە بۆ من زۆر زەحمەت بوو، و سەرەتا قبوڵم نەکرد، بەڵام د. دارا زۆر پاڵپشتم بوو زۆر یارمەتیدام (هەرگیز لە چاکەی ئەو دەرناچم)، پاش پڕۆسەیەکی دوور و قوڵی دوو ساڵی، سوپاس بۆ خوا لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٤ توانیمان بڕوانامەی باوەڕپێکردن لە ئەوروپا و ئەمریکا بە دەست بێنین، بێگومان پشکی شێری ئەم پڕۆسەیە بۆ د. رشا القبانی دەگەڕیتەوە کە بەڕێزیان سەرپەرشتیار و بڕیاردەری ئەم پڕۆسەیە بوو.

ساڵی چوارەم، لەم ساڵەدا سەرەڕای چاوهەڵهێنانی کوڕە شیرینەکەم و وەچەرخانێکی دیکە بۆ ژیانم و بەردەوامیم لە وانە و کلینیکەکان، دەستم بە خوێندنی ماستەر لە زانکۆی هەولێری پزیشکی بەشی پەرستاری فریاکەوتن کرد، کە یەكێك بوو لە خولیاكانم، بێگومان ئەمەش لۆدێکی زۆر و ماندووبوونێکی لە ڕادەبەدەر بوو بۆ من، سێ کار لە یەک کاتدا، بەڵام ئەگەر مرۆڤ نییەتی باش بێت و هەموو کارەکانی بە ناوی خودا بێت بێگومان هەموو شتێک ئاسان دەبێت.

ساڵی یەکەمی ماستەرم تەواو کرد و ئێستا خەریکی ئەنجامدانی تویژینەوەم بۆ ساڵی دووەم، بەڵام سوپاس بۆ خودا هەواڵم پێگەیشتوە کە بە گرێبەست لەو زانکۆیەی کە لێی دەخوێنم، وەرگیروام، بۆیە وا پێویست دەکات ئیتر ئەم دەفتەری تیشکە دابخەم و لەلایەکی تر سەرهەڵبێنم و دەستپێبکەم، بەڵام زانکۆی تیشک بۆ من تیشکی ئەو خۆرەبوو کە بەرچاومی بۆ دونیایی ئەکادیمی و زانستی ڕوونکردەوە، هەلی زۆر باشی بۆ ڕەخساندم و منیش زۆر بەدڵسۆزی و بەوپەڕی تواناوە کارم بۆی کرد.

ئێستا کە بەجێیدێڵم چەند شتێک هەن دڵگرانم دەکەن، یەکەمیان ئەو ستاف و مامۆستایانەی کە لەگەڵیان کارم دەکرد، لەم دواییانە قوتابییەکی دیکەی خۆم بوو بە مامۆستا (مامۆستا محەمەد هەرێم)، هەروەها قوتابییە خۆشەویستەکانم کە هەریەکەیان بۆ من لایەکی ژیانیان پیشان دەدا، لەگەڵ هەندێکیان ئەوەندە نزیک بووین کە ئیتر وەکو خوشک و برا بووین، هەموویانم خۆشدەوێت، بەڵام هەرکەس بە پێی خۆی و بەپێی بەرکەوتنمان لە ژیانی رۆژانەی ناو زانکۆ.

هیوام وایە هەموو قوتابییەکانم ئەم نوسینەی من بخوێنەوە، گەڕانێک بکەن بە ناو چوار ساڵی ئەزموونی مامۆستاكەیاندا.