تاقیكردنەوە

هێرۆ ئیسماعیل عارف

“ئەگەر ویستت خوێنەری بابەتەكانت زۆر بن، لە بەشی سەرەوەی بابەتەكەت بنووسە (ئابڕووبردن) “ نووسەرێكی بیانی

رۆژێكیان ڤیدیۆیەكی خۆم لە سۆشیال میدیادا بڵاوكردەوە. لە تۆمارەكەدا باس لەوە دەكەم كە ماوەیەكی زۆرە لە هاوڕێیانی پێگەكان دووركەوتوومەتەوە، چونكە خەریكی جوانكاری بووم، گوایە هەندێك گۆڕانكارییم لە شێوەی رووخساری خۆمدا كردووە. بەهۆی ئەو فلتەرانەی ئێستا لە ئەپلیكەیشنەكانی سۆشیال میدیادا هەن، بەتایبەتی فیلتەرەكانی سناپ چات، گۆڕینی شێوەی رووخسار بۆ شێوەیەكی تر، ئاسان بووە، بۆیە منیش یەكێك لە فیلتەرەكانی سناپ چاتم بەكارهێنا.

ئەوەی راستی بێت، هۆكاری بڵاوكردنەوەی ئەو ڤیدیۆیەم بۆ تاقیكردنەوەیەك بوو، دەمویست بگەم بە ئەنجامێك، و نەدەكرا تاقیكردنەوە بە پرسیاركردن لە خەڵكانیك بكەم، چونكە بەداخەوە ئێمەی كورد كاتێك پرسیارمان لێ دەكرێت، ئەوەی لە دڵماندایە، لەسەر زمانمان نیە، بەڵكو هەموو هەولێك دەدەین جۆرێك لە خۆدزینەوە، و جۆرێك لە فەلسەفەهێنانەوە، و جۆرێك لە زێدەڕۆیی لە دەربڕین، و جۆرێك لە خۆزاڵكردن بەسەر بابەتەكاندا، بەكاربێنین “بێگومان بن لەوەی هەموو ئەو جۆرانەی ئاماژەم پێكردن، لە هەستكردن بە كەم و كورتی (نقص)ەوەیە”. ئینجا بۆیە تاقیكردنەوەكە بە  گرتە ڤیدیۆیەك كردم و دەلێم:

هاوڕێیانی ئازیز، ماوەیەكی زۆرە دەرنەكەوتووم، ئەوەی راستی بێت هەندێك سەرقاڵی جوانكاری بووم “لەو كاتەدا دەست لە لووت و دەمم دەدەم، بۆ ئەوەی بڕوا بكەن فیلتەر نیە، چونكە زۆربەی فیلتەرەكان لەكاتی جووڵەكردندا، لەسەر رووخسار نامێننەوە“. بەهەرحاڵ لەسەر قسەكانم بەردەوام بووم، گوایە دڵم بە گۆڕانكارییەكانم خۆشە، و دوایین قسەم ئەوە بوو كە، ئیتر نازانم رای بینەران چی دەبێت.

وەكو وتم من تەنها بۆ گەیشتن بوو بە ئەنجامێك، ئەویش بەراوردكردنی كاردانەوەكان بوو، واتا پیاوەكان چۆن دەڕواننە ئەو بابەتە و ئافرەتەكانیش چۆن تێدەفكرن.

بۆ رۆژی دواتر ڤیدیۆیەكی دیكەم بڵاوكردەوە، تیایدا سوپاسی هەمووانم كرد، بە تایبەتی ئەوانەی نامەیان ناردبوو، چونكە بەراوردەكەم لەرێی نامەكانیانەوە پێ گەیشت، كە بەم شێوەیە بوو:

  • رێژەی نامەی پیاوەكان زیاتر بوو لە ئافرەتەكان.
  • سەبارەت بە بڕواكردن بە جوانكارییەكەم رێژەی پیاوەكان زیاتر بوو لە ئافرەتەكان.
  • سەبارەت بە تەماشاكردنی ڤیدیۆكەم و ئاڵوگۆڕكردنی لە نێوان خەڵكدا، زۆرترین بینەری هەبوو.
  • سەبارەت بەوەی كێ بوون لە نێوان خۆیاندا بڵاویان كردەوە، ئەوە بابەتێكی دیكەیە و لە كۆتاییدا ئاماژەی پێ دەدەم.

بە كورتی…

پیاوەكان هەموویان پیرۆزیاییان كردبوو. ئەمە چیمان پێ دەلێت:

پیاوەكان خۆش باوەڕن! یان حەزیان لە جوانكارییە بەڵام نایدركێنن؟ یاخود تەنها حەزیان لە (مجاملة)یە بۆیە نامەیەكی سادە و ساكاری پیرۆزباییان نارد!

بەپێی ئەو تەمەنەی كە بردوومەتە سەر، دەتوانم بڵێم هەرسێ ئەگەرەكە تەواوە، بۆ؟

چونكە پیاو زۆر دیقەتی گۆڕانكارییەكان نادەن، بەتایبەتی ئەگەر سادە و ساكار بێت. ئەم دیقەت نەگرتنەشیان زۆرجار كێشەی گەورەی لە نێوان ژن و مێرد، یان دوو خۆشەویستدا دروست كردووە… ئیتر چی بكەین، خودا وەها خەڵقی كردوون.

بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پیاو زۆربەیان ئەوە نادركێنن كە حەزیان لە جوانكارییە، چۆن؟

من ئەم قسەیە ناكەم بۆ ئەوەی ئافرەتان هان بدەم جوانكاری بكەن، چونكە ئەگەر جوانكارییەك بۆ ئەوە نەبێت ئافرەتەكە زیاتر بڕوای بەخۆی بێت، ئەوا نابێت بۆ رازیكردنی رەگەزی بەرامبەریشی گۆڕانكاری لە خۆیدا بكات، بەڵام كە دەڕوانمە تێڕوانینی پیاو بۆ ئافرەتەكەتانی جوانكارییان كردووە، بەتایبەتی ئەوانەی دەستكارییەكانیان جوانتری كردوون، نەك ئەوانەی خۆیان تێكداوە، هەستێكی خۆشیان هەیە. كێ لە ئێمە حەز بە شتی جوان ناكات؟ چ جای شت و مەك نەبێت، بەڵكو كەسێكی جوان بێت! كەواتە پیاوەكان حەزیان لەو جوانكاری و گۆڕانكارییانەیە كە ئافرەتەكان لە خۆیاندا دەیكەن، ئەگەر نەشیدركێنن.

پیاو حەزی لە (مجاملة)ی ئافرەتە!

بۆ ئەمەیان شتێكی وەها ناڵێم، تەنها ئەوە دووبارە دەكەمەوە، رێژەیەكی زۆری پیاوەكان پیرۆزباییان لێ كردم!

سەبارەت بە خاڵی دووەم بۆ بەراوردكردن لە نێوان بڕواكردنی ئافرەتەكان و پیاوەكان بۆ جوانكارییەكەم:

دەگێڕنەوە كە رۆژێكیان ئافرەتێكی شۆفێر دەیوست ئۆتۆمبێلەكەی بۆ دواوە واتا (باگ) لێبخوڕێت بۆ ئەوەی لەو پەنایەی كە داینابوو، دەریبكات. بەهەرحاڵ لەو كاتەدا كە بەرەو دواوە لێدەخوڕێ، خۆی بە ئۆتۆمبێلێكدا دەكێشێت، كە دێتە خوارەوە بە شۆفێری ئۆتۆمبێلەكە كە پیاوە دەلێت:

توخوا بمبوورە كاكە گیان، باوەڕ بكە نەمبینیت!

لە وەڵامدا پیاوەكە پێ دەلێت:

بۆ تاڵەمووی سەرشانی مێردەكەت دەبینی، بۆ ئەم ئۆتۆمبێلە گەورەیە نابینی!

وەڵامی پیاوەكە تا رادەیەك لەجێی خۆی بوو، بەڵام ئەو لەوە غافڵ بووە كە ئافرەت بۆ هەر شتێك كە هەست بكات موڵكی خۆیەتی، یاخود پەیوەست بێت بە هەست و سۆزییەوە، یاخود لە دوور یان نزیك پەیوەندی بە ئافرەتانەوە هەیە، وردەكارییەكانیشی لەبەر دەكات. كەواتە ئۆتۆمبێلێك ئەوەندە لای ئەوان گرنگ نیە بەقەد ئەو تاڵە مووەی سەر شانی هاوسەرەكانیان یان خۆشەویستەكانیان، چونكە بە موڵكی خۆیانی دەزانن.

لەو تێڕوانینەوە دەلێم، لەبەر ئەوەی ئافرەت جۆرێك لە ئیرەیی بەرامبەر بە ئافرەتی تر لە ناخیدایە، هەر ئەوەش وای لێ دەكات بنواڕێتە درشت و وردی ئافرەتی دیكە، ئینجا ئەو ئافرەتەی تر كەسی نزیكی بێت، هاوڕێی بێت، یاخود بێگانەیەك بێت لە شوێنی كارەكەی بیبینێت، یان كەسێكی ناسراوە و هیچ پەیوەندییان بە یەكەوە نیە، بەڵام ئەم لەجێی خۆی ئیرەیی پێ دەبات و هەموو (تفاصیل)ێكی ئەو ئافرەتە بەناوبانگەی لەبەركردووە.

وەڵامی ئافرەتەكان لە %98ی ئەوەبوو كە فیلتەرم بەكارهێناوە، جوانكاریم نەكردووە.

سەبارەت بە خاڵی سێیەم كە باس لە تەماشاكردنی ڤیدیۆكەم و ئاڵوگۆڕكردنی لە نێوان خەڵكدا دەكەم و دەلێم زۆرترین بینەری هەبوو…

بەو پێیەی كە پێگەكانم لە سۆشیال میدیادا گشتی (poblic)ن، كاتێك ستۆرییەك دادەنێم، دەبینم كە چەند كەس لەوانەی وەرمگرتوون و ئەوانەی هاوڕێم نین و تەنها تەماشاكارن، تەماشای ستۆرییەكانمیان كردووە.

مرۆڤ بە گشتی بوونەوەرێكە زۆر حەزی لەوەیە زانیاریی لەبارەی خەڵكانێكەوە وەرگرێت، زیاتر لە زانیاریی گشتی كە سوودی بۆ ژیانی هەبێت، چۆن؟

ئەوەندەی كەسایەتییەكانی سۆشیال میدیا لایك و فۆڵۆیان هەیە، نیو ئەوەندە پێگەكانی پەیوەست بە ژیان لایك و فۆڵۆیان نیە.

ئەوەندەی وێنەی كەسەكان لایك و كۆمێنتێان بۆ دەكرێت، نیو ئەوەندە بۆ پۆستێكی زانستی، رۆشنبیری، كۆمەڵایەتی ئەگەر بە وێنەش نەخشێنرابن، ناكرێت.

ئەوەندەی بابەتی (ئابڕووبردن) دەخوێنرێتەوە، نیو ئەوەندە بابەتی پەیوەست بە ژیان ناخوێنرێتەوە.

ئەوەندەی تەماشای كەسانێك دەكەن كە ئابڕووی كەسانێكی دیكە دەبەن، نیو ئەوەندە تەماشای ئەو كەسایەتییانە ناكەن كە رۆژانە لەبارەی هەموو لایەنەكانی ژیانەوە قسەدەكەن و ئامۆژگاریمان دەكەن.

ئەم قسەیەم لە هیچی خۆرایی نەكردووە، پۆستەكان و لایك و كۆمێنتەكان گەواهیدەی قسەكانمن، هەر بۆیە ئەو رۆژە كە پۆستەكەم كرد و باسی جوانكاریم كرد، رێژەی بینەرانی گەیشتە رادەیەك كە چاوەڕێی بووم، چونكە من لە خەڵكەكە تێگەیشتووم، ئەزانم حەزیان لێیە زانیاری لەبارەی خەڵكانێكی ترەوە وەرگرن، بەڵام سەیرەكە لەوەدابوو رێژەی ئەو كەسانەی كە تەنها تەماشاكاربوون لە رادەیەكی ئاسایی تێپەڕیبوو، بۆ ئەم تێپەڕینەش دەچمە شرۆڤەی خاڵی چوارەم.

لە خاڵی چوارەمدا دەلێم (سەبارەت بەوەی كێ بوون لە نێوان خۆیاندا بڵاویان كردەوە، ئەوە بابەتێكی دیكەیە و لە كۆتاییدا ئاماژەی پێ دەدەم)

ماوەی زیاتر لە چواردە ساڵ لە یەكێك لە كەناڵەكانی راگەیاندن بێژەر بووم، لە ئۆكتۆبەری 2020ەوە لە بەرەبەری كەمبوونەوەی مەترسی كۆرۆنا، دەستم لەكارەكانم لەو كەناڵە كێشایەوە. لەو كاتەوە تاوەكو ئێستا دەتوانم بلێم یەك دوو كەس بۆ هەواڵ پرسین پەیوەندییان پێوە كردووم، هەر لەدوای نەگەڕانەوەم بۆ كارەكەم، هەموو دابڕان، وەك ئەوەی چواردە رۆژ لەو دەزگایە كارم كردبێت. لەبەر ئەوەی من باش لەو خەڵكە تێگەیشتووم، بەو پەیوەندی نەكردنەشیان دڵگران نەبووم. و وەكو هۆزانڤانی بەناوبانگی ئێران خاتوو فروغی فروغزاد دەلێت: “لێرە كە ون دەبیت، لەجیاتی بەدواتدا  بگەڕێن، لەبیرت دەكەن“.

بەڵام ئەوەی لێرەدا بۆ تاقیكردنەوەكەم جێی سەرنج بوو، ئەوە بوو كە تەماشاكارانی ستۆرییەكەم راستە گەیشتبووە رادەیەكی زۆر، بەڵام زۆربەیان كارمەندانی ئەو كەناڵە بوون!

یەك شتی سناپ چات زۆر بەدڵمە، كەس نازانێت كێ هاوڕێی كێیە، ئینجا لەبەر ئەوەی كەس تا ئێستا نازانێت هاوڕێكانم، ئەوانەی لەو كەناڵەدا كاردەكەن و لە سناپ چات لەگەڵمن كێیە، پۆستەكەمیان بۆ یەكتری رەوانە كردبوو، ئیتر كە رەوانە دەكرێت و تەماشا دەكرێت، لە سیستەمی سناپ چاتدا شتێك نابینیتەوە بە ناوی سڕینەوە، یان ئەبێت لە دوای تەماشاكدرنی پۆستەكە، خاوەن پۆستەكە بلۆك بكات، یاخود ناوەكەی لەلای خاوەن پۆستەكە دەردەكەوێت و ئاشكرا دەبێت. عەرەب گوتەنی (مفیش یاما ارحمیني)

ئەو برادەرانەی ئەو كەناڵە، بە ئەركی رەوانەكردنی ڤیدیۆكەم بۆ هاوڕێ و دۆستەكانی خۆیان هەستابوون، ئەو هاوڕێ و دۆستانەی ئەوانیش بەبێ بیركردنەوە، بێ ئەوەی بلێن ئەرێ ئێمە چەند ساڵە هەواڵی ئەم خاتوونەمان نەپرسیوە، یاخود كاتێك كە لەگەڵماندا كاری دەكرد نەماندەویست سڵاویشی لێ بكەین، بۆچی ئێستا تەماشای پۆستەكانی بكەین!

نەخێر، ئەو بڕیارە لەلایەن كەسانێكی بەتواناوە دەدرێت، كەسانێك كە بڕوایان بە خۆیان هەبێت، كەسانێك كە هەستی مرۆڤایەتیان بەرز بێت، ئەگەر نا، بۆ كە پۆستی بابەتێكی رۆشنبیری یان نوكتەیەك دەكەم بۆ یەكتری رەوانە ناكەن؟ ئێوە كە گوایە لە كەنالێك كار دەكەن و وشیاری بڵاو دەكەنەوە، بۆ پۆستە سوودبەخشەكانم بڵاو ناكەنەوە؟ یان جوانكاری رووخساری كەسێك بۆ ئێوە گرنگترە؟

باش بزانن، ئەگەر كەسێك كەسایەتییەكەی لاواز نەبێت، حەز بە وەرگرتن و بڵاوكردنەوەی خاڵی لاوازی كەسانی دیكە ناكات.

تاقیكردنەوەكەم بۆ بەراوردێكی بچووكی رەنگدانەوەی نێوان پیاو و ئافرەت بوو، ئەنجامەكەی زۆر شتی دیكەشی تێدابوو كە ناتوانم لێرە بیدركێنم، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەهۆی ئێوە، ئەوانەی باسم كردن، زۆر سەركەوتوو بوو. سوپاستان دەكەم.

 

ئەم بابەتە لە بەرواری 1/3/2023 لە basnews.com  بڵاوكراوەتەوە.

https://basnews.com/so/babat/797550

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *