خوداپەرستی رێورەسمیی وخوداپەرستی مامەڵەیی (العبادة الطقوسية والعبادة التعاملية)

پ.ی. د. حسێن بالیسانی
راگری كۆلێژی یاسا – زانكۆی نێودەوڵەتیی تیشك – هەولێر

پارچە نووسێنێکی ئەدەبیی (ئۆگاریتی)م دیت کە بەر لە پێنج هەزار ساڵ بە زمانی سامی لە شاری ئۆگاریتی کۆن کە ئێستا شاری (راس شمره‌)یە لە سووریا، نووسراوە، ئەم دەقە ئێستا لە مۆزەخانەی لۆڤەر لە پاریس پارێزراوە، کە بریتییە لە دادگاییکردنێکی ئاشکرا بۆ رۆحی مردوویێک تا چارەسەریی بۆ دەستنیشان بکرێت بۆ ژیانێکی بەختەوەر و هەمیشەیی. دەقەکە بریتییە لە پرسیار و وەڵام لەنێوان بەندە و دادوەردا، گفتوگۆكە بەم شێوەیەیە:

پ١: ئەی رۆح، ئایا درۆت کرد؟  

گوتی: بەڵێ درۆم لەگەڵ هاوسەرەكەم کرد لە ستاییشکردنی جوانیی و چێشتە خۆشەکەی.

پ٢: ئایا ئاژەڵێکت ئازار داوە؟ 

گوتی: نەخێر، تەنیا چۆلەکەیەک نەبێت کە دەنگیم پێ خۆش بوو، دوو رۆژ بەندم کرد و دوایی بەرەڵام کرد.

پ٣: ئایا خوێنی هیچ ئاژەڵێکت رشتووە؟

گوتی: بەڵێ زۆر، لە کاتی قوربانیکردن، بۆ ئەوەی گۆشتەکەی بدەم بە هەژاران.

پ٤: ئایا بوویت بە هۆكاری ئەوەی کەسێک فرمێسک بڕێژێت؟ 

گوتی: بەڵێ، دایکم ئەگریا کاتێ نەخۆش ئەکەوتم. 

پ٥: ئایا ئاوی رووبارت پیس کردووە؟ 

گوتی: بەڵێ، جارێک لە کاتی ئیشکردن مەلەم تێدا کرد. 

پ٦: ئایا گوڵێک یان رووەکێکت هەڵكەندووە؟ 

گوتی: بەڵێ، کاتێ گوڵم بۆ خۆشەویستەکەم ئەبرد.

پ٧: ئایا شتێکت دزیوە هی خۆت نەبێت؟ 

گوتی: بەڵێ دڵ و خۆشەویستیی دراوسێكانم کە هاوئایینم نەبوون.

پ٨: ئایا بە هۆی پلە و پۆستەکەتەوە، فیزت بەسەر کەسێکدا لێ داوە؟ 

گوتی: خۆم بە لاوازترین کەس ئەزانم لە بەرامبەر گەورەیی خودادا. 

پ٩: ئایا لە كاتی ئاخاوتندا دەنگت بەرز دەكردەوە؟ 

گوتی: تەنیا بە دەنگی نزم و چاوی بەفرمێسکەوە، لە خودا پاڕاومەتەوە.

پ١٠: ئایا شایەدییت بە درۆ داوە؟ 

گوتی: بەڵێ، کاتێ هەڵەی دراوسێیەكم پۆشی.  

پ١١: ئایا بەرتیلت وەرگرتووە؟ 

گوتی: بەڵێ، بە منداڵەكانی خۆم دەگوت ماچم بکەن بۆ ئەوەی داواکانیان جێبەجێ بکەم.

پ١٢: گرنگترین کار كە كردبێتت چی بووە؟ 

گوتی: دەستی بێدەستان بووم، پێی ئیفلیجان بووم، باوکی بێباوکان بووم، دەستپاک بووم، گۆرانیم گوتووە، سەمام کردووە، بە دەنگی بەرز پێکەنیوم، لە ئاهەنگی دراوسێیەكدا کە ئۆگاریتی نەبوو شمشاڵم لێ داوە.  

ئینجا دادوەر دۆسێیەکەی داخست و گوتی: پیرۆزە، تۆ لە گرنگترین قۆناغ سەر کەوتیت.

روحەکە بە سەرسامی گوتی: جەنابی دادوەر تۆ لە باوەڕ و خوداپەرستی و نوێژ و رۆژووی منت نەپرسی؟ 

دادوەر وەڵامی دایەوە: ئەی رۆحی پاک، ئەمە تەنیا دەسەڵاتی پەروەردگارە، کەس ناتوانێ پرسیارت لێ بکات.

لە سۆنگەی ئەم گفتوگۆیەوە دەمەوێ روونی بکەمەوە، زۆربەی شوێنكەوتووانی ئایین، ئنجا هەر ئایینیك بێت، لە هەندێ وەرز یان بۆنە ئایینییەكاندا، خواپەرستییەکەیان زیاتر چڕ دەكەنەوە، بە رادەیەک کە پشت لە کاروبارەکانی تر ئەکەن. 

بۆ نموونە، ئەگەر فەرمانبەر بێت لەم وەرزەدا پشوو وەردەگرێت و ئەگەر لە دەوام بێت قورئان بە دەستەوە دەگرێ، گەر کاسبكار بێت، کاسبییەکەی تا رادەیەک کەم دەکاتەوە ….هتد. بێ ئەوەی ئاوڕ لە رەفتارەکانیان لەگەڵ دەورووبەریان بدەنەوە، هەر کەس بە گوێرەی شوێن و پۆست و پیشە و هەڵسوکەوتەکەی. 

تایبەت بە موسڵمانەکان، بۆ نموونە لە رۆژی هەینیی مانگی رەمەزاندا، وەرزی حەج و مانگی رەجەب، بۆ ئەوەی نموونەکە زیاتر روون بکەینەوە موسڵمانان لە رۆژی هەینی کە دەوام یان بازاڕ نیە، پاش لەخەو هەستانی بەیانیان، خۆیان ئامادە دەکەن بۆ نوێژی هەینی لە مزگەوت و زۆریان رێوڕەسمی تایبەتیان بۆ ئەم بۆنەیە دەبێت، کە جۆری جلوبەرگ و دیارکردنی مزگەوت بۆ دیداری هەندێ هاوڕێ و کەسایەتی کە لەو مزگەوتە نۆیژ دەکەن، یان گۆیڕادێران لە وتارخوێنێکی تایبەت لەو مزگەوتە…. هتد. هەروەها شوێنكەوتووانی ئایینەکانی تر بە هەمان شێوە، هەریەکە و چەند بۆنەیەکیان هەیە و هەمان هەڵسوکەوتیان هەیە. 

بۆ نموونە لە مانگی رەمەزاندا رەفتارەکانی رۆژووانانی موسڵمان بە شێوەیەکی تر ئەبێت، رۆژەکەی بەڕۆژووە و چەند لاپەڕەیەك یان بەشێك لە قورئانی پیرۆز ئەخوێنێت و شەو بۆ نوێژی عیشا و تەڕاویح ئەڕوات بۆ مزگەوتی گەڕەك یان مزگەوتێکی تر کە مەبەستی رکاتەکانە و درەنگ و زوو تەواوبوونی تەڕاویحەکەی و دەنگ و ئاوازی ئیمام لە قورئان خوێندندا و بینینی ئەو موسوڵمانانەی کە لە مزگەوتەکە نوێژ ئەکەن……هتد. 

هەندێکیان خولیای عومرەکردنیان هەیە، لە ساڵێکدا جارێک یان چەند جارێك بۆ عومرە دەڕۆن و هەندێکیان مانگی ڕەمەزان هەمووی لە مەککەی پیرۆز و زیارەتی کەعبە و کردنی نوێژەکانن و هەروەها سەردانی قەبری پێغەمبەر (د.خ) لەسەر بێ لە مەدینە ئەکەن. هەندێک لە دەوڵەمەندەکان کە سامانیان زۆرە و زەکاتیان لەسەرە، هەوڵ دەدەن لە مانگێکی عەرەبیی وەکوو رەجەب یان رەمەزاندا زەکاتەکانیان بەسەر موسڵمانە هەژار و دەستكورتەكاندا دابەش بکەن. 

گەرچی ئەمە شتێکی ڕەوایە، بەڵام هەموو شتێک نیە، بەڵکوو کارکردن لای زۆر لە زانایانی ئایینی، ئەگەر بە دڵسۆزی بێت و نییەتی رازیکرنی خودای تێدا بێت و جێبەجێکردنی کاروباری خەڵک بێت، خوداپەرستییە.

پێویستە بزانین خوداپەرستی دەکرێتە دوو بەش: خوداپەرستیی سرووتی (عبادات شعائریه‌) وەکوو نوێژ، رۆژوو، حەج و زەکات کە لە هەموو ئایینەکاندا هەیە و خوداپەرستیی مامەڵەیی (عیبادات تعاملیه‌) کە ئەمەشیان گشت هەڵسوکەوتی مرۆڤ ئەگرێتەوە، وەکوو کڕین، فرۆشتن، کارکردن، دارتاشی، ئاسنگەری، پارێزەری، پزیشکی و ئەندازیاری … هتد، بە گشتی هەموو ئەو کارانەی لە بازاڕ، لە دەزگا فەرمییەکان، لە کارگەکان یان لە هەر شوێنێکی تر ئەنجام دەدرێن و…هتد، ئەگەر بە دڵسۆزی و نییەتێکی پاک و مەبەستێکی راست و رەوا بێت، خوداپەرستییە و خودا پاداشتی ئەداتەوە.       

ئەم خاڵانەی سەرەوە تایبەتن بە موسڵمانان، بەڵام وەکوو بیستوومە شوێنكەوتووانی ئایینەکانی تر هەمان جۆر بۆنەی جیاجیایان هەیە کە تیایدا هەندێ شتی تایبەت بە خوداپەرستی ئەنجام دەدەن و سوورن لەسەری و هەوڵ دەدەن بە هیچ جۆرێک لەدەستی نەدەن، ئیتر هەر ئایینپەروەرێک کۆمەڵێک لە فەرموودەی خودای گەورە لە کتێبێکی ئاسمانیی وەکوو (قورئان، ئینجیل، تەورات و زەبوور) پێیە، یان کۆمەڵێک لە فەرموودەکانی ئەو پێغەمبەرەی کە شوێن ئایینەكەی کەوتووە، وەکوو بەڵگە بۆ کردەوەکانی ئەهێنێتەوە و باوەڕی پێ هێناوە، ئاواتیشی ئەو پاداشتانەیە کە لەو ئایەت و فەرموودانەدا هاتوون یان خۆپاراستن لەو سزایانەی بۆ ئەنجام نەدەرانی ئەم پەرستنانە هاتوون. هەروەها لەلایەن ئەو کەسانەی کە لەو ئایینانەی کە کەسانێک پێی هەڵستاون و کە سیفەتی پێغەمبەری خودایان نیە، بەڵام مرۆڤی زۆر بەتوانا و فەیلەسوف بوون و هەندێ پەرستنی سرووتییان لەنێو شوینكەوتووانیان بڵاو کردووەتەوە، وەکوو بووزییەکان و ئایینی هیندییەکان و زۆر دابونەریتی تر کە تایبەتە و ناوی ئایینییان لێ ناوە.

ئەمانەی لە سەرەوە باسمان کردن هەموویان شتی باشن و لە کتێبە ئایینییەكاندا کە خودا ناردوونی، یان پەیامی پێغەمبەران کە لەگەڵ هاوەڵەکانیان بڵاویان کردووەتەوە، هاتوون، بەڵام بۆ ئەوەی روونکردنەوە بکەین بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە پاپەندن بەو رێوڕەسمانەی کە لەسەرەوە باسمان کردن، چەند قسەیەکی د.مستەفا مەحموود پزیشک و زانای ئایینیی میسریتان بۆ ئەنووسم، بۆ ئەوەی بزانن ئایین تەنیا خوداپەرستیی سرووتی نیە و بەرامبەری پاداشتی بەهەشت و حۆری و باخ و باخات نیە، راستە ئەمانە سرووتگەلی خوداپەرستیین و بەشێکن لە ئایین و پێیان دەگوترێ خوداپەرستیی ڕێورەسمی (عیبادات شعائریه‌) و لێپێچینەوەی لەسەرە، بەڵام بەرووبەمەکەی تەواو نابێ ئەگەر بەشەكەی تر کە خوداپەرستیی مامەڵەییە (عیبادات تعاملیه‌)یە لەگەڵی نەبێت، بەڵکوو زۆر لە زانایان فەرموویانە، یەکەمیان ئامرازی ڕاهێنانە بۆ دووەمیان، کەواتە کە یەکەمیان نەبوو دووەمیان مایەپووچە. 

 

بۆیە پزیشک و زانای میسری دکتۆر مستەفا مەحموود نووسیویەتی: 

”وا خەیاڵ مەکە کە ئایین تەنیھا ئەوەیە نوێژ بکەیت و رۆژوو بگریت و قورئان بخوێنی و زەکات بدەی و حەج بکەی و شایەدومانی بدەی و بەرامبەرەکەی بەهەشت و باخ و پەری و دیدەنی خودای گەورە و شادبوون بە دیداری پێغەمبەری نازدار و هاوەڵەکانی نۆشکردنی شەرابی کەوسەر و شادبوونەوە بە دایک و باوک و گشت کەسوکار لە بەهەشت، نەخێر ئەمانە (خوداپەرستیی سرووتی و ڕێورەسمی)ن و فەرزن لەسەرت و لێپرسینەوەت لەگەڵ ئەکرێت ئەگەر کەموکورتییان هەبێت، بەڵام بەرووبوومی ئەم عیبادەتە وەرناگریت و ئامانجەکەی بەدی ناھێنیت تا ئەو کاتەی (خوداپەرستیی مامەڵەییت) دروست نەبێت و ستەم بکەیت و کەموکورتیت ھەبێ و ئازاری خەڵک بدەیت و درۆ بکەیت و جنێو بدەیت.“

پەیوەندیی فەرمی و ڕواڵەتیت بە ئایینەکەتەوە لەنێوان خۆت و خودای خۆتدایە، 

وێنەیەکی کەعبەی پیرۆز لە دیارترین شوێنی ماڵەکەت دەدەی ئەمە بەس نیە

قورئانێك لە ئۆتومۆبێلەکەت دەدەی ئەوەش بەس نیە

ئایەتێکی قورئان کە بە دیواری دووکانەکەتەوە ھەڵواسراوە، بەس نیە 

تەسبیحێك لە دەستت، بەس نیە 

سی جار بچیتە عومرە، بەس نیە 

لەسەر بەرماڵی نوێژ ٧٠ ھەزار جار راوەستیت، بەس نیە

ئایین راستی و دروستییتە 

ئایین ھەڵسوکەوت و پەیوەندییتە

ئایین بەزەییە

ئایین راستگۆییتە

ئایین دادپەروەرییە

ئایین پەروەردەکردنی منداڵەکانتە 

ئایین باشبوونە لەگەڵ دایك و باوکتدا 

ئایین چاکەکردنە بۆ هاوسەرەكەت 

ئایین پاراستنی زمانتە لە قسەی بەد

ئایین پاراستنی چاوەکانتە 

ئایین پاكوخاوێنیتە

ئایین جوانی و باشیی ھەڵسوکەوتتە لەگەڵ کەسانی دیکە 

ئایین ھەمووی رەوشتە

پێغەمبەری ئیسلام دروودی خوای لەسەر بێت، دەفەرمووێت: ”خۆشەویسترتان و نزیکترتان لە من لە رۆژی قیامەت، باشترینتان دەبێت لە رەوشتدا“ هەروەها فەرموویەتی: ”کێ خۆشەویستترین کەسە لای خودا؟ فەرمووی: خۆشەویستترین کەس لای خودا بەسوودترین کەسە بۆ خەڵک، خۆشەویستترین کردەوەت لای خودا ئەوەیە خۆشی بخەیتە دڵی موسڵمانێکەوە، ناخۆشییەکی لەسەر لابەریت، قەرزێکی لەجیاتی بدەیتەوە، یان برسێتی لەسەر لابەری، ئەگەر بۆ کەسێک بۆ جێبەجێکردنی کارێک بکەویتە رێگایەک، زۆر لام خۆشترە کە یەک مانگ لە مزگەوتەکەی خۆم ئیعتیكاف بکەی و یەکێک كینەیەک دەرنەخات لە کاتێ كە پێویست با دەری بخات، خودا دڵی پڕ دەکات لە رەزامەندی، ئەگەر بۆ کاری کەسێک بڕوات هەتا بۆی جێبەجێ بکات، خودا رۆژی قیامەت پێیەکانی جێگیر دەکات، کاتێ پێی خەڵکی تر دەخزێ…“ فەرمووی: ”ئەی عەلی: ئایا باشترین رەوشتی دونیا و قیامەتت پێ بڵێم؟ گوتی: بەڵێ ئەی پێغەمبەری خودا، فەرمووی: بڕۆ لای ئەو کەسەی کە نایەتە لات، خێر بدە ئەو کەسەی کە نایدا بە تۆ، ئەو کەسە ببوورە کە ستەمی لێ کردوویت.“    

و ئەگەر بتەوێ پێناسەی موسڵمان بزانیت، بنواڕە ئەو فەرمایشتەی پێغەمبەر (د.خ) کە ئەفەرمووێت: ”موسڵمان ئەو کەسەیە کە خەڵک سەلامەتە لە دەست و زمانی.“ لێرەدا دەبێ تێبینیی ئەوە بکەین فەرموویەتی: ”بۆ خەڵک“ نەک تەنیا بۆ موسڵمان، کەواتە سوودت بۆ هاوئایینەکانت و پێڕەوكارانی ئایینەكانی تر و بۆ بێباوەڕەکانیش، بۆت بە چاکە هەژمار ئەکرێت.

ئیتر هەتا رەمەزانێكی تر و جەژنێکی تر، یان تا ژمارەیەکی تر لە گۆڤاری (شایان) خوداتان لەگەڵ.

     

     

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *