تیۆرێكی دەگمەن

ئازاد عوسمان حەمەد 

قۆناغی چوارەم

بەشی پەرستاری – زانكۆی نێودەوڵەتیی تیشك – هەولێر 

 

پەرتووكی (تیۆری فستق) كە لە نووسینی (فەهد عامر ئەلئەحمەدی) و وەرگێڕانی (ئاودێر ئەحمەد قەمتەرانی)یە، بەرگی یەكەمیم خوێندۆتەوە، ئەوەی راستی بێت چەند وتەیەكی جوانی نووسەری ناوداری ئەمریكی (ستڤن كۆفی) تێدا بوو، لەلای من پڕ مانا و سەرنج راكێش بوون، هاوڕای ئەو وتانە بووم، بۆیە پێم خۆش بوو ئێوەش لەگەڵم بەشداربن. وەك چۆن كەوتنە دڵمەوە و سوودم لێ وەرگرتن، هیوادارم بۆ ئێوەش سوودبەخش بن.

١. ئەگەر چاکە ئەنجامبدەی خەڵکی بەوە تۆمەتبارت دەکەن کە دەستی شاراوەت لەپشتە، بۆیە لەهیچ بارێکدا لە ئەنجامدانی چاکە مەوەستە.

٢. ڕاستگۆیی وات لێدەکات کە خۆشەویست نەبیت و هەمیشە ئامانج بیت بۆ ڕەخنە، بەڵام تۆ هەمووکات ڕاستگۆبە.

٣. ئەو کەسەی بیرۆکەی گەورە هەڵدەگرێت، کەسانی زۆر سووک و گەمژە دەبنە بەربەست بۆی، بەڵام تۆ لەهەر حاڵێکدا بوویت بیرۆکەی گەورە دروست بکە.

٤. ئەوکاتەی دەگەیتە سەرکەوتن، چەند هاوڕێیەکی ساختە و چەند دوژمنێکی ڕاستەقینەت بۆ دروست دەبێت، بەڵام هەرچۆنێک بێت تۆ هەوڵی سەرکەوتن بدە.

٥. کەسانی دەوروبەرت نالۆژیکین، جگە لە بەرژەوەندییەکانی خۆیان هیچیان لا گرنگ نییە، بەڵام هەرچۆنێک بێت خۆشت بوێن.

٦. ئەو کۆشکەی بەچەندین ساڵ دروستی دەکەیت، ڕەنگە بەچەند چرکەیەک لەناوبچێت، بەڵام هەرچۆنێک بێت کۆشکەکە دروست بکە.

٧. ئەوەی ئێستا پێویستیی بەیارمەتی تۆیە، دواتر لۆمەت دەکات لەسەر کەم و کورتیت، بەڵام هەرچۆنێک بێت تۆ یارمەتییان بدە.

٨. خەڵکی کەسانی لاوازیان خۆش دەوێت، ڕێزیش لەبەهێزەکان دەگرن، بەهەرحاڵ تۆ لەگەڵ لاوازەکاندابە.

٩. ئەگەر باشترین شتی خۆت بەجیهان ببەخشیت،  لەبەرامبەریدا خراپترینت پێدەبەخشرێتەوە، هەرچۆنێک بێت باشترین شتی خۆت پێشکەش بەجیهان بکە.

١٠. ئەو چاکەی ئەمڕۆ تۆ ئەنجامی دەدەیت، خەڵکی بەیانی لەیادی دەکەن، لە هەموو حاڵەتەكاندا تۆ هەمیشە چاکە ئەنجامبدە.

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *