تەنیایی و تازەگەری

 

 

 

كارۆ كاوە

 

”دەشێت وڕێنەكانی ئەمڕۆ، حەقیقەتەكانی سبەینێ بن“… ڕۆڵان بارت

هەموو تازەگەرییەك وەكو تاوان و شتێكی ئاڵۆز دەردەكەوێت لە سەرەتادا، تازەگەری لادانە لە مانای كۆنكرێتی و یەقین، بەڵام لە هەمان كاتدا تەقاندنەوەی بەردەوامی مانایە، لە تازەگەریدا ڕاستیی رەها بوونی نیە، هەر ئەزموونێك ڕاستی و چێژ و مانایەكی تایبەت بە خۆی دەبەخشێت، كە دواجار دەبێت جێی بهێڵین بۆ ڕاستی و چێژ و مانایەكی دیكەی ژیان

هیچ تازەگەرییەك نیە بەبێ گوناهی گەورە، تازەگەریی خاوێن و بێگوناه بوونی نیە، بەڵكوو دەبێ هەمیشە جۆرێك بێت لە تاوان دەرهەق بە مانا كۆن و عەقڵیەتە ڕزیوەكانی پێشوو، بەمەش ڕاستەوخۆ تازەگەری ڕووبەڕووی عەقڵیەتی نەوەی كۆن دەبێتەوە و تاوانبار دەكرێت بەوەی كە لە ڕێڕەوی پێش خۆیان لایانداوە

تازەگەری بەرەنجامی تێكست و گەڕانە بەناو ئەزمووندا، بەداخەوە لە كۆمەڵگای ئێمەدا گەڕانەوە بۆ تێكست بۆ ناسینی دونیا، گەڕانەوەیەكی لاواز و سەتحیانە بووە، ئەمەش وای كردووە پێگەی كتێب لە دونیای ئێمەدا پێگەیەكی نزمی هەبێت و خوێندنەوە نەبووبێت بە كارێكی دەستەجەمعی و تەنیا لە ئاستی تاكەكەسدا مابێتەوە، لەسەر ئاستی تاك، ئێمە خاوەنی قەڵەم و تێكستی وەكو نالی و حاجی قادری كۆیین، كە هەر بە پێ نیوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەڕاون و لە ئەزموونی تاكەكەسیی خۆیانەوە، تێكستی وایان نووسیوە كە تا كورد بمێنێ شانازییان پێوە بكات، نالی و حاجی و هاوشێوەكانیان دژی كۆن و لەگەڵ تازەگەریدا بوون، بۆیە كەوتنە بەر نەشتەری زمانە تیژەكان و ئازار دران، بەڵام ئەوەی مایەوە ناوی ئەوان بوو نەوەك عەقڵە دۆگماكان

لێرەدا بۆمان دەردەكەوێت كە كەسانی تازەگەر لە ژوورە تەنیاكانیانەوە دەست بە شۆڕشەكانیان دەكەن، لە تەنیایی ناترسن و دەیكەنە هاوڕێی ژیانیان و لێوەی فێری داهێنان و تێگەیشتنی زیاتری ژیان دەبن

زۆرینەی تاكی ئێمە وا فێر كراوە كە تەنیایی شتێكی خراپ و بێسوودە، بێئاگا لەوەی كە زۆرینەی ئەو تەكنەلۆژیا و ئامێرانەی بەكاری دەهێنن زادەی بەرهەمی تەنیایی داهێنەراكانیان بووە، نێڵسۆن ماندێلا ٢٧ ساڵ خرایە زیندانی تاكەكەسیەوە، بەڵام نەڕووخا، بوو بەو كەسەی كە خەباتی دژە ڕەگەزپەرستی لە ئەفریقای باشوور سەر خست و بوو بە یەكەم سەرۆكی ڕەشپێستی وڵات، هەروەها دوای ئازادبوونی خەڵاتی نۆبڵی بۆ ئاشتی پێ درا

بۆ زانینی بەهای گەڕان و ئەزموون و تەنیاییش، دەبینین كاتێك ڕۆشنگەری سەر هەڵدەدات، ئەوا مرۆڤ بەرەو دەرەوەی ماڵ و نانیشتمان دەبات، وەك دیاریشە كە ڕۆشنگەری هاوشانە بە دروستكردنی كەشتی و شەمەندەفەر و ئۆتۆمبێل، ئەمانەش ئامرازی گەورەی جووڵەن، لە سەرێكەوە ڕۆحی دۆزینەوە و گەڕان لە ئینساندا گەورە دەكەن، لە سەرێكی دیكەوە ڕۆحی بێماڵی و غەریببوون. ئەمەش پێمان دەڵێت تازەگەراكان گەڕۆكن، كەسانێكن ناتوانن لەناو یەك كتێب و یەك بیرۆكە و یەك ڕاڤەكردندا نیشتەجێ بن، ناتوانن هەموو ژیانیان بدەنە دەستی یەك پرسیار و لەبەردەمیاندا تا ئەبەد دانیشن

لە یەك كاتدا سەفەری مانا و سەفەری جوگرافیان پێكەوە كردووە لە تەنیاییدا، چونكە سەفەری تەنیا، زادەی ویستی ئیرادەیە، بە پێچەوانەی سەفەری بەكۆمەڵ كە ویستێكی غەریزەیی لە پشتەوەیە و دوورە لە داهێنان

سەرچاوە

١- كتێبی (فیكر و دونیا)

 

 

 

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *