خاكی كوردستانی گەورە چۆن دابەش كرا؟

پێشەکی

کورد نەتەوەیەکە خاوەنی مێژوو و جیۆگرافیا و زمان و فەرهەنگ و دابونەریتی تایبەت بە خۆیەتی و هەزاران ساڵە لەسەر خاکی خۆی دەژی. لەو ماوەیەدا پابەندی بنەماکانی لێبووردەیی و پێکەوەژیان بووە و جێگەی شانازییە کە فەرهەنگی پێکەوەژیان لەگەڵ نەتەوە و ئایینەکانی تر لەناو گەلی کورددا ڕەگ و ڕیشەی قووڵ و مێژوویی هەیە. لە پێنجسەد ساڵی ڕابردوودا نەتەوەی کورد توانیویەتی لە زۆر هەوڵی تواندنەوە و لەناوبردن خۆی ڕزگار بکات

پێنج سەدە بەر لە ئێستا، وڵاتی کورد بەسەر دوو ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی و سەفەویدا دابەش کرا و دوای یەکەم شەڕی جیهانییش، بەبێ ویستی خۆی، کورد بەسەر چوار دەوڵەتدا دابەش کرا. ئەم دابەشبوونە بارودۆخێکی جیۆسیاسیی زۆر ئالۆزی دروست کرد

بەداخەوە لە هیچ پارچەیەک دان بە مافە ڕەواکانی کورد نەنرا و نکۆڵی لە هەبوونی کرا. لە ئەنجامی ئەم سیاسەتە چەوتەشدا، ململانێیەکی دوورودرێژ هاتە کایەوە کە نە حکوومەتەکان توانییان گەلی کوردستان لەناو بەرن و نە کوردیش توانی ئەو ڕژێمانە بڕووخێنێ. لەمەدا زەرەرمەندی سەرەکی، گەلانی ناوچەکە و ئاشتی و سەقامگیری بووە و خوێنێکی زۆر ڕژا. ئەم واقیعە ناتەندروستە پێمان دەڵێت، دەبێ هەردوو لا بە خۆیاندا بچنەوە. لەبری شەڕ و نکۆڵیکردن بیر لە چارەسەری دیموکراتی و ئاشتییانە بکەنەوە

بە حوکمی ئەو واقیعەی لەم سەد ساڵەدا دروست بووە، هەر پارچەیەک لە کوردستان تایبەتمەندیی خۆی پەیدا کردووە، ناشکرێت کێشە و چارەسەرەکانی هەر پارچەیەک، ببێتە نموونە بۆ پارچەکانی تر. دەبێ کێشەی هەر پارچەیەک بەپێی تایبەتمەندییەکانی خۆی و بارودۆخی خۆی لە چوارچێوەی دیالۆگ و ئامرازی ئاشتیانە و دیموکراتیانەدا چارەسەر بکرێت. کوردستان مێژووەکەی کۆنە و دەگەڕێتەوە بۆ ٥٠٠٠ ساڵی پێش زایین، کورد خاکی کەسی داگیر نەکردووە و خۆیان ئاوەدانیان کردووەتەوە، بۆ مانەوەی لەسەر ئەم خاکە بەدرێژایی مێژوو خوێنی ڕشتووە، هەمیشەش زلهێزەکان و ئیمپراتۆریەتەکان خاکی وڵاتانی تریان لەنێوان خۆیاندا دابەش کردووە، کوردەکانیش ڕووبەڕووی چەندان شەڕ بوونەتەوە، بۆ نموونە ئەسکەندەری مەقدۆنی هێرشی ڕۆمانەکان و بێزەنتییەکان و هۆلاکۆ و عەرەب و بڵاوكردنەوەی ئایینە جیاوازەكان، گەورەترین گورز کە بەر کورد کەوتبێت دابەشکردنی بوو لەنێوان سەفەوییەکان و عوسمانییەکاندا

دابەشبوونی کوردستان

لە شەڕی چاڵدێراندا کە لە ١٥١٤ز لەنێوان هەدوو ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی و سەفەویدا ڕووی دا، کوردستان بووە گۆڕەپانی شەڕی نێوان ئەو دوو ئیمپڕاتۆریەتە. ئەنجامەکەی دابەشبوونی خاکی کوردستان بەسەر ئەم دوو  ئیمپڕاتۆریە و پەرتەوازبوونی نەتەوەی کورد بوو. دواجار لە ساڵی ١٦٣٩ دا هەردوو ئیمپڕاتۆریی ئێرانی و عوسمانی، لەژێر ناوی پەیمانی زەهاودا لە شارۆچکەی سەرپێلی زەهاو، پەیمانی دابەشکردنی کوردستانیان مۆر کرد. بەم پێیە سێ لە چواری خاکی کوردستان چووە ژێر دەستەڵاتی عوسمانییەکان و یەک لە چواریش کەوتە ژێر دەسەڵاتی ئێرانییەکانەوە. بەڵام ئەو دابەشکاری و زۆردارییە بە مانای ئەوە نەبوو کەوا ئەم دوو زلهێزەی ئەوکات بتوانن نەتەوەی کوردیش بتوێنەوە و لەناوی بەرن. گەلی کوردستان سەرباری ئەو دابەشکردنە زۆرەملێییە، بۆ ماوەیەکی دورودرێژ توانی زمان و داب نەریتی خۆی بپارێزێ و لەڕێی سەرهەڵدان و شۆڕش و قبووڵنەکردنی ستەمکارییەوە، پارێزگاری لە ناسنامەی خۆی بکات

ئەگەرچی شۆڕش و سەرهەڵدانەکانی کورد دووچاری سەرکوتکردن دەبوونەوە، بەڵام بەرەنگاربوونەوەی زوڵم یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی مرۆڤی کورد بوو لە سەدەکانی ڕابردوودا

بەهاری ١٩٠٧ بە بەشداریی شێخ عەبدولسەلامی دووەمی بارزانی لە ماڵی شێخ نوورەددین محەمەد بریفکانی پێشەوای تەکیەی قادری لە (بریفکا) کۆبوونەوەیەک بەڕێوە چوو. لەو کۆبوونەوەیەدا، بە رێنوێنیی شێخ عەبدولسەلام بارزانی ژمارەیەکی زۆر سەرۆک هۆزی گەورەی کورد لە برووسکەیەکدا داوایان لە سوڵتانی عوسمانی لە ئیستانبووڵ کرد تا ڕێگا بدەن

١- زمانی کوردی لە ناوچە کوردییەکاندا بکرێت بە زمانی ڕەسمی و خوێندن

بە زمانی کوردی بێت

٢- قایمقام و مودیر ناحیە و کاربەدەستانی ناوچە کوردییەکان زمانی کوردی بزانن

٣- چونکە ئایینی دەوڵەت ئیسلامە، بڕیارەکانی بەپێی شەریعەتی ئیسلام دەربکرێن

٤- (باجەکانی خزمەتکردنی میر) بۆ چاککردنی ڕێگاوبان و کردنەوەی خوێندنگا لە ناوچە کوردییەکاندا خەرج بکرێن

لەو کۆبوونەوەیەدا ئامادەبوان سوێندیان خوارد داخوازییەکانیان بپارێزن و وازیان لێ نەهێنن و داوایان کرد شێخ عەبدولسەلام بارزانی لەجیاتی هەموان برووسکەکە واژۆ بکات. کاتێک دەوڵەتی عوسمانی بروسکەکەی وەرگرت ئەوی بە دەرچوون لە فەرمانی میری و داوای جیابوونەوە و جیاوازییخوازیی دانا. بەم بۆنەیەوە لە کۆتاییی ساڵی ١٩٠٧دا هێزێکی بە فەرماندەیی محەمەد فازڵ پاشای داغستانی ناردە سەریان. هیچ کام لە سەرۆک  هۆزەکان بەرگرییان نەکرد و هەموو قورساییەکەیان خستە سەر بارزان

شێخ عەبدولسەلام بارزانی فەرمانی بەرگریکردنی دا و بارزانییەکان بۆ ماوەی دوو مانگ بەرگرییان کرد. سەرئەنجام شێخ ناچار کرا ناوچەکەی بەجێ بهێڵێت. سوپای ئینگلیز هاوکات لەگەڵ هەڵگیرسانی یەکەم جەنگی جیهانیدا، خاکی عێراق و باشووری کوردستانی داگیر کردبوو. پێش ئەوەی جەنگەکە کۆتایی پێ بێت، دەسەڵاتدارە هاوپەیمانەکان زنجیرەیەک رێککەوتننامەیان لەنێو خۆدا مۆر کرد بۆ ئەوەی بڕیار بدەن ئاخۆ چۆن سەرپەرشتیی ناوچەکانی عوسمانییەکان بکەن و کامە هێزی هاوپەیمانیش دەست بە سەر کامە بەشی ئیمپڕاتۆریەتی شکستخواردووی عوسمانیدا بگرێ

هەر لەو چوارچێوەیەدا، بە مەبەستی دابەشکردنی ناوچەکانی دەوڵەتی عوسمانی مارک سایکس دیپلۆماتکاری بەریتانیا و فەڕەنسوا جۆرج پیکۆ دیپڵۆماتکاری فەڕەنسی لە بەیرووت، دوای ڕێککەوتنێکی دووقۆڵی و نامەگۆڕینەوە لەگەڵ سێرگێیی سازانۆفی وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لە شاری سانت پیتەرسبورگ کۆ بوونەوە و بڕیاریان دا بەو پلانە نهێنییەی مارک سایکس و فەڕەنسوا پیکۆ دایانڕشتبوو خاکی عوسمانی دابەش بکەن. بەم جۆرە دەوڵەتانی هاوپەیمانان ڕۆژی ١٦ی ئایاری ١٩١٦ پێشنیازەکەیان لەژێر ناوی (سایکس – پیکۆ) بۆ دابەشکردنی دەوڵەتی عوسمانی واژو کرد. لەو پەیمانەدا بڕیار درابوو ناوچەکانی ئەرزڕۆم، ترابزۆن، وان و ئەرمەنستانی عوسمانی بدرێن بە ڕووسیای قەیسەری. فەڕەنسایش هەرێمەکانی سووریا و لوبنان وەرگرێت و ئینگلیزیش ببێتە قەیوومی عێراق و ئوردن و فەلەستین

ئەو دابەشکردنەدا، کوردستانی ژێردەستی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی، کرا بە سێ بەشەوە. بەشی گەورەی خاک و نەتەوەی کوردیان وەک خۆی هێشتەوە و دوو بەشەکەی تریان بەبێ ڕەزامەندیی کورد خۆی، دابەش کرد بەسەر دوو دەوڵەتی عێراق و سووریادا کە هێشتا پێکیشنەهاتبوون

لە نیسانی ١٩٢٠ دا، هێزە هاوپەیمانەکان لە کۆبوونەوەی (سان ریمۆ)دا گەیشتنە رێککەوتنێک کە چۆن رۆژهەڵاتی ناوین دابەش بکەن. دوای ئامادەکردن و داڕشتنی رەشنووسی رێککەوتننامەکە، بە شێوەیەکی نووسراو درایە سوڵتانی عوسمانی. لە کۆتاییشدا لە رۆژی ١٠ی ئابی ١٩٢٠دا لە گوندی سیڤەری نزیک پاریس، پەیمانی ئاشتی لەنێوان هێزە هاوپەیمانەکان و نوێنەری حکوومەتی عوسمانیدا واژۆ کرا و شام و (لوبنان و سووریا)، عێراق، ئوردن، ئەزمیر لە دەوڵەتی عوسمانی جیا کرایەوە

پەیمانی سیڤەر (لە ١٠ی ئابی ١٩٢٠) مۆر کرا، بەشێکی خۆی تەرخان کردبوو بۆ گەلی کورد کە بە کوردستان ناسرابوو. لە بەندی ٦٤ی پەیمانی سیڤەردا گوترابوو: “لە ماوەی ساڵێک بە دوای ئەم پەیماننامەیەدا، ئەگەر کوردی ناوچە باسکراوەکان لە بەندی ٦٢، داوا لە کۆمەڵی نەتەوەکان بکات بۆ سەربەخۆیی و ئەگەر زۆربەی کوردەکان سەلماندیان خوازیاری سەربەخۆیین و کۆمەڵی نەتەوەکان دانی بەوەدا نا، کورد شیاوی سەربەخۆیین.”

پەیماننامەی لۆزان

پەیمانی لۆزان ئەو پەیمانەیە کە کوردستانی گەورەی تێدا دابەش کرا و بوو بە ژێردەستەی دەوڵەتە گەورەکان و زلهێزەکانی جیهان، لە رێکەوتی 24-07-1923 کۆنفرانسێکی نوێ لە لایەن دەوڵەتانی ئینگلیز و فەرەنسا و ئیتالیا و رووسیا، لە شاری “لۆزانی وڵاتی سویسرا ” بەسترا، مەبەست لە بەستنی ئەو کۆنفرانسەش، کە بە (پەیمانی لۆزان) ناوی دەرکرد، داڕشتنەوەی سەرلەنوێ قەوارەی سیاسی و جوگرافیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو. لەو رۆژەدا بوو بڕیارێکی نامرۆڤانە و دوور لە هەموو یاسا و پرانسیپێکی مرۆیی و نێودەوڵەتی، لە دژی نەتەوەی کورد درا، بەبێ ویست و ئاگاداریی نەتەوەی کورد، خاکی کوردستان و تێکڕا دانیشتوانەکەی لەنێوان هەر چوار دەوڵەتی (ئێران و عێراق و تورکیا و سووریا) دابەش کرا. پارچەی پێنجەمی کوردستانیش کە بە کوردستانی سوور ناو دەبرا، کەوتە ژێر دەستی یەکێتیی سۆڤێتەوە، دەوڵەتە کۆلۆنیالیستەکان، پاش داڕشتنی قەوارەی سیاسیی نوێ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی درێژخایەنی خۆیان لە ناوچەکەدا، دەستیان کرد بە یارمەتیدانی سەربازی و فرۆشتنی چەک و پشتیوانیکردنی سیاسی و دیبلۆماسی لەو رژێمانەی کوردستانیان بەسەردا دابەش کرابوو

لەدوای پەیمانی لۆزانەوە، راپەڕینی کوردان لەنێوان ساڵانی 1918 تا 1938 لە باشوور و باکوور و کوردستانی رۆژهەڵات، بۆ وەدەستهێنانەوەی مافی زەوتکراوی خۆیان لە لایەن دەوڵەتە داگیرکەرەکانەوە، بە دڕندانەترین شێوە بەرپەرچ درانەوە. دەوڵەتەکانی گەورەی کۆڵونیالیستەکانیش بە مەبەستی هاوکاریکردن لەو دەوڵەتانە، راستەخۆ و ناڕاستەوخۆ، پشتگیریی سەربازی و لۆجستیکییان پێشکەش دەکردن. پشتیوانیی سۆڤیەت بە سەرۆکایەتیی ستالین لە تورکیا و دژاتیکردنی شۆڕشەکەی شێخ سەعیدی پیران و رۆخانی مەملەکەتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەلیکی کوردستان (شێخ مەحموودی نەمر) بە هاوبەشیکردنی سوپای عەرەب و ئینگلیز، هەروەها رووخانی کۆماری کوردستان بە سەرۆکایەتیی پێشەوا قازی محمەد، لە لایەن سوپای ئێران و پشتیوانیکردنی ئەمریکا و ئینگلیز لە رژێمی حەمەڕەزا شا، چەند نموونەیەکی ئەو گەلەکۆمە نێودەوڵەتی و ناوچەییەن کە دەرهەق بە گەلی کورد، لە دوای بەستنی پەیمانی لۆزان ئەنجام دران

دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان پاش سەرکەوتنی جێبەجێکردنی بەندەکانی پەیمانی لۆزان لە دژی کورد سیاسەتێکی هاوبەشیان گرتە بەر و دەستیان کرد بە جینۆسایدی ئابووری و فەرهەنگی و رەگەزی و تاڵانکردنی کانزا و بەروبوومی کوردستان و دەرکردنی کورد لەسەر زێدی باووباپیرانیان، بە نیازی ئەوەی کە نەتەوەی کورد لەنێو زمان و نەتەوەی خۆیاندا بتوێننەوە و ناوی کوردستانیش لەسەر نەخشەی جوگرافیی جیهان بسڕنەوە. پەیڕەوکردنی ئەو پیلانەی کە لە پەیمانی لۆزاندا هاتبوو، لە ئاکامدا بە درێژیی کات، کاریگەریی سامناکی بۆ سەر کورد بەدواوە بوو، دەوڵەتە داگیرکەرەکان لە پاش لۆزان دەستیان کرد بە توندکردن و بەستنی سنوورەکانیان، بە دەیان و سەدان هەزار خزم و بنەماڵە لە یەکدی دابڕان. لە سایەی پەیمانی لۆزاندا، لە سووریا و تورکیا حاشا لە بوونی کورد وەک نەتەوەیەک کراو، لە عێراقیش سیاسەتی تەعریب و بنەبڕکردن و ئەنفال و جینۆسایدکردنی گەلی کورد، هەمیشە لەئارادا بوو، لە ئێرانیش هەر لە دەسەڵاتی رەزا شاوە و دامەزراندنی دەوڵەتی فارسەوە، هەموو ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ناوی کوردستانیان لەسەر لابرا و تەنیا چەند شار و شارۆچکەیەکیان ناو نا کوردستان. هەر لەسایەی پەیمانی لۆزانەوە بوو داگیرکەرانی کوردستان لەڕووی ئابووری و گەشەی پیشەسازییەوە، بەردەوام پێشیان لە رەوتی گەشەسەندنی ئاسایی و سروشتی گرتووە، داهاتی نەوت و کانزا و سامانی کوردستان لە ماوەی ئەو هەشتا نەوت ساڵەدا کە لە هەزاران ملیۆن دۆلار تێپەڕ دەکات، بۆ پێشخستنی ئابووری و پیشەسازیی خۆیان دەستەبەر کرد. بە دەیان و سەدان کوردیش بەهۆی بێکاری و نەبوونی بژێویی وەک هێزی کار، روویان کردە ناوچەکانی ئەوان و بە نرخێکی کەم کاریان پێ کراوە

لەسایەی پەیمانی لۆزاندا بوو کوژرانی زیاتر لە ملیۆنێک کورد لە راپەڕینەکانی شێخ سەعید و ئیحسان نووری پاشا و سەید رەزای دێرسیم و راگواستنی ملیۆن و نیوێک کورد لە باکوور بۆ ناوچە تورکنشینەکان، هەروەها لەناوچوونی کۆماری ئۆتۆنۆمیی کوردستانی سوور لە لایەن سۆڤێتەوە و بڵاوەپێکردنی دانیشتوانەکەی بەناو کۆمارەکانی دیکەی سۆڤێتدا، ئەمە وێڕای هێرشی سەربازی بۆ سەر باشوری کوردستان و رووخانی حکوومەتەکەی مەلیک مەحموود و وێرانکردنی پێنج هەزار گوند لە باشوور و کیمابارانکردنی شار و شارۆچکەکانی کوردستان و ئەنفالکردنی گەلی کورد لەلایەن رژێمی سەدامەوە، هەروەها رووخانی کۆماری كوردستان لە مهاباد و لەسێدارەدانی پێشەوا قازی و سەدان رۆڵەی گەلی کورد لە کوردستانی باشوور و دەرکردنی فتوای جیهاد لە دژی کورد و هەموو ئەو کوشتوبڕ و ماڵوێرانییەی کە لە بەشەکانی دیکەی کوردستان بەسەر کورددا هاتن، هەمووی لەسایەی پەیمانی نەگریسی لۆزانەوە بوو، هەر بۆیە پەیمانی لۆزان بە سەرەتا و سەرچاوەی هەموو بەدبەختی و نەهامەتی و ماڵوێرانی و دواکەوتنێکی کورد لە کاروانی سەرفرازی و پێشکەوتن دادەنرێت

دامەزراندنی کۆماری کوردستان و هۆکاری رووخانی

کۆماری کوردستان كە لە مهابادی رۆژهەڵاتی كوردستان لەدایك بوو، لە ٢ی رێبەندانی ٢٦٤٦ی کوردی، بەرامبەر بە ٢٢ی ژانویەی ١٩٤٦ لە رۆژهەلاتی کوردستان لەسەر دەستی حزبی دیموکراتی کوردستان دامەزرێنرا، پێشەوا قازی محەمەد وەک سەرکۆمار سوێندی یاسایی خوارد، دەوڵەتێکی کوردی کەمتەمەن بوو کە لە سەدەی بیستدا و لە دوای کۆماری ئاگری-لە تورکیا، دامەزرا. پایتەختەکەی شاری مەھاباد بووە کە دەکەوێتە باکووری خۆراوای ئێران

دامەزراندن و لەناوچوونی کۆمار، راستە بەشێک بوو لەو قەیرانەی ئێرانی تێکەوتبوو، ئەو ململانێیەی لەنێوان ئەمریکا و سۆڤییەتدا ھەبوو کە جەنگی ساردی لێ کەوتەوە، بەڵام خواستی لەمێژینە و ئاواتی گەلی کورد بوو بۆ دامەزراندنی دەوڵەت و وڵاتێک بە ناوی کوردستان، پێشینە لە مانگی ئابی ١٩٤١، راپەڕینێکی جەماوەری کۆنترۆڵی ناوچە کوردییەکانی لە دەستی حکوومەتی ناوەندیی ئێران دەرھێنا. لە شاری مەھاباد، کۆمیتەیەک لە کەسانی چینی ناوەند بە پشتگیریی سەرۆک خێڵەکان دەسەڵاتی ناوچەکەیان گرتە دەست. پارتێکی سیاسی بەناوی ژیانەوەی کوردستان (ژێ کاف) دامەزرێنرا. قازی محەمەد، سەرۆکی بنەماڵەی قازی، بە سکرتێریی پارتەکە ھەڵبژێردرا. کۆمیتەکە بە سەرکردایەتیی قازی محەممەد ناوچەکەیان بە لێھاتوویی و سەرکەوتنێکی بەرچاوەوە بۆ ماوەی ٥ ساڵ تا رووخانی کۆمار بەڕێوە برد

لە ئەیلوولی ١٩٤٥، قازی محەمەد و سەرکردە کوردەکانی تر، سەردانی تەورێزیان کرد بۆ ئەوەی چاویان بە کونسوڵی سۆڤییەت بکەوێت بۆ دەرباری پشتگیریکردنی کۆمارێکی نوێ، لەوێشەوە رەوانەی باکۆ، ئازربایجانی سۆڤییەت، کران. لەوێ، ئاگادار بوونەوە لەوەی پارتی دیموکراتی ئازربایجان لە ھەوڵی ئەوەدایە کە دەست بەسەر ئازربایجانی ئێراندا بگرێت. لە ١٠ی کانوونی یەکەمدا، پارتی دیموکراتی ئازربایجان دەستی بەسەر پارێزگای ئازربایجانی ڕۆژھەڵاتدا گرت کە پێشتر بەدەست سوپای ئێرانەوە بوو. قازی محەمەد بڕیاری دا ھاوچەشنی ئەو کارە دووبارە بکاتەوە، لە ١٥ی کانوونی یەکەمدا، کۆماری مەهابادی كورد دامەزرێنرا

لە ٢٢ی کانوونی دووەمی ١٩٤٦، قازی محەمەد دامەزراندنی کۆماری کوردستانی راگەیاند. ھەندێک لە ئامانجەکانیان لە مانیفێستۆکەدا بڵاو کرایەوە ئەمانەن

زمانی کوردی بکرێتە زمانی راگەیاندن ‌و خوێندن ‌و ئیدارە، ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا بۆ کوردستان بەمەبەستی چاودێریی دەوڵەت و بابەتە کۆمەڵایەتییەکان، ھەموو بەرپرسەکان لە خەڵکی ناوچەکە ھەڵبژێردرێن، یەکێتی و برایەتی لەگەڵ خەڵکی ئازەربایجان، یاسایەک ھەبێت کە بە یەک چەشن مامەڵە لەگەڵ کرێکار و جووتیار و کەسایەتییە باڵاکاندا بکات

کۆتایی کۆمار

لە ٢٦ی ئاداری ١٩٤٦، بەھۆی فشاری ھێزە رۆژئاواییەکان، بۆ نموونە ئەمریکا، یەكێتیی سۆڤییەت پەیمانی بە حکوومەتی ئێرانی دا کە لە باکووری ئێران دەکشێتەوە. لە مانگی حوزەیراندا، ئێران دەستی گرتەوە لەسەر ئازربایجاندا. ئەمە بووە ھۆی دابڕانی کۆماری كوردستان لە سۆڤیەت و دواجار بووە ھۆی داڕمانی. لەم خاڵەدا، پشتگیرییەکان بۆ قازی محەمەد لە کەمبوونەوەدا بوون، بەتایبەتی لەنێوان خێڵە کوردەکاندا کە لە سەرەتادا پشتگیرییان لێ دەکرد. بەرھەم‌ و سەرچاوەی داراییان نەما و شێوازی ژیانیان بەھۆی دابڕانەکەوە بەرەو سەختی چوو. یارمەتیی دارایی و سەربازی لە سۆڤێتەوە نەما و خێڵەکان ھیچ ھۆکارێکیان بۆ پشتگیریکردنی قازی محەمەد نەدەبینییەوە. زۆر لە خێڵەکان قازییان بەجێ دەھێشت.

لە ٥ی کانوونی یەکەم، ئەنجومەنی شەڕ بە قازی محەمەدیان راگەیاند کە رێ لە ھەر پەلامارێکی سوپای ئێران دەگرن کە بکرێتە سەر ناوچەکە. لە ١٥ی کانوونی یەکەم، سوپای ئێران ھاتە ناوچەکە و دەستی بەسەر مەھاباددا گرت. لەگەڵ ھاتنیان، چاپخانەی کوردییان داخست، فێرکردنیان بە زمانی کوردی قەدەغە کرد، ھەر کتێبێکی کوردییان بدۆزیایەتەوە دەیانسووتاند. دواجار لە ٣١ی ئاداری ١٩٤٧، قازی محەمەد بە تۆمەتی خیانەت لە دەوڵەتی ئێران، لە مەھاباد و لە هەمان ئەو مەیدانەی کە کۆماری کوردستانی لێ ڕاگەیاندبوو شەهید کرا. مستەفا بارزانی لەگەڵ پێشمەرگەکانی کە لە کوردستانی عێراقەوە ھێنابوونی، بەشێکی سوپای کۆماریان پێکھێنا. دوای رووخانی کۆمارەکە، زۆربەی سەربازەکان و چوار ئەفسەر (سەرھەنگ عێزەت عەبدولعەزیز، سەرھەنگ مستەفا خۆشناو، سەروان محەمەد مەحموود قودسی و سەرگورد خەیروڵڵا عەبدولکەریم) بڕیاری گەڕانەوەیان دا بۆ عێراق. دوای ھاتنەوەیان بۆ عێراق، ئەو چوار ئەفسەرە سزای کوشتنیان بەسەردا سەپێنرا و تا ئێستاش وەک شەھیدی قارەمانی شەرەفمەندی کوردستان ناو دەبرێن. چەندسەد سەربازێک لەگەڵ بارزانیدا مانەوە و لە ماوەی ئەو رێڕۆیشتنە پێنج ھەفتەییەیاندا کە بەرەو ئارزبایجانی سۆڤیەت گرتیانە بەر، ھەموو ھەوڵەکانی سوپای ئێرانیان بۆ رێ لێگرتنیان تێکشکاند. لە تشرینی یەکەمی ١٩٥٨، مستەفا بارزانی گەڕایەوە بۆ کوردستانی عێراق، و خەباتی دەست پێکردەوە

هۆکارەکانی سەرنەکەوتن

ئارچیبالد بولۆچ رۆزڤڵت، کوڕەزای سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، تیۆدۆر رۆزڤڵت، لە کتێبەکەیدا «کۆماری کوردیی مھاباد» دەڵێت کێشەی سەرەکیی کۆماری کوردستان ئەوە بوو کە کوردەکان پێویستیان بە سۆڤێت بوو، تەنیا چانسیان، ھێزی سوپای سوور بوو. بەڵام ئەم پەیوەندییە نزیکەیان لەگەڵ ستالین و سۆڤییەت وای کرد زۆربەی ھێزە رۆژاواییەکان پشتی ئێران بگرن. قازی محەمەد، ھەرچەندە نکووڵیی لەو راستییە نەدەکرد کە لەڕووی داراییەوە پشتیان بە سۆڤییەت بەستووە، ئەوەی رەت دەکردەوە کە حزبی دیموکراتی کوردستان پارتێکی کۆمۆنیست بێت، رایگەیاند ئەوە درۆیەکە کە دەسەڵاتدارانی سوپای ئێران دروستیان کردووە، جگە لەوەی ئامانجەکانی خۆی بە زۆر جیاواز لەوانەی سۆڤییەت لەقەڵەم دا

ھەروەھا کۆمارەکە بەدەست چەند کێشەیەکی ناوخۆییەوە دەیناڵاند. جیاوازییەکی گەورە لەنێوان خەڵکی شار و خێڵەکییەکاندا ھەبوو، ھاوپەیمانیەکەیان بۆ مھاباد لە داڕماندا بوو. وەک چۆن پێشتریش رایگەیاندبوو، خێڵەکان و سەرۆکەکانیان تەنیا لەبەر ئەو ھاوکاریی دارایی و سەربازییانە پشتی قازی محەمەدیان دەگرت کە لە یەکێتیی سۆڤییەتەوە وەری دەگرت. (کە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ لاوازیی هەستی نیشتمانپەروەری لەلایەن خێڵەکان). لەڕووی داراییشەوە مھاباد نشوستی ھێنا و ئەوە وەک مەحاڵ وابوو کە مھاباد لەڕووی داراییەوە ھاوتا بێتەوە لەگەڵ ئێران، وێڕای ئەوەی لاوازیی دیبلۆماسیی سەرکردە کوردەکان لەبەرامبەر ئێران بۆ دەرەوەی وڵات، هۆکارێکی تر بوو بۆ لەناوچوونی کۆمار

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *