بێستانسووریەکەمین گوندی شوێنەواریی کوردستان

 

سارا سەردار حەمە

ناوچەی میزۆپۆتامیا بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی، یەکێک لە شوێنە کۆن و مێژووییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەر گۆی زەوین، کە لە تۆمارکردنی مێژوویەکی چەندین هەزار ساڵە و هەبوونی ناوچەی شوێنەواری زۆر دەوڵەمەند و پڕ بایەخن.

یەکێک لەو شوێنە مێژوویی- شوێنەوارییانەی، کە گرنگییەکی تایبەتی هەیە، گوندی شوێنەواریی (بێستانسوور)ە. گوندی بێستانسوور بە مێژوویەکی زیاتر لە حەوت هەزار ساڵ، بە کۆنترین گوند و شوێنی نیشتەجێبوونی هەمیشەیی مرۆڤ دادەنرێت.

سەرچاوە و بەڵگەنامە شوێنەوارییەكان، هەروەها كنە و پشكنینی كەلوپەلە شوێنەوارییەكانی ئەو گوندە، دەیسەلمێنن كە بێستانسوور دوای بەجێهێشتنی یەکجاریی ئەشکەوتەکان لە لایەن مرۆڤە سەرەتاییەكانەوە، لە یەکەمین گوندەکانی نیشتەجێبوون و دروستکراوی دەستی مرۆڤە.

بەپێی دوا كنە و پاچەكۆڵە کە لە ساڵی 2019 بۆ ئەم گردە کراوە، مێژووی ژیانەوە لەوێ بۆ 7700 پێش زایین دەگەڕێتەوە، ئەگەرچی ئێستا کارکردن لەسەر ئەم شوێنەوارە بەهۆی هەبوونی ڤایرۆسی کۆرۆناوە وەستاوە، بەڵام لە ساڵەکانی داهاتوودا کارکردن لەسەری بەردەوام دەبێت.

هەڵکەوتەی جوگرافیی ئەم گوندە مێژووییە دەکەوێتە 24 كیلۆمەتری ڕۆژهەڵاتی شارۆچكەی عەربەت و 27 كیلۆمەتر لە سەنتەری پارێزگای سلێمانی دوورە، لە ساڵی 1947 لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری عێراق، وەك گردێكی شوێنەواری تۆمار کراوە و ناوی خرایە ناو لیستی ناوچە شوێنەوارییەكانی عێراقەوە، هەروەها لە ساڵی 2012 خێزانێکی شوێنەوارناس لە زانکۆی ریدینگیی بەریتانی بە ناوی (رۆجەر ماتیۆس، وێندی ماتیۆس) سەردانیان کردووە و بۆ كاری كنە و پشكنینی شوێنەواری هەڵبژێردراوە و بە هەمانگی و هاوکاریی بەڕێوەرایەتیی شوێنەواری سلێمانی پشکنینی بۆ کراوە.

بەگوێری کاری کنە و پشکنین، کە بۆ ئەم گردە لە چەند ساڵی رابردوو و تا ئێستا کراوە، دەرکەوتووە کە نیشتەجێبوونی مرۆڤ لە بێستانسوور دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی مێژووی (هۆلۆسین)، هۆکارەکەشی ئەوەیە کە لەو سەردەمدا پلەكانی گەرما روویان لە بەرزبوونەوە کردووە و سەرچاوەی زۆری ئاو دەركەوتوون، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی مرۆڤ لە ئەشکەوتەکان بێتە خوارەوە و هەوڵ بۆ نیشتەجێبوونی هەمیشەیی و کاری كشتوكاڵ و ئاژەڵداری بدات.

بەگوێرەی لێكۆڵینەوەكان، مرۆڤە سەرەتاییەکان لە ئەشكەوتەكان ژیانیان بەسەر بردووە و بە مرۆڤی ناشارستانی ناو براون، بەڵام لەگەڵ هاتنە خوارەوەیان لە ئەشكەوت و شاخەكان بۆ دەشت و پێدەشتەكان و دەستپێکردن بە خۆماڵیکردن و بەخێوکردنی ئاژەڵ و چاندنی دانەوێڵە و کشتوکاڵ، قۆناغێکی تر لە مێژووی مرۆڤایەتی، واتا شارستانی دەستی پێکردووە.

یەكێك لە گرنگترین هۆكارەكانی دروستبوونی شارستانییەت لەم ناوچەیە، بۆ هەبوونی سەرچاوەی ئاو دەگەڕێتەوە و ئەم هۆکارە تا ئێستاش سەرچاوەیەكی گرنگی ئاودێریی ناوچەكەیە، بۆیە لە کۆنەوە مرۆڤ لەوێ كۆ بووەتەوە و شارستانییەت و قۆناغێکی نوێی مێژوویی لەوێ دروست بووە، بەڵگەی زیاتر بۆ ئەم هۆکارە سەرەکییە، هەبوونی سێ‌ گردی شوێنەواریی تر لە نزیك گوندی بێستانسوورە، کە بەڵگەن لەسەر گرنگیی ناوچەكە بۆ كشتوكاڵ و ئاوەدانی، بۆیە بە یەكێك لە كۆنترین شوێنەكانی نیشتەجێبوونی مرۆڤ لە كوردستان تۆمار دەكرێ.

گوندی مێژوویی بێستانسوور، سەرەڕای ئەوەی بە یەكەم شوێنی نیشتەجێبوونی یەکجاریی مرۆڤ دادەنرێ، بەپێی لێكۆڵینەوە شوێنەوارییەكان دەركەوتووە، لەڕووی بیناسازی و بنیاتنانەوە پێشكەوتوو بووە و هەندێ‌ لە خانووەكانی لە چەندان ژوور و ڕێڕەو و هۆڵ پێكهاتوون، هەندێك لە ژوورەكان وەك فڕن و ئاگردان بۆ دروستکردنی نان و خواردن بەکار هاتوون و هەندێ ژووری تریش وەک کۆگا، بۆ كۆكردنەوەی دانەوێڵە بەکار هاتوون.

خەڵکی دانیشتووی ئەو کاتەی بێستانسوور لە بواری کشتوکاڵدا گرنگییان داوە بە چاندنی دانەوێڵە و نیسك و گەنم و جۆ، هەروەها سەرقاڵی ماڵیكردنی ئاژەڵەكانی وەك مانگا، ئاسك، بزن، مەڕ و بەراز بوونە.

هەرچەندە ئەم گوندە تا ئێستا وەک یەکەم و کۆنترین شوێن، یان گوندی شوێنەواری لە کوردستان تۆمار کراوە، بەڵام دانیشتووانی بێستانسووری کۆن لەڕووی بیناسازییەوە پێشکەوتنی باشیان بە خۆیانەوە دیوە، بەڵگەش بۆ ئەمە، ئەوان بۆ رێكخستنی زەویی ماڵەکانیان، بەتایبەت ناو ژوورەکان، سیستەمی سواغكردن، واتا ڕێكخستن و تەختکردنی زەوی بە قوڕیان بەکار هێناوە و لە هەندێ حاڵەتیشدا بینراوە، کە زەویی ژوورەکانیان بەردڕێژ كردووە، هەروەها بۆ پتەوکردنی سەربانی ماڵەكانیشیان، لقی دار و گەڵا و خۆڵیان بەكار هێناوە.

تا چەند ساڵ لەمەوپێش، بەپێی دۆزینەوە شوێنەواری و مێژووییەکان دەرکەوتبوو، کە  گوندی شوێنەواریی چەرمۆ لە سنووری چەمچەماڵ سەر بە پارێزگای سلێمانی، كۆنترین گوندی نیشتەجێبوونی مرۆڤ لە کوردستان، بەڵام بەهۆی ئەوەی شوێنەوارناسی زانستێکە دەکرێ هەموو ساڵێك بەپێی ئەنجامدانی کاری کنە و پشکنینی نوێ، لە ناوچە شوێنەوارییەکان شتی نوێ بدۆزرێتەوە و مێژووی نوێ تۆمار بکرێت، بۆیە لەدوای ئەنجامدانی لێكۆڵینەوە و کاری هەڵکۆڵینی شوێنەواری بۆ گوندی بێستانسوور، ئەم بابەتە رەت کرایەوە، کە چەرمۆ یەکەمین گوندی شوێنەواری بێت لە کوردستان، چونكە ئەنجامی کنە و پشکنینەکان، دەریخستووە کە مێژووی گوندی بێستانسوور لە گوندی چەرمۆ کۆنترە، ئەمما پێوەند بە پرۆسەی كشتوكاڵ، هێشتا ئەوە یەكلا نەبووەتەوە.

 

 

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *