كۆڵنەدان لە ژیان

 

ڤیان ئەحمەد محەمەد

بەشی بەڕێوەبردنی كار – قوناغى یەکەم

سەرەتا دەمەوێت بە پرسیارێك دەست پێبکەم: ئایا هیچ کات هەبووە بڵێی ئیتر بەسە؟ یانیش بڵێی با کوتایی پێ بێت و کۆڵ بدەیت؟ ئێستا من پیشبینی دەکەم تۆ بڵێی: ”بەڵێ زۆر جار كەوتوومەتە ئەو حاڵەتەوە“. بۆیە من ئێستا دەمەوێت پێت بڵێم: ”کۆڵ مەدە لە ژیان، چونکە ژیان بەردەوامە“. کۆڵنەدان لە ژیان، مانای ئەوە دەگەیەنێت کە تۆ کەسێکی بەهێز و خۆڕاگریت

زۆر جار تووشی بارودۆخێك دەبین کە ئەو شتەی دەمانەوێت بەدەستی ناهێنین، لە هەمان کاتیشدا زۆر هەوڵی بۆ دەدەین، بەڵام تۆی مرۆڤ نازانیت کە چارنووس چی پێێە بۆ تۆ، بۆیە ئاگادار بە لە نائومێدی و ناڕەحەتی، یان با هەموو رۆژێكت به پرۆژە و پێكەنین دەست پێبكات و پاڵنەرت هەبێت بۆ تەواوی روژەكەت، چونكه كەسانى سەركەوتوو زۆر جار كەوتوون، بەڵام كۆڵیان نەداوه و هەستاونەتەوە

بیركردنەوەی باش پێی دەگوترێت (هێزی پۆزەتیڤ) واتا دەربڕینی ناخی تۆ، تۆ دەزانى كاتێك مرۆڤ هەستی باش و پۆزەتیڤانەی دەبێت، خۆشی دڵخۆش دەبێت و دەتوانێت ئەو دڵخۆشی و گەشبینیانە بە دەورووبەرەكەشی ببەخشێت؟ هەر گەشبینییەكی وەكو خۆشى، سوپاسگوزاری، خوشویستن، گەر رۆژانە ئەم هەستانەت هەبێت بە ڕای تۆ رۆژەكەت چۆن تێدەپەڕێ؟

نموونەیەكی هەردوو شێوازی بیركردنەوەی پۆزەتیڤ و نێگەتیڤانەتان بۆ دێنمەوە، بێگومانم لەوەی كە هەر یەكێك لە ئێمە ئیتر تاكی پۆزەتیڤ بیركەرەوە یان نێگەتیڤ بیركەرەوە، خەیاڵی دەچێتە لای ئەو شێوازەی بیركردنەوەی خۆی لە نموونەكەمدا

(هەر یەكێك لە ئێمە رۆژێك لە رۆژان كەوتووەتە بەر خۆئامادەكردن بۆ ئاهەنگێك، بۆ نموونە ئاهەنگی دەرچوونمان لە خوێندن، كەسانێك هەن كە خۆیان بۆ ئاهەنگێك ئامادە دەكەن، بە حاڵەتێك و دەروونێكی وەهاوە بیر دەكەنەوە كە ئەوان جوان و دەركەوتوو و هەڵكەوتووی ئاهەنگەكە دەبن، واتا گەشبینن بەوەی كە هەرچۆنێك بن هەر دیار و ناوازە دەبن، بەو شێوەیە چێژێكی تەواوەتی لە سەركەوتنەكەی و لە ئاهەنگەكەشی دەبینێت ئەگەر سەركەوتنەكەی بە نمرەیەكی بەرزیش نەبێت. جۆرەكەی دیكە كە خۆی ئامادە دەكات، هەر لەو رۆژەوەی باس لە ئاهەنگەكە دەكرێت تا دەچێتە ناو ئاهەنگەكەوە، تەنیا و تەنیا خەیاڵی لای ئەوە دەبێت چی لەبەر بكات و چۆن دەركەوێت و ئایا جوان دەبێت یان ناشرین، خەڵكی بە چاوێكی جوانەوە تەماشای دەكەن یان ناشرین، ئیتر ئا بەو شێوە نێگەتیڤە بەردەوام دەبێت، كە زۆر جار ئەو حاڵەتەیان لەسەر روخسار و مامەڵەیان رەنگی داوەتەوە و بەو شێوەیە نە خۆشی لە ئاهەنگەكە و نە دەرچوونەكەی دەبینێت ئەگەر پلەی یەكەمیشی بەدەست هێنابێت

لێرەدا بۆمان دەردەكەوێت كە ئۆمێد و گەشبینی، وێنەی باش و جوان له مێشکی مرۆڤدا دروست دەكەن، وا دەكەن ئەو كەسە هیچ كات بیر لە رادەستبوون و كۆڵدانەوە نەكاتەوە. من هەموو کات دەڵێم، ژیان پڕە له سوپرایزی جۆراوجور، که جاری یەكەم سەرنەکەوتی، هەوڵ بدە بۆ جاری دووەم سەركەوتوو بیت، ئەگەر جاری دووەمیش سەركەوتنت بەدەست نەهێنا لە هەوڵەكەت، رانەوەستی و بەردەوام بیت. لێرەدا گرنگە تۆ بزانیت كە كەسێكی بەهێزیت و نابێ هیچ كات كۆڵ بدەیت، بۆ ئەوەی بگەیت بە خەون و ئاواتەکانت و سەركەوتن بەدەست بێنیت. دەبێ رۆژ لەدوای رۆژ پێداچوونەوه بەو خاڵانەدا بكەیت كە دەبنە پاڵنەر و فاكتەری سەركەوتنت

گرنگە بزانین كە مرۆڤە سەركەوتووەكان بەردەوام سەركەوتنیان بەدەست نەهێناوە تا گەیشتوون بە ئامانج و خەونەكانیان، بەڵكو زۆربەی كەسە بەهرەمەندەكان و داهێنەر و فەیلەسووفەكان لەدوای چەندین كەوتن و سەرنەكەوتن و هەندێك جار بە رووبەڕووبوونەوەی توانج و ئەشكەنجەدان گەیشتوون بە ئامانجەكانیان، كەواتە كەسێك ئەگەر بیەوێت بگاتە ئامانجی خۆی، پێویستە لە هەوڵ بەردەوام بێت و هیچ كات كۆڵ نەدات، ئەو كۆڵنەدانەش بە بڕوابوون بە خۆت و گەشبینی لە بیركردنەوەكانتەوە بەدی دێت

بابەتەكەم بە پەندێكی پێشینان كۆتایی پێ دێنم كە گوتوویانە

هەتا نیوەی دەستت پیس نەبێت، تامی دەمت خۆش نابێت

 

 

 

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *