چــــــایەکی تـــاڵ

 

د. تۆڵە فرج 

سەرۆکی بەشی شیکاریی نەخۆشیەکان 

فاکڵتی زانست – زانکۆی نێودەوڵەتی تیشک

– ئایا دەکرێت شەکر لە خواردەمەنیی جیا پۆلێن بکرێت بەپێی ڕێژەکەی؟

– ئایا (شەکری تەندروست) هەیە؟

– تا چ ئاستێک دەکرێت شەکر لە خواردنی ڕۆژانەماندا هەبێت؟

“چــــــایەکی تـــاڵ” دەکرێت بە یەکێک لە دەستەواژە هەرە ناخۆشەکان وەسف بکرێت لە لایەن باوانمانەوە، بە جۆرێک کە خواردن و خواردنەوەکان، دەکرێت ببن بە بەشێک لە کولتووری دانەبڕاوی خەڵك، کولتووری کوردیمان بە هەمان شێوە لە دوای خواردنێکی چــەور دەبێ چایەکی شیرینی بەدوادا بێت، گۆڕانکاری لە پێکهاتەی هەر خواردنێک، بریتییە لە گۆڕانکاریی تەواو لە تـــام و چێژ وەرگرتن لەو جۆرە خواردن و خواردنەوانە، بە واتایەکی دیکە، دەکرێت ئەستەم بێت (تا ڕادەیەک) کە ئەو گۆڕانکارییانە وا ئـــاسان بڕیاری لێ بدرێت، بەڵام گەر زانست و توێژینەوە زانستییەکان پەیتا پەیتا پەنجە لەسەر هۆکاری تووشبون بە نەخۆشییە سەردەمییەکانی هاوشێوەی شەکرە و قەڵەوی و پەستانی خوێن و لەدەستدانی کتوپڕی دڵ و مێشک دابنێن، ئەوکات ئەوەی لە دەست مرۆڤ دەمێنێتەوە خۆپارێزیە، بۆ نموونە لە ڕێگەی گۆڕانکاری لە شێوازی ژیانی ڕۆژانە وەک: ئەنجامدانی وەرزش، دوورکەوتنەوە لە خۆراکێک کە مەترسیی بۆ سەر تەندروستی دروست بکات لە ڕێگەی کەمکردنەوەی خۆراکی چەور یا شەکر و هاوشێوەکانی وەکو نموونە.

لەم ڕاپۆرتە زانستییەدا، پاڵپشت بە توێژینەوەكانی بواری خۆراک و بڵاوكراوەی دەزگای نیشتمانیی تەندروستیی بەریتانی بە مەبەستی هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگە و پێدانی زانیاری لەسەر ئەو جۆرە خواردن و خواردنەوانەی كە زۆرترین ڕێژەی شەكر لەخۆ دەگرن و هۆكارن لە بەرزبوونەوەی ڕێژەی شەكر لە جەستە و خوێندا، كە ئەمەش ئەگەرەكانی تووشبوون بە نەخۆشییە سەردەمییەكان زیاتر دەكات وەكو شەكرە و قەڵەوی و نەخۆشییەكانی دڵ و ڕزینی ددان.

“شەكرە زیادكراوەكان” لە خواردەمەنییەكانی ژیانی ڕۆژانەمان وەكو شەكری سپی و خواردنەوە شیرینەكان و هەنگوینی دەستكرد كە نابێت لە ڕێژەی ٥%ی بۆ جەستەی مرۆڤ تێپەڕێنێت لە وزەی دەستكەوتوو لە خواردن و خواردەمەنییە شیرینەكان بۆ كەسانی تەمەن ۱۱ ساڵ و سەرووی ئەم تەمەنە.

بەپێی ئامارە دەستكەوتووەكانی (National Diet and Nutrition Survey) ئەوە نیشان دەدەن كە خەڵك زیاتر لەو ڕێژە ستاندەرە راستەوخۆ لە شەكر وزە بەدەست دەهێنن، بەتایبەت بۆ تەمەنەكانی نێوان ۱۱ بۆ ۱٨ كە ڕێژەكە دەگاتە ۱٥% لە وزەی بەدەستهێنراو لە شەكر.

شارەزایان و پسپۆڕانی بواری تەندروستیی خۆراك، جەخت لەوە دەكەنەوە كە دەبێ خەڵك خۆیان بەدوور بگرن لە خواردنی شەكر لە هەر جۆرێكی (شەكری سپی، شەكری بۆر، خواردەمەنییە خۆشكراوەكان بە شەكر)، بەو واتایەی كە هیچ جۆرە شەكرێك نییە بە ناوی (شەكری تەندروست). دەكرێت هاووڵاتییان بەر لە كڕینی هەر خواردەمەنییەك پێكهاتەكانی خواردەمەنییەكە بخوێننەوە و دڵنیا بن لە كەمیی ڕێژەی یاخود نەبوونی پێكهاتەی شەكر بە جۆرە جیاوازەكانییەوە، لە شەكری (سوكەرۆز، ماڵتۆز، گولوكۆز، فركتۆز و دێكسترۆز و جۆری دیكە).

هەر بەو هۆیەوە، دامەزراوە تەندروستییەكانی جیهان، بە مەبەستی هۆشیاركردنەوە و پێدانی ڕێنمایی و پۆلێنكردنی خواردەمەنییەكان بەپێی ڕێژەی “شەكرە زیادكراوەكان” لە خواردنی رۆژانەمان بۆ شەش جۆری سەرەكی دابەش كردووە، كە پێكدێن لەمانەی خوارەوە:

– شەكر و شیرنەمەنییەكان، لە ڕێگەی راستەوخۆ خواردنی شەكری سپی و شەربەتی میوە و شوكولاتە و شیرنەمەنییەكان كە بەشێوەیەكی بەرچاو لە تەمەنەكانی ۱۱ بۆ ۱٨ ساڵان ئەو ڕێژە بەرزە بەكار دەهێندرێت. هاوكات لەڕێی شیرنەمەنی و شەكرەوە جەستەی مرۆڤ ڕۆژانە ۲۷% ئەو شەكرەی تێیدا كەڵەكە دەبێ، کە لەو بەرهەمانە وەری دەگرێت.

– خواردنەوە ناكحوولییە گازییەكان، ڕێژەی زیاتر لە ۲٥%ی شەكری كەڵەكەبوونی نێو جەستە بەهۆی ئەو خواردنەوانەوە دروست دەبێ، بە یەكێك لە ترسناكترین سەرچاوەی شەكر دادەندرێت و لە جەستەی مرۆڤ كۆ دەبێتەوە و دەرئەنجامی ترسناكی دەبێت، بەتایبەت لە تەمەنەكانی ۱۱ بۆ ۱٨ ساڵان كە ڕێژەكەی زیاتر بەرز دەبێتەوە بۆ ٤۰%، بەو پێیەی كە ٥۰۰ ملیلیتر لە خواردنەوە گازییەكان، ڕێژەی شەكر تیایدا بەرامبەرە بە ۱۷ كڵۆ شەكر (sugar cubes)، هەر لەبەر ئەم هۆكارانە وا پێشنیاز دەكرێت كە باوان منداڵەكانیان لەسەر خواردنەوەی ئاو ڕابهێنن و دووریان بخەنەوە لە هۆگربوون بە خواردنەوە گازییەكان.

– پسكویت و كێك و هەویركارییەكان، ڕێژەی زیاتر لە ۲۰%ی شەكری كەڵەكەبوو لە جەستەی مرۆڤ لە ڕۆژێكدا بەهۆی خواردنی پسكویت و هەویركارییەكانە، كە وەكوو كولتوورێكی خێزانی جگە لە ژەمە سەرەكییەكانی خواردن، بەرهەمی هەویركاری وەكوو ژەمێكی لاوەكی بەكار دەهێندرێت كە پێویستە تا ڕادەیەكی بەرچاو كەم بكرێتەوە بەوەی بەرپرسە لە كەڵەكەبوونی چەوری و شەكر لە جەستەی مرۆڤ و هۆكارە بۆ زیادبوونی كێش و ڕزینی ددانەكان.

– خواردنەوە كحوولییەكان، كە بەرپرسە لە ڕێژەی زیاتر لە ۱۱%ی شەكری كەڵەكەبوو لە جەستەی مرۆڤ لە ڕۆژێكدا، لە كاتێكدا هاووڵاتییان بێ ئاگان لە ڕێژەی بەرزی شەكر لە خواردنەوە كحوولییەكان، بەو پێیەی ئاستێكی بەرزی وزەی تێدا بەدی دەكرێت بە بەراورد لەگەڵ كەمیی ڕێژەی كاربۆهیدرات و پڕۆتین. كە دەكرێت بڵێین پەرداخێكی شەراب هەمان ڕێژەی وزەی پارچە شۆكۆلاتێكی لێ بەرهەم بێت.

– بەرهەمی شیرەمەنییەكان، كە بەرپرسە لە ڕێژەی زیاتر لە ٦%ی شەكری كەڵەكەبوو لە جەستەی مرۆڤ لە ڕۆژێكدا، كە شیرەمەنیەكان بە خۆراكی تەندروست‌ هەژمار دەكرێن وەكو ماست و پەنیر، بەڵام لە بەرهەمە جۆراوجۆرەكانی شیرەمەنییەكان وەكو ماستی خۆشكراو بە تامی جیاواز و بەرزكردنی ڕێژەی شەكر تیایدا، هەروەها له بەرهەمهێنانی بەستەنیدا‌ (ice-cream) جارێكی دیكە شیرەمەنییەكان دەبن بە خۆراكی ناتەندروست.

– خۆراكە خۆشكراوەكان، كە بەرپرسە لە ڕێژەی زیاتر لە ٥%ی شەكری كەڵەكەبوو لە جەستەی مرۆڤ لە ڕۆژێكدا، بە سەرسامییەوە خۆراكە خۆشكراوەكان بە شلە و كرێمی تایبەت وەكو ساس و كەچەپ و كرێمی زەڵاتە ‌ڕێژەیەكی بەرچاو لە شەكریان تێدا بەدی دەكرێت و هۆكارن لە سەرهەڵدانی كاریگەریی خراپ لەسەر تەندروستیی مرۆڤ.

دەکرێت لە دوای ئەم ڕاپۆرتەوە کە پشتبەستووە بە توێژینەوەکان هاوکار بێت لە بڵاوکردنەوەی هوشیاریی تەندروستی لەنێو کۆمەڵگەی کوردیمان و لێرە بەدواوە “چــــــایەکی تـــاڵ” بکەیت بە هاوڕێی ڕۆژانەت.

* سەرچاوە: دەزگا تەندروستیەکانی NDNS و NHSی بەریتانی

 

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *