كۆلاجین

 

ڤەھین ھێمن ڕامز

کۆلێژی پزیشکی دەرمانسازی – قۆناغی سێیەم

کۆلاجین پڕۆتینێکی پتەو و نەتواوە و ڕیشاڵییە کە سێیەکی پڕۆتینەکانی لەش پێکدەھێنێت. یەکێکە لە پێکھاتە سەرەکییەکانی ئێسک، پێست، ماسوولکە، ژێ و بەستەرەکان. ھەروەھا لە شوێنی تری جەستەش بەدی دەکرێ وەکو: خوێن، دەمارەکان، گلێنەی چاو، ناوپۆشی ڕیخۆڵەکان و ددانەکان. وشەی کۆلاجین لە وشەی یۆنانی kólla وەرگیراوە، بە واتای glue چەسپێنەر دێت.

لە زۆربەی کۆلاجینەکان گەردەکان بە شێوەیەک بەیەکەوە بەستراون، بۆ پێکھێنانی پێکھاتەی ڕیشاڵیی درێژ و تەنک (ھەندێک جۆری کۆلاجین لە پۆڵا بەھێزترن)، کە ئەمەش پێکھاتەیەکە خانەکان بەیەکەوە ڕاگیر دەکات، جیڕی و بەھێزی بە پێست دەبەخشێت.

کۆلاجین لە لایەن خانەی جیاوازەوە دەردەدرێت، بەڵام بە شێوەیەکی سەرەکی لە لایەن خانەکانی بەستەرە شانەکانەوە دەردەدرێت، کە ڕۆڵی ھەیە لە لابردنی خانە مردووەکانی پێست و جێگرتنەوەی بە خانە نوێیەکان.

بە لایەنی کەمەوە ١٦ جۆری کۆلاجین ھەن، بەڵام چوار جۆری سەرەکی ھەن:

جۆری یەکەم: ئەم جۆرە کۆلاجینە ٩٠ لە سەدای کۆلاجینی لەش پێکدەھێنێت، لە ڕیشاڵی پتەو پێکھاتوون، کە پێکھاتەی پێست، ئێسک، ژێ، کڕکڕاگەی ڕیشاڵی، بەستەرەشانەکان و ددانەکان پێکدەھێنن.

جۆری دووەم: ئەم جۆرەیان لە ڕیشاڵی لاوازتر پێکھاتوون، کە لە کڕکڕاگەی جیڕی بەدی دەکرێن، پارێزگاری لە جومگەکان دەکەن و وایان لێ دەکات بە نەرمی بمێننەوە.

جۆری سێیەم: پاڵپشتی پێکھاتەی ماسوولکە، ئەندامەکان و خوێنبەرەکان دەکات.

جۆری چوارەم: ئەم جۆرەیان لە چینەکانی پێست دا بەدیدەکرێن. کە یارمەتی پاڵاوتن و فلتەرکردن دەدەن لە پێست، وایان لێدەکات بە نەرمی بمێننەوە.

هەموو کۆلاجینێک لە پڕۆکۆلاجینەوە سەرچاوە دەگرێت، لەشی مرۆڤ پڕۆکۆلاجین دروست دەکات لە رێگەی یەکگرتنی دوو ترشی ئەمینی، گلایسین و پرۆڵاین. ئەم پڕۆسەیە ڤیتامین C -شی پێویستە.

ئەو خۆراکانەی یارمەتیی لەش دەدەن لە بەرھەمھێنانی کۆلاجین:

پڕۆڵاین: لە سپێنەی ھێلکە، گۆشت، پەنیر، لۆبیا و کەلەرمدا هەن.

گلایسین: ئەو خۆراکانەی پڕۆتینیان تێدایە وەکو گۆشت و پێستی مریشک.

ڤیتامین C: لە پرتەقاڵ، تەماتە، بیبەر، فڕاولە و بڕۆکۆلیدا ھەن.

مس: لە گوێچکەماسی، گۆشتی سوور، گوێز، گازۆ، کاکاو، بوندق و کونجیدا ھەن.

ئەنزیمەکانی ھەرس کۆلاجینی نێو خۆراک تێکدەشکێنن بۆ ترشی ئەمینی و پێپتیدەکان، بەڵام ئەو کۆلاجینەی کە لە ڕێگەی دەرمانەوە supplement-ەوە وەردەگیرێت، ئاوێنراوە (شی کراوەتەوە بۆ ترشی ئەمینی و پێپتیدەکان) کە ئەمەش خێراتر و باشتر ھەڵدەمژرێت لە رێگەی لەشەوە وەک لەو کۆلاجینەی لەنێو خۆراکدایە.

ئەو ھۆکارانەی دەبنە ھۆی دابەزینی ئاستی کۆلاجینی لەش:

١- زێدەڕۆییکردن لە خواردنی شەکر و شیرینیی دەستکرد.

٢- بەرکەوتنی زۆری تیشکی خۆر (تیشکی سەرووەنەوشەیی دەبێتە ھۆی تێکشکانی کۆلاجین زۆر بە خێرایی).

٣- جگەرەکێشان، ماددەی کیمیایی نیکۆتین کە لە جگەرەدایە دەبێتە ھۆی تەسکبوونی دەمارەکانی خوێن لە چینی دەرەوەی پێست، بەمەش گواستنەوەی ماددە خۆراکییەکان و خوێن بۆ پێست کەم دەبێتەوە، لە ‌‌ئەنجامدا بەرھەمھێنانی کۆلاجین کەم دەبێتەوە.

٤- تەمەن، ھۆکاری سەرەکی دابەزینی ئاستی کۆلاجینە، کە ئەمە ناتوانرێت ڕێگریی لێ بکرێت وەک لە ھۆکارەکانی سەرەوە، بە تایبەت لە ئافرەتان لە دوای تەمەنی نائومێدی بە شێوەیەکی زۆر خێرا ئاستی کۆلاجین دادەبەزێت.

نیشانەکانی دابەزینی ئاستی کۆلاجین لە گەڵ ھەڵکشانی تەمەن:

١- دەرکەوتنی چرچولۆچی

٢- لاوازبوونی ماسوولکەکان

٣- ئازاری جومگەکان، ھەوکردنی ئێسک و جومگەکان (بە ھۆی ھەراش بوونی کرکراگەی جومگەکان).

٤- ڕەقبوون و کەمبوونەوەی جیڕی ژێ و بەستەری ماسوولکەکان.

٥- گرفتەکانی کۆئەندامی ھەرس، بە ھۆی تەنکبوونی ناوپۆشی کۆئەندامی ھەرس.

وەرگرتنی کۆلاجین وەکو چارەسەر و جوانکاری:

١- فیلەری پێست: ئەو کۆلاجینەی کە لە رێگەی فیلەرەوە لە پێست دەدرێت بەکاردێت بۆ پڕکردنەوە و نەھێشتنی چرچولۆچی و ھێڵەکانی دەموچاو ھەروەھا کەمکردنەوە و نەھێشتنی شوێنی برین و پەڵەی دەموچاو. پێویستە ئەوەش بزانین کە کۆلاجین بەکاردێت بۆ رووی دەرەوەی پێست بە پڕکردنەوەی ھێڵی تەنک، بەڵام چاڵ و ھێڵی گەورە بە چەوری یان سلیکۆن پڕ دەکرێنەوە.

٢- ساڕێژبوونی شوێنی برین و سووتان:

کۆلاجین یارمەتیی ساڕێژبوونی شوێنی برین و سووتان دەدات لە ڕێگەی ھێنانی خانەی نوێی پێست بۆ شوێنی برینەکە، کە یارمەتی خێراچاکبوونەوە دەدات و دەبێتە ھۆی گەشەکردنی شانەی نوێ . ھەروەھا بەکاردێت لە ھەوکردن و ھەڵاوسانی شانەی دەوروبەری ددانەکان (پووک)، کە یارمەتی گەشەی خێرای ھەندێک خانەی تایبەت دەدات.

 

پێویستە ئەوەش لەبیر نەکەین!

ئەو کرێمی کۆلاجینانەی کە ھەن وا دەزانرێت بۆ زیادبوونی ئاستی کۆلاجین کاریگەریی ھەیە، بەڵام لە ڕاستیدا کاریگەرییەکەی تەنیا شێدارکردنەوەیە، چونکە گەردی کۆلاجین گەورەیە ناتوانرێت لە ڕێگەی پێستەوە ھەڵبمژرێت.

ژێدەر

MedicalNewsToday

The New York Times

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *