بۆچی گرووپی خوێنمان جیاوازە؟

 

و. لە عەرەبییەوە: هۆزان ئیسماعیل عارف

پێش ساڵی 1900 گواستنەوەی خوێن لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی تر بە رێژەیەكی زۆر دەبووە هۆكاری مردن، چونكە خوێنیان لە مرۆڤ و لە ئاژەڵیش دەگواستەوە بۆ مرۆڤێكی تر، ئیتر رێژەی مردن زۆر بەرز بووەوە، لەبەر ئەو هۆكارە، پزیشكەكان دەستبەرداری گواستنەوەی خوێن بوون بۆ نەخۆش. تا ئەو كاتەی زانای نەمساوی (كارل لاندیشتاینر) گرووپی خوێنی دۆزییەوە و توانی ئاشكرای بكات كە گرووپی خوێنی كەسێك لەگەڵ كەسێكی تر جیاوازە و مەرج نییە هەموویان وەكو یەك بن، هەر بۆیە ئەم زانایە خەڵاتی نۆبڵی پێ بەخشرا.

لاندیشتاینری زانا ئەوەی ئاشكرا كرد كە گرووپی خوێن لە یەك رەگەز پێكهاتووە، تەنیا جیاوازییەك كە هەبێت پرۆتینی سەر شانەی خوێنی سوورە، هەر ئەوەیە كە وا دەكات شانە دزێوەكان بناسێتەوە و هێرش بكاتە سەریان، ئەم هێرشە روو دەدات ئەگەر گرووپێكی خوێن بە هەڵە بگوێزرێتەوە، واتا خوێن كۆ دەبێتەوە و دەمارەكان دادەخات و تووشی جەڵتەی دەكات و دەیكوژێت.

دەگەڕێینەوە بۆ پرسیارەكەمان، بۆچی گرووپی خوێنمان جیاوازە؟

زانایان دەڵێن، هۆكاری جیاوازیی گرووپی خوێنی مرۆڤەكان، دەگەڕێتەوە بۆ پێشكەوتنی مرۆڤ لە خۆگونجاندن لە بارودۆخی سروشتدا بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشی، چونكە وەك ئاشكرا كراوە، هەر پارچەیەك لە جیهان جۆرێك گرووپی خوێنی وەرگرتووە زیاتر لە گرووپەكانی تر، بۆ نموونە ئەفریقیا و ئەو ناوچانەی (مەلاریا)یان تێدا بڵاوە، گرووپی خوێنی زۆربەیان (O) (ئۆ)یە، چونكە ئەوانەی خاوەنی ئەم گرووپی خوێنەن، بەرگرییان زۆرە و زۆر بە دەگمەن تووشی مەلاریا دەبن. گرووپی خوێنی (B) (بی) لە ناوچەكانی وەكو (چین و هندستان و بەشێك لە ئەوروویا) هەیە، ئەم ناوچانە بە دەست پەتای وەكو (تاعوون و ئاوڵە)ییەوە دەیاناڵاند.

زانایان دەڵێن، یەكەمین گرووپی خوێنی مرۆڤ (A) (ئەی) بووە، دوای ئەو نەخۆشییانەی وەكوو (مەلاریا و شێرپەنجە و ئاوڵە) مرۆڤ پێش كەوتووە و بۆ مانەوەی لە ژیاندا گەیشتووەتە گرووپی خوێنی (O)،  ئەگەر مرۆڤ بەردەوام بێت لە بەرگری و هەوڵدان بۆ مانەوە، ئەوا جۆری گرووپی خوێنی تر دەردەكەوێت، وەك چۆن ئێستا لە هندستان گرووپێكی نوێی خوێن دۆزراوەتەوە.

سەرچاوە

پێگەی naqwah

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *