خاتوونی شام شازادەی زانستخواز و دایكی هەژاران

 

ئەو خانمە كوردەی بە دایكی هەژاران و لێقەوماوان و زانستخوازان و خەمخۆری زانایان و دانایان دەناسرا، لە قۆناغێكی مێژووییدا كە كەمتر لا لەو توێژانە دەكرایەوە، ژنێك بووە تژی لە ئاكار و كرداری جوان

شازادە زومورد خاتوون كە بە (خاتوونی شام) ناودێر كرابوو، كچی شا نەجمەدین ئەیووب و خوشكی بچووكی سوڵتان سەڵاحەدینی ئەیووبیی دامەزرێنەری دەوڵەتی ئەیووبییە

خاتوونی شام، لە سەدەی شەشەمی كۆچیدا لە دیمەشق لەدایك بووە، فەقێتی و فەرموودەی خوێندووە و هەموو ئەو زانیارییانەی كە لەو بوارەدا هەیبووە بەخشیویەتە كچانی سەردەمەكەی

خاتوونی شام، ماڵەكەی خۆی كردووەتە شوێنی وانەی زانست و لەبەركردنی قورئان

بەڵام لە كاتی جەنگدا ماڵەكەی دەبووە بنكەی چارەسەری برینداران و پەناگەی هاووڵاتیانی سڤیل، جگە لەوەی كە دەبووە شوێنی دروستكردنی دەرمان و بڵاوكردنەوەی بەسەر بێدەرامەتەكاندا بە خۆڕایی

خاتوونی شام، دوو قوتابخانەی بەناوبانگی دروست كرد، قوتابخانەی شامی ناوەوە (الشامیة‌ الجوانیة‌) و قوتابخانەی شامی دەرەوە (الشامیة‌ البرانیة‌)، كە بەناوبانگترین زانایانی شافعی لەوێ بڕوانامەیان وەرگرتووە، وەكو دادوەر شوبهە و دادوەری داوەران (تەقێدینی كوڕی عەلجوون)

خاتوو زومورد بە هیچ جۆرێك دەستی بە موڵك و پارەكانیەوە نەدەگرت، بەڵكوو هەمووی خستۆتە خزمەتی كەسانی بێدەرامەت هەتا دوایین رۆژی تەمەنی كە رۆژی هەینی 16ی زیلقەعدەی ساڵی 616ی كۆچی بوو

ناوی راستەقینەی خاتوونی شام

ناوی (فاتیمە كچی نەجمەدینی ئەبی شوكر ئەیووب كوڕی شازی كوڕی مەروان)ی ناسراو بە (خاتوونی شام)ە، هاوسەری ناسرەدینی كوڕی ئەسەدەدینی شێركۆی خاوەنی (حومس) بووە كە دەكاتە ئامۆزای سەڵاحەدینی ئەیووبی

ناوی (زومورد) بەهۆی هەڵەی هەندێك لە گەڕیدەكانەوە خراوەتە پاڵی، بەڵام ئەو هەڵەیە چاك نەكراوەتەوە و بەردەوام بووە، هەر بۆیە تا ئێستاش بە ناسناوەكانی (زومورد خاتوون) و (خاتوونی شام) دەناسرێتەوە نەك  (فاتیمە). یەكەمین هاوسەرگیریی لەگەڵ عومەری كوڕی لاجین بووە، دیارە لە سەرەتای هاوسەرگیرییەكەیاندا، عومەر كۆچی دوایی كردووە، پاشان دەبێتە هاوسەری محەمەد كوڕی شێركۆ كە یەكێكە لە كوڕە مامەكانی و خاوەنی شاری (حومس) بووە

سەرچاوە

See بە عەرەبی

ویكیپیدیا

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *