هه‌رمن ئه‌حمه‌د
تیشكی خۆر، لە‌نێو گه‌ڵا ورده‌كانی درەختە به‌هارییە‌كه‌ی به‌رده‌م ماڵه‌كه‌یانەوە، جێگۆڕكێیەتی، له دەلاقه‌كانه‌وه خۆی ده‌خزێنێته نێو پرچه لوول و تێك ئالۆسكاوه‌كانی، ئه‌و هێشتا ماندووه، به چاوێكی خه‌واڵووی وه‌نه‌وزبردەوە، ده‌یه‌وێت چاوبڕكێ له‌گه‌ڵ خۆردا بكات
تیشكی زێڕین، ڕێگه نادات ئه‌و عیشقەی له‌گه‌ڵ بگۆڕێته‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی پێی بڵێ: تۆ هه‌ر ده‌بێ چاوه‌ڕوان بیت، تۆ بەردەوام روو لە ئاسمان نزا بكە
لای راستی ده‌لاقه‌كه، بەسەر تووله‌ڕێیه‌كدا دەڕوانێت كه هه‌میشه ڕێ و شوێنگوزه‌ری ڕێبوارانە و بووەتە جێژوانی عاشقان و مەعشووقان، ئه‌و له دوورەوە ده‌بینێ منداڵێك زۆر به نازه‌وه به ده‌وری داپیره‌یدا ده‌سووڕێتەوە، بینینی ئه‌م دیمه‌نه ده‌یگەڕێنێتەوە بۆ سه‌رده‌می منداڵیی خۆی و گردبوونه‌وه‌ی خێزانێكی گەرم و تەبا و تۆكمە و پڕ میهره‌بانی
هێدی هێدی، ئەو رۆژانەی هاتەوە یاد كه له‌ته‌نیشت داپیره‌یه‌وه بە قشتی داده‌نیشت و گوێی بۆ قسەكانی هەڵدەخست، ئەویش سه‌رگوزشته و چیرۆكه‌كانی رابردووی بۆ ده‌گێڕایه‌وه، داپیرەی تەنیا چیرۆك گێڕەڕەوە نەبوو بۆ ئەو، بەڵكو گەلێ جار ئەو پەناگە ئارامەش بوو كە هانای بۆ دەبرد، ئه‌ویش لەو ده‌مانەدا كه كارێكی (لە دیدی دایك و باوكییەوە) خراپی بكردایە و لێی تووڕە بوونایە، ئەو دەمانە هەمیشە خۆی ده‌خزانده بن فەقیانەكەی پشتی داپیرەی و لەوێ خۆی حەشار دەدا
داپیره‌ش به‌وپەڕی سۆز و میهره‌بانییه‌وه داڵده‌ی ده‌دا، دوای هه‌موو ئه‌مانه‌ش، داپیره گرێی فه‌قیانه‌كه‌ی ده‌كرده‌وه و چەند فلسێكی پێدەدا و ده‌یگوت بڕۆ لەو دوكانەی گەڕەك شیرینیی پێ بكڕە و زوو وەرەوە بۆ لام
تینی هه‌تاو، ورده ورده ته‌نگی پێهه‌ڵچنی و خزانیه لای راستی ده‌لاقه‌كه‌وه، هەر‌چه‌نده ئه‌و عاشقی تیشكە زێڕینەكانی خۆرە، پێی خۆش بوو هەر نا رۆژی چەند جارێك، راستەوخۆ چاو لە چاوی خۆر ببڕێت، نەك تیشكەكەكان لە شووشەیەكی دەستكردی پەنجەرەوە بۆی بێن
دیسان سه‌ری له‌قانده‌وه بۆ تووله‌ڕێكه، ئەمجارەیان دوو ڕێبواری له‌دووره‌وه بینی، هەر له دوور ڕا دیار بوو ئەو دوانە عاشقی یەكدین، ئاخر هەر بە هەڵسوكەوت و شێوازی پیاسە و هەنگاونانیاندا مرۆڤ هه‌ستێكی وەهای بۆ چێ دەبوو كە هەرچی خۆشه‌ویستیی ئه‌م دونیایەیە وەك باران به‌سه‌ر ئه‌و دوو رێبوارەدا باریوه
پرچه لوول و ئاڵۆسكاوه‌كانی له‌به‌ر چاوی لادا تا وردتر سەرنج لە دیمەنی ئەو دوو عاشقە بدات، ته‌زوویه‌كی پڕحه‌ز له نووكی پێیەوە تا ته‌وقی سه‌ری، به جه‌سته‌یدا هات، خه‌نده‌ی لێوه‌كانی هه‌زار و یه‌ك په‌یڤی تێدا ده‌خوێندرایه‌وه
له‌به‌ر خۆیه‌وه ده‌یگوت: یادگەی مرۆڤ زۆر سەیرە، هەرگیز رابردوو بەرۆكی بەرنادا، هەرچی داهاتووشە هەر بە رابردووەیەوە گرێی دەداتەوە… هێدی هێدی لەگەڵ سەرنجدانی زۆری لەو دوو عاشقەی توولەڕێكە، یادەوەرییەكانی ئەندێشەیان پڕ كردەوە و گەڕایەوە بۆ ئەو سەردەمەی تیایدا عاشق بوو
خەندە و خەم، پێكەنین و هەنسكی گریان، لە‌نێو رووخساریدا تێك ئاڵان… ئای لەو هەستە، عاشقبوون، لێكجوودایی، ونبوون و دابڕان، هه‌رچی بیرەوەرییەكانە له‌و نیشتمانه بەجێ مان كه عەشقی تێدا وەستێنرا
هەرچەندە ئەو بە چاو هەر سه‌یری ئه‌و دوو عاشقه‌ی دەكرد، لێ هێندە لە‌نێو بیرەوەرییاكانیدا ژیا، به‌خه‌یاڵه‌وه ئه‌وانی له‌بیر كرد كاتێ بە به‌رده‌میا تێپه‌ڕین، ئه‌وانیش سه‌یری ئه‌ویان كرد، سه‌یری دانیشتن و ڕووخساری غه‌مگینی ئەویان كرد، ئەو ساتە چاوه‌كانی هاوشێوه‌ی شەوانی ئاسمان، زۆرترین ئه‌ستێره‌ی تێدا نه‌خشێنرا
ده‌مێكی قوت، لێوێكی نیوچە داخراو، بزه‌یه‌كی كه‌م و كورت به رووخسارەوە، هێندە ئاشكرا بوون كە ئەگەر هەر كەسێك بەوردی سەرنجی بدایە، دەیزانی لەو كاتەدا خەیاڵی پڕە لە عەشق، پڕە لە ئەوین، پڕە لە وشەی جوان، پڕە لە گەرمیی خۆشەویستی، پڕە لە خەم، پڕە لە دابڕان و لێكترازان
جارێكی تر ئه‌ندێشه‌كانی پچڕ پچڕ بوون، له‌به‌رخۆیه‌وه ده‌یگوت: من خه‌ریكی چیم! من ئێستا لە واقیعێكی تردا دەژیم كەچی خەیاڵ دەمباتەوە بۆ تافی لاوییم و شەڕ لەگەڵ ئەم واقیعەی ئێستام دەكەم، خەیاڵ وام لێ دەكات قبووڵی نەكەم
دەمێكی تر بە خۆی پێدەكەنێ: ئای لەوە، خۆ خەریكە دەبمە دوو مرۆڤ، خەریكە بە خەیاڵ كەرت دەبم و دەبمە دوو كەس، ئاخر بەشێكم لە رابردوودا دەژی و بەشەكەی ترم لەم واقیعەی ئێستادا دەژی، ئەو بەشەم لە سۆراخی ئەو شتانەدایە كە لێم ون بوون، دەیەوێ ئەو خەونانە ببینمەوە كە تۆران، لێ بەشەكەی ترم گاڵتەی پێدەكات: ئەرێ تۆ خەریكی چیت، ژیان چۆن دەگەڕێتەوە بۆ دواوە
ئای ئه‌و چەند شه‌كه‌ت و ماندووە، لێوەكانی وشك هەڵاتوون، وەك ئەوەی لەتەنیشت كانییەكەوە چاوەڕێی قومێك ئاو بكات، ئاخر ئەو دەریاشی لێوە نزیكە، چاوەكانی فرمێسكی زۆریان تێدا قەتیس ماوە، ئەو فرمێسكانەی نابێ بڕێژرێن، ئاخر ئەو لەبەر دەوروبەر نایەوێ بگری، دەیەوێ وەها خۆی پیشان بدات كە بەهێزە و دەتوانێ لەم چاوەڕوانییەدا ئەم دۆخە قورسە تێپەڕێنێت، ئه‌و ده‌یه‌وێت هه‌موو كه‌س به‌و چاوه‌وه ئه‌و ببینێ كه دڵخۆش و ئاسوودە و به‌خته‌وه‌ره، نایەوێ كەس برینەكانی ناخی ببینێت، نایەوێ كەس بەو كەرتبوونەی بزانێت، هه‌رچه‌نده ئازاره‌كانی لێناگه‌ڕێن ئه‌و تابلۆ جوان و نه‌خشێنراوه‌ی خۆی له هزری كه‌سانی دی‌دا ببینێتەوە
له‌نێو ئه‌م ئه‌ندێشه و خه‌یاڵه‌دا، لە‌نێو گرێدانی رابردوو به ئێستاوە، دنیایه‌كی رۆحیی تایبەتی خۆلقاندووه، هاوكێشه‌كانی ناو مێشكی، هه‌م دڵخۆشی ده‌كه‌ن و هه‌میش سه‌ری لێدەشێوێنن
له‌ناكاو زه‌نگی مۆبایله‌كه‌ی ڕایچڵه‌كاند، به سه‌رله‌قاندنێكه‌وه گوتی: من به ته‌واوی ئالووده‌ی رابردوو بووم… ئیدی تا من هه‌بم، خه‌یاڵه‌كانی رابردووشم وه‌ك سێبه‌ر لەتەكما ده‌ڕۆن