سەربردەی ئەوینێكی ناكام دوا نامەی ئەنەس بۆ شەیمای شەهید

 

 

 

ئەنەس یازجی، نامەیەكی بۆ شەهید (شەیما ئەبوو عەوف)ی دەستگیرانی نووسیوە، دوابەدوای دۆزینەوەی لاشەكەی كە ماوەی دوو رۆژ بوو لەژێر دارووپەردووی خانووێێكی رووخاودا بوو لە ئەنجامی تۆپبارانكردنی شارەكەیان لە غەززەی فەلەستین، ئەنەس و شەیما بەر لە دەسپێكردنی شەڕی ئەم دواییەی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل، دەستگیراندار بوون و بەنیازی پێكەوەنانی ماڵ و خێزان بوون لە ئایندەیەكی زۆر نزیكدا، بەڵام ئافاتی شەڕ، شەیمای برد و ئەنەسی تەنیا هێشتەوە، ئەمەی خوارەوە دەقی نامەكەیە:

باشە شەیما..

زۆر خۆشم دەوێیت، و ئینجا..

من ئێستا لەژێر تۆپباراندام، هەر لەو كاتەوەی پێش سێ رۆژ و پێنج مووشەكەكەی سەر ماڵەكەتان، تەلەفۆنەكەمان داخستەوە..

لە كاتی دوایین تاقیكردنەوەی كراسی بووكێنی و خەنەی خەنەبەندانەكەدا

لە كاتی یەكەمین منداڵی دواخراومان و یەكەمین پێداگری و كەللەڕەقیی تۆدا

دەمگوت: من یەك منداڵم دەوێ

دەتگوت: نەخێر ١٠ منداڵ

زۆرم خۆش دەوێیت و ئینجا…

من هێشتا لەژێر تۆپباراندام

دەستم لە گیرفانمدایە و عەقڵم لە جێی خۆی

دەڵێم: ئەی شەیما

فڕۆكەیەك تێپەڕی

زەنگەكە و منارەكە كەوتنە خوارەوە

دەڵێیت: قەیناكە، نوێژ هەر دەگاتە سەرەوە

دەڵێم: ئەی شەیما ئەوە تاوەرەكانیان رووخاند

دەڵێیت: قەینا، كۆتر هەر دەمێنێ

دەڵێم: پەنجەرەكانیان وێران كرد

دەڵێیت: باشتر، رووناكی ئازادی وەرگرت

زۆرم خۆش دەوێیت..

ئێستاش من لەژێر تۆپباراندام وەكو هەموو جارێك

لەژێر وێرانكاری

ماڵەكەمان ئەی خۆشەویستەكەم

ماڵە بچووكەكەمان كە بە یەكەوە بەردمان خستە سەر بەرد، پاشان لەناو قەرز و قیستدا نغرۆ بووین

كەوتینە شەڕی هەڵبژاردنی رەنگی قەنەفەكە

رەنگی دیوارەكان، لە چ شوێنێكی باخەكەمان دارمێوەكە بچێنین

شەقامەكانمان بۆ دەگەڕێتەوە

منارەكە و باخەكان

كارەبا

هێڵی ئاو

دەڵێم: تۆپباران ئێستا راوەستاوە

ئەی كێ خوێن بۆ شەیما دەگەڕێنێتەوە؟

و. لە عەرەبیەوە: شایان

 

 

 

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *