[su_custom_gallery source=”media:5395″ limit=”20″ link=”none” target=”self” width=”140″ height=”140″ title=”never” class=””]
بەڵێن موفید
شایان: سهرهتا دهمانهوێت خۆت به خوێنهرانمان بناسێنیت:
– من ناوم (بەڵێن موفید جەلیل)ە، خهڵكى شارى كەرکوکم, بهڵام دانیشتووى ههولێرم, قوتابیى قۆناغی سێیەم له بهشى بەرێوەبردنی کار له زانكۆى نێودهوڵهتیی تیشك.
شایان: ئێمه چهندین جار تۆمان له ناو چالاكییهكانى زانكۆدا بینیوه، وهكو خۆبەخش و وەكو خوێنەرێکی چالاک، دەمانەوێ بزانین چۆن دەستت بە خوێندنەوە کردووە ؟
– بێگومان هەر یەكێك لە ئێمە كە دەست بە كارێك دەكات، چەند كەسێك دەبنە هاندەری، یاخود چەند كەسێك دەبنە نموونە و سیمبوول لە ژیانیدا، بۆیە هەوڵ دەدات هەمان رێچكەی ئەوان بگرێتە بەر. بە خۆشحاڵییەوە من دەڵێم كە هاندەر و نمووونەی هەرە گەورەی ژیانم، كە پاڵنەر و پاڵپشتم بوون بۆ هەموو لایەنەكانی ژیانم بە تایبەتی پەرتووك خوێندنەوە، باوكم و دایكم بوون. باوكم كەسایەتییەكی بەرزی هەیە، بەردەوام خۆبەخشانە بەشداربووە لە چالاكیی مرۆڤایەتیی و كاری زۆر گرنگ، و دایكیشم هەردەم چیرۆك و ژیاننامەی كەسایەتییە بەناوبانگەكانی بۆ دەخوێندمەوە یان باسی دەكرد، ئەوان رۆڵی سەرەكییان هەبووە كە من ئاوا خولیای خوێندنەوەم لەلا دروست بێت.
شایان: جگە لە دایك و باوكت، هیچ كەسێكی نزیك لە خۆت، یاخود كەسایەتییەكی دیكە كاریگەرییان لەسەر تۆ نەبووە؟
– هەوڵەكانی من بۆ پێشخستنی خۆم زیاتر لە 2019ەوە دەستی پێكرد، ئەویش دوای تەماشاكردنی چەند مامۆستا و زانایەك لەرێی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی بڵاویان دەكردەوە. هەر ئەوە بوو وای لێكردم بڕیار بدەم بە برادەرایەتیكردنی كەسانێك كە خاوەن ئەزموون بن و هزر و بیریان پێشكەوتوو بێت. كەسانێك بن كە گرنگی بە بواری خوێندنەوە لە پاڵ خوێندنەكەیاندا بدەن. ئەو كەسایەتییانە كاریگەرییان هەبووە.
شایان: كەواتە تۆ سوودت لە دایك و باوكت، پاشان چەند كەسایەتییەك بینیوە، هەر بۆیە دەمەوێت بپرسم، خاڵی هاوبەشی هەموو ئەوانەی لای تۆ كاریگەر بوون، چی بوو؟
– کەسەیاتییەكان لە سەرانسەری جیهاندا یەك خاڵی هاوبەشیان هەیە، ئەویش پەرتووك خوێندنەوەیە، وەکو ستیڤ هارڤی، بیل گێتس، دکتۆر تاریق سوەیدان و زۆر کەسی تر.
– شایان: لە زانکۆی نێودەوڵەتیی تیشك کۆمەلێک کلەب هەن، هەر كلەبێك گرنگی بە لایەنێكی حەز و ئارەزووەكانی قوتابیان دەدات، تۆ پێشنیاری دامەزراندنی کلەبی خوێندنەوەت كرد و پێشنیارەكەت وەرگیرا و لە زانكۆ دامەزرێنرا، بیرۆكەی ئەو كلەبە لە چییەوە هات؟
– ئەو بابەتە پێش دوو ساڵ دەستیپێکرد، لە لە قۆناغی یەك بووم، رۆژێكیان بیرم لەوە كردەوە كە چ شتێك بكەم سوودی بۆ قوتابییەكان و زانكۆش هەبێت، و لەبەر ئەوەی پەرتووك خوێندنەوە لەلای من بەهایەكی زۆری هەیە، و بینیم جۆرەها کلەب لە زانکۆكەمان هەیە، بۆیە پێشنیاری دامەزراندنی كلەبێكی پەرتووك خوێندنەوەم كرد، بۆ ئەوەی قوتابییەكانیش سوودی لێ وەرگرن، هانیان بدەین بۆ خوێندنەوەی پەرتووكی جیاواز، و دوای خوێندنەوەی هەر پەرتووكێك، زانیاری و بیرۆكەكان لەگەڵ یەكتری ئاڵووگۆڕ بكەین، بیرۆكە جیاوازەکان وەرگرین و لەگەڵ یەکتر گفتوگۆی لەبارەوە بكەین. پێشنیارەكەم لە ساڵی 2020 پێشكەشی راگرایەتی قوتابیان كرد، بەڵام بەداخەوە بەهۆی پەتای كۆرۆناوە، ئەم كارەمان وەكو هەر كارێكی تر دواخرا. پاشان دوای گەڕانەوەی ژیانی ئاسایی، ئەو كات لە قۆناغی دوو بووم جارێكی تر پێشنیارەكەم پێشكەش كردنەوە، بە سوپاسەوە راگرایەتی قوتابییان لە زانكۆ هەموو هاوكارییەكی بۆ سەركەوتنی ئەم كارەمان پێشكەش كرد.
شایان: قوتابییەكان بەشداری ئەو كلەبە دەكەن؟
– ناتوانم بڵێم بە رێژەیەكی زۆر قوتابیان بەشدارییان لە كلەبی خوێندنەوە كردووە، چونكە ئەم جۆرە شتانە خولیای هەموو كەسێك نیە، وەك چۆن لە كلەبەكانی دیكەش بەشداریی قوتابیان بە پێی حەز و ئارەزوو و دەرفەتەكانیانە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانم بڵێم رێژەی قوتابیانی بەشداربوو بۆ خوێندنەوەی پەرتووك بەرەو زیادبوون دەڕوات.
شایان: پەرتووكەكانتان لەكوێ دێنن؟ واتا خۆتان دەیهێنن یان لە پەرتووكخانەی زانكۆ وەریدەگرن؟
- بەڵێن: هێنانی پەرتووك بەپێی ویستی قوتابییەكانە، هەندێك جار یەكێك لە ئێمە پێشنیاری پەرتووكێك دەكات و لە دەرەوە دەیهێنێت، هەندێك جاریش لە پەرتووكخانەی زانكۆ بەدەستی دەهێنین، چونكە ئەو پەرتووكخانەیەی زانكۆ دەوڵەمەندە، زۆر سوودیشمان لێی وەرگرتووە، بەڵام مەرج نیە هەموو پەرتووكێكی تێدا بێت، بۆیە وەكو وتم هەندێك جار پەنا بۆ پەرتووكی دەرەوە دەبەین.
– شایان: کەمی خوێنەر لە کوردستان هۆکاری چیە و چۆن چارەسەر دەکرێ؟
– جارێکیان گێرایەنەوە لە مەکسیک لە وێستگەی میترۆ، بە بەردەوامی کێشە و ئاژاوە لەوێ رووی دەدا، چونكە زۆربەی كاتەكان ماددەی هۆشبەر لەوێ دەفرۆشرا و زۆر جار بەو هۆیەوە كەسانێك دەكوژران و پۆلیسیش دەستەوەستان دەمایەوە هیچی پێ نەدەكر. بیریان كردەوە كە چۆن ئەو دیاردەیە چارەسەر بكەن، ئەوە بوو یەكەم شت هەموو دیوارەكانی ئەو وێستگەیەیان بە نووسین و وتەی جوان نەخشاند، پاشان لە شوێنی چاودێریكردنی میترۆدا، رەفی پەرتووكیان دانا، هەر کەسێک پەرتووكی زیادەی هەبوایە لەوێ دایدەنا، بەو شێوەیە خەڵک بەبێ بەرامبەر پەرتووكی دەست دەكەوت. هەموو ئەو هەوڵانە بوون بە هۆكاری گۆڕانكاری لەو شوێنەدا، رێژەی توند و تیژی كەم بۆوەو تەنانەت كاریگەری لەسەر شێوەی جل و بەرگیشیان كردبوو. مەبەستەكەم لێرەدا ئەوەیە كە هیچ كەسێك لە خۆیەوە ناگۆڕێت، گۆڕانكارییەكان پێویستییان بە پرۆژە و پلانی جدییە.
– شایان: هۆکارەکانی بەردەوامیی و سەرکەوتن چییە؟
– یەکەم شت بە پشت بەستن بە خوای گەورەیە، پاشان بە خۆمان، چونکە خۆمان هەوڵ نەدەین و خۆمان ماندوو نەکەین، کەس نایەت لە جیاتی ئێمە خەونەکان بێنێتە دی، و بێ گومان خێزان زۆر کاریگەری هەیە، بەڵام هۆكاری سەرەكی هەر خۆمانین.
له كۆتاییدا زۆر سوپاست دهكهین و هیواى بهردهوامبوونت بۆ دهخوازین, بهو هیوایهین رۆژێك له رۆژان ببیت به یهكێك له کەسایەتییە کاریگەرەکانی کۆمەڵگاكەمان.
