خەیاڵکردن

جیهانی ڕاستەقینە سنووری خۆی هەیە، بەڵام جیهانی خەیاڵکردن بێ سنوورە.

-جان جاک ڕۆسۆ-

مرۆڤ بەبێ زۆر شت دەتوانێت ژیان بکات، ماوەیەك بەبێ ئاو، ماوەیەك بەبێ خواردن، بەبێ پارە، بەبێ شوێن، بەبێ زۆر شتی تریش، سروشتی مرۆڤ وایە کە لە هەر بارودۆخێکدا بێت بتوانێت بەسەر ئاستەنگەکاندا سەربکەوێت و لە ژیاندا بمێنێتەوە، بەڵام شتێک هەیە کە ئەستەمە مرۆڤ بەبێ ئەو بژیێت و بمێنێتەوە، ئەویش خەیاڵکردنە. هەر وەکو وتراوە، ئاسانترین ڕێگا بۆ داگیرکردنی شوێنێک یان وڵاتێک، چ بە هزریی یان بە کرداری بێت، بریتییە لە قەدەغەکردن و لێسەندنەوەی خەیاڵکردن، بە تایبەتی لە چینی گەنجان و هەرزەکاراندا. ئاشکرایە کە خەیاڵکردن دەمانگەێنێت بە شوێنێک کە زۆر جار ئاوەز پەی پێ نابات، زانای فیزیایی لەم بارەیەوە دەڵێت: ئەگەر زانست لە خاڵی ١ بەرەو خاڵی ٢ بتبات، ئەوا هێزی خەیاڵکردن و تێڕامان دەتبات بەرەو ئەودیوی سنوورەکان. ڕۆژێک هەموو ئەم شتانەی ئێستا لە بەر دەستمانن و ڕۆژانە بەکاریان دەهێنین و خزمەتی گەورەی مرۆڤایەتی دەکەن، تەنها خەیاڵێکی سادە بوون و لە دواتردا پەرەیان پێ دراوە، وەک نموونەی داهێنانی فڕۆکە، کە بیرۆکەی دوو برا بوون کە ویست و ئارەزوویان ئەوە بوو وەکو کۆترەکان بە ئازادی لە ئاسمانەکاندا بفڕن و چێژ لەم جۆرە ئەزموونی ژیانکردنە وەربگرن، سەرەتا بە بیرۆکەیەکی سادە دەستی پێکرد و لە پشتییەوە هێزێکی سەرسووڕهێنەری خەیاڵ هەبوو.  لە ڕۆژی ئەمڕۆماندا گەنجان و هەرزەکارانمان خەیاڵی زۆر جوان و سەرسووڕهێنەریان هەیە، بە جۆرێک گەر بواریان بۆ بڕەخسێت چەندین داهێنانی باش و پێویست بە ئەنجام دەگەێنن، هەر لە بوارەکانی ئامێرە بارگاوییەکان تا درووستکردنی باڵەخانە و بیناکان بە شێوەیەک کە ڕکابەرێتی پێوەرە جیهانییەکان بکات، باشە، بەڵام، خەیاڵکردن دەمانگەێنێت بە کوێ؟

خەیاڵکردن هەنگاوێکی باشت بۆ دەبڕێت لە داڕشتنی وردی ئەو کارانەی دەمانەوێ بیانکەین، دوای خەیاڵکردن بێ گومان پلان و پابەندبوونێکی تەواوی پێویستە، یارمەتیدەرە لە بنیاتنانی هەنگاوەکاندا و ورەبەرزی دەبەخشێت و زیاتر هانی تاکەکان دەدات لەسەر پێداگر بوون و ئەنجامدانی، ئەمەش ڕێگە خۆشکەرە بۆ ئەوەی بتوانێت ئەو ئاوات و ئامانجەی لە مێشکیدا هەیبووە لێی نزیک ببێتەوە و پێی بگات.

لە کەتواری ئەمڕۆماندا، بایەخێکی وا نادرێت بەم بابەتە، نەک بایەخی پێ نادرێت، بەڵکو ئەو کەسانەشی کە باسی لێوە دەکەن بە خەیاڵپڵاو ناودەبرێن، کە خەیاڵپڵاوی و خەیاڵکردن هێڵێکی زۆر باریکیان لە نێواندایە دەکرێت زۆر جار تێکەڵ بکرێن، ڕێی تێدەچێت گەر زۆر وریا نەبین خەیاڵەکان ببن بە خەیاڵپڵاوی، و زۆر شت هەیە ڕێی تێدەچێت ببێت، ئەوانەش ئەو شتانەن وەک ئاماژەم پێدان بەرنامەڕێژییان بۆ دەکرێت و کاریان لەسەر دەکرێت.

زۆرجار، تەنها داخستنی چاوەکان و خەیاڵکردن لە کێشمەکێش و سەرقاڵییەکان بۆ ساتێک ڕزگارت دەکەن، هەستێکی خۆش و جوان دەبەخشێت، گەورەیی مرۆڤەکانیش هەر لەوەدایە کە دەتوانن خەیاڵ بکەن.

پێویستە زیاتر کۆبیر بکرێتە سەر ئەم بابەتە، چونکە، هەر خەیاڵکردنە کە بیرۆکەیەکی سەرەتایی و سادە دەکات بە داهێنانێک کە هەموو مرۆڤێک سوودی لێ وەربگرێت، هەروەها، گرینگترین شت ئەوەیە هێزی خەیاڵکردن بەتایبەتی لە منداڵەکانمان نەستێنینەوە، چونکە هەر منداڵێک داهێنانکار و زانایەکە، ئەوەی جێی داخە هەر لە زووەوەوە ئەو هێزەیان لێ وەردەگیردرێتەوە لەلایەن چواردەورەوە، چ خێزان بێت یان هاوڕێ و کەسانی تر بێت.

خەیاڵکردن هیچ سنوور و تەمەنێکی بۆ نیە، هەمیشە کات و سنوور و سەردەمەکان تێدەپەڕێنێت و بە دڵنیاییەوە دەگات بە شوێنی خۆی، تەنانەت درووستبوونی دەوڵەتە گەورەکانیش لە خەیاڵێکەوە بنیاتنراون، و دەتوانم بڵێم تاکە شتە کە ڕوحی مرۆڤ بە زیندوویی دەهێڵێتەوە، تەنها شتێک گرنگە کە هەرگیز واز نەهێنین لە خەیاڵکردن، هەر وەک «کاذێرین پەڵسیفەر» دەڵێت: با بیرۆکە و بیرکردنەوەکانت ئیلهامت پێبدەن، هەموو داهێنانێک لە خەیاڵەکەتەوە سەرچاوە دەگرێت کە سەرەتا خەیاڵی دەکەیت و دواتر درووستی دەکەیت.

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *