کەرتێکی ونبوو( بەشی یەکەم)

مرۆڤ بە سروشتی خۆی بونەوەرێکی بزێوە، ناتوانێت قەرار بگرێت لە شوێنێک یان وابەستەی فکرێک بێت بۆ ماوەیەکی درێژ بێ بیرکردنەوە لە زیاد تێگەشتن لێی یان گەڕان بەدوای نشینگە و خەیاڵێکی تردا، هەمیشە حەز بە جوڵە و گەڕان ئەکات، ئەیەوێت فێربێت و گوێی لە دەنگی چرپە و بینینی شتانی پشت پەردە بێت. ئەم تایبەتمەندیەشی وایلێکردوە کە جیاواز لە دروستکراوەکانی تر بمێنێتەوە و لە زیاتر لە ڕەنگێکدا خۆی بنوێنێت. وایکردووە کەشفی دەریا و زەریا و شاخ و دارستان و بیابان و بەستەڵەکەکان بکات، لە هەر جێیەکیش دڵی خواستی، بانگەشەی خۆیبوون بکات. ئەم بزێوییە وایکردووە، ئۆقرەی نەبێت و لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر کۆچ بکات، بەڵام زۆرجار ئەم کۆچە لە حەزکردن بۆ ئاشنابوون بە شتانی پشت پەردە و چرپەی دەنگێکەوە ئەگۆرێت بۆ گەڕان بەدوای کەسێکی تردا کە بە کەرتە ونبووەکەی خۆی ئەژماری ئەکات!

ئەم کەرتە ونبووەش، ئەکرێت بەرهەمی هەمان دار، یان یەک بەرهەمی سەر موتوربەی دوودار و ژینگەی جیاوازبێت!

یاخود ئەکرێت، دوو شتی تەواو لێک جیاوازبن، بەڵام ڕەنگیان یەکبێت!

یاخود ڕەنگیان جیا بێت، بەڵام ناویان چونیەک بێت، وەک سێوی سەوز و زەرد!

بەڵێ، مەرج نیە لەتە ونبووەکەت هەمان تامی هەبێت، ئەکرێت هەمان ڕەنگی هەبێت!

ئەکرێت دوو بۆنی جیاوازی هەبێت، بەڵام یەک قەبارەی هەبێت!

ئەکرێت یەکیان بەرز و ئەوی تریان لە ئەرز بڕوێت، بەڵام هەمان زەوی و خاکیان پێویست بێت.

بەڵێ، گەڕان بەدوای کەرتێکدا کە هاوشێوەی خۆتە، کارێکی ئەستەمە. گرنگیدانیش بە یەک ڕوو و لەبیرکردنی هەموو هاوبەشییەکانی تر کارێکی دوور لە ژیریی سروشتی مرۆیی بوونە. نەک هەر ئەوەندە، ڕەنگە کەرتە تەواو هاوشێوەکە هۆکاری بۆگەن بوون و مانەوەی تۆ لە ئاستی نەگۆڕیدابێت!

کەوایە، ئەو کەرتەی لە کەرتبوون ئەمان پارێزێت پێویستە چۆنبێت؟

زۆر بەسادەی، با بەدووی کەرتێکا بگەڕێین، کە هاوینی ئێمەی لا زستان نەبێت!

بەهاری ئێمە، وەرزی خەزانی ئەو نەبێت!

با بەدووی کەرتێکا نەگەڕێین کە شنەی بەهاری ئێمە، گەردەلوول و ڕەشەبا بێت لای ئەو!

با چاومان لە کەرتێک نەبێت کە پێکەنینی ئێمە شەوەی نیوەی شەوانی زستانی ئەوبێت!

بەڵکوو چاومان بکەینە سەد چاو تا:

تا ئەو تۆوانە بدۆزینەوە کە هەرچەند لە شکڵ و شێوەدا جیاوازن بەڵام لە ئاوی یەک دێراو خۆیان تێرئاوئەکەن!

بە بەدووی ئەو کەرتەدا بگەڕێین، کە بەهار و پایزیان بەیەکەوەیە!

با بەدووی کەرتێکدا بگەڕێین کە لەسەرەتای چەکەرەکرندیدا، وەرزی بەرهەمی تۆی ناوێت!

کە لە کەوتنی تۆدا وێڵی سێبەری تر نەبێت!

با بەدوای ئەو کەرتەدا بگەڕێین کە هەرچەند بەرز بێت، خۆی ئەکات بە سێبەر بۆت!

هەرچەند باڵبدات، چاوەڕوانت ئەکات!

بەڵام تا ئەوکات با لە ئەندێشەتدا ئەوە هەبێت کە دۆزینەوەی ئەم کەرتە ونبوە، زۆر ئاسانترە لەو کەرتەی کە لە هەموو ڕویەوە لە تۆ ئەچێت. دۆزینەوەی ئەو کەرتەی کە لەهەمان ژینگە گەشە ئەکات، زۆر زیاتر لەو کەرتە چونیەکە، بێناوەڕۆکە، ڕواڵەتیە، هاوشێوەیە پێویستە کە بۆ تێکنەچونی پێویستی بە ڕۆژنامە و کلێنس هەیە بۆ تێپێچانی بۆوەی بۆگەنت نەکەن پێکەوە.

گەشتینە کۆتای بەشی یەکەم و ئەم بابەتەم بۆتۆ نوسیوە، بۆ تۆی خوێنەر! بۆیە تانها خۆتان لێیتێئەگەن!

ئەگەر تۆ بەدوایی هاوسەرا ئەگەڕێیت لەوەیە هەست بکەیت کە مەبەستم لە کەرتە ونبوەکە هەوسەری داهاتووتە!

ئەگەر بەتەمای کاری،کەرتە ونبوەکات بەو شوێن و بەڕێوبەرە تێئەگەیت کە یارمەتیت ئەدات گەشەبکەیت و بەرزبیتەوە، نەک دەستت بگرێت بۆوەی بە نزمی خۆیەوە لە ئەرزدا زەوتت بکات!

ئەگەر ئەتەوێت ببیتە هەوێنی ئاشتی، ئەم پەیامە بە دژی ڕەگەزپەرستی و شارچێتی تێئەگەیت!

بە پەیامی فرە ڕەنگی لە هەمانکاتدا دژی شەڕەڕەنگی وێنا ئەکایت!

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *