زەنگى مۆبايلەكەم

زەنگى مۆبايلەكەم لێى دا و منی لە خەیاڵەكانم دەرهێنا.. كاتى پشووم تەواو بوو، دەبێ دووبارە دەست بە خوێندن بكەمەوە.. دوایین ساڵى خوێندنم بوو، دەمويست نمرەيەكى زۆر باش بەدەست بێنم و سەركەوتوو بم. زۆر بە سەختى دەمخوێند، لە كاتی نانخواردنیشدا ساتەكانم دەژمارد بۆ ئەوەی زوو بچمەوە سەر خوێندنەكەم و بگەم بە ئامانجەكەم و خەياڵەكانم بێنمە دى. ھەميشە نزام دەكرد بۆ ھاتنەدى ئامانجەكەم. من ئەو خەياڵەم بە بەرپرسياريێتى خۆم دەزانى بۆ ئەو خەياڵە دەمخوێند.

زۆر جار بيرى نەرێنى بە مێشكمدا دەهات، دەمووت ئەى ئەگەر نمرەى بەرزم نەھێنا و نەمتوانى ببم بە پزيشكى منداڵان، ئەو كاتە چى بكەم! ئەى ئەگەر سەركەوتوو نەبووم! ئەگەر نەمتوانى خەياڵەكانم بھێنمە دى! ترسێكى زۆر لە دڵمدا هەبوو. لە پڕ بە بير خۆمم دەھێنايەوە كە خواى پەروەردگار خۆى دەزانێ خێر لە چى دايە، ھەر وەك دەفەرمووێ (كُتِبَ عَلَيْكُمُ ٱلْقِتَالُ وَهُوَ كُرْهٌ لَّكُمْ وَعَسَىٰٓ أَن تَكْرَهُواْ شَيْـًٔا وَهُوَ خَيْرٌ لَّكُمْ وَعَسَىٰٓ أَن تُحِبُّواْ شَيْـًٔا وَهُوَ شَرٌّ لَّكُمْ وَٱللَّهُ يَعْلَمُ وَأَنتُمْ لَا تَعْلَمُونَ (البقرة: ٢١٦)) واتا:‌ له‌وانه‌یه‌ شتێکتان لا ناخۆش بێت که‌چی خێر له‌وه‌دا بێت، هه‌روه‌ها له‌وانه‌یه‌ شتێکتان پێ خۆش بێت که‌چی خراپى له‌وه‌دا بێت، بێگومان هه‌ر خوا خۆی ده‌زانێت (خێر له‌ چیدایه‌)، ئێوه‌ نایزانن.

كاتى تاقيكردنەوە

ھەموو ئەوەى توانيم كردم بە ھەموو جۆرێك ھەوڵمدا، تاقيكردنەوە تەواو بوو چاوەڕێى وەرگرتنەوەى ئەنجامەكان بووين

ئەو كاتە تەنھا شتێك كە لێى دەترسام ئەوە بوو كە ڕازى نەبم بە نمرەكانم، بەڵام لە هەمان كاتدا دەمگوت، ھەر شتێك كە خواى گەورە دایبنێ ئەوە ڕاستەكەيە.

لە كۆتاييدا نمرەكان ھاتنەوە، ئەو نمرەيەى كە ھەموو خەياڵەكانمى لەسەر بنياتنرابوو، نەھات! ھەر ئەو ڕۆژە بوو پێى وتم ئامانجەكانت نەھاتنە دى. بە زۆرى خۆم ڕازى كرد بەو بەشەى لێى وەرگيرام، لە بەشى دەرمانسازى وەرگيرام، زۆر ھەوڵمدا بەشەكەی خۆمم خۆش بوێ.

زۆر سوپاس بۆ خودا كە ئێستا بەشەكەم لە ھەموو بەشێكى ديكە خۆشتر دەوێ.

ئێمەى مرۆڤ دەبێ بزانين ئەوەى خودا پێمان دەدات باشترينە. حەزدەكەم پێتان بڵێم تا ئێستاش خەياڵەكانم لەنێو نەچوون، ئێستاش ھەر ئەوە ھيواى منە، تەنھا ھەندێك شت لە خەياڵەكە گۆڕاوە.

خوداى گەورە تەنھا ئەو ڕێگايەى كە دەمبات بەرەو  ئامانجەكەم گۆڕى، نەك خودى ئامانجەكە. ئێستاش ئامانجى من ئەوەيە ببمە پزيشكێكى باش لەگەڵ منداڵان لە پزيشك نەترسن.

ئێمەى مرۆڤ كاتێك بەو جۆرەى كە خۆمان دەمانەوێ نابێت وادەزانين تەواو ئيتر كۆتايى ژيانە. لە ڕاستيدا نەخێر بەڵكو ڕێگايەكى سەركەوتووترە بۆ گەيشتن بە ئامانجەكانمان.

 

زەينەب محسن قادر

قۆناغى سێيەم

بەشى پزيشكى دەرمانسازى

زانكۆى نێودەوڵەتىی تيشك – ھەولێر

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *