دووبازنەیی کاروباری ژیان و مەسەلەی )گای بنە)

ئێمە وەکو یاساناسان کاروباری ژیان دابەش دەکەین بۆ دوو بابەت، بابەتێکیان ئەکەوێتە ناو بازنەی یاساوە کە هەموو کارەکانی مرۆڤ بە یاسا رێکخراوە و کەس ناتوانێ مافی کەس بخوات یان، ستەم لە تاکێکی تربکات بە هێرش بردنە سەر ژیان و مال و سامانی وهیچ شتێک کە پەیوەندیی بە کەسێکی ترەوە هەبێت.

 بابەتی دووەمیان ئەکەوێتە ناو بازنەی فەوزا کە ئەتوانین بلێین: گێرە شێوێنی، و گێرەشوێنی دوو وشەیە: یەکێکیان گێرە، دووەمیان شێوێنی، وابزانم شێوێنی وشێواندن لای هەموو کەس دیارە، بەڵام  گێرە لای گەنجە خۆشەویستەکانی تازە پێگەیشتوو دیار نیە. گێرە ئەو کارە ئەگەێنێ کە جووتیارەکان دوای دروێنەی گەنم وجۆ یان هەر دانەوێڵەیەك کە ئەبوو بە جۆخین (خەرمان) گێرەیان ئەکرد بۆ ئەوەی دانەکان واتە دنکی گەنم و جۆ لە پووشەکەی جێا بکەنەوە، و گەنم و جۆ بکرێ بەنان و خوراکی مرۆڤ و باڵندە، و پووشەکە وەکو (ئاڵیك) بدرێت بە ئاژەلەکان، و ئامێری ئەم کارە (پێش دروستکردنی جەنجەر) بریتی بوو لە سێ چوار گاجووت بە گوریس(پەت) لە ملیان بە یەکیان ئەبەستنەوە و لەدەوری سەنتەری خەرمانەکە دەسووڕانەوە هەتا بەجۆرێك دانەکە لەناو سونبلە گەنمەکە یان جۆیەکە ورد دەکەن  ئێنجا  بە (شنەبا) گەنم و جۆیان لە پووشەکە جیادەکردەوە و کۆیان ئەکردەوە، گەنم و جۆکە عەنبار ئەکران بۆ بەکارهێنانی رۆژانە و کایەکەش  بە جیاواز عەنبار ئەکرا بۆ ئالێکی ئاژەلەکان یان بۆ بەکارهێنانی تر.  و ئەوگاجووتەی لەدووری سەنتەری خەرمانەکە پێ ئەلێن گای سەرەوە، ئەو گاجووتەی نزیکی سەنتەری جۆخینە پێی ئەڵێن گای بنەوە، ئەگەر گێرە شێوێنییەك دروست بوایە ئەوا ئەیان وت خەتای گای بنەیە، چونکە ئەگەر ئەو بە رێکی نەسوڕابایە کارەکە تێكدەچوو و گێرەکە نەئەکرا  و ئەشێوا.

بە کورتی بازنەی گێرەشێوێنی واتە هیچ شتێک یاسای نیە هەرکەس بە کەیفی خۆیەتی وەك ‌‌عەرەب ئەڵێن: (‌حارة كل من ايدو الو)  واتە هەر کەس بە کەیفی خۆیەتی، لێرەدا بەهێز مافی بێهێز ئەخوات و دەولەمەند مافی هەژار ئەخوات.

من ئەم چەند دێرەم نووسی وەکو پێشەكییەك بۆ وتارەکەم، و رەنگدانەوەی ئەم کارەساتەی کە لە هەولێر روویدا کە بووە هۆی کۆشتنی دوو ماموستای زانکۆ یەکێکیان پرۆفیسور لە یاسای تایبەت (د.کاوان ئیسماعیل) ڕاگڕی کۆلێژی یاسا لە زانکۆی سەلاحەدین کە ماوەی 29 ساڵە ئێمە وەکو برا و هەڤاڵ و هاوپیشە بە یەکەوە کارمان دەكرد، و دووەمیان (د.ئیدریس حەمە خان) مامۆستا لە کۆلێژی ئەندازیاری و هاوسەری (د.نیشتمان) پسپۆر لە یاسا و ماموستا لەکۆلێژی یاسا لە زانکۆی سۆران کە ئەویشیان لەکاتی خۆیدا قوتابی ئێمە بووە لە کۆلێژی یاسا لەزانکۆی سەلاحەدین كە قوتابییەکی زیرەك بووە لە یەکەمەکان بوو و لە هەمان کۆلێژ دامەزراوە بە یاریدەدەری توێژەر ئینجا درێژی بە خوێندنەکەی داوە و بڕوانامەی دکتۆرای بەدەست هێناوە و دامەزراوە وەکۆ مامۆستا لە زانکۆی سۆران. و لەبەر ئەوەی کێشەکە لەهەموو مێدیاکان بڵاو کرایەوە بۆیە من نامەوێ لەم ڵاپەڕەیەدا برینی کەسوکاریان بکولێنمەوە .

لێرەدا من مەبەستم دوو خاڵە

 یەکەم: ئاماژەکردنە بە چۆنییەتی پۆلێنکردنی ئەم رووداوە و ئایا کام بازنە ئەیگرێتەوە، زۆر دیارە کە لەبازنەی گێرە شێوینییە، چونکە مافی کوشتن نە لە ئایینەکان نە لە هێچ یاسایەك نەدراوە بە تاکە کەس، و هەر کەسێك ستەمێ لێ بکرێت یان کێشەیەکی هەبێت ئەبی پەنا بباتە بەر دادگا ئینجا دادگا سزا دائەنێ بۆ ستەمکارەکە یان چارەسەری کێشەکەیان ئەکات بە گوێرەی ئەو دەقە یاساییانەی کە لە دەسەڵاتی یاسا دانان (پەرلەمان)دا دیاری کراوە بەرامبەر تاوانەکە، ئینجا لە سزای لە سێدارەدان هەتا سزای بژاردنی بڕێ پارە بۆ گەنجینەی دەوڵەت بەرامبەر ئەو گێرە شێوێنییەی کە کراوە دیار ئەکرێ. لەم کەیسەدا تاوانبار هەرەشەی لەم دوو قوربانییە کردووە و داوا لە دادگا لە دژی تۆمارکراوە و هێشتا بڕیاری دادگا دەرنەچووە ئەو تاوانێکی گەورەتر لە تاوانی هەڕەشەكەی کردووە و دووکەسی لەیەك رۆژدا کوشت .

دووەم:

أ- کێ بەرپرسە لەم گێرە شێوێنییەی کە لەناو کۆماڵگەدا رووئەدات و رۆژانە میدیاکان باسی ئەکەن و بڵاوی ئەکەنەوە. گۆمانی تێدانییە کە بەرپرسی یەکەم لەم گێرە شێوێنییە وەکو مەسەلەی فولکلۆری میللی ئەلێت (هەمووی خەتای گای بنەیە) کەواتە سووچی ئەو گاجۆتەیە کە لەلای ناوەوەی  رێزی گاجۆتەکانی گێرەیە، چونکە وەك وتمان گەر ئەویان بە لادا ڕۆی و گێرەکە ئەشێوێ و تێك ئەچێ. لێرەدا دەزگا ئەمنییەکان بەرپرسن لە بڵاوبوونەی چەك لەناو کۆمەڵدا بەبێ رەچاوکردنی یاسا بەبێ رێگەپێدانی دەسەڵاتی پەیوەندیدار بە هەڵگرتنی چەك و لەبازنەیەکی زۆر تەسك و پێویستیی ئاست بەرزدا.

ب- سیستەمی پەروەردە چ لە ناوخێزان چ لە قوتابخانەکانی سەرەتایی و ئامادەیی و بگرە لە زانکۆکانیش چ لەلایەنی پڕۆگرامی خوێندنەوە و چ لە چۆنییەتی بەڕێوەچوونی ڕەفتار لە نێوان کارگێڕی و مامۆستایان و قوتابییان زۆر گۆڕاوە و جیاوازی زۆرە لە نێوان ئێستا و ڕابردوودا بەجۆرێک وای لێهاتووە جۆرە گێرە شێوێنیەک دروست بووە لە نێوان سیستمی خوێندن، سەربار و بنباری ئەوەش کە راژەی دەستێوەردانی بەرپرسەکان و لێپرسراوانی پارتە سیاسییەکان لە پڕۆسەی خوێندن و ژیانی ڕۆژانەی دەزگا زانستییەکان، و نەمانی بەهای بڕوانامە و زانست لە لای خەڵکی و بگرە لای زۆرینەی تاکەکانی کۆمەڵەگە، وای لێهاتووە مامۆستا و خاوەن بڕوانەماکان لە پلەی نزمی  کۆمەڵگا پۆلێن دەکرێن چ لەلایەنی ماددی چ لەلایەنی مەعنەوییەوە.

لەکۆتاییدا ئەمەوێ ئاماژە بە خاڵیك بکەم ئەمیشییان ئەوەیە کە من لە ساڵی ١٩٩٢ دوای دامەزرانی  پەرلەمان و حکومەت لەکوردستان لەناو ئەو حکومەتە کاردەکەم، سەرەتا وەکو کارمەندیکیی وەزارەتی ناوەخۆ تا ساڵی ١٩٩٦، دواتر لە زانکۆ سەلاحەدین هەتا ساڵی ٢٠٠٦  و هەمێشە هەولم داوە کە ڕۆشنبیری  یاسایی بڵاوبکەمەوە لە کۆبونەوەکان لە سمێنارەکان لە وورك شۆپەکان لەناو پۆلەکانی خۆیندن بگرە لە دانیشتنە تایبەتەکانمان لەناو خێزان و خزم و دۆست و میللەت و بگرە لە وتارەکانی رۆژی هەینی یان لە بۆنە ئاینییەکاندا، کاتێك بە ئەرکی وتار خۆینی هەلئەستام لە ساڵانی ١٩٩٥-٢٠٠١، و هەمیشە هەوڵی دەوڵەتی شارستانی واتە دەوڵەتی یاسام داوە و زۆر جار تووشی ناکۆکی بوویمە لەگەڵ چەند بەشداربوویەکی کۆرەکە، یان سمێنارەکە، و زۆر کەسی تریش  لەمن زیاتر هەوڵیان داوە بەڵام بەداخەوە .

ئەمەم بەباش زانی کە لە گۆڤاری (شایان)دا بڵاوبکرێتەوە، تا وتارێکی تر لە ژمارەیەکی تری شایان، خواتان لەگەڵ.

پ. ی. د. حسێن بالیسانی

راگری كۆلێژی یاسا – زانكۆی نێودەوڵەتیی تیشك – هەولێر

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *