وشەسازی

د. مستەفا زەنگنە

وشەسازی (مۆرفۆلۆجی) زانستێكی زمانە، كە لە وشە و ، جۆرەكانی وشە و، پێكهاتەكانی وشە دەكۆڵێتەوە، بەو پێیەی وشە، دانەیەكی سەربەخۆی زمانە و، خاوەنی واتا، یان ئەركە و لە نێو فەرهەنگی زماندا بوونی هەیە.

كاتێك سەیری وشەكانی هەر زمانێك بكەین لە رووی رەسەنایەتییەوە، ئەوا دەكرێت بەم چەشنە پۆلێن بكرێن:-

  • گروپی وشەی رەسەن (خۆماڵی)

كەواتە لە هەموو زمانێكدا گرووپە وشەیەك هەن، كە هی ئەو زمانە خۆیەتی و، مۆڵكی خۆیەتی و ناسنامەكەی هی خودی زمانەكەیە، ئەمە لە هەموو زمانێكدا یەكە، بەڵام ئەوەی جیاوازە و لە زمانێكەوە بۆ زمانێكی تر فەرقی هەیە، ئەوەیە كە، ژمارە و رێژە و پانتایی ئەم گرووپە لە زمانێكەوە بۆ زمانێكی تر جیاوازە.

  • گرووپی وشەی سەر بە خێزانی زمانەكە

لە هەموو زمانەكانی دونیادا، كۆمەڵە وشەیەك هەن، كە هی خودی زمانەكە نییە، بەڵام سەر بە ئەو زمانانەن كە خزمی یەكن و لە بنەچەدا بۆ یەك خێزانی زمانی دەگەڕێنەوە، بۆ نموونە ئەگەر وشەیەكی زمانی فارسی، یان ئەفغانی، یان پاكستانی، یان ئینگلیزی بكەونە ناو زمانی كوردییەوە، ئەوا ئەو وشەیە پێی دەگوترێ، وشەی سەر بە خێزانی زمانی كوردی، چونكە لە گرووپی زمانە هیندۆ ئێرانی، هیند و ئەورووپین كەسیش ناتوانێ رێگا لەو وشانە بگرێت و بڵێت بیانین.

  • گروپی وشەی بیانی

لە نێو هەموو زمانێكدا، كۆمەڵێك وشە هەن پێیان دەگوترێ گرووپی وشی بیانی، وشەكانی ئەم گرووپە هی زمانە رەسەنەكە نین، بەڵكو لە زمانێكی ترەوە هاتوونەتە ناو زمانێكی كەوە، نە خزمی یەكن، نە سەر بە یەك گرووپن. بۆ نموونە، ئەگەر وشەیەكی توركی، یان عەرەبی، بكەویتە ناو زمانی كوردییەوە و تاكی كورد لە قسەكردندا بەكاری بهێنێت، ئەوە بەو وشەیە دەگوترێت وشەی بیانی.

  • گرووپیی وشەی زاراوەی جیهانی

لە هەموو زمانەكانی دونیادا، گرووپێك وشە هەیە كە نە هی زمانەكەن، نە سەر بە خێزانی زمانەكەن، نە بیانین، بەڵكو زاراوەن، ئەو زاراوانە وەكو خۆیان دەچنە ناو زمانەكانی دونیاوە، وەكو زاراوەی /ئەسپرین/ تەلەفزیۆن/ مۆبایل.

گەرچی هەندێك جار، كۆڕی زانیاری لە هەندێك وڵاتاندا بەشێك لەم وشانە دەگۆڕن، لە بەرامبەردا وشەی خۆیانی بۆ دادەنێن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ناتوانن هەموو زاراوەكان وەرگێڕنە سەر زمانە رەسەنەكەی خۆیان، چونكە پپێشكەوتن و دونیای داهێنان هێندە زاراوە دەهێنێتە ئاراوە ناتوانرێت پێشی بگیرێت. مۆرفۆۆلۆجی لە پێكهاتەكانی وشەش دەكۆڵێتەوە، كە دەكرێت بۆ نووسینێكی دیكەی بەجێ بهێڵین.

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *