زانكۆی نێودەوڵەتیی تیشك هەنگاوی گەشەسەندنی بەردەوام

 

             د. ئیدریس هادی ساڵح

سەرۆكی دەستەی ئەمیندارنی زانكۆی نێودەوڵەتیی تیشك

فێربوون و زانست بەهێزترین چەكن كە تۆ بتوانیت جیهانی پێ بگۆڕیت (نیلسۆن ماندێلا)

دەمەوێت بەم دەستەواژەیە دەستپێبكەم و روونی بكەمەوە كە ئەو چەكە چییە كە ئێوە دەتوانن جیهانی پێ بگۆڕن

جیهان بەو هەموو گەورەییەی خۆیەوە، كە زیاتر لە 7 ملیار كەس تێیدا دەژی، كەچی پێوستیی بە هەر تاكێكی ناو كۆمەڵگەیەكە بۆ زیاتر بەرەو پێشبردنی، هەموو ئەمانەش لەپێناو فەراهەمكردنی خۆشگوزەرانیدایە بۆ هەر تاكێك. راستە زۆر جار زانست و زانیاری بە شێوەی هەڵە بەكار دەهێنرێن، بەڵام دەكرێت ئێمە بڵێین ئەوانە رێژەیان كەمە، ئێمە رێژە زۆرەكەمان بەرئەكەوێت، ئەوانەی كە هەردەم مەبەستمانە زانست و زانیاری بۆ پێشكەوتن، بۆ خۆشگوزەرانی، بۆ سەركەوتن و بۆ دۆزینەوەی شاراوەكانی گەردوون بەكار بێنین

بۆیە پێویستە لێرەدا ئەو پرسیارە گرنگە بكەین، چەكی فێربوون و زانست لە كوێ دەست دەكەوێت؟

بێگومان چەند ساڵی خوێندن لە قوتابخانەدا گرنگییەكی زۆری هەیە بۆ ئامادەكردنی قوتابیان بۆ خوێندنی باڵا، هەر بۆیە ناكرێت ئەو خزمەتە گەورەیەی كە مامۆستاكان لە هەموو قۆتاغەكانی خوێندندا پێشكەش بە قوتابیانی دەكەن بە هەند وەرنەگیرێت و جێی دەستخۆشی نەبێت، بەڵكو ئەوانن بناغە دارێژەری قوتابین بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانیان، بۆیە لێرەوە من بەوپەڕی پێزانینەوە دەستخۆشی لە یەكە بە یەكەی مامۆستاكان دەكەم و پێان دەڵێم، ئێوەن رێ نیشاندەری قوتابیان بۆ گەیشتنیان بە پلەكانی سەركەوتن، هەر لە قۆناغی بنەرەتی و ناوەندی و دواناوەندییەوە، تا دەگەنە قۆناغی زانكۆیی

بە گەیشتنی قوتابی بۆ خوێندن لە زانكۆ، ئەوا دەبێتە سەرەتایەك بۆ خۆئامادەكردن بۆ هەڵگرتنی ئەو چەكە، ئەو چەكەیە كە وا دەكات بە سەربەرزییەوە بچێتە ناو كۆمەڵگەوە، ئەو چەكەیە كەوا دەكات جێی خۆی لەناو بوارێك یان زیاتردا بكاتەوە، كەواتە گەیشتینە ئەو ئەنجامەی كە خوێندن لە زانكۆ، ئامادەكردنی قوتابییە بۆ بازاڕی كار، لە هەمووشیان گرنگتر، ئامادەكردنیانە بۆ جێكردنەوەیان لەناو دونیای جیهانبینی (Globalization)دا، كە پێویستە بۆ هەر تاكێك لە ئێمە، بە زانست و زانیارییەكەیەوە جێ پەنجەی خۆی دەربخات

ئێمە لێرەدا گەیشتینە ئەو ئەنجامەی هەتا چ رادەیەك خوێندنی باڵا گرنگی بۆ هەر تاكێك هەیە، بەڵام نابێت ئەوەمان لەبیر بچێتەوە كە دەچینە چ زانكۆیەك بۆ گەیشتن بەو ئامانجەمان

لە هەر وڵاتێكی ئەم جیهانەدا، چەندین زانكۆ هەن، زانكۆكان بەردەوامن لە كێبڕكێ بۆ بەدەستهێنانی بەرزترین پلە، بۆ بەدەستهێنانی پێشكەوتن، ئەو پێشكەوتنەی لە پلەبەندییەكانی پێگە تایبەتییەكاندا دەردەكەوێت. ئەو كێبڕكێیە پێویستە هەبێت، چونكە ئەگەر رۆحی كێبڕكێ لەنێوان كەسەكاندا دروست نەبێت، ئەوا هیچ كات هەوڵی سەركەوتن نادرێت، چ جای ئەگەر كێبڕكێیەك لە نێوان زانكۆكاندا بكرێت بۆ گەیاندنی قوتابی بە باشترین ئاستی خوێندن و زانست و زانیاری، ئەوە بەڕای من گەورەترین و پیرۆزترین كێبڕكێیە

ئێمە لێرەدا وەكو زانكۆی نێودەوڵەتیی تیشك هەردەم رۆحی كێبڕكێمان تێدابووە، ئەوەش لە پێناو سەركەوتنی قوتابییەكانماندا بووە، هیچ كات نەمانویستووە قوتابییەكانمان لە ئاستێكی ئاساییدا بن، بەڵكو ویستوومانە و خواستمان بووە باشترین كوالێتی و بەرزترین ئاستی خوێندن بگات بە قوتابییەكانمان، بۆ ئەوەی لەناو كۆمەڵگەدا بە شانازییەوە بڵێن ئێمە دەرچووی زانكۆی نێودەوڵەتیی تیشكین، بۆ ئەوەی هەر كاتێك هەوڵیاندا بچنە یەكێك لە بوارەكانی كارەوە، بەوپەڕی سەربەرزی و بڕوابەخۆبوونەوە بڕوانامەكانیان پێشكەش بكەن

هەڵبەتە ئەو ئامانجەمان تەنها قسەیەكی سەر كاغەز نیە، بەڵكو سەركەوتنەكانمان، كار و چالاكییەكانمان، بڕوانامە ناوخۆیی و ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەكانمان گەواهیدای قسەكانمن، بۆیە لێرەدا بە پێویستی دەزانم بە چەند خاڵێك ئاراستەی سەرەكی زانكۆكەمان و هەروەها پێشڤەچوون و سەركەوتنەكانی بە بەڵگەوە بخەمە پێش دیدی ئێوەی خۆشەویست

ئاراستەی سەرەكیی زانكۆی نێودەوڵەتیی تیشك ئەوەیە كە كوالێتی خوێندن بۆ دەرچووان فەراهەم بكات، دیارە ئەم پرۆسەیەش درێژخایەنە و دەخوازێ كە پێشبینی تەواوی هەبێت بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە، كە دەكرێ لەم خاڵانەدا خۆ ببیننەوە

دەرچوویەكی زانكۆیی بێ ركابەرمان هەبێت كە لەسەر بنەما زانستییەكان راهێنرابێت، بنەماكانیش پسپۆری و زانیاری و هەمەلایەنە و فراوان بن، ئەمەش بە هەردوو رێگای بیردۆزی وپراكتیكی دەبێت

ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی، بەو مەرجەی لە ئاستێكی بەرزدابن و رەهەندێكی نێودەوڵەتییان هەبێت

پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی راهێنان و راوێژكاری بە ئەندازەیەك كە بتوانێ بەشداریی بەرچاو لە ئەزموون و ئاستی مەعریفی و پیشەیی تاكەكاندا بكات و جۆرێك لە كاری دەزگایی لەلایان بچێنێت

زانكۆی نێودەوڵەتیی تیشك تۆڕە سستەمێكی كارگێڕی و دارایی و تەكنیكی كوالێتی زۆر بەرز پەیڕەو دەكات. دیارە ئەم هەنگاوانەش بنەماكانی بڕوانامەی (ISO)یە كە دواترین بڕوانامەی جۆریی (iso:21001:2018) لقی بەریتانی پێ بەخشراوە

رەچاوكردنی پێداویستی بازاڕی كار دەكەین، لە كردنەوەی هەر بەشێكی نوێدا، بە رەچاوكردنی حەز و ئارەزووی قوتابی و خوێندكار

گرنگییەكی بەرچاو دەدرێت بە رۆڵی زانكۆ و كۆمەڵگە، بۆ ئەم مەبەستەش ساڵانە چالاكیی جۆراوجۆری ئامانجدار پێشكەش دەكرێن، بۆ نموونە

هاوكاریی پێداویستی مرۆیی بۆ كەمپی ئاوارەكان و دەورووبەری هەولێر دابین دەكەین، ئەم هاوكارییەش بۆ یەك جار نیە، لە ساڵێكدا چەند جارێك دووبارە دەبێتەوە لە ژێر ناونیشانی –گۆشەی میهرەبانی-دا ئەم هاوكارییە دەگاتە دەستیان

فستیڤاڵی زمان و كلتوور كە ساڵانە لەمانگی نیساندا بەرێوەدەچێت، و لە رێورەسمەكەشدا هەموو كونسووڵخانە و نمایندەكانی وڵاتان بەشداری لەم چالاكییەدا دەكەن و وەكو پەیامێكی كلتووری پێكەوەژیان و یەكتری قەبووڵكردن و یەكسانی لە هەرێمی كوردستاندا رەنگی داوەتەوە. ئێمە جەختی لەسەر دەكەینەوە و بەم راستییە ئاشنایان دەكەین

لە بواری ژینگەپارێزیدا چەندین چالاكی جۆراوجۆرمان هەیە بۆ خاوێنكردنەوەی سروشت و پارێزگاریكردن لە جوانی ژینگەی كوردستان

چالاكیی هەمە جۆر و فرە لایەن لە بواری وەرزش و كاركردن بۆ ژیانێكی تەندروست

لە راستیدا زانكۆی نێودەوڵەتیی تیشك چیرۆكی خەونێكی سەركەوتووە، پێوەری ئەم سەركەوتنەش دەستكەوتە دیار و هەنگاوە ورد و زانستییەكان و هەڵسەنگاندنی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی كوردستان و دەزگا و رێكخراوە زانستییە نێودەوڵەتییەكانی دونیان. كە بە سوپاسەوە لە ریزبەندی نێو زانكۆ ئەهلییەكاندا پلەی یەكەمی وەدەست هێناوە. پێم باشە لەم رووەوە ئەم راستییانە بخەمە روو

لە كانوونی یەكەمی 2021دا زانكۆكەمان بڕوانامەی جۆریی دەزگایی لە بەرێوەبەرایەتی جۆریی نێودەوڵەتی (زیڤا) وەرگرتووە كە بارەگاكەی لەشاری هانۆڤەرە لە ئەڵمانیا، ئەم بڕوانامەیەش بەبێ مەرجە و بۆ ماوەی شەش ساڵە

لە 2020-2021 بەشی كۆمپیوتەر، پەروەردەمان كردۆتەوە

 زانكۆی نێودەوڵەتیی تیشك هەنگاوی بەرچاوی ناوە كە دەكرێ ئاماژە بە هەندێكیان بكەین

بڕوانامەی جۆریی  وەرگرتووە، ئەم بڕوانامەیە بێ هاوتایە و لە بواری خۆێندنی باڵای جۆرییدا متمانەیەكی جیهانی دەبەخشێ

لە كانوونی دووەمی 2022دا زانكۆی نێودەوڵەتیی تیشك پلەی یەكەمی هێنا لە ریزبەندی زانكۆ ناحكومییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق، ئەم ریزبەندییەش بە پێی پێوەری (وێبۆمێتريك)ی جیهانییە بۆ زانكۆكان

لە ساڵی خوێندنی 2020-2022 چەندین بەشی نوێ كراونەتەوە كە بە پێی هەلی كار و پێداویستی هەرێمی كوردستان بوونە لەوانە

بەشی پیترۆكیمیاویی و ئەندازیاریی فرۆكەوانی و فیزیوثیرابی و بازاڕكردن و پێشەنگی كار، بەشی فێركردنی پێش خوێندنی قوتابخانە و بەشی زمانی كوردی كە دەكرێ بڵێین لەم رووەوە دەسپێشخەربووین

یاداشتی لێكتێگەیشتنمان لەگەڵ زانكۆی بەغدا و زانكۆی كووفەدا واژۆ كردووە

یاداشتی لێكتێگەیشتنمان لەگەڵ زانكۆی سۆران واژۆ كردووە، بە مەبەستی كردنەوەی خوێندنی ماستەری هاوبەش لەلایەن هەردوو زانكۆوە

بەشی ئەندازیاریی شارستانی لەلایەن دەستەی ئاڵۆگۆڕكردنی ئەكادیمیای ئەڵمانی (داد) بڕی (181000$ سەد و هەشتا و یەك هەزار دۆلار) بیمەی پێ بەخشراوە، ئەمەش لە میانە و چوارچێوەی شەریكایەتی زانكۆكان لەگەڵ عێراقدا هاتووە بۆ ساڵی 2022-2023، تایبەتیشە بەو خوێندنانەی كە پێوەری جیاجیایان هەیە بۆ كاریگەریی مەترسییەكانی سەر تەلارەكان لە عێراقدا

جگە لەو خاڵانەی خرانە روو، ئەوا زانكۆی نێودەوڵەتیی تیشك چەندین كۆنگرەی نێودەوڵەتیی لە بواری جیاجیادا دەبەستێ لەوانە

  كۆنگرەی یەكەمی نێودەوڵەتیی لە رەهەندەكانی تەكنەلۆجیای كۆمپیوتەر

كۆنگرەی نێودەوڵەتیی ژمێریاری و كارگێڕیی كار، دارایی، سیاسەت

 كۆنگرەی پێنجەمی نێودەوڵەتیی لە بوارەكانی یاسای نێودەوڵەتیی

 كۆنگرەی حەوتەمی نێودەوڵەتیی لە بوارەكانی ئەندازیاری

كۆنگرەی یازدەهەمی نێودەوڵەتیی لە بوارەكانی پەروەردە و زمانی پراكتیكی

كۆنگرەی پێنجەمی نیشتمانی قوتابیان لە بواری كار و زانستەكانی بەڕێوەبردن

لە كۆتاییدا دەمەوێت ئەوە بڵێم، كاتێك زانكۆی نێودەوڵەتیی تیشك دروشمی (ئایندە لێرەیە) هەڵدەگرێت، دڵنیایە لەوەی بە شێوەیەكی ورد هەنگاو بۆ وەدیهێنانی ئامانجی قوتابی و فێرخواز دەنێت و لەژێر رۆشنایی ئامادەكردنێكی زانستییانە بۆ خزمەتكردن بە گەل و نیشتمان و كردنەوەی دەرگا لەبەردەم داهێنان و بەرەوپێشچوونی خوێندنی زانكۆییدا، هەردەم پێشەنگ و رچەشكێنە

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *