یاسا لەنێوان تیۆری و واقیعدا

 

نووسینی

پ٠ی٠د٠ حسین بالیسانی

راگری كۆلێژی یاسا- زانکۆی نێودەولەتیی تیشک

هۆی نووسینی ئەم بابەتە

قوتابیيەکی یاسا کە پێش چەند سالێك پێش ئێستا لە کۆلێژەکەمان دەرچووە و ئێستا پارێزەرایەتی دەکات، پاش بەخێر هاتن و چاکی و چۆنی لێم پرسی ئیشوکارت چۆنە؟ وتی مامۆستا والله ئەوەی لێرە خوێندوومانە هیچی لە واقیعدا نابینیین! وتم راست ئەکەی ئەدی من بۆیە هەمیشە لای قوتابيیەکانم لە هۆلی وانە گووتنەوە – بە تایبەتی ئەو قوتابیيانەی لە پۆلی کوتایین- ئەم رستەیە دووبارە دەکەمەوە و دەلێم: ئێوە بەرەو ژیانی واقیعی و پراکتیکی دەڕۆن و ئەمەی من و گشت مامۆستایان لێرە فیرتان دەکەین ئەمە تيۆرييه، نموونەیە، ستاندارەده بۆ رۆڵی یاسا، بەڵام لەژیانی رۆژانەی پراکتیکیتان کە ئەبن بە پارێزەر یان دادوەر زۆر جیاوازی ئەبێنن، بە تایبەتی یاساکانی رێکاری (إجراءات) چونکە ئیشی دەسەڵاتی یاسا، دادوەری ودادگاکان وهۆبە یاساییەکانی گشت دامودەزگاکانی حکومەت ئاسانکردن وگونجاندنی بگرە گۆرینی بڕیاری دادگایی (ئەحکام) و بنەما و دەقەکانی یاسایە لەگەڵ واقیعی رۆژانەی هاوڵاتیان بە هەموو وردەکارییانەوە بۆ پێکاندنی ئامانجی گشت زانستە مرۆڤاتییەکان بۆ فەراهەمکردنی بەختەوەری -بەپێ توانا- بۆ تاکەکانی کۆمەڵ. و لێرەدا دەستم بە بابەتەکە کرد و گوتم: زۆربەی زاناکانی یاسا بەم جۆرە یاسا پۆلێن دەکەن

یاسای سروشتی

   یاسای ئایینی

   یاسای دانراو(وضعي)

هەریەك لەم جۆرانە لە دێرێنی زەمانەوە لە بیری فەیلەسووفان و زانایان و یاسا ناسان و گشت رۆشەنبیران دەستاو دەست دەکرێن، و هەر یەکەیان چەندان پەرتووك و نووسراوی جۆراو جۆریان لەسەر دانراوە کە سەرەتایان لە چەرخی تازە – بەگوێرەی ئەو زانستییانەی بەدەستمان گەیشتووە- لە فەیلەسووفەکانی یۆنان دەست پێ دەکات هەتا رۆژی ئێستاشمان بەردەوامە، ئینجا لەلای یۆنانییەکان وەکو فەلسەفە دەستی پێکردووە رۆمانیەکان وەکو یاسا دایان رشت و سروشت وا دەخوازێ کە هەتا کۆتایی ژیانی مرۆڤ هەر بەردەوام بێت، چونکە یاسا ناسان داکۆکی لەسەر ئەوە دەکەن کە یاسا لە هەرە  پێویستەکانی کۆمەڵگەیە، چونکە گەر یاسا نەبێت کۆمەلگە و پەیوەندییەکانی دەشڵەژێ و کە پەیوەندییەکانی شڵەژا ژیان ئەستەم دەبێت، و وەکو دەلێن یاسای دارستان دەچەسپێ و بەهێز بێهێز دەچەوسێنێتەوە، و هەروەها وەکو زانایەک دەڵێ: ماسی گەورە ماسی بچووک دەخوات.بەڵام لەگەل بەردەوام بوونی یاسا مانای وا نیە هەمان یاسا، یان هەمان حوکمەکانی بەردەوام دەبێت، بەڵکو رۆژ بەرۆژ لەگەڵ گۆڕانکاريیەکانی ژیان یان یاسا دەگۆڕێت یان تێگەیشتنی زانایان بۆ دەقەکانی یاسا دەگۆرێت، واتە حوکمەکان دەگۆڕێن.

بۆ نموونە، یاسای سروشتی ناگۆرێت، چونکە دەتوانین بلێین یاسای سروشتی دەقی دیار کراوی نیە، بەڵکو بریتییە لە چەند بنەمای رەسەن بۆ سەپاندنی دادوەری لە کۆمەڵگەدا، بۆیە رۆژ بە رۆژ گۆڕان بەسەر بیر و بۆچوونی مرۆڤ بۆ چۆنییەتی راڤەکردنی بنەماکانی یاسای سروشتی دا دێت،  ئەوە وای کردووە کە فەقیهەکانی یاسا کۆکبن لەسەر بنەمایەك کە دەڵێ :(لا  ینکر تغير الاحكام بتغيير الزمان و المكان) واتە ‌ئەوحوکمانەی کە لە دەقەکان وەردەگیرێن بە گوێرەی کات و جێگا دەگۆرێن،   و ئەم بنەمایە هەموو جۆرەکانی یاسا دەگرێتە خۆی، تەنها یاسای سروشتی (القانون الطبيعي) نەبێت، چونکە ئەمیان- وەکو فەیلەسووفەکان ئەڵێن- پێوەرە  بۆ یاساکانی هەموو کاتێک و شوێنێک، بۆیە رەواقییەکان- کە تیمێکن لە فەیلەسووفە یۆنانییەکان- پێی دەڵێن: (الخير الاسمى) واتە چاکەی بەرز، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا فەیلەسووفەکانی یۆنان تێڕوانینیان جیاوازە بۆ بنەماکانی یاسای سروشتی٠

هەروەها تایبەت بەدەقە ئایینییەکان کە لە ئایینەکان دەڕوانین خودای گەورە ئایینەکانی بە یەک جار نەناردە خوارەوە، بەلکو هەر ماوەیەک پێغەمبەرێکی دەنارد بۆ ئەوەی مرۆڤایەتی بەرە بەرە ‌‌حوکمەکان وەربگرێ، تەنانەت قورئانی پیرۆزیشی بە یەک جار نەناردە خوارەوە، بەڵکو بە گوێرەی پێویستی رۆژانە چەند ئایەتێکی دەنارد، و هاتنە خوارەوەی قورئان ماوەی ٢٣ ساڵی خایاند، و کە کافرەکان وتیان بۆ هەمووی بە یەک جار نەهاتە خوارەوە، خودا فەرمووی: بۆیە بە یەک جار هەمو قورئانمان نە ناردە خوارەوە، بۆ ئەوەی دڵت ئارام بێت، سەقامگیر بێت. و لەمە زیاتریش بۆ نموونە لە قورئانی پیرۆز زۆر زانای ئایینی هەن بڕوایان بە(نسخ) هەیە چەند ئایەتێکی دیاریکراو هەیە ئەلێن حوکمیان نەماوە، و ئایەتێکی تری هاتۆتە شوێن (ئەگەر چی زاناکان کۆکنین لەسەر ئەم بابەتە)، کە ئەمەش بەڵگەیە لەسەر پێویستی گۆڕانکاری لە جێبەجێکردنی دەقەکان، بەڵام دەقەکانی قورئانی پیرۆز نەگۆڕن، بەڵام تێگەیشتنی مرۆڤ بە گوێرەی کات و شوێن دەگۆڕێن، کەواتە وەرگرتنی حوکم لە دەقە قورئانییەکان گۆڕانکارییان بەسەردا دێت.

تەنانەت خودی پێغەمبەر (دروودی خوای لە سەر بێت) کە کۆچی کرد بۆ مەدینەی رەوشەن هەندێ حوکمی گۆڕی وەکو فرۆشتنی (سەلەم) کە تیایدا فرۆشراو دیار نیە، بۆ نموونە، جۆتیارێک بەروبوومەکەی ئەفرۆشێ کە هێشتا نەهاتۆتە بەر، وەکو جۆتیارێک لە زستان پێویستیی بە پارە بووە گەنم و جۆی چاندووە، بەڵام پێ نەگەیشتووە، خاوەن پارەیەک لێی دەکرێ، کە پێگەیشت لە هاوین لێی وەردەگرێت، ئەمە وەکو گرێبەست لە شەریعەتدا دروست نیە، چونکە فرۆشراو دیار نیە، بەڵام پێغەمبەر(د٠خ) فەرمووی دروستە، چونکە خەڵکی مەدینە هاتنە خزمەت پێغەمبەر (د.خ) وتیان ئەی نێردراوی خودا ئیشوکارمان ئەوەستێت. هەروەها فەرموودەی خۆشەویست کە دەفەرموێ: (كنت قد نهيتكم عن زيارة القبور الا فزوروها فانها تذكركم الاخرة) واتە من سەردانی گۆڕستانم لە ئێوە قەدەغە کردبوو، ئێستا سەردانی بکەن، چونکە ژیانی دواییتان بە بیر دەهێنێتەوە

هەروەها ئیمامی شافیعی (رەزای خوای لەسەر بێت) کە کۆچی کرد بۆ میسر گەلێ لە رایەکانی خۆی گۆڕی، بۆیە زۆربەی زاناکانی سەر رێبازی ئەو -کە پاش ئەو هاتن- کە باسی فەرموودەیەکی پێشەوا شافیعی دەکەن  زۆر جار دوو فەرمودە باس دەکەن و پێی دەڵێن فەرموودەی کۆن و فەرموودەی نوێ، کە دووەمیان ئەو فەرموودانەیە کە لە وڵاتی میسر فەرموویەتی٠ کەواتە لە یاسای ئایینی دەقەکان ناگۆڕێن، بەڵام تێگەیشتنی زانایان بۆ دەقەکان بە گوێرەی کات و شوێن دەگۆڕێت، بۆیە ئەو ‌‌حوکمەی لێی وەردەگرن زۆربەی جار لە وردەکارییەکانيیەوە دەگۆڕێ

دێینە سەر (یاسای دانراو) کە لە دانانی ئادەمیزادە، هەردەم دەتوانرێ لەلایەن دەسەڵاتی یاسا دانانەوە بگۆڕدرێ، چونکە لای هەموومان ئاشکرایە کە رۆژ بە رۆژ بیرو بۆچوونی مرۆڤ بۆ سروشت بۆ ژیان بۆ ئەرك بۆ ماف بۆ ئازادی بۆ گشت وردەکاريیەکانی ژیان لە گۆڕاندایە، بۆیە یاساش یەکێکە لە فاکتەرەکانی گرنگی رێکخستنی ژیان، هەردەم لە گۆڕانکاریدایە بەگوێرەی تیروانینی زاناکان و تیگەیشتووەکان بۆ چۆنییەتی جێبەجێکردنی دەقەکان لەسەر رووداوەکانی رۆژانە، کە پەیوەستن بە پەیوەندییەکانی ناو تاکەکانی کۆمەڵ، بگرە زۆر جار لە یاسای دانراو (القانون الوضعي)  دەسەڵاتی یاسادانان بۆی هەیە هەموو دەقەکانی یاسایەک  بگۆڕی بە گوێرەی پێویست، یان هەندێجار هەمواری چەند مادەیەک دەکات٠ بۆ نموونە، تەماشای هەر یاسایەک بکەین لە هەر وڵاتێک لەو رۆژەی کە داندراوە هەتا ئێستا چەندەها هەموارکردنی بەسەردا هاتووە، بگرە زۆر جار قەبارەی هەموارکردنەکان زۆر لە قەبارەی یاساکە گەورەترە. جا بۆیە ئەگەر تەماشای دەقە کۆنەکانی یاسا بکەین بۆ نموونە یاسای حامورابی، ئەبینین کە زۆر جیاوازیان هەیە لەگەڵ دەقەکانی ئێستا،  هەروەها حوکمی  دەقەکان کە دادوەرەکان وەری دەگرن و بریاری پێ دەر دەکەن بە گوێرەی کات و شوێنی رووداو و چۆنیەتی رووداوەکە دەگۆڕێ،  ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە ئامانجی یاسا بەختەوەری ژیانی تاکە کەسە لەناو کۆمەڵگەدا، و پێوەری بەختەوەری زۆر پەیوەستە بە ئامێرەکانی مادیيەوە کە رۆژ بە رۆژ بەڵکو ئیستا -پاش ئەو پێشکەوتنە زۆر خێراییە-  سات بەسات دەگۆڕێ، بۆیە پێوەری یاساش دەگۆڕێ بۆ دابێنکردنی بەختەوەری رۆژانەی مرۆڤ، هەر بۆیە وتوویانە، بۆ پێکاندنی دادوەریی، ئەبێ دادوەر رۆحی دەق جێبەجێ بکات نەک دەقە بەستووەکە

کەواتە هەر وەک وتمان یاسای ئایینی دەقەکانی نەگۆڕن، بەڵام تێگەیشتنی تیگەیشتووان و زانایان و دادوەران بۆ دەقەکان بەردەوام لە گۆڕانکاری دایە، ئەمەش هۆی ئەوەیە کە دەقەکان چارەسەری رووداوکان دەکەن، و ئاشکرایە کە رووداوەکانی پێش هەزار ساڵ زۆر جیاوازە لەگەڵ رووداوەکانی سەدەی بیست و یەکەم،  بۆیە پێویستە زانایان و دادوەران و بایەخداران بە زانستە مرۆڤایەتییەکان راڤەی تازە بۆ بنەماکان و دەقەکانی ئایین، یاسا، و وتەکانی فەیلەسووفەکان و پێشەواکانی ئاینی و زانستی و کۆمەڵایەتی بدۆزنەوە، بەجۆریك کە بتوانێ چارەسەری رووداوەکانی رۆژانە بکات بە شێوەیەك لەگەڵ چەرخی ئێستا و گشت سووچەکانی ژیانی ئێستای مرۆڤ بگونجێت، چونکە ئامانجی گشت رێساکانی رێکخستنی کۆمەڵگە فەراهەمکردنی بەختەوەرییە بۆ تاک و کۆمەڵ، و پێکانی ئەمە بەڕاستی ئەرکێکی قورسە لەسەر شانی نوخبەی کۆمەڵگه، و زۆر قورسترە لە پێشکەوتنی تەکنۆلۆجیای ئێستا، چونکە خویندنەوەی خواست و ویستی مرۆڤ زۆر ئاڵۆزترە لە شارەزا بوون لە کەلووپەلە مادیيەکان

کەواتە دەقەکانی زانایانی ئایین، یاسا، و هەر دەقێکی تر لە کاتێکی دیارکراو وەکو ستاندەردێک و نمونەیەک بۆ بیر و هزری ئەو زەمانەیه كه لێی داندراوە، بەڵام بۆ جێبەجێکردنی دوای چەند ساڵێک پێویستی بە راڤەکردنی گونجاوه٠٠٠٠

لە کۆتاییدا ئەگەر چی ئەم بابەتە زۆر فراوانە، بەڵام هیوادارم توانیبێتم بەم چەند دێڕە بابەتێکی گرنگی یاسا بۆ خوێنەرانی خۆشەویست روون بکەمەوە.. لەگەڵ رێزم بۆ هەموو لایەک و هەموو رایەك… تا ژمارەیەکی تر خواتان لەگەڵ..

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *