زمان
زمان پیرۆزه و پێویسته خزمه‌تى بكه‌ین
د.مسته‌فا زه‌نگەنه
یه‌كێك له پێناسەکانی زمان ئه‌وه‌یه، كه ده‌ڵێت: زمان به‌خشنده‌یى خودایه.
به‌پێی ئه‌م پێناسه‌یه بێت، كه ئایدیالیسته‌كان پشتى پێده‌به‌ستن، ئه‌وا خودا زمانی به‌خشیوە به مرۆڤ، به‌مه‌ش له گیانداره‌كانى دیكه‌ى جیا كردووەته‌وه، شتێكیش خودا به‌خشیبێتى، پیرۆزه و ده‌بێ رێزى لێ بگیرێت.
له‌م پێناسه‌یه‌دا ئاماژه به زمانێكى دیاریكراو نه‌كراوه، تاوه‌كوو ئێمه له زمانێكى تر به گرنگتر و پیرۆزترى بزانین، به‌ڵكوو هه‌موو زمانه‌كانى سه‌ر گۆى زه‌وى، كه تایبه‌تن به مرۆڤ، به‌خشنده‌یى خودان و پیرۆزن و جێى رێزلێگرتنن. له‌م باره‌یدا هیچ كه‌سێك بۆى نییه به كه‌م سه‌یرى زمانێكى تر بكات، یان گاڵته به زمانى نه‌ته‌وه‌یه‌كى تر بكات، كه‌واته ئه‌م پێناسه‌یه به یه‌ك چاو سه‌یرى پیرۆزى و گرنگیی هه‌موو زمانه‌كانى سه‌ر گۆى زه‌وى ده‌كات. بۆیە تاك بۆى نییه به ئاره‌زووى خۆى زمان بشێوێنێ، یان هه‌وڵى تێكدانى بدات، هه‌ر تاكێكیش گاڵته به زمانێك بكات، یان به چاوێكى كه‌م سه‌یرى زمانێكى دیاریكراو بكات، ئه‌وه گوناهێك به‌رامبه‌ر به‌خشنده‌یى خودا و پیرۆزیى زمان و یه‌كێك له بنه‌ماكانى بوونى نه‌ته‌وه‌یه‌ك ده‌كات. چون زمان ناسنامه‌ى تاكى نه‌ته‌وه‌یه، ئه‌مه‌ش واى كردووه مرۆڤ شانازى به زمانى زگماكى خۆیه‌وه بكات، كه به زمانى دایك ناو براوه. گوێنه‌دان به گرنگى و پیرۆزیى زمانى دایك، گرنگى نه‌دانه به‌و پیرۆزییه‌ى، كه هزرى هه‌زاران ساڵه‌ى باو و باپیرانى هه‌ڵگرتووه. بایه‌خ نه‌دان به وشه و زاراوه و ده‌سته‌واژه‌كانى زمانى دایك، هه‌وڵدانه بۆ له‌بیركردنى وشه‌كانى خۆشه‌ویستیى دایك و به‌ته‌نگه‌وه‌هاتنى باوك و سۆزى باو و باپیرانى خۆت. بۆیه له گۆشه‌نیگاى ئه‌م پێناسه‌یه‌وه، له‌سه‌ر هه‌موو تاكێك فه‌رزه، كه زمانى دایكى خۆى خۆشبوێ و رێزى لێ بگرێ و هه‌وڵ بدات پێشى بخات، ئه‌مه‌ش وامان لێ ده‌كات، ڕێز له هه‌موو زمان و شێوه‌زارێكیش بگرین، كه به‌پێى نه‌ته‌وه‌كانى سه‌رگۆى زه‌وى و جوگرافییه جیاوازه‌كان و ره‌گه‌زه جیاوازه‌كان بوونیان هه‌یه. هه‌ر ئه‌وه‌ش وامان لێ ده‌كات بڵێین، به‌ڵێ زمان پیرۆزه و پێویسته خزمه‌تى بكه‌ین. ئێمه‌ش وه‌كوو كورد له هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌كى دیکە كه‌متر نین، بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌م پێناسه‌یه بكه‌ینه دروشمى خۆشه‌ویستى بۆ زمانى شیرینى كوردى و رێزگرتن له زمانه‌كه و گه‌شه‌پێدانى.