یەکەمین ژمارەی گوڤارى شايان

 

 

یەکەمین ژمارەی گوڤارى شايان

هێرۆ ئيسماعيل عارف*

لە سەردەمێكدا كە بە (چەرخی تیژڕۆی پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیای گەیاندن) ناودێر کراوە، بەشێکی زۆری مرۆڤایەتی خەریکە پشت لە خوێندنەوەی کاغەزی نووسراو و روو لە تابلێت و شاشە و مینا دەکات، لای ئەوان هێدی هێدی خۆری میدیا و رۆژنامەوانیی نووسراوی سەر لاپەڕەکان ڕوو لە ئاوابوونە، بەڵام لەم سەروبەندەدا هێشتا بە ملیۆنان کەسیش هەن وێڕای ئەو پێشڤەچوونەی باسمان کرد، چێژ لە خوێندنەوەی سەر پەڕەی کاغەز دەبینن و بە جۆرێک ئالوودەی بوون و ئولفەتیان پێوە گرتووە، کە بەلایانەوە خوێندنەوەی سەر شاشەکان هێندەی کاغەز و لاپەڕەکان چێژبەخش و سوودمەند نییە بۆیان، بۆیە تا ئێستاش بە بۆن و بەرامەی کتێب و رۆژنامە و گۆڤارەکان ئاسوودەترن، بەلای ئەم گرووپەی دووەم لە مرۆڤایەتی، خوێندنەوەی سەر کاغەز، هەم لەڕووی پێگەشیتنی زانیاری باشترە و هەم پێگەی رۆشنبیری و مەعریفیی کاغەز و هەم ئەو خزمەتە گەورەیەی کە نووسینی سەر کاغەز بەدرێژایی مێژوو پێشکەشی مرۆڤایەتیی کردووە، رێگە نادەن پشت لە کاغەز بکەن.

دەزانم لە دەسپێکی سەردەمی پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیای گەیاندنەوە تا ئێستا، بە هەزاران رۆژنامە و گۆڤاری گرنگ و ناوداری دونیا، بە کوردستانیشەوە، لە چاپی کاغەزی وەستاون و ئیدی بە شێوەی ئۆنلاین و ئەلیکترۆنی دەردەچن و سوودی گەورە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئەنتەرنێت وەردەگرن، بەڵام دەبێ ئەوەش بزانین کە تا ئێستاش بە دەیان هەزار گۆڤار و رۆژنامەی کاغەزی لە دونیادا بەردەوامن لە دەرچوون و بازرگانی و پێشەسازیی کتێب تا ئێستاش سەرمایەدارییەکی زۆری تێدا دەکرێت. کەواتە هێشتا سیحری کتێب و رۆژنامەوانیی کاغەزی بەتاڵ نەبۆتەوە و هێشتا کاریگەریی بەسەر ژیانی مرۆڤایەتییەوە بەهێزە.

کاری میدیا و رۆژنامەوانی، هەر کە تێکەڵی بوویت و ماوەیەک کارت تێدا کرد، دەبێتە جۆرێک لە ئولفەت و خوو پێوەگرتن و حەزی بەردەوام، چوار ساڵ لەمەوبەر کاتێ لە کۆلێژی یاسای زانکۆی نێودەوڵەتیی تیشک لە هەولێر وەرگیرام، ئەگەرچی لەدەرەوەی دەوامی خوێندنم لە زانکۆ لە کاری میدیایی نەخاسمە تەلەڤزیۆن بەردەوام بووم، بەڵام کە هەستم کرد لە کۆلێژ و بەشە جیاوازەکانی زانکۆی تیشک، بەدەم خوێندنەوە بە کوالێتێیەکی بەرز، بەردەوام ساڵانە دەیان چالاکیی هەمەجۆری زانستی و رۆشنبیری و هونەری و وەرزشی هەیە، تەنیا چالاکیی رۆژنامەوانی نییە یاخود زۆر سنووردارە، وەک رۆژنامەوان و میدیاکارێک بیرم لەوە کردەوە، لە زانکۆ یاخود هیچ نەبێ لە بەشەکەی خۆم (بەشی یاسا – کۆلێژی یاسا) چالاکییەکی رۆژنامەوانیی بەردەوام هەبێت، سەرەتا بیرم لەوە کردەوە گۆڤارێک یاخود مانگنامەیەک لە شێوەی (رۆژنامە) لە کۆلێژی یاسا هەبێت و هەم مامۆستایانی بەڕێز و هەم قوتابییانی ئازیز رۆڵی کارایان هەبێت لە دەرکردنیدا، بەڵام دوای گفتوگۆ، هەستم کرد ئەم دوو بیرۆکەیە هەریەکەیان بە قەبارەی خۆی، خەرجیی زۆری دەوێ نەخاسمە تێچووی چاپکردنیان، ئەودەم ئەو خەرجییە بەردەست نەبوو، بۆیە بەناچاری بیرم لە کۆنترین و سەرەتاییترین جۆر و شێوازی رۆژنامەوانی کردەوە کە مێژووی مرۆڤایەتی بەخۆیەوە بینیوە، ئەویش دەرکردنی رۆژنامەی دیواری یاخود (دیوارنامە) بوو.

بەم شێوەیە، پاش ئەوەی ئەو بیرۆکەیەم لەگەڵ بەڕێز د.عەدنان عەبدوڵا کە ئەودەم سەرۆکی بەشی یاسا بوو، تاوتوو کرد، بەڕێزیان پشتیوانییەکی زۆری مەعنەویی کردم و لەوەبەدوا خۆبەخشانە لەگەڵ چەند قوتابییەکی هاوڕێم و بە بەشداریی چەند مامۆستایەکی بەڕێزی بەشەکە، (دیوارنامەی شایان)مان دەرکرد و خۆشبەختانە تا ساڵی پار ١٢ ژمارەی لێ دەرچوو، کە هەندێک لەو ژمارانە لە شێوەی رۆژنامەی کاغەزیش بە تیراژی ٥٠٠ تا هەزار دانەی لێ دەرچوو.

وەك لە وێنەكەدا دەیبينن (ديوارنامەی شایان) بە ديوارێکی بەشی یاساوە هەڵواسراوە، ئاماژەشم پێ دا کە ئەوە كۆنترين شێوازى رۆژنامەوانییە لە مێژووی رۆژنامەگەریدا، بەڵام هەڵبژاردنى ئەم شێوازە لەم سەردەمى پێشكەوتنی تەکنۆلۆژیایەدا لەلايەن بەشى ياساوە بۆ ئەوە بوو سەرنجى قوتابيان و خوێنەران راكێشين بۆ خوێندنەوەى بابەتى جۆراوجۆر و هەمیش خۆیان تیایدا بەشدار بن بە نووسینی بابەتی جیاواز، چونكە مەرج نییە وەرگرتنى زانيارى و چێژوەرگرتن لە خوێندنەوە تەنیا لە رێى سايتەكان و پەيجەكانەوە بێت، بەڵكوو ئەم رێگە کەمتێچووەشمان هەیە بۆ خوێندنەوە.

ئێستا کە ئێوەی بەڕێز یەکەمین ژمارەی (گۆڤاری شایان) دەخوێننەوە، سەرەتای هەنگاوەکانی لە ديوارنامەیەکی چوار لاپەڕەىییەوە دەستی پێ کرد و نها بووەتە گوڤارێكى 48 لاپەڕەيى. بەڵام چۆن ئەم ديوارنامەيە بوو بە گۆڤارێكی مانگانە و بووە گۆڤارێکی فەرمیی زانکۆی نێودەوڵەتیی تیشک و ئێستا لەبری تەنیا کۆلیژی یاسا، قوتابیان و مامۆستایانی هەموو بەش و کۆلێژەکانی زانکۆ، بە سێ زمانی (کوردی، عەرەبی، ئینگلیزی) تیایدا دەنووسن و بەشداری کاران؟

رۆژی ٢٢ی نیسانی ساڵى پار لە یادی دەرچوونی یەکەمین رۆژنامەی کوردیدا، کۆلیژی یاسای زانکۆی نێودەوڵەتیی تیشک، وەك بەرپرسيارييەك بەرامبەر بەو یادە گرنگە و هەروەها پرۆژەی (دیوارنامەی شایان) کە ماوەى 3 ساڵى خاياند و بە شێوەيەكى خۆبەخشانە مانگى جارێك دەردەكرا، رێوەڕەسمێكي رێكخست بۆ رێزلێنان لە ماندووبوونى هەموو ئەوانەى كە كاريان تێدا كردووە چ بە نووسينى بابەت، چ بە رێكخستن و ديزاينكردن و چاپكردنى ديوارنامەكە، بۆ ئەو رێوڕەسمەش بەڕێز د. ئيدريس هادى سەرۆكى دەستەى ئەميندارانى زانكۆى نێودەوڵەتیى تيشك، لەمیانی وتارێکیدا داواى كرد (ديوارنامەى شايان) بكرێتە گۆڤارێكى تايبەت بە زانكۆی تیشک، خۆشبەختانە ئەو داوا و پێشنیارەی بەڕێزیان ئەمساڵ بە بڕيارێكى فەرمى کەوتە واری جێبەجێكردنەوە، ئەمەش لە سۆنگەى هەستكردنيان بە گرنگیى بوونی چالاکییەکی بەردەوامی رژنامەوانی لە زانکۆکە و هەروەها بایەخی هەبوونی گۆڤارێک کە زانکۆی نێودەوڵەتیی تیشک دەری بکات، هاوشێوەی زۆربەی هەرە زۆری زانکۆ پێشکەوتووەکانی دنیا کە مامۆستایان و ئەکادیمیان و قوتابیانی زانکۆکە تیایدا بەشدار بن. ئێستا ئێوەی بەڕێز یەکەمین ژمارەی (گۆڤاری شایان) دەخوێننەوە، خاوەن و سەرپەرشتیار و سپۆنسەری ئەم ئەم گۆڤارە زانکۆی نێودەوڵەتیی تیشکە، لاپەڕەکانی (گۆڤاری شایان) بۆ هەموو مامۆستایان و قوتابیانی سەرجەم کۆلیژ و بەشەکانی زانکۆ واڵایە و بەشداریی زۆرترینیان بە نووسینی بابەت و پوختەی توێژینەوە زانستییەکان، هەم گۆڤارەکە دەوڵەمەند و پێشکەوتوو هەمەڕەنگ و هەمەبوار و بایەخدار دەکات، هەمیش ئێمەی سەرپەرشتیارانی گۆڤارەکە دڵخۆش دەکات، هەر تێبینی و رەخنەیەکیش لای خوێنەری بەڕێزەوە، بەدڵنیاییەوە پێشمان دەخات و هەڵە و کەموکوڕییەکانمان کەمتر دەکات.

دەرکردنی ئەم گۆڤارە بە تەواوی رێوشوێنە یاساییەکانی هەرێمی کوردستاندا تێپەڕیوە و لە لایەن سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستانیشەوە وەک لە سەرەتای ئەم گۆڤارەدا دەیبینن، مۆڵەتی رەسمیی بۆ دەرچووە.

وەک چۆن زانکۆی نێودەوڵەتیی تیشک، بە هەوڵ و شەونخوونی و دڵسۆزیی بەردەوامی سەرۆک و دەستەی ئەمینداران و ئەکادیمیان و مامۆستایان و کارمەندان و قوتابیانی، لە ماوەیەکی کەمدا گەیشتە پلە یەکەمەکانی ریزبەندی زانکۆکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، دڵنیا بن بە بەشداریی کارای مامۆستایان و قوتابیان و بە پشتیوانیی سەرۆکایەتیی زانکۆ، (گۆڤاری شایان)یش دەبێتە تەواوکەری ئەو سەرکەوتنە زانستی و ئەکادیمییانەی زانکۆی نێودەوڵەتیی تیشک و ڕووی گەشی زانکۆکەمان جوانتر دەناسێنێ.

ئامانجەکانی زانکۆی تیشک و هەروەها ئێمەی ستافی گۆڤاریش لە دەرکردنی ئەم گۆڤارە، زۆرن و هەموویان ئامانجگەلی پیرۆز و گرنگی زانستی و مەعریفی و رۆژنامەوانیین، زۆر گرنگە مامۆستایان و قوتابیان، لەپەنا پرۆسەی خوێندنی رۆژانەی زانکۆ و خەمە زانستییەکانیاندا، چالاکیی رۆژنامەوانی و نووسینیشیان هەبێت، گرنگە هەموومان بزانین کە (نووسین و رۆژنامەوانی و کتێب) سێ داهێنانی زۆر بایەخدار و کاریگەری مرۆڤایەتین، چەند خۆشە هەموومان بەشدار بین لە پەرەپێدانی ئەم سێ داهێنانەدا.

رەنگە هەندێ لە قوتابیان و مامۆستایانی بەڕێز، توانای زۆر باشی نووسینیان هەبێت و کەمێک خەمسارد بن یان دڵگەرم نەبن بۆ بەشداریکردن لەم پرۆژە رۆژنامەوانییەدا، بۆیە نموونەی هەڵوێست و بڕیاری یەکێک لە ناودارترین نووسەر رۆژنامەوانەکانی میسر و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وەک نموونە بیری ئەو بەڕێزانە دەهێنمەوە.

محەمەد حەسەنێن هەيكەل يەكێك بوو لە رۆژنامەنووسە هەرە ناودارەكانى ميسر لە سەدەى بيستەم و تەنانەت سەرەتاکانی سەدەی بیست و یەکیش. جەمال عەبدولناسڕ لە ناوەڕاستی ساڵانى پەنجاكان دەبێتە سەرۆكى ميسر، محەمەد حەسەنێن هەيكەل يەكێك بوو لە بەرگريكارە هەرە ديارەكان لە شۆڕش و سياسەتى ئەو سەرۆكە، سەرۆکی میسر لە زۆر پرسداا راوێژی بە هەیکەل دەکرد و هاوڕێیەتییەکی زۆر پتەویان هەبوو، بەهۆی ئەم پەیوەندی و متمانەیەوە عەبدولناسڕى سەرۆكى ميسر، ویستی هەیکەل بکاتە وەزيرى راگەياندنى حکوومەتەکەی، ئەوكات محەمەد حەسەنێن هەيكەل سەرنووسەرى رۆژنامەى (ئەهرام) بوو، سەرەتا سەرۆک لەڕێى نوێنەرێكیەوە داوا لە هەیکەل دەکات ئەو پۆستە وزارییە وەربگرێت، هەیکەل دەچێتە ئۆفیسی سەرۆکی میسر ئەو پۆستە رەت دەکاتەوە و بە توانجەوە بە سەرۆک عەبدولناسڕ دەڵێت: ”سوپاسی متمانەی بەرزت دەکەم، بەڵام مەخابن جەنابی سەرۆک، من تا ئێستەش وام دەزانی تۆ رۆژنامەنووست لە وەزیر پێ گرنگترە!“. سەرۆک عەبدولناسڕ بەناچارى وازى لەو داوایەى هێنا كە لە هەيكەلى كردبوو. پاش ماوەيەكى تر سەرۆكى ميسر ئەو سەرنووسەرەى رۆژنامەی (ئەهرام)ى بانگ كردەوە و پێى گوت: ”مادام هێندە حەزت لە کاری رۆژنامەوانییە، دەتوانيت لە (ئەهرام)يش سەرنووسەر بيت و وەزيرى راگەياندنيش بيت“، ئەمجارەش هەیکەل داواکەی رەت کردەوە و بە سەرۆکی گوت: ”ئاخر بەپێى ياسا ناكرێ لە يەك كاتدا سەرنووسەریش و وەزيری راگەیاندنیش بم“. ئەو جارەش ناسڕ وازى لێ هێنا. دوای ماوەيەك، سەرۆک بڕيارێكى (ئيستسنائى)ی بۆ هەيكەل دەركرد و نامەيەكى بۆ نووسى و سەرلەنوێ داواى لە هەيكەل كرد ببێتە وەزير و پێى گوت: ”ئەو ئيستسنايەم لە یاساکەدا تەنیا بۆ تۆ كردووە، تۆ دەتوانیت وەزيريش بيت و سەرنووسەرى رۆژنامەى ئەهراميش بيت“، ديسان هەيكەل رەتى كردەوە و ئەمجارەیان بە نامەيەكى دوور و درێژ، وێڕای سوپاسی سەرۆک، بۆى روون كردەوە كە ناكرێ لە یەک کاتدا ئەو دوو كارە بكات و لە بەرژەوەندیی حکوومەت و گەل و وڵاتدا نابێت، بەكورتى بە سەرۆکی گوت: ”گرنگترين ئاسناو لاى من رۆژنامەنووسە“.

* سەرنووسەری گۆڤاری شایان

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *