ساڵانێکی کەم و بەخششێکی زۆر

 

زانکۆی نێودەوڵەتیی تیشك

ساڵانێکی کەم و بەخششێکی زۆر

 د.ئیدریس هادی ساڵح/ سەرۆکی زانکۆ

زانکۆی نێودەوڵەتیی تیشك، لە ساڵی ٢٠٠٨ لە شاری هەولێر دامەزراوە، پێشتر ناوی (ئیشك) بووە و لقێکی لە سلێمانی هەیە، ئەم زانکۆیە (8) فاکەڵتی لەخۆ دەگرێت، کە تێکڕا (٢٣) بەشی زانستی و (3400) قوتابی و خوێندکار لەم بەشانەدا دەخوێنن.

زمانی خوێندن لە گشت بەشەکاندا ئینگلیزییە، جگە لە بەشی یاسا، کە بە زمانی عەرەبییە. سیستەمی خوێندن نێودەوڵەتییە و (بۆلۆنیا پرۆسێس) جێبەجێ دەکرێت.

ئایندەبینیی (Vision) زانکۆکەمان ئەوەیە، کە زانکۆیەکی پێشەنگ لە بواری زانستیدا دروست دەکات و هەوڵ دەدات بۆ مسۆگەرکردنی کوالێتی و کێبرکێی زانستی لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی، ئەمەش وایکردووە، کە بەپێی ویبەمەترکسی نێودەوڵەتی، زانکۆی نێودەوڵەتیی تیشك لە ڕیزبەندی زانکۆ ئەهلییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق یەکەم بێت و بەپێی ریزبەندیی (NUE)ی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم لە گرووپی یەکەم بێت، کە گرووپی (B) یە . ئامانجی زانکۆکەمان دروستکردنی مرۆڤە لە بنەڕەتەوە، بۆ زامنکردنی ئایندەی وڵات و سەرکردایەتیکردنی کۆمەڵگا و بەرەوپێشبردنی، شان بە شان ئەو پێشەکەوتنانەی لە جیهانی سەردەمدا روودەدەن، بۆ گەیشتن بە ئاستی نێودەوڵەتی و گرنگیدان بە توێژینەوەی زانستی و بایەخدان بە فێرکردن و فێربوون لە پڕۆسەی پەروەردەدا و ئاوێتەکردنی تیۆری پراکتیکی لە وانە گوتنەوەدا، بۆ بەرزکردنەوەی تواناکانی قوتابییان و ئامادەکردنییان بە باشترین رێگا بۆ ژیانی پراکتیکی ئیشکردن لە پاش تەواوکردنی خوێندنی زانکۆیی، هەروەها گرنگیدانی زانکۆ بە تواناکانی ناپۆلی. ئەم خاڵ و هەنگاوە زانستییانە وایانکردووە، دوای دە ساڵ لە دامەزراندنی، زانکۆکەمان لەلایەکەوە ببێتە جێی متمانەی خەڵک، لە لایەکی تریشەوە ببێتە جێگای متمانەی ئەکادیمیی دنیا، بەڵگەشمان ئەوەیە. تا ئەمڕۆ (8) بڕوانامەی متمانەبەخشین دراوەتە زانکۆی نێودەوڵەتیی تیشک، (3) بڕوانامەی متمانەبەخشینی دیکەش سەبارەت بە پڕۆگرامی بەشە زانستییەکان بەڕێوەن. هەرەوەها توانیومانە (69) بەڵێننامەی لێکتێگەیشتن لەگەڵ زانکۆ نێودەوڵەتی و ئینیستویت واژوو بکەین، بە مەبەستی هەماهەنگیکردن و خوێندنی باڵای (دەبڵ دۆبلاما) و توێژینەوەی زانستیی هاوبەش. هەروەها ساڵانە (6 بۆ 7) کۆنفڕانسی نێودەوڵەتی دەبەسترێن، کە توێژەری بیانی و پڕۆفیسۆرە بەئەزموونەکان وەکوو (کینۆت سپیکەر) ئامادە دەبن و زانکۆکانی ئەوڕووپا و ئەمەریکا و هندستان و وڵاتانی تر ڕۆیان لە بەشداریکردندا دیارە.

ئەم خاڵانەی باسمان کردن، چەند راستییەکن ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە، کە زانکۆکەمان بووەتە جێگای متمانەی نێودەوڵەتی و لە ڕێگای بڵاوکردنەوەی سەرجەم چالاکییەکان لە وێبسایەتی فەرمیی زانکۆوە، توانراوە خواستەکانی زانکۆ بەرجەستە بکەین.

خۆشحاڵین بەوەی، کە هەماهەنگییەکی بەرچاومان لەگەڵ هەندێک لە زانکۆ حکوومییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق هەیە، بۆ نموونە، بەپێی ڕێنماییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کورستان، خوێندنی ماستەری هاوبەشمان دەست پێکردووە، کە لە (32) پڕۆگرام پێک دێت، لەگەڵ زانکۆکانی سەڵاحەدین و هەولێری پزیشکی و پۆلیتەکنیکی هەولێر و زانکۆی کۆیە و زانکۆی چەرمۆ لە چەمچەماڵ.

هەروەها زانکۆی نێودەوڵەتیی تیشک لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراقی فیدراڵەوە بە فەرمی دانی پێدانراوە و بڕوانامەی ISO) 9001:2015)ی لقی بەریتانیا، لە بواری خوێندنی باڵا بۆ زانست و تەکنۆلۆجیا بۆ کوالێتی لە خوێندنی باڵادا پێبەخشراوە، ئێستاش کار لەسەر (ISO 21001- 2018) دەکەین، کە تایبەتە بە کوالێتیی سیستەمی پەروەردە و فێرکردن لە خوێندنی باڵادا و زانکۆکەمان لە وەرگرتنی ئەم بڕوانامەیە پێشەنگە.

زانکۆکەمان لەسەر پلانی ستراتیجی کار دەکات، کە سێ قۆناغ لەخۆ دەگرێت:

کورتخایەن، کە ماوەکەی دوو ساڵە.

مامناوەندی، کە ماوەکەی پێنج ساڵە.

درێژخایەن، کە ماوەکەی دە ساڵە…

هەروەها زانکۆکەمان بەردەوام لە پەرەسەندندایە. سەبارەت بە تەلاری زانکۆ و تاقیگە و هێنانی مامۆستای پسپۆری دەگمەنیش لەدەرەوەی وڵات، تا ئێستاش مامۆستای ئەکادیمیی (١٥) وڵات لەم زانکۆیەدا کار دەکەن، کە ژمارەکەیان (٩١) پسپۆرە لە بواری جیاجیادا، هەروەها توانراوە سەرجەم پێداویستییەکانی خوێندن لە ئامێر و شوێن و مامۆستا فەراهەم بکرێن و هەموو بەشە زانستییەکان بەبێ کەموکوڕی لە گەشەسەندندان، ساڵانەش بایەخ بە زیادکردنی رووبەری سەوزیی لە زانکۆکەمان دەدرێت، لە رێی چاندنی نەمام و گوڵ، کە کەش و هەوایەکی دڵگیر و ناوازە فەراهەم دەکات بۆ قوتابییان، هەروەها کتێبخانە و کتێبخانەی ئەلیکترۆنی، کە بە گەورەترین کتێبخانەی ئەلیکترۆنی هەژمار دەکرێت، خراوەتە خزمەتی قوتابی و خوێندکار و مامۆستایان.

جێی ئاماژە بۆکردنیشە، کە زانکۆکەمان رۆڵێکی گرنگ و بەرچاو دەبینێت لە ئەنجامدانی کاری خێرخوازی بۆ کەمپی ئاوارەکان، لەژێر ناونیشانی (گۆشەی میهرەبانی) و پێشکەشکردنی پڕۆگرامی ژینگەپارێزی و فیستیڤاڵی زمان و کولتوور، لە هەموویان گرنگتر. ساڵانە یادی شەهیدانی شەڕی دژی داعش دەکەینەوە، کە لەژێر ناونیشانی (سوپاس بۆ شەهیدان)، ئەو شەهیدانەی کە بۆ پارێزگاریکردن لە خاکی کوردستان و دابینکردنی ئارامی و سەقامگیری بۆ وڵاتەکەمان گیانی پاکی خۆیان بەخشی.

 

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *