شایان: فاکەڵتی پزیشکی ددان لە زانکۆی نێودەوڵەتی تیشک، لە چوارچێوەی پڕۆژە کۆمەڵایەتییەکان سەردانی نەخۆشخانەی نانەکەلی کرد لە ٨ی ئایاری ٢٠٢٤. سەردانەکە بە سەرپەرشتی لیژنەی ڕاگرایەتی قوتابیان، خاتوو زەینەب حەسەن و بەیاوەری نوێنەری ڕاگرایەتی قوتابیان لە کۆلێژی پزیشکی ددان بەڕێز ئێرجان سێزەر بوو.
ئامانج لەم پڕۆژە کۆمەڵایەتییە دڵخۆشکردن و خستنی بزە و پێکەنین و بەسەربردنی کاتێکی خۆش بوو لەگەڵ منداڵانی تووشبوو بە نەخۆشی شێرپەنجە. قوتابیانی قۆناغی یەکەم لە کۆلێژی پزیشکی ددان بەشداریان لەم پڕۆژەیەدا کرد وەک بەشێک لە وانە کردارییەکان. دیاری (یاری و قەڵەمی ڕەنگاوڕەنگ و کتێبی چیرۆک و دەفتەری ڕەنگکردن) بەخشرایە منداڵە چاوگەشەکان.
گرووپێک لە قوتابیان کە پێکهاتبوون لە (٣٥ قوتابی) بە یاوەری مامۆستای سەرپەرشتیار سەردانی نەخۆشخانەکەیان کرد. هۆڵێکی گەورە ئامادەکرابوو بۆ پێشوازیکردن لە ٥٢ منداڵی تووشبوو بە شێرپەنجە لەگەڵ دایک و باوکیان. خاتوو زەینەب حەسەن، مامۆستای سەرپەرشتیاری پۆلی یەکەم لە فاکەڵتی پزیشکی ددان وتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا تیشکی خستە سەر ئامانجی سەردانەکە و گرنگی ئەم جۆرە چالاکییانە بۆ هەردوولا. دواتر قوتابیان دیارییەکانیان بەسەر منداڵەکاندا دابەشکرد کە بووە هۆکاری دڵخۆشی و جۆشوخرۆشی منداڵەکان. دواتر قوتابیان سەردانی ئەو منداڵانەیان کرد کە لە بەشی چاودێری چڕ بوون و هەروەها دیاری بەسەریاندا دابەشکرا. قوتابیان هیوای تەندروستیەکی باش و ورەیەکی بەهێزیان بۆ هەموویان خواست.
پڕۆژە کۆمەڵایەتییەکانی زانکۆکەمان ئامانجیان یارمەتیدانی کەسانی نەخۆش و خاوەن پێداویستی تایبەت و منداڵانە لە کۆمەڵگەدا. بەشداریکردنی قوتابیان و گەنجان لەم پڕۆژە کۆمەڵایەتیانەدا هاوکار دەبێت بۆ بنیاتنانی دیسیپلین و ڕێزگرتن لە کەسانی خاوەن پێویستی و هەستکردن بە بەرپرسیارێتی و هەستی هاوکاری و دەستگرتن و بەشداریپێکردنیان لە ئەزموونەکانی پیشەیی و جیهانی کاردا. زانکۆی نێودەوڵەتی تیشک گرنگییەکی زیاتر بە پڕۆژە کۆمەڵایەتییەکان دەدات و هانی قوتابیان و مامۆستایان دەدات هەردەم بەشداربن لەم جۆرە پڕۆژانەدا.
سوپاسی بەشداری گشت قوتابیان دەکەین لەم پڕۆژەیەدا، بەبێ ئێوە ئەم هاوکاریانە بە ئەنجام نەدەهات. هیوادارین سەرنج و بیرکردنەوەمان بگۆڕدرێت بەرامبەر کەسانی نەخۆشی وەک منداڵانی تووشبوو بە شێرپەنجە و وانەیەک فێربووبێتین کە پێویستە هەمیشە هاوکاری یەکتری بکەین و ببینە ئامرازێک بۆ کەمترکردنی خەمەکانی کۆمەڵگەکەمان.

