فرۆشتنی موڵکی نەگواستراوە و چۆڵكردنی خانوو لە بەڕێوبەرایەتیی جێبەجێکردن

 

سیڤەر سەرسپی

بەشی یەكەم

یاسای جێبەجێکردن، یەکێکە لە یاسا بەرکارەکانی هەرێمی کوردستان/ عێراق کە ئامانجی پاراستنی مافی دەوڵەت و هاووڵاتیانە، هەروەها ئاسانکردنی کارەکانی جێبەجێکردنە و پەروەردەکردنی هاووڵاتیانە بە گیانی جیبەجێکردنی ئارەزوومەندانە و ڕێزگرتن لە سەروەریی یاسا بۆ دەستەبەرکردنی ئارامیی مامەڵەکردن و بەدیهێنانی ئامانجی پەرەپێدانی بەرهەمی نەتەوەیی بۆ بووژانەوەی ئابووری، ئەمەش بۆ ئەوەی کەس زەرەرمەند نەبێ و دەستدرێژی نەکرێتە سەر مافی هیچ کەسێک، بەو شێوەیەش سەقامگیریی کۆمەڵایەتی و ئابووری دێتە دی بۆ پەرەپێدان و پێشوەچوونی وڵات، هەروەها وا دەكات هاووڵاتیان ئارەزوومەندانە بڕیارەکان جێبەجێ بکەن، ئەمەش بە شێوازێکی پێشکەوتوو و شارستانییانە دادەنرێ بۆ پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری بە هاوڵاتییان.

لەم ڕاپۆرتەدا، تیشک دەخەینە سەر فرۆشتنی سامانی نەگوازراوە لە بەڕێوبەرایەتیی جێبەجێکردن و چۆڵکردنی موڵکەکە بەپێی یاسای جێبەجێکردن، ئەمەش خۆی لە کۆمەڵێک ڕێکاری یاسایی کە بە شێوازی ڕوون و ئاشکرا ئەنجام دەدرێن، دەبینێتەوە

هەبوونی بەڵگەی نووسراو لەنێوان قەرزار و خاوەن قەرز 

خاوەن قەرز وتەکانی (افاده‌) لە بەرامبەر فەرمانبەری تایبەتمەند لە بەڕێوبەرایەتیی جێبەجێکاری دادی پێشكەش دەكات، هەروەها ئەو بەڵگەنامانەی مافەکانی دەسەلمێنن دەخاتە روو، لەم کاتەدا بەڕێوبەرایەتیی جێبەجێکردن فایلێك لە دژی قەرزار دەكاتەوە و پاشان بە نامەی ئاگادارکردنەوە پێی ڕادەگەیەنرێ کە سەردانی بەڕێوبەرایەتیی جێبەجێکردن بکات، سەبارەت بەو فایلە کە لە دژی کراوەتەوە، ئنجا دوای ئەوەی قەرزدار سەردانی بەڕێوبەرایەتییەکە دەكات و پاش وەرگرتنی وتەکانی لەلایەن فەرمانبەری تایبەتمەندەوە، پاشان دەخرێتە بەردەم جێبەجێکاری دادی، لێرەدا دەکەوینە بەردەم دوو بار، باری یەکەم: ئەگەر قەرزار دانی نا (اقرار)ی کرد کە ئەم قەرزەی لەئەستۆیە، ئەوا جێبەجێکاری داد، بڕیاری پابەندکردنی قەرزار دەدا بە دانەوەی قەرزەکە

باری دووەم: ئەگەر قەرزار دانی نەنا بەو قەرزاربوونەی لە بەڵگەنامەكاندا هەیە، ئەوا کارکردن لە كەیسەکەدا دەوەستێ تاوەکوو بڕیاری یەکلاکەرەوە لە دادگای تایبەتمەند دەردەچێ سەبارەت بەم داوایە. ئەگەر دادگا بۆی دەرکەوت و بڕیاری دا بە گەڕاندنەوەی ئەم بڕە پارەیەی کە لە دوای وەرگرتنی پلەی بنەبڕی بڕیارەکە، ئەوا ئەم بڕیارە دەخرێتە بەردەم بەڕێوبەرایەتیی جێبەجێکردن و ئەو بەڕێوبەرایەتییەش بڕیارەكەی دادگا جێبەجێ دەكات، ئەمەش دوای ئاگادارکردنەوەی قەرزار و پابەندکردنی بە گەڕاندنەوەی ئەو بڕە پارەیەی کە لەسەری ساخ بووەتەوە، ئەگەر قەرزار لاریی هەبوو لە گەڕاندنەوەی قەرزەکە، ئەوا بەڕێوبەرایەتیی جێبەجێکردن بڕیار دەدات بە نووسراوێکی فەرمی داوای زانیاری لە تۆماری خانووبەرەکان و بەڕێوبەرایەتیی هاتووچۆ و تۆماری کۆمپانیاکان و … هتد لە هەبوونی هەر سامانێک کە خاوەندارییەتەکەی دەگەڕێتەوە بۆ قەرزار، لەدوای وەڵامدانەوەی لە هەبوونی هەر موڵكێك، ئەوا بەڕێوبەرایەتیی جێبەجێکردن بە نووسراوێکی فەرمی هێمای گلدانەوە لەسەر سەرجەم سامانەکەی دادەنێ، ئنجا دوای ئەوە بەڕێوبەرایەتیی جێبەجێکردن بڕیاری دەست بەسەرداگرتنی (وضع الید) سەرجەم موڵکە گوازراوە و نەگوازراوەكان دەدات و ئاگاداری قەرزار دەکرێتەوە كە لە ماوەی دیاریکراوی یاساییدا، سەردانی بەڕێوبەرایەتیی جێبەجێکردن بکات، بۆ ئەوەی قەرزەکەی بداتەوە، ئەگەر ئارەزوومەندانە قەرزەکە نەداتەوە بە خاوەن قەرز، ئەوا بەڕێوبەرایەتیی جێبەجێکردن لە ڕۆژنامەیەکی فەرمییدا بانگەواز دەكات یان جاڕ دەدات و ڕۆژ و ڕێکەوتی فرۆشتنی موڵکەکانی بە شێوازی زیادکردنی ئاشکرا (المزایدة العلنیة) دەستنیشان دەكات و ئەگەر بۆ پێویستی و خێراکردنی زیاتر بوو لە یەک موڵک، ئەوە بە بڕیاری جێبەجێکاری داد دەتوانرێ کە چەند موڵکێک کە خاوەنداریەکەی دەگەڕێتەوە بۆ قەرزار بەیەکەوە بفرۆشێت، ئەویش دیسان لە ڕێگای زیادکردنی ئاشکراوە، هەر کەسێک ئارەزووی بەشداریکردنی هەبێت، دەتوانێ بەشداری بکات بە دانانی بارمتە ١٠٪ی کەمتر نەبێت لە کۆی نرخی قەبڵێندراوی موڵکەکە، بێگومان ئاگاداری قەرزاریش دەکرێتەوە لە فرۆشتنی موڵکەکەی بە شێوازی ئاشکرا، لێرەدا خاوەن قەرز بەپێی یاسا دەتوانێ بەشداری لە زیادکردنی ئاشکرادا بکات بەبێ دانی بارمتەی دیاریکراو و بە هەمان ڕێوشوێنی یاسایی کەسێک کە بەشداری لە پرۆسەیەكی زیادکردنی ئاشکرادا بکات، دوای ئەوەی ڕازی دەبێت بەو نرخەی کە لە زیادکردنی ئاشکرادا دیاری کراوە ئەمە دەچەسپێت و هەر وەک لە (ماددەی ٩٧ بڕگەی سێیەم)دا هاتووە، بۆ دوایین جار ئاگاداری قەرزار دەکرێتەوە لە (ماوەی ١٠ ڕۆژ) دوای ئاگادارکردنەوە بە گواستنەوەی خاوەندارێتیی موڵکەکەی بۆ ئەو کڕیارەی کە موڵکەکەی لە زیادکردنە ئاشکراکەدا کڕیوەتەوە، ئەمەش بۆ ئەوەی بەرلەوەی موڵکەکەی خاوەنداریەتەکەی بگوازرێتەوە، ئەو قەرزەکەی بداتەوە وەک بەختێک (چانسێک) بۆ قەرزار و پاراستنی بەرژەوەندیی هەموو لایەنەکان و چەسپاندنی دادپەروەی، ئەگەریش قەرزەکەی نەگەڕاندەوە لە دوای ئەگادارکردنەوەی لە ماوەی یاسایی دیاریکراودا، ئەوا بەڕێوبەرایەتیی جێبەجێکردن، نووسراوێکی فەرمی ئاراستەی بەڕێوبەرایەتیی تۆماری خانووبەرە یان بەڕێوبەرایەتیە تایبەتمەندەکان دەکات، بۆ گواستنەوەی موڵکی گوازراوە و نەگوازراوەی ئاماژەپێکراو بۆ سەر ناوی کڕیار، ئەگەر نرخی موڵکەکان زیاتر بوو لە قەرزەکەی، ئەوا بڕی زیادەکە دەگەڕێتەوە بۆ قەرزار و ئەگەر نرخی موڵكەكەش کەمتر بوو لە بڕی قەرزەکە، ئەوا بەڕێوبەرایەتیی جێبەجێکردن رێکارەکانی تەواو دەکات بۆ مەبەستی گەڕاندنەوەی مافی خاوەن قەرز لە باقیی قەرزەكە

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *