ئاكۆ سه‌باح مه‌ولوود
سه‌رۆكی به‌شی یاسا
ئایدز یان (ADIS) كه كورتكراوه‌ی “Acquired immune deficiency syndrome” واته كەموكوڕیی سیسته‌می به‌رگریی له‌ش، كه یه‌كێكه له نه‌خۆشییه مه‌ترسیداره‌كان، له‌و نه‌خۆشیه‌دا سیسته‌می به‌رگریی له‌ش لاواز ده‌بێت و هۆكاری نه‌خۆشییه‌كه‌ش “ڤایرۆسی كەموكوڕیی به‌رگریی له‌شه” كه له ساڵی 1981 له ئه‌مریكا دۆزرایه‌وه، ژماره‌ی تووشبوانی له‌نێوان ساڵانی 2012 تا 2016 ده‌گاته 35.5 ملیۆن كه‌س، هه‌ر‌وەها به‌پێی سه‌رژمێرییه‌كان له ساڵی 2005دا (2.2) ملیۆن و له ساڵی 2010دا (1.8) ملیۆن به هۆی ئه‌م ڤایرۆسه‌وه گیانیان له‌ده‌ست داوه
ئەمە جیا لەوەی له‌گه‌ڵ دروستبوونی ئه‌م نه‌خۆشییه، چه‌ندین كۆسپ ده‌كه‌وێته پێش ئه‌و تووشبوانه‌ی كه به نیازی هاوسه‌رگیرین، چونكه یه‌كێك له سیفه‌ته‌كانی ئه‌م نه‌خۆشییه ئه‌وه‌یه كه له‌ڕێگه‌ی جووتبوونه‌وه ده‌گوازرێته‌وه له كه‌سێكه‌وه بۆ كه‌سێكی تر
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زانایانی یاسا و شه‌ریعه‌ت بێ ده‌نگ نه‌بوون له ورووژاندنی ئه‌و بابه‌ته سه‌باره‌ت به پرۆسەی هاوسه‌رگیری له‌نێوان كه‌سێكی ئاسایی و كه‌سێكی هه‌ڵگری ئه‌م ڤایرۆسه، یان له‌نێوان دوو كه‌سی تووشبوو به‌م ڤایرۆسه
ئه‌گه‌ر له بیروڕای زانایانی فیقهه‌وه ده‌ست پێبكه‌ین، له كاتێكدا ئه‌گه‌ر كه‌سێكی ئاسایى ره‌زامه‌ندیی ده‌ربڕی كه له‌گه‌ڵ یه‌كێكی تووشبوو به‌و نه‌خۆشیه هاوهسه‌رگیری بكات، ئه‌وا ده‌بێ له‌لایه‌ن كه‌سانی زانا و پسپۆڕ له‌م بواره ئاگادار بكرێته‌وه له مه‌ترسیی ئه‌و هاوسه‌رگیرییه، ئه‌گه‌ر پێداگریی كرد له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته، ده‌توانرێ به بیانووی ناته‌واویی باری ده‌روونی له‌لایه‌ن دادوه‌ره‌وه رێگریی لێ بكرێت له ئه‌نجامدانی ئه‌و هاوسه‌رگیرییه، چونكه رێگه‌دان به له‌ناوبردنی خود بەپێی بیروڕای زۆربه‌ی زانایان، دروست نیه
هه‌روه‌ها ئیمامی حه‌نه‌فی پێی وایه، رێگەدان به كوشتنی خود دروست نیه و هه‌روه‌ها به كوشتنی ئه‌نقه‌ست هه‌ژمار ده‌كرێت له لایه‌ن هه‌ڵگری ئه‌م ڤایرۆسه‌وه، به هه‌مان شێوه مالیكییه‌كان هه‌مان رایان هه‌یه، هه‌رچی ئیمامی شافیعییه پێی وایه كه‌سی یه‌كه‌م كه تووشبووی ئه‌م ڤایرۆسه‌یه، ته‌نیا به به‌ندكردن سزا ده‌درێت و تاوانبار ده‌بێت، به‌شێكی تریش له شافیعییه‌كان پێیان وایه، خوێنی ئه‌و كه‌سه‌ی ده‌كه‌وێته سه‌ر. به‌ڵام حه‌نبه‌لییەكان پێیان وایه كه تاوانلێكراو ده‌توانێ له تاوانبار خۆش بێت و ئه‌وه مافی خۆیه‌تی. به‌ڵام به‌پێی دوایین بیروڕای زانایان له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته كه له گۆڤاری (مه‌جمه‌عی فیقهی ئیسلامی)دا هاتووه، ئه‌گه‌ر كه‌سێك به ره‌زامه‌ندیی خۆی ئاماده بوو له‌گه‌ڵ كه‌سێكی تووشبوو به‌و نه‌خۆشییه هاوسه‌رگیری بكات، ئه‌وا هیج رێگرییه‌ك نیه له‌به‌رده‌م ئه‌م هاوسه‌رگیرییه، به مه‌رجێك نابێت منداڵ دروست بكه‌ن، هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر بێت و لەڕووی یاساییه‌وه بڕوانینه ئه‌م بابه‌ته، ئه‌وا هیچ ده‌قێكی یاساییمان نیه كه ئاماژه به‌و بابه‌ته بكات، به‌ڵام ناوه‌ندی نیشتمانی بۆ ئایدز كه ناوه‌ندێكه له عێراق تایبه‌ته به لێكۆڵینه‌وه له‌سه‌ر نه‌خۆشیی ئایدز، ئاماژه به‌وه ده‌كات دوای لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی زۆر له لایه‌ن شاره‌زایانی یاسا و شه‌رع و پزیشكی، گه‌یشتین به‌وه‌ی كه هیچ هۆكارێك نیه ببێته به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م ئه‌و هاوسه‌رگیرییه، چونكه گواستنه‌وه‌ی ئه‌م ڤایرۆسه له كه‌سێكه‌وه بۆ كه‌سێكی تر، به رێژه‌یه‌كی 100% نیه، به‌ڵكوو رێژه‌ییه، به مه‌رجێك ئه‌ندامی زاوزێی هیچ كامێكیان تووشی برینداربوون نه‌بووبێت، چونكه له‌م حاڵه‌ته‌دا رێخۆشكه‌ر ده‌بێت بۆ گواستنه‌وه‌ی ئه‌م ڤایرۆسه، هه‌روه‌ها له سیسته‌می كۆنی عێراقدا، كه‌سانی تووشبوو به‌م نه‌خۆشییه له لایه‌ن ده‌زگای ئاسایشه‌وه به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی چاودێری ده‌كران، به‌ڵام له ساڵی 1991 ئه‌م به‌ربه‌سته له‌سه‌ر تووشبوان هه‌ڵگیرا، له دوای ساڵی 2003 هه‌ڵسوكه‌وت كردن له‌گه‌ڵ ئه‌م تووشبوانه زیاتر زانستییانه ده‌كرێت، هه‌روه‌ها به‌شێكیان له‌سه‌ر كار و پیشه‌كانی خۆیان به‌رده‌وامن و خاوه‌نی هاوسه‌ر و منداڵن كه خاڵین له‌م ڤایرۆسه، كه ئه‌مه وا ده‌كات زیاتر لایه‌نی ده‌روونیی ئه‌و كه‌سانه ئاسووده بكات و به شێوازێكی ئاسایی درێژه به ژیانیان بده‌ن